سەرەکی » کەلتوور » کۆماری پێغەمبەر گەڕانەوەیەکی وجودییانە

کۆماری پێغەمبەر گەڕانەوەیەکی وجودییانە

شەمال گۆران

کتێبێکی تری جیاوازی (عەبدولڕەزاق جوبران)ـە، خوێندنەوەیەکی تری تێکستەکانی ئایینە، پێداچونەوەیەکی تری کەلەپوری ئایین و فقهی ئایینی و تێگەیشنی ئایینیە، ڕەخنەیە لەئەقڵی ئایینی، لە ئەقڵییەت و فیقه و فیکری دینی، شۆڕشێکە لە دژی بتەکان، یاخی بوونێکە لەپەرستگاکان، هەڵوەشاندنەوەی ئەو تێگەیشتنە فیقهی و مێژوویی و سیاسی و مەزهەبیە نائینسانی و ناوجودی و نائەخلاقییەیە کە بۆ ئاینکراوە و نەوە بەنەوە گواستراوەتەوە و بەمیرات بۆ مرۆڤەکان جێ ماوە.

کۆماری پێغەمبەر مەفهومێکی تازەی ترە سەبارەت بەخوداوەند، بە پێغەمبەرایەتی، بە ئایین، بانگەوازی جۆرێکی ترە لەباوەڕداری، جیاواز لەو باوەڕە کۆن و کلاسیکییەی پێشوو.

لە ”کۆماری پێغەمبەر”دا جوبران داوای بانگەوازی بۆ وجودییەت و چارەسەرێکی وجودییانە دەکات، هەروەها کودەتا دەکات لەدژی پەرستگا، ئەو ئەو پەرستگایەی لەسەر بیری ڕاسیزم و مەزهەبگەرێتی ڕۆنراوە. جوبران بۆچونی وایە کە نوێگەری لەوەی هەیه سودێکی نابێت، جگە لە شۆڕش و کودەتا نەبێت بەسەر توراس و گوتەی فەقێکان، ئەو داوای گەڕانەوە بۆ ئایینی پەیامبەر و دەستبەرداربوونی خورافەی فەقێکان دەکات، ئەو ئایینە مێژووییەی فەقێکان ڕۆیانناوە، ئەو فەقێیانەی جوبران پێی وایە زۆر زیاتر لە پێغەمبەرەکان بەناوی ئایین و خوداوەندەوە قسەیان کردووە.

هیچ شتێک ئایینی نەکوشت
کۆماری پێغەمبەر پێمان دەڵێت کێشەی نیشتمان لەگەڵ دەسەڵات و هی ئایینیش لەگەڵ پیاوانیی ئاینیدایە و لە کۆتاییدا پێغەمبەر باجی پیاوانی ئایینی و گەڵیش هی دەسەڵات دەدات. پێغەمبەر بەهۆی پیاوانی ئایینیەوە ئایینەکەی لەدەست دەدات و گەلیش بەهۆی دەسەڵاتەوە نیشتمانەکەی. ئیدی ھیچ چێژێك نە بۆ ئاین و نە بۆ نیشتمان نامێنێتەوە.

کۆماری پێغەمبەر پێمان دەڵێت هیچ ڕێگایەک ناتگەیەنێت بە پەیامبەران، جگە لەدەرچوون نەبێت لەپەرستگاکان. پێمان دەڵێت قەبارەی ئەو جەهل و نەزانینەی پەرستگاکان ڕۆیان نا، زۆر گەورەتر و زیاترە لەوەی پێشوتر وێرانیان کرد. هیچ شتێک ئایینی نەکوشت، ڕۆحانیەتی ئایینی وێران نەکرد، ڕێگای ناسینی خوداوەندی لەمرۆڤەکان ون نەکرد، بەو ئەندازەیەی فیقه کوشتی و کردی، وەکو چۆن هیچ کەسێک پەرستگای وێران نەکرد تەنها کاهینەکان خۆیان نەبێت.

کۆماری پێغەمبەر پێمان دەڵێت مەعبەد پێشمەرجی ئیمان و خوداناسین نییە و مرۆڤ بە چونە ناو پەرستگاکان نابێت بە ئایندار و بڕوادار، بەڵکو بەچونە ناو دڵی مرۆڤایەتی و مرۆڤەکان. پێمان دەڵێت خەمی خوداوەند بەندەکانییەتی، نەک بەندایەتی کردنی، خوداوەند پەرستگایەکی ناوێت تێیدا بپەرسترێت و خەڵکەکەی بکرێت بەکۆیلە، بەڵکوو ئەو مروڤایەتی و مرۆڤێکی دەوێت، ئازاد بێت و بەناوی خوداوەندە ئازاد بکرێت. پێمان دەڵێت خوداوەند پێغەمبەران دەنێرێت و خەڵکی کاهینەکان دەخوێننەوە! لێمان دەپرسێت ئایە ئایین ئەوەیە نوێژ لەمەعبەددا ئەنجام بدەیت، یاخود مرۆڤایەتی لەناوخەڵکدا جێ بەجێ بکەیت؟ ئایین ئەوەیە خەڵکی لەمەعبەددا فێری هونەری کۆیلایەتی بکەیت، یاخود لەباڕەکاندا وانەی ئازادیان پیشانبدەیت؟

ئایینی خەلیفە و سیاسی و سوڵتانەکانە
کۆماری پێغەمبەر پێمان دەڵێت فەقێ و مێژوو ئایین نین، وەلێ ئەفسوس عەقیدەی ئێمە، عەقیدەی مێژووە، ئایینەکەشمان ئایینی فەقێکانە. ئەوەیە تراژیدیاکە. پێمان دەڵێت ئەو ئایینەی ئێستا هەیە، ڕێک کۆپیە ئۆرجیناڵەکەی ئەو ئایینە نییە، کە پەیامبەر هێناویەتی و لەسەری ڕۆیشت، نەخێر بەڵکوو ئەوە ئایینێکی ساختە و کۆپیەکی تری نائۆرجیناڵی کاهین و فەقێکانە، ئەو ئایینە ڕوانین و دۆگمی فەقێکانە، ئایینی خەلیفە و سیاسی و سوڵتانەکانە، مێژوویش هی خەلیفە و سوڵتان و پاشاکانە.

پێمان دەڵێت ئەمەوی و عەباسییەکان بەناوی خوداوەند و بەپێی فقهی قوڕەیشی، بەفیقهی زیممە جەنگی گاورەکانیان کرد، بەفقهی کەنیزەیی بوون ژنیان کرد بەکەنیزە، بەفیقهی خەواریج موسڵمانەکانیان دەکوشت، بە فیقهی خەراج ماڵی خەڵکیان دەدزی و دەستیان بەسەردادەگرت، بەفقهی فتوحات و لەژێرناوی فتوحاتدا

دەوڵەت و خاکی وڵاتانیان داگیر دەکرد!
لەڕوانگەی “کۆماری پێغەمبەر” ئایینی پێغەمبەر ئایینی دڵ بوو. ئایین پرسی دڵە، نەک قامچی سوڵتان و ئەحکامە فقهیەکان، دڵ عەرشی خوداوەندە، دڵ پاشماوەو ڕۆحی خوداوەندە لەمرۆڤدا جێ ماوە. کۆماری پێغەمبەر، کۆمارێکە لەسەر دڵ بیناکراوە و دامەزراوە، نەک ئەقڵ و فەلسەفە و گوتەی کاهین و فەقێکان و ئەحکامە فیقهیەکان و تێکستە دینیەکان.

لە کۆماری پێغەمبەردا دڵ پێغەمبەرە، دڵ لۆژیک و ناسنامە و ناونیشانی ئینسانە، دڵ حاکمە، دڵ شەریعەتە، دڵ بڕیاردەرە، دڵ ڕوگە و دڵ مەعبەدە، ئەو شتانەی دڵ ڕەتیان دەکاتەوە، ناکرێت ئایین قبوڵیان بکات، دڵ سەنتەر و ماڵی بڕیاردانە. پەرستگای مرۆڤ دڵیەتی، مرۆڤ بەدڵ و لەپەرستگای دڵ لەخوداوەند نزیک دەبێتەوەو تەنها بەدڵ دەگات بەو زاتە، هەموو ئەو پەرستگایانەی تری جگە لەمەعبەدی دڵ، مرۆڤ لەخوداوەند دوور دەخەنەوە، مرۆڤایەتی دوو کەرت دەکەن، لەمرۆڤ بوونی مرۆڤ دەدەن، مرۆڤەکان دەکەن بەدووژمنی یەکتری.

کۆماری پێغەمبەر پێمان دەڵێت ئایین یاسا و شەریعەت ڕۆنانێت، بەڵکو ویژدان، ئایین دەبێت خزمەتی مرۆڤ بکات، نەک بە پێچەوانەوە، ئایین دەبێت پێگە و بەهای مرۆڤ بەرزبکاتەوە و مرۆڤایەتی پیرۆز بکات، ئایین دەبێ خۆشەوێستی لەنێوان مرۆڤەکاندا پەخش بکات نەک ڕق، ئایین دەبێت مرۆڤەکان بکات بەبرای یەکتری نەک دووژمن، یەکڕیزی لەنێوانیاندا دروست بکات، نەک پەرتەوازەیی.

بیرکردنەوەی ئازادانە تاوان نییە
لەکۆماری پێغەمبەردا چیتر ڕیش بەردان ئەرک و مۆسیقا حەرام نییە، چیتر کوشتنی مرۆڤەکان ئایین و عەشق بەڕەڵایی و تابۆ و ناڕەوا نییە. چیتر ڕەخنە لەکاهینەکان بڤە و بیرکردنەوەی ئازادانە تاوان نییە. چیتر دەست وەردان لەژیانی تایبەتی هیچ کەسێک و بەهیچ پاسا و بیانویەک ڕێگە پێدراو نییە.

کۆماری پێغەمبەر دەوڵەتە تۆتالیتارەکەی فەقێ و کاهینەکان نییە، تا بڵێت موسڵمانێک، گاورێک بکوژێت، ناکوژرێتەوە! نەخێر لەکۆماری پێغەمبەردا، پێغەمبەر لەسەر کوشتنێکی بێ هۆکاری مێرولەیەکیش لێپێچینەوە لەبکوژ دەکات، لە“کۆماری پێغەمبەر”دا. هەموو ئایینەکان بەیەک چاو سەیردەکرێن و جیاوازی لەنێوان مەسیحیەک و زەردەشتیەک، لەنێوان موسڵمانێک و ئێزدییەک، لەنێوان جویەک و بودیەک، لەنێوان هیندۆسێک و یارسانیەکدا نییه.

خودای هەموویان یەک خودایە و بەهەشتیش بەتەنها مولکی باوکی هیچ گرووپێک و تاپۆی ئایینێکی دیاریکراو نییە، لەڕوانگەی کۆماری پێغەمبەردا. بێ ئایین و ئەتێست، ئەگنۆستیک و سیکولاریستەکانیش دێنە بەهەشت.

کۆماری پێغەمبەر پێمان دەڵێت بەهەشت شوێنی زانا و بلیمەت و داهێنەر و مرۆڤ دۆست و ژینگەدۆست و ئاژەڵ دۆستانە، نەک فێندەمێنتالیست و سەربڕ و تیرۆرست و بکوژ، بەهەشت شایەنی داروین، ئەدیسۆن، دایکەتریزا، مەولانایە، نەک بەغدادی و بن لادن و زەرقاوییەکان.

ئاینی ئاشتی و چاکە
کۆماری پێغەمبەر پێمان دەڵێت با چیتر خۆشەویستی بکەین بەئایین و مرۆڤ بوون بکەین بە پەرستگا و بەدەوری کابەی مروڤایەتیدا بخوڵێینەوە. کۆماری پێغەمبەر پێمان دەڵێت ئایین دەبێت ئاینی ئاشتی و چاکە بێت، نەک ڕیش و مەعبەد، ئایین لە“کۆماری پێغەمبەر”دا دەبێ ئایینێک بێت ژیان بەمرۆڤەکان ببەخشێت، نەک پەرستگا. پەیامبەر لەناو ئایین لەمرۆڤ دەگەڕا، کەچی کاهینەکان لە خشتی پەرستگا! ئەو پەرستگایانەی لەیەک کاتدا، کاهین و فەقێکان خەڵکی فێری نوێژ و کوشتنی مرۆڤەکان دەکەن، ئەو فەقێیانەی ئەقڵ و دڵ و بوونی خەڵکی دەدزن!

ئەو کاهینانەی بەهەزار ڕوو خۆیان دەردەخەن و جۆریکتری لەجاهیلیەتیان هێنا، گەورەتر لەو جەهالەتەی پێشوو و یەکەمجار، چ جەهالەتێک؟ ئەو کاتەی درووستکردنی مەعبدێک، لەدروستکردنی مرۆڤێک و بابەتی حەڵال و حەرام لەسەرخستنی هەژارێک گرنکتر دەبێت، خەمی کۆماری پێغەمبەر ئەوەیە مرۆڤ فێر بکات ئەوەیتر ببینێت، نەک بیکوژێت.

لە“ کۆماری پێغەمبەر”دا کێشەی خوداوەند ستەمە، نەک کفر، کۆماری پێغەمبەر ڕاو دید و نیگای وایە:هەرشارستانییەتیەک خاڵی بێت لەجوانی، شارستانیەتێکی فەرمەسۆن و کافرە، باسیخناخیش بێت لەپەرستگا.
“کۆماری پێغەمبەر” پێمان دەڵێت ئایین و ئایینداری ڕاستەقینە ئەوە نییە، ئایینت بۆماوەیی وەرگرتبێت، یاخود دینداریەکەت ڕێکەوتێکی جوگرافی بێت و خەڵک و دەوروبەرت دیندارن بۆیەتۆش ئایینداریت، نەخێر، بەڵکو ئایینی ڕاست و دروست ئەوەیە لەڕێگەی هەڵبژاردنێکی ئازادانە و لەسەر بنەمای ویژدان و مرۆڤ بوون ئەو ئایینەت هەڵبژاردبێت، نەک لەبەر دڵی خێزانەکەت و لۆمەی کومەڵ و لەترسی هەڕەشەی شمشێر و بەزۆرسەپاندن و لەبەر ئەم و ئەو بێت!

بۆ هەموان بێت
“کۆماری پێغەمبەر” پێمان دەڵێت کوماری پێغەمبەران، کوماری ئایینێک، گرووپێک، مەزهەبێک، ئایدیۆلۆژیا و حیزبێکی ئایینی، فیرقەیەکی دیاریکراو بە تەنها موڵکی عەقیدەیەک نییە، دەبێ کومارێک بێت، بۆ هەموان بێت، ژیانی هەموو مرۆڤایەتی تێدا بەرجەستە بێت، کەرامەت و سەر و گیان و حەزەکانیان تێیدا پارێزراو بێت، کۆمارێک بێت، جێگای ئازادییەکانی تێدا ببێتەوە، کۆمارێک بێت، کەس لەسەر ئایین و عەقیدەی ئایینی، مەزهەبی جیاواز، دید و نیگای جیاواز و بیروباوەڕی جیاواز تیرۆر نەکرێت و ئەشکەنجە و ئازار و زیندانی و بێ سەر و شوێن نەکرێت، کۆمارێک بێت ئایندار و لائیکێک، بڕوادار و گومانگەرایەک بە یەکسانی جێگایان تێدا ببێتەوە و جیاوازی لەنێوان هیچ مرۆڤێک نەکرێت، لەسەر بنەمای جیاوازی ئایینی، مەزهەبی، نەتەوەیی و ڕەگەزی، کۆمارێک بێت، خۆشەوستی تێیدا ئایین و مرۆڤایەتی ڕێباز بێت، کۆمارێک بێت، ڕق و دەمارگیری، ڕەگەزپەرستی و یەکتر سڕینەوە، تیرۆر کوشتن وتوندوتیژی، فێندەمێنتالیزمی ئایینی و بیری ڕادیکاڵییەت، دۆگمی بەرد و حوکمی شمشێر و هەڕەشەی سەربڕین و زمان قرتاندن و دەست و پێ پەڕاندن تێیدا تاوان و قەدەغە بێت، ڕێزگرتن لە ئاشتی و برایەتی و پلۆرالییەت و پێکەوە ژیان ئەرک و یاسا بێت، لێبوردەیی و یەکتر قەبوڵکردن و چەمکی هاووڵاتیبوون، عەقیدەی فەرمی دەوڵەت و دەستوری کۆمار بێت، کۆمارێک بێت بەواتای وشە باوەڕی بە مافەکانی مرۆڤ هەبێت، رێز لەسەربەستی ژن، هەڵبژارنەکانی تاک، ژیانی تایبەتی مرۆڤەکان، بیروباوەڕی هەموان و هەموو جیاوازییەکان بگریت، کۆمارێک بێت، دژایەتی یەکسانی جێندەری، دیموکراسیەت، سیکولاریزم و تازەگەری نەکات.

پەرستگای ئازادی
کۆماری پێغەمبەر کۆمارێک بێت، پەرستگاکانی پەرستگای ئازادی بن، نەک کۆیلایەتی، کۆمارێک بێت، لێوان لێو بێت لە خۆشەویستی، کۆمارێک خاڵی بێت لە دەمارگیری ئایینی، ڕقی مەزهەبی، بیری ڕاسیزم و نەژادپەرستی. کۆمارێک بێت عەدالەت و جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ یاسا تێیدا حاکم بێت، کۆمارێک بێت ڕەخنە دەمکوت و قەڵەم کەلەبچە و بیری ئازاد سانسۆر و جودابیران و ئەندێشەمەندان و زاناکان تێزەکانیان تەکفیر و کتێبەکانیان نەخرێنە ناو لیستی ڕەشەوە و نەسوتێندرێن.

“کۆماری پێغەمبەر” کۆمارێکە تەنها هی ئایینێکی دیارکراو و گروپێکی دیاری کراو موسڵمانان نییە، بەڵکو کوماری هەموو ئایینەکان و بیر و باوەڕەکانە، کۆمارێکە جیاوازی لەنێوان هیچ ئایین و ئایینێکی تردا نابێت بکرێت، لە کۆماری پێغەمبەردا هیچ ئایینێک بۆی نییە خۆی بکات بە ڕووگە و ئەوانیتر ناچار بکات بەدەوری دا بخولێنەوە، لێرە ئایین بۆ تاک و نیشتمان بۆ هەموانە، ئاین نابێت تێکەڵ بەکایەی سیاسەت و کار و باری دەوڵەت و سیستەمی حوکمڕانی و فەزای گشتی بکرێت.

لەو کۆمارەدا مرۆڤ سەنتەر و پێوەرەو هاووڵاتیبوون پڕنسیپە، لە کۆماری پێغەمبەردا، هیچ کەسێک نوێنەری خوداوەند و سێبەری ئاسمان و شمشێری ئایین نییە، تاک پێویستی بە واسیتە و نێوەندگیری و مەعبەد و قەشە و کاهین و پیاوانی ئایینی نییە، مرۆڤ دەتوانێت خۆی ڕاستەوخۆ پەیوەندی لەگەڵ خوداوەند ببەستێت، خوداوەند لەکۆماری پێغەمبەردا، تەنها لەمزگەوت، ئاتەشگا، کلێسا و مەعبەدەکاندا خۆی قەتیس و گۆشەگیر ناکات و تەنها لەو شوێنانەدا نییە، بەڵکو ئەو لەهەموو جێگا و شوێنکە، لەکوماری پێغەمبەردا بەهای ئایین لەوەدایە ویژدان بکات بەحاکم و لەناخەوە وجودی مرۆڤ دروست بکات، نەک لەدەرەوە.

دەبێ وەکو یەک و بەیەک چاو سەیر بکرێن
لە کۆماری پێغەمبەر دا کێشەی ئێستا ڕزگارکردنی ئایینی پێغەمبەر نییە، وەکو ئەوەی فێندەمێنالیستەکان و سەلەفییەکان بانگەشەی بۆ دەکەن، بەڵکو کێشەکە ڕزگارکردنی پێغەمبەرە لەو ئایینەی ئێستا هەیە لە کۆماری پێغەمبەردا: تۆ کەسێکی باشیت بۆیە ئایینداریت، نەک ئایینداریت بۆیە باشیت، لەکۆماری پێغەمبەردا: خوداوەند کێشەی لەگەڵ هیچ ئایین و بیروباوەڕێک نییە، لێرە ئایندار و بێ ئایین، بڕوادار و ئەتێست و ئەگنوستیک، دەبێ وەکو یەک و بەیەک چاو سەیر بکرێن و لەبەردەم یاسادا یەکسان بن، لە کۆماری پێغەمبەردا خوداوەند کێشەی لەگەڵ ئەوەدا نییە بیپەرستن یاخود نا، بەڵکو کێشەی خوداوەند لەگەڵ نەبوونی دادپەروەری، دژایەتی کردنی دیموکراسی، فاشیەت و تۆتالیتاریەتی ئایینی، زەوتکردنی ماف و دەست بەسەرداگرتنی ئازادییەکانی خەڵک و چەوسانەوە و سەرکوتکردنی مرۆڤەکانەوە هەیە بە ناوی خوداوەندەوە.

کۆماری پێغەمبەر شارستانییەت و بەها و بوونی خۆی لەسەر ئەهرامی لەبەرد و لە قوڕ دروستکراو ڕۆنانێت، وەکو ئەوەی میسرییە کۆنەکان کردیان. بـەڵکو لە قوڕی ئینسانییەت و ئەهرامی مرۆڤ بوون، لەسەر عەدالەت و دیموکراسییەت و یەکسانی و مافی مرۆڤ و چەمکی هاووڵاتیبوون شارستانییەت بینا دەکات.

ماوەتەوە بڵێم:
ڕەنگە خوێنەر لەکاتی خوێندنەوەی ”کۆماری پێغەمبەر“دا. ئەو پرسیارەی لا دروست بێت و بۆچونی وابێت و بڵێت جوبران وڕێنە دەکات و کۆمارەکەی جوبران، کۆمارێکە هەرگیز لەسەر زەمینی ئەو دەڤەر و هەرێم و دەوڵەت و شوێنانە ڕۆنانرێت و لەدایک نابێت، کە ئایین تێیدا هەژمونی هەیە و ئەقڵی ئایینی تێیدا زاڵە، کۆمارێک، رەنگە تەنها مۆری سەر کاغەز بێت، تەنها لەناو تێکستەکانی جوبران و لە بۆتەی خەیاڵدانی ئەمەوە جێگای ببێتەوە و بێتەبوون، کۆماری پێغەمبەر چەشنی یۆتۆپیاکەی تۆماس مۆر و کۆمارەکەی پلاتۆن و، شارە نمونەییەکەی فارابی، کۆمارێکی خەیاڵی و ئایدیاڵی نەبێت، مەگەر ئەو کۆمارە لە وڵاتانی ئەوروپا، ئەویش دوای سەدان ساڵ، لە خەبات و شەونخونی و قوربانیدان و ماندووبوون و هیلاکی، ڕشتنی دەریایەک خوێنی ملیۆنان مرۆڤ و تیرۆرکردن و زیندانیکردن و سوتاندنی دەیان و سەدان بیرمەند و زانا و فەیلەسوف، شەڕێکی دووسەد و چەندسەد ساڵەی نێوان ڕۆشنگەران و فێندەمێنتالیستەکان و دەرەنجام سەرکەوتنی بەرەی ئەقڵ و زانست بەسەر خورافە و ڕۆشنگەری بەسەر فێندەمێنتالیستی ئایینی و، عیلمانیەت بەسەر کلێسا و ڕووناکی بەسەر تاریکیدا، ئینجا توانراو ڕۆنرا، لێرە چۆن دەتوانین کومارێکی لەو چەشنە میساڵیه وا بەئاسانی ڕۆبنێین، لە کاتێکدا وەکو ئەورپا، نە پرۆسەی ڕیفۆرمی ئایینی، نە ڕێنیسانس و ڕاچڵەکین، نە شۆڕشی پیشەسازی و پرۆژەی ڕۆشنگەری و ئەقڵانیەت، هیچمان نەدیتبێت و جێ بەجێ نەکردبێت! لێرە هێشتا لەسەرەتای ڕێگا و لەسەدەکانی ناوەڕاست دابین، هێشتا فێندەمێنتالیستی ئایینی بەهێز و ئەقڵیەتی ئایینی لە لوتکە دابێت، هێشتا ڕەخنە بڤە و مێژوو پیرۆز و هەموو شتک لەژێر هەژمونی ئاییندا بێت؟! چۆن دەتوانین چۆن؟! ئەوە مەحاڵ و خەیاڵە!

 78 جار بینراوە