سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، ته‌ها عه‌بدوڵلا‌ » ״ئامادەكاریی بۆ سەرژمێریی دانیشتوانی عیراق بەردەوامە״

״ئامادەكاریی بۆ سەرژمێریی دانیشتوانی عیراق بەردەوامە״

وەزارەتی پلاندانانی عیراق رایگەیاندووە: ئامادەكارییەكان بۆ سەرژمێریی دانیشتوان بەردەوامن و پێویستە پڕۆسەكە تا مانگی تشرینی دووەمی ساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت.
وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عیراق لە لێدوانێكدا ئاماژەی بەوە داوە «وەزارەتی پلاندانان دەیەوێت لە ساڵی 2022دا سەرژمێریی دانیشتوان بكرێت و مانگی تشرینی دووەمی ساڵی داهاتوو كۆتا وادە دەبێت».

״سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان گرنگیی زۆری هەیە״
لەوبارەیەوە، شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووری لە خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەران بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان لە عیراق، گرنگی و بایەخی زۆری هەیە لە رووی ئابووری و جێبەجێكردنی پڕۆژەكانەوە، چونكە ئێستا بەهۆی نەبوونی سەرژمێرییەوە، سەرجەم پڕۆژەكان لەسەر ئاستی پارێزگاكان دابەشدەكرێت، وتیشی: هەر بە هۆی گرنگی ئەو پڕۆسەیەوە لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە چەندینجار بودجەی بۆ دابینكراوە و حكومەتی فیدراڵ ئامادەكاریی بۆكردووە، بەڵام سەرژمێری جگە لەوەی پێویستی بە بودجەیەكی زۆر هەیە، هاوكات دەبێت لە دۆخێكی ئارام و سەقامگیردا بەڕێوەبچێت.

گرنگیی سەرژمێریی
هەروەها د.كەمال سەعدی مامۆستای زانكۆ لە هەولێر بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان بۆ هەر حكومەت و وڵاتێك گرنگیی خۆی هەیە، بەتایبەتی لە رووی دیاریكردنی رێژەی هەژاری و بێكاری و رێژەی مووچەخۆران و كاسبكاران ‌و سەرجەم چین ‌و توێژەكان.

ئەسعەد غەفور وەك شارەزایەكی بواری ئامار و داتا، گرنگیی بەڕێوەچوونی سەرژمێریی دانیشتوان دەخاتەڕوو، لەوبارەیەوە رایگەیاند: بێگومان سەرژمێریی دانیشتوان لە هەر وڵاتێك نیشانەی گرنگیدانی حكومەتە بە جێبەجێكردنی بەرنامەكانی لە رێگەی داتا و ئامارێكی دروستەوە، وتیشی: راستە عیراق كێشەی سیاسی و ئابووریی هەیە، بەڵام بەڕێوەچوونی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان دەبێتە هاوكار و یارمەتیدەر بۆ چارەسەری بەشێك لە كێشەكان.

 61 جار بینراوە