سەرەکی » دۆسێ » کوردستان لە نێو ئاژاوە و پشێویی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا (1979 – 2003)

کوردستان لە نێو ئاژاوە و پشێویی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا (1979 – 2003)

حەميد بۆز ئەرسەلان

ئامادەکردنی لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

(2-2)
داگیر کردنی سەدام بۆ کوێت و دەستبەسەرداگرتنی هیچ پەیوەندییەکی نەبوو بە مەسەلەی کوردەوە لەم لایەنەوە. مەسەلەکە تەنیا کاردانەوەیەکی دڵڕەقانە بوو بۆ وڵاتانی کەنداو کە خەرج و تێچوونی دارایی کۆششی جەنگیی سەدامیان لە ئەستۆ گرتبوو بۆ ماوەی هەشت ساڵ و وا ئێستا رەتیدەکەنەوە کە بەردەوام بن لەسەر نوێکردنەوەی پێدانی ئەو کۆمەکانە بۆ بنیاتنانەوەی وڵاتە کاول و وێرانەکەی. هەرچەندە زۆرێک لە جیهانی عەرەب پشتگیریی رژێمی سەدامیان دەکرد، کە گوتارێکی توندی بەکاردەهێنا لە دژایەتیکردنی ئیسرائیل و ئەمریکادا و لەبەر ئەوە داگیرکردنی ئەم وڵاتە بچووکە ناڕەزایی و تووڕەییەکی جیهانیی لێکەوتەوە.

یەکێتیی سۆڤێت بە گریمانە پارێزەری سەدام، کە لە دوا قۆناغی هەڵوەشانەوەیدا بوو، وادیار بوو نەیدەتوانی رێگە لە پێکهاتنی هاوپەیمانییەکی سەربازیی گەورە بگرێت بە سەرۆکایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەدژی سەدام و رژێمەکەی. لەکۆتاییدا، سەدام ناچار کرا لە کوێت بکشێتەوە بەڵام مایەوە بە هۆی بڕیارەکەی سەرۆک جۆرج بوش-ەوە بە هێشتنەوەی لە دەسەڵاتدا بۆ بەدوورگرتنی عیراق لەوەی کە بکەوێتە بندەستی ئێرانی دەراوسێیەوە.

بە ورەپێدانی بانگەشەکەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ راپەڕین دژی رژێم، هەردوو کۆمەڵگەی شیعە لە باشوور و کورد لە باکوور کەوتنە دۆخی راپەڕینەوە، بەڵام دواجار لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە پشتیان تێکرا و بەتەنها بەجێهێڵران.

دەیان هەزار کەس لە شیعەکانی باشوور بە سانایی و بەپەلە ئیعدام کران کە هیچ کامێرایەکی تەلەفزیۆن لەئارادا نەبوو، هەروەها نزیکەی دوو ملیۆن کورد، لە ترسی هێرشی نوێی کیمیایی، هەڵاتن بۆ ئێران و تورکیا، بەڵام ئەمجارەیان بەبەر چاوی کامێرای ژمارەیەکی زۆری کەناڵی تەلەفزیۆنی جیهانییەوە.

کاردانەوەی رای گشتیی جیهان لە بەرامبەر ئەم رەوکردنەدا بەرهەمی هەبوو. ئەو گوشارە هاوبەشەی سەرۆکی فەرەنسا فرانسوا میتران و سەرۆکی تورکیا تورگوت ئۆزال کردیان، کە پاش ساڵانێک لە شەڕ و ململانێ لەگەڵ پەکەکە وا ئێستا هیوایەک بۆ ئاشتی و بۆ چارەسەری کێشەی کورد لە تورکیا هاتۆتە پێشەوە و ئەم کۆششەی هەردوو سەرۆک قەناعەتی بە سەرۆک بوش کرد بکەوێتەکار.

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە پێی بڕیاری 688، رایگەیاند کە باکووری هێڵی پانی 36 دەبێ «ناوچەیەکی ئارام بێت» و لە 5ی نیسانی 1991ەوە دەستیکرد بە ئۆپەراسیۆنی دابینکردنی سەلامەتی (پرۆڤاید کۆمفۆرت).

ئامانجی سەرەکیی ئۆپەراسیۆنەکە بریتیبوو لە بوار رەخساندنی گەڕانەوە بۆ کوردە ئاوارەکان و دابینکردنی یارمەتیی بنەڕەتی بۆیان.

لەکاتێکدا کە سەدام کەرکوکی لەژێر دەسەڵاتی خۆیدا هێشتەوە و کەوتە دەرپەڕاندنی پۆل پۆل لە خێزانە کوردەکانی ئەو شارە، بەڵام کەوتە کشاندنەوەی سوپاکەی و هەروەها کارگێڕیی مەدەنی لە زۆربەی بەشەکانی کوردستان.

بۆ یەکەمجار بوو لە سەدەی بیستەمدا کەوا ناوچەیەک بە رووبەری چل هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە دەکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی دەسەڵاتێکی کوردییەوە.

کوردستانی عیراق لە ساڵانی نەوەدەکاندا
لەپاش گەڕانەوەی ئاوارەکانی، کوردستانی عیراق یەکەمجار کەشێکی دڵخۆشیی بەخۆوە بینی و پاشان ماوەیەکی درێژخایەنی ناسەقامگیریی و ناکۆکی و ململانێی ناوخۆیی و خەمۆکی. ساڵی 1992، یەکەم هەڵبژاردنی دیموکراتی لە ساڵی 1954ەوە لەسەر خاکی ئەو وڵاتە رێکخرا، بەڵام ئەنجامەکەی وا دەستکاری کرا و رێکخرایەوە کە بوار بە سیستمێکی دابەشکردنی کورسییەکان و دابەشکردنی دەسەڵات بدرێت لە نێوان هەردوو هێزە سیاسییە سەرەکییەکەدا، پارتی دیموکراتی کوردستانی بەسەرۆکایەتی مەسعود بارزانی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی بە سەرۆکایەتی جەلال تاڵەبانی کە هەردوولا نزیک ٪50ی دەنگەکانیان بەدەستهێنا کە زۆر نزیک بوون لە دەنگی یەکترییەوە. بەهەرحاڵ، هێندەی پێ نەچوو، ناوچەکە بەرەوڕووی لێکەوتەکانی گەمارۆی ئابووریی بۆوە کە نەتەوە یەکگرتووەکان سەپاندبووی بەسەر عیراقدا و ئەم هەرێمەشی گرتبۆوە و ئابڵوقەیەکی دووەمیش کە بەغدا سەپاندبووی بەسەر کوردستاندا وەک قەوارەیەکی دیفاکتۆی جیا. بە قبووڵکردنی پەیوەندیی لە سنوور پەڕینەوە حکومەتی تورکیاش گوشاری ئابووریی و سەربازیی خستبووە سەر حکومەتە کوردییەکە (گەورەترین هاتنە ناوەوەی جووڵاندنی پەنجا هەزار سەرباز بوو لە ساڵی 1997)دا. بوونی میلیتاریی پەکەکە لە ناوچەکەدا دۆخەکەی زیاتر ئاڵۆزتر و خراپتر کرد، بەوپێیەی کە بە بەشێک لە کوردستانی گەورەی دادەنا و بە قەڵەمڕەویی باڵادەستیی خۆی دانابوو، کە ئەمەش نەک هەر بوو بە پاساوی هاتنە ناوەوەی تورکیا، بەڵکو بوو بەهۆی پێکددانێکی سەربازیی بەرفراوانیش لەنێوان جەنگاوەرەکانی ئەو حزبە و هێزەکانی پارتی و یەکێتی لە ساڵی 1992دا. بەڵام خراپترین و شۆکهێنەرترین رووداو شەڕی ناوخۆی نێوان پ.د.ک و ی.ن.ک بوو لە نێوان ساڵانی 1994 و 1996دا، کە بوو بەهۆی گیان لەدەستدانی هەزاران کەس لە هەردوولا و کۆمەڵگەی کوردی نیگەرانکرد لە هەردوو حزبەکە و لەسەرئاستی نێودەوڵەتیش متمانەیان لاوازبوو.

مەسعود بارزانیی سەرکردەی پ.د.ک پاش ئەوەی بەرەوڕووی هەڕەشەی رکابەرەکەی بۆوە تەنانەت گەڕانەوەی سوپای عیراقی بۆ هەولێر قبووڵ کرد بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک.

ئەم ناکۆکی و ململانێیەش رەگی قووڵی هەبوو لە دابەشبوون و لەتبوونی بزووتنەوەی کوردی عیراقدا لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی رابردووەوە و هەروەها شەڕکردنی نێوان گرووپەکان لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی رابردوو.

چینی سیاسیی کورد چینێکی سەربازییش بوون لە هەمان کاتدا، بۆ هەر حزبێک و بەتایبەتیش یەکێتی و پارتی، بەڵام حزبە بچووکەکانیش کە هیچ بنەمایەکی هەڵبژاردنیان نەبوو، هێزی چەکداری خۆیان هەبوو. دەسەڵاتی کوردستان بەرەوڕووی ئەرکی بنیاتنانی دەوڵەت بۆوە و روونیان کردەوە کە بەپەرۆشن بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیی فرەیی، بەڵام لە هەمان کاتدا، پارێزگارییان لەو نەریت و خووەی خەباتی چەکداری کردبوو کە لە چەندین دەیەوە بە میرات بۆیان مابۆوە. بەهەرحاڵ، رکابەریی سیاسی و سەربازی تەنها فاکتەری لێکدانەوەی شەڕی ناوخۆ نەبوو، بەڵکو ململانێکە لێکەوتەیەکی کەمی و دەگمەنی سەرچاوەکان بوو. وەک پێشتر باسمان لێوەکردووە، کوردستان لە ژێر ئابڵووقەیەکی دوولایەنەدا بوو، وێرانکردنی گوندەکان لە کاتی جەنگدا و ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنفال رێژەی نزیکەی ٪80ی تێکرا دانیشتووانی شارنشینی زیادکردووە، بێجگە لە نەبوونی هیچ پیشەسازییەک و بازرگانییەک، ئەمبەر و ئەوبەری سنووریش بووە بە قاچاخچێتی نەوت لەگەڵ سیستمی ناڕەسمیی باجداندا کە بووە بە تەنها هۆکاری پارە و سامان پەیداکردن.

تورکیا کە سوپاکەی باجی خۆی لەسەر سنوور سەپاندووە، وا دەردەکەوت کە «هاوبەشی بازرگانیی» سەرەکی بێت بۆ هەرێمە ئۆتۆنۆمیدارەکەی کورد. ی.ن.ک تا رادەیەکی گەورە لەم سیستمە دوورخرابۆوە و لە ژێر گوشاری ناڕاستەوخۆی ئێراندا بوو، ئەگەر لە سەرەتاشەوە نەبووبێت، ئەوا بەلای کەمەوە وردە وردە هەژموونی ئەو وڵاتە زیادیکرد. دواجاریش مەسەلە هەرێمییەکان و زمانیش رۆڵی خۆیان لەمەدا بینیووە، چونکە ی.ن.ک بنکەی کۆمەڵایەتیی لە ناوچەی سلێمانیی سۆرانی زماندایە، لەکاتێکدا پ.د.ک هەژموونێکی گەورە و بێ رکابەری هەیە لە ناوچەی بادینانی کرمانجی زماندا.

كوردستان لە مەسەلەی پەناگەی ئارامدا یەکگرتوو بوو و لە هەڕەشەکانی بەغدا پارێزراو بوو، بەڵام یەکگرتنی ناوخۆیی پێدەچوو دوور بێت و لە مەودای بینیندا نەبێت.

ئەو پەستی و تووڕەییە لەڕادە بەدەرەی کەوا دانیشتوانە مەدەنییەکە بەئاشکرا گوزارشیان لێدەکرد، تەحەدای خاڵەکانی پشکنینی سەربازیی دەکرد کەوا کوردستانیان دابەش کردبوو و پیادەکردنی گوشارێک بوو لەسەر هەردوولایەنی دەسەڵاتدار کە نکۆڵی لێ ناکرێت. بەڵام لە کۆتاییدا زاڵ بوون بەسەر ململانێکەدا لە سۆنگەی ئەو گەڕی دانوستانانەوە کە دیپلۆماتە فەرەنسی و ئەمریکییەکان بەشداربوون تێیدا لە هاوینی 1996دا.
ئەوەی کە ناوی لێنراوە رێکەوتننامەی واشنتۆن و لە ساڵی 1998دا ئیمزاکراوە رێگەی بە پێکهێنانی حکومەتیکی نوێی دوو حزبی داوە لەگەڵ پەرەپێدانی پرۆسەیەکی ناتەواوی یەکگرتنەوەی هەردوو ئیدارەکە.
«پرۆگرمی نەوت بەرامبەر بە خۆراک»یش کە لە دیسەمبەری 1996وە دەستیپێکرد و رێگەی بە عیراق دا کە بڕە نەوتێک بفرۆشێت بۆ ئەوەی بیداتە خۆراک و دەرمان یارمەتیی سووککردنی ململانێکەی دا. بەوپێیە هەرێمی کوردستان توانی ٪13 ی داهاتی نەوتی عیراق بەدەست بهێنێت. هەردوو لایەنەکە رەزامەندییان دەربڕی لەسەر پرەنسیپەکانی پێکەوەژیان و فرەیی سیاسی و ئازادیی رۆژنامەنووسی تا ئاستێکی گەورە، بەڵام دینامیکەکانی هێزی چەکدار و میراتگریی بە درێژایی ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو لە سیاسەتی کورددا نەڕەوییەوە.

ئێران: سیاسەتی کوشتن و چاکسازی
جووڵانەوەی کوردی ئێران تووشی شۆکێکی تری مێژوویی بوو
لە ساڵانی نەوەدەکاندا هەردوو حزبە سیاسییە سەرەکییەکەی کوردستانی ئێران، کۆمەڵە و حزبی دیموکرات، چوونە ناو ماوەیەکی دوورودرێژی پرۆسەی کەرت و پەرتبوونی ناوخۆییەوە، هەروەها پەکخرابوون لەبەرئەوەی دەبوو زیاتر لە دوورخراوەییدا (دیاسپۆرا) کاربکەن، وەک بزووتنەوەکانی تاراوگە نەک کوردستانی ئێران خۆی.

بەهەرحاڵ، شکست و لێقەومانە سیاسی و سەربازییەکان کۆتایی دینامیکییەتی کورد ناگەیەنن لە ئێراندا، چونکە لەپاش ساڵانێکی زۆر لە سەردەمی سەرۆکایەتی محەمەد خاتەمیدا سیاسەتەکانی نەرمتر و زیاتر لیبراڵی و دیموکراتی بوون. لە هەمان کاتیشدا، گەلێک لە رادیکاڵ و توندڕەوەکانی پێشووی هێنایە پێشەوە، هەروەها خاتەمی عەبدوڵڵا رەمەزان زادەی کوردی شیعەی لیبراڵی کردە پارێزگاری شاری سنەی ئۆستانی کوردستان و ستایشی ڕۆڵی کوردی کرد لە مێژووی ئێراندا و دۆخێکی تارادەیەک ئارامی لەناوچە کوردنشینەکاندا هێنایە ئاراوە. بەو پێیەش، نوێنەرانی کورد لە پەرلەماندا توانییان هێزی خۆیان بکەن بە یەک و داوای مافە کەلتورییەکان بکەن و گەلێک لە هونەرمەندان و رۆشنبیرانی کورد توانییان نمایشی هونەری خۆیان بکەن و بەشداریی ژیانی کەلتوریی ئێران بکەن، بەتایبەتی لە بواری سینەما و هەندێک حاڵەتدا لە رێگەی بەکارهێنانی زمانی کوردی لە فیلمەکانیاندا.

ئەم نوێبوونەوە مەدەنی – کەلتورییە بە هەڵبژاردنی ئەحمەدی نەژاد رووی لە پاشەکشە کرد.

تورکیا و سیاسەتی یاسایی و خەباتی چەکداری و سەرکوتکردن
لە تورکیای ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا، بزووتنەوەی کورد وەرچەرخانی بەسەردا هات، بەڵام بۆ دوو بەشی یەکتر تەواوکردوو پەرەی سەند، کە بریتیبوون لە شێوازی کاری یاسایی و چەکداری، لەگەڵ هەندێک نەرمی لە نێوانیاندا.

وەک پێشتر باسی لێوەکراوە، ئەو نوێنەرە کوردانەی پەرلەمان کە لە دوای کۆنفرانسی ساڵی 1989 لە پاریسەوە دەرکران، حزبێکی سیاسیی نوێیان دامەزراند بە ناوی HEP، کە دەیتوانی کاندیدەکانی لەناو لیستی حزبی سۆشیال دیموکراتی پۆپۆلیستدا (SHP) پێشکەش بکات. دواتر بەهۆی خاسییەتەکانی ئەم مانۆڕەوە، ئەوان دەیانتوانی بەربەستی ٪10 ی هەڵبژاردن تێپەڕێنن و بچنە ئەنجومەنی نیشتمانی (پەرلەمان).
لە پاش هەڵبژاردنەکەی ساڵی 1991، ئەو نوێنەرانە لە حزبیSHP دەستیان لەکارکێشایەوە و گروپێکی پەرلەمانیی 22 کەسیی خۆیان دروستکرد٢.

لە هەڵبژاردنی ساڵی 2002 دا، کە بوو بە هۆی سەرکەوتنی پارتی داد و گەشەپێدان (ئەکەپە)ی رەجەب تەیب ئەردۆغان و پارتی HEP بەدوای ئەودا هات، پارتی هادەپ HADEP بە لیستی تایبەتی خۆی چووە رکابەریی هەڵبژاردنەوە، بەڵام تەنها ٪6.5 ی دەنگەکانی بەدەستهێنا و بەو پێیە نەیتوانی بچێتە ئەنجومەنی نیشتمانییەوە، بەڵام لە ساڵی 2002دا توانی 37 شارەوانی بباتەوە، کەوا ئەنجومەنی شارەوانیی دیاربەکری تێدابوو، کە شارێکی سەرەکیی کوردە لە تورکیادا.

ئەم بزووتنەوە یاسایی و سیاسییە، سەرباری ناهەمواریی و ناهاوچەشنیی بنەما کۆمەڵایەتی و سیاسی و چینایەتی و نەوە و جێندەری، بەڵام شتێکی پێكهێنا کە دەکرێ ناوی لێ بنرێت «ئەکتەرێکی نوێنەرایەتیکردنی کۆمەڵگەی کوردی.

بەهەرحاڵ، هاوتەریب بەمە پەکەکە وەک «ئەکتەری سەرچاوەی» سەرەکیی کورد لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا خۆی سەپاندبوو، بەو مانایەی کەوا قسەی کۆتایی هی ئەوە لەهەر وەرچەرخان و پەرەسەندنێکی مەسەلەی کورددا. هەروەها گرەوی دەرکەوتنێکی گشتیی گەورەشی بردۆتەوە، بە رووماڵێکی بەرفراوانی میدیا و رۆژنامەگەریشەوە.

هەڵبەت وەک دەردەکەوێت و بەبەڵگە کراوە لە کوشتنی چەند سەد کەسێکی خۆپیشاندانە ئاشتیخوازانەکاندا لە کاتی ئاهەنگگێڕانی نەورۆزی ساڵی 1992 دا، ئەو شەرعییەتە دیفاکتۆیەی ئەم بەدەستیهێنا لە تورکیادا، رێگەی بە داپڵۆسین و سەرکوتکردنی دەوڵەت نەگرت، بەڵام توانای بەرگریکردنی لەبەردەم سوپای تورکیا و هێزەکانی ئاسایش و پاسەوانانی گونددا بۆ نزیکەی دەیەیەک لە شەڕکردن، جەماوەرێکی پشتیوان و هەواداری بۆ دروستبوو و کە بواری دا بە پەیامی ئەوانەی داکۆکییان لە چارەسەرێکی ناسەربازیی دەکرد بۆ مەسەلەی کورد، کە دەنگبداتەوە لە ناویاندا.

کاریگەریی هاوبەشی گۆڕانکارییەکانی کە روودەدەن لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا و شۆک و هێدمەی شەڕی خۆبەخۆی کورد لە عیراقدا و کۆتاییهاتنی بلۆکی سۆشیالیستی، هەموو ئەمانە پاڵیان بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان-ی رابەری پەکەکەوە نا هەوڵی دانوستان بدات لەگەڵ تورکیادا.

چوارچێوە و دۆخی تورکیاش پێدەچوو تا رادەیەک دڵخۆشکەر بێت، چونکە زۆرێک لە فەرماندە سەربازییە خانەنشینەکان روون و ئاشکرا پێیان لەوە دەنا کەوا سەرکەوتنێکی سەربازیی یەکلاکەرەوە دژبە گەریلاکانی پەکەکە زۆر دوورە.

سلێمان دێمیریڵ-ی سەرۆک وەزیرانی نوێ-ی ئەوکاتە پاش ئەوەی بانگەشەی هەڵبژادنەکەی بە شێوەیەکی سەرەکی پشتی بە دیموکراتیزەکردن دەبەست، بە ئاشکرا دانی نا بە «راستیی کورددا». لەوەش گرنگتر، ئامانجی سەرۆک ئۆزال ئەوەبوو کە سەدەی 21 بکاتە «سەدەیەکی تورکی» و گەیشتبووە ئەو دەرەنجامەی کە دەبێت چارەسەرێکی سیاسیی بۆ مەسەلەی کورد بدۆزرێتەوە.

پڕۆژەکەی ئەو سەبارەت بە ناسێنتراڵکردنی تورکیا، کە وای دەبینی پەلەیە و لای وابوو پێویستە جڵەوەکە شل بکرێت لەسەر ئەو ویلایەت و ناوچانەی کەوا لەژێر سەرکوتکردنی پەڕگیری دەوڵەتدان و وڵات توانادار بکرێت و واش بە گونجاوی دەبینی کە بە کەمترین زیان کێشەی کورد چارەسەر بکرێت.

دواجار، ئۆزال زۆر بە پەرۆش بوو بۆ زیادکردنی کاریگەریی تورکیا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەگەر بێت و نەخشەکەشی نەگۆڕدرێت و کۆشش و داکۆکی دەکرد بۆ هاوپەیمانی لەگەڵ کوردەکانی عیراقدا بەوپێیەی کە مەرجێکی زۆر پێویستە بۆ وەرچەرخان و پەرەسەندنێکی لەو جۆرە.

جەلال تاڵەبانیی رابەر و سەرکردەی ی.ن.ک وەک نێوەندگیر کاری دەکرد لە نێوان ئۆزال و ئۆجەلاندا و لە پرێس کۆنفرانسێکی گەورەدا کە چاوی میدیایەکی بەرفراوانی لەسەر بوو، رابەری پەکەکە لە سەرەتای ساڵی 1993وە ئاگربەسی یەکلایەنەی راگەیاند.

بەهەرحاڵ، ئەم ئاگربەسەی کە هیوا و چاوەڕوانییەکی گەورەی خوڵقاند لە وڵاتدا، کورتخایەن بوو و لە پاش ماوەیەکی کەم، شەمدین ساکیک کە یەکێک بوو لە سەرکردە ناوچەییەکانی پەکەکە و فەرمانی کردبوو بە ئیعدامکردنی 33 سەربازی بێ چەکی تورکیا، کە ئەمەش نیگەرانی و ناڕەحەتییەکی گەورەی بە دوای خۆیدا هێنا. پاشانیش ئۆجەلان تۆمەتباری کرد بە چەتەیی و رێگری و (دواتریش هەر بە کردەوە دەبێتە هاوکاری ئەنقەرە لەپاش دەسگیرکردنی لەساڵی 1998دا. سەرکۆنەکردنی توندی ئۆجەلان بۆ ئەم کوشتارە نەیتوانی جارێکی تر متمانە بنیات بنێتەوە.

لە هەمووی گرنگتر، مەرگی لەناکاوی ئۆزال لە 17ی نیسانی 1993دا پەکەکەی بە بێ دانوستانکار بەجێهێشت و لێرەوە ئیتر سلێمان دێمێریڵی سەرکۆماری نوێ و تانسۆ چیلەری سەرۆک وەزیرانەکەی پاڵپشتیی تەواوی خۆیان دا بە سوپا و چارەسەری سەربازی.

بێگومان لێکەوتەکانی شکستی شەڕوەستان و ئاگربەس زۆر سامناک بوو. جەنگی گەریلایی بەجارێک توند بۆوە و بوو بە هۆکاری گیانلەدەستدانی زیاتر لە 30 هەزار کەس لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی بیستەمدا و نوێنەرە یاساییەکانی کورد کەوتنە ژێر گوشارێكی توند و قورسەوە.

لە مارتی 1994دا، چەند نوێنەرێکی پەرلەمانیی HEP، لەنێویشیاندا لەیلا زانا کە دواتر خەڵاتی زاخارۆڤی بردەوە و ماوەی 10 ساڵ خستیانە زیندانەوە.

ئەو دوای نوێنەرەکان و ئەکتەرە یاساییەکانی تر، ساڵی 1995 پەرلەمانێکی کوردیی تری سەربە پەکەکەیان دامەزراند لە تاراوگە.

تیمەکانی مەرگ لەم ماوەیەدا چەندین پیاوی خاوەن کار و کەسایەتیی سیاسییان کوشت کە لە لایەن تانسۆ چیلەری سەرۆک وەزیرانەوە بە هاوکاریکردنی پەکەکە تۆمەتبار کرابوون.

رووداوێکی ئۆتۆمبیل لە ساڵی 1996دا لە ناوچەی سوسەرلوکی سەربە پارێزگای بالیکەسیر رووناکییەکی بێئامانی خستە سەر ئەم تیمی مەرگانە کە بەم شێوەیە بوو: عەبدوڵڵا چاتلی، رابەری راستڕەوی پەڕگر لە گەلێک مەسەلەی کوشتنی سیاسیدا تێوەگلاوە و هەروەها لە هەوڵدان بۆ تێرۆرکردنی پاپا پۆڵیسی دووەم لە ساڵی 1982و حسێن کۆجەداغی ئەفسەری پلە باڵای پۆلیس کە لەو رووداوی ئۆتۆمبیلەدا مردن. سەدات بوجاک، کە سەرۆکێکی ناوداری عەشیرەتی بوجاکی کوردی سەربە ئەنقەرە بوو و فەرماندەیی سوپا تایبەتەکەی خۆیی دەکرد، تاکە دەربازبووی ئەو رووداوی تێکشکاندنەی ئۆتۆمبیلەکە بوو کەوا پۆلیس چەکێکی بێشوماری تێدا دۆزییەوە.

لێکۆڵینەوەکان لەلایەن ئۆفیسی سەرۆک وەزیران و کۆمیسیۆنێکی ئەنجومەنی نەتەوەییەوە بەڕێوەدەچوو لەبارەی ئەم ئابڕووچوونەوە و وەک دەوترێت شاخێکێ سەهۆڵینی زەبەلاحی نێو دەریا بوو کە تەنها لووتکەکەی بەدەرەوە بوو.

ئەم رووداوە دەریخست کەوا «باندەکەی سوسورلوک» تێوەگلاوی جەنگێکی دابەشکردنی داهاتی بازرگانیی مادە هۆشبەرەکان و خەڵک رفاندن و لە ئەشکەنجەدانیشدا تێوەگلاون و هەندێک بەرپرسی ئاست بەرزی دەوڵەتیشیان کوشتووە لە تورکیادا.

لە نێو ئەم قوربانییە ئاست بەرزانەدا، ناوی عەباس هیرام دێت، کە ئەفسەرێکی جارانی دەزگای میت بووە (دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی) و هەروەها جەم ئەرسەڤەری دامەزرێنەری دامەزراوەی هەواڵگریی نهێنیی جەندرمە و تاریق ئومیت کە یەکێک بووە لە هەواڵدەرە سەرەکییەکانی رێکخراوی «جەنگی تایبەتی» و ئەگەری زۆریش هەیە ئەشرەف بەتلیسیشی تێدابێت، کە جەنەراڵی ئەرکانی جەندرمە (دەرەک) بوو.
ئەنجامگیرییەکی تری راپۆرتەکان ئەوەبوو کەوا باندەکەی سوسورلوک تەنها یەکێک بووە لەو باندە نیمچە رەسمییانەی چالاکن لە وڵاتدا (بۆزئەرسەلان، 1999).

هەروەها یادەوەریی ئەوانەی کە لە ساڵانی نەوەدەکاندا پێگەیشتوون بە بەرفراوانی لە قسە و باس و گفتوگۆی ئاشکرایاندا ئەوە دەردەخات کە وڵات لەم دەیەیەدا چی تێدا گوزەراوە و بە تاریکترین سەردەمەکانی مێژووی تورکیا دادەنرێت. هەروەها سەردەمێکیشە دەکرێ بە توندڕەوترین ماوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ناوی بنێین، کە لە ڕووی سەربازییەوە بەتەواوی سەرکەوتوو بووە، بەڵام لە رووی سیاسییەوە شکستی هێناوە و لە دۆخێکی خودیی خەمناکدا پەرەی سەندووە.

ئەم حزبە لە دەمی پێنجەم کۆنگرەیدا کە لە ساڵی 1995دا بەستی، لەسەر تێڕوانینی توندوتیژیی خۆبەختکردووانە گیرسایەوە و ئۆجەلان کە وەک سەرۆک پێناسە دەکرا وا وێنا دەکرا کە بەرجەستەی «شەهیدانی» پەکەکەیە. ئەو لەوە زیاتر بوو کە تەنها سەرکردەیەکی سادەی سیاسی و سەربازی بێت، بەڵکو گۆڕابوو بۆ سەرچاوەیەکی لاساییکردنەوە و «شیکارییەکانی» بە رێنمایی پڕۆسەی «بە پەکەکە بوون» دادەنرا و ئەمەش بە واتای خوڵقاندنی مرۆڤێکی نوێی کورد و کوردبوونێکی نوێ و مرۆڤبوونێکی نوێ دێت.

ئۆجەلان لە چەندین بۆنەدا ئەوەی روونکردۆتەوە کە ئەم ئامانجە نەک هەر تەنها پیرۆزە، بەڵکو هەوڵ و کۆششی بەردەوامی دەوێت و بگرە ئەو تائێستا بەتەواوی پێی نەگەیشتووە.

ئەم دەیەیە کوتوپڕ لە ساڵی 1999دا تەواوبوو، لەپاش هۆشدارییەک لە ئەنقەرەوە بۆ دیمەشق کە تێیدا داوای رادەستکردنی ئۆجەلانی کردبوو. بەمە حافز ئەسەدی سەرکۆماری سوریا داوای لە ئۆجەلان کرد سوریا بەجێ بهێڵێت. دواتر و لەپاش گەشتێکی دراماتیکی و سەرسوڕهێن کە گەیاندییە روسیا و ئیتالیا و یۆنان و پاش بەجێهێشتنی باڵیۆزخانەی یۆنان لە کینیا بە ماوەیەکی کەم لەلایەن هێزەکانی تورکیاوە رفێنرا و برایەوە بۆ تورکیا.

کاتێک کە بەڕێوەبوو بەرەو وڵاتێکی سێهەم کە ئامادەکاری کردبوو مافی پەنابەرێتی بداتێ. ئۆجەلان لێرە لە دوورگەی ئیمرالی زیندانی کرا و حوکمی لەسێدارەدانی درا، بەڵام سزاکەی سووککرا بۆ بەندکردنی هەتاهەتایی پاش ئەوەی سزای لەسێدارەدان لەو وڵاتە هەڵوەشێنرایەوە.

گرتنی ئۆجەلان شەپۆلێکی گەورەی تووڕەیی و توندوتیژیی بە دوای خۆیدا هێنا، لە نێویاندا خۆبەختکردن و هێرش کردنە سەر نوێنەرایەتییەکانی ئیسرائیل لە ئەوروپا بەهۆی ئەوەی وەک باس دەکرا، تێوەگلانی ئیسرائیل لەگەڵ تورکیادا لە مەسەلەی دەسگیرکردنی ئۆجەلاندا. لە مانگی ئابی 1999دا، ئۆجەلان لە زیندانەکەیەوە فەرمانی دەرکرد بۆ وەستاندنی هەموو شێوەکانی توندوتیژیی و هەروەها ماوەیەکی نوێی ئاگربەسیش. ئەو هەر لە زیندانیشدا خۆی تەرخان کرد بۆ خوێندنەوەیەکی وردی کارەکانی موڕای بووکچین، کەوا رێگەی خۆشکرد بۆ تیۆریی داهاتووی لەبارەی شارستانییەتی دیموکراسییەوە یان دیموکراسیی رادیکاڵی کە لەلایەن جۆنگەردەن و ئەککایاوە شیکاریی بۆ کراوە.

لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2000دا، کۆنگرەی حەوتەمی پەکەکە سەرۆکایەتییەکی بەکۆمەڵی هەڵبژارد کە پێکهاتبوو لەم فەرماندە پلە باڵایانە: جەمیل بایک، دوران کەڵکان، مستەفا قەرەسوو، موراد قەرەیڵان و عەلی حەیدەر کەیتان. بێجگە لە هەندێک جیاوازیی بیروڕا، سەرکردایەتییە نوێیەکە ئاسۆی سیاسیی خۆی بەرتەسک کردەوە و لێرە بەدواوە داوای ئۆتۆنۆمیی بۆ کوردستان و دیموکراسیی بۆ تورکیا دەکرد. لە ساڵی 2002ەوە دەسبەرداری ناوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بوو و ناوی ئازادیی کوردستان و کۆنگرەی دیموکراسی (KADEK)، پاشان کۆنگرەی گەلی کوردستان Kongra-Gel و ئەم کۆنگرەی گەلە تا ئەمڕۆ بە چالاکی ماوەتەوە، بەڵام لە ساڵی 2005دا پەکەکە لەژێر ناوی پرۆگرامێکی سیاسیی نوێدا دەرکەوت.

سووریا: رۆژاڤا پێش رۆژاڤا
بە درێژایی ساڵانی هەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی رابردوو، دیمەنی سیاسیی کوردی سوریا لە دۆخێکی ئاڵۆزدایە، کە لە ژمارەیەکی زۆری حزب پێکدێت بەڵام تا رادەیەک نوێنەرایەتییەکی لاوازیان هەیە (تێجێڵ، 2009). بە شێوەیەکی رەسمی، رژێمەکەی حافز ئەسەد دۆخی کوردی لەو وڵاتەدا نەگۆڕیووە، چونکە ئەوانەی بەئاشکرا جاڕ لە «هاووڵاتی نەبوونیان» دراوە و ناسنامەی سورییان لەدەستداوە، پاش پەیڕەوکردنی بەرنامەی «پشتێنەی عەرەبی» لە ساڵی 1963 دا مافە یاساییەکانیان نەگێڕاوەتەوە و هێشتا زمانی کوردی هیچ دانپیانانێکی نییە لە «کۆماری عەرەبیی سوریا»دا. وەک ئەو داپڵۆسینە کوشندەیەی ئاهەنگگێڕانی نەورۆزی 1990 دەریخست، کوردەکان ناتوانن بە ئاشکرا داوای شوناسی تایبەتی خۆیان بکەن و لەوە گەڕێ کە هیچ دۆخێکی رەسمییان هەبێت. حزبە سیاسییەکانی کورد بە رەسمی قەدەغە کراون. تائێستاش، حافز ئەسەد کە هەژموونی عەشیرەتێکی سەپاندووە و سەر بە کەمینەی عەلەوییە، بەرەوڕووی بەرهەڵستییەکی ئیسلامیی سوننی بەهێز بۆتەوە کە لە یاخیبوونەکەی ساڵی 1982 ی حەمادا گەیشتە ترۆپک و پێویستی بە هاوپەیمان بوو لەناو کەمینەکانی تردا. بەم پێیە، سیاسەتمەدارە کوردەکان و لە ناویشیاندا سەرکردەکانی ئەو حزبانەی بەڕەسمی قەدەغە کراون، توانییان سوود لە زۆرێک لە پەیوەندییەکانیان ببینن لەگەڵ ئەم سیستمەدا و تەنانەت هەندێکیان وەک ئەندامی پەرلەمانیش هەڵبژێردران.

بە هەمان شێوە ناوەندە ئاینییەکانی کوردیش پێگەی بەرزیان داگیرکردبوو و لەوانە یەکێکیان موفتیی دیمەشق بوو. لە هەمووشی گرنگتر، ئەسەد بەئاشکرا پشتگیریی حزبە کوردییەکانی عیراقی دەکرد و رێگەی پێدەدان کە ئۆفیسیان لە پایتەختی سوریادا هەبێت. هەروەها پارێزەری دیفاکتۆی ئۆجەلان و پەکەکەش و ئەو کوردە سورییانەی کە لە ریزەکانی پەکەکەدا شەڕیان دەکرد لە خزمەتی سەربازی دەبەخشران و هەندێک جاریش زەمانەتی کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵایەتیی گەنجە کوردەکانیان دەکرد.

ئەم هاوسۆزانەی پەکەکە دواتر لە ساڵی 2003دا پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە) دادەمەزرێنن.

حافز ئەسەد لە حوزەیرانی 2000دا کۆچی دوایی کرد و دانانی بەشاری کوڕە تەمەن 35 ساڵەکەی کە لە بەریتانیا خوێندبووی، ئەگەری هێنایە پێشەوە و هەلی رەخساند بۆ ئەوەی کە دواتر بە بەهاری دیمەشق ناوبرا، کە حزبە کوردییەکان و بە دیاریکراوی یەکێتی (پارتی یەکێتی لە سوریا)، لە نزیکەوە تێهەڵکێشی بوون.

بەهەرحاڵ، داگیرکردنی عیراق لە ساڵی 2003دا، قۆناغێکی نوێی گرژی و ئاڵۆزی هێنایە ئاراوە و ساڵی 2004 سەریکێشایەوە بۆ داپڵۆسینی سەخت و قورسی رکابەرە کوردەکان لە قامیشلودا، کە کوشتنی نزیکەی 50 کەسی لێکەوتەوە و گرتنی ژمارەیەکی زۆریش.

ئەنجام
ئەو قەیرانەی کە ساڵی 1979 بەو رووداوە گەورانە دەستیپێکرد کە ئێمە لە پێشەکییەکەماندا باسمان کرد، کاریگەریی دوور و درێژی دروستکردووە و تا ئاستێک پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی دەوڵەتان و کۆمەڵگەکانی پێش وەخت ئامادە کردووە کە تێبینی دەکرێت لە چەند بەشێکی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا لە ساڵانی 2010 دا. لەگەڵ روودانی داگیرکردنی ئەفغانستاندا، توندوتیژیی ناو دەوڵەتان و لە نێوان وڵاتاندا لە ساڵانی هەشتاکاندا تاڕادەیەک بەسترابوو بە قۆناغێکی نوێی جەنگی ساردەوە، بەڵام تاڕادەیەکیش بەهۆی نەتوانینی سیستمی جیهانی و بوونی دوو زلهێزی سەردەمەکە وەک سۆڤێت و ئەمریکا لە چارەسەری ململانێ ناوچەییەکاندا، شۆڕشی ئێران و سەرۆکایەتیی سەدام حسێن و ئەو قەیرانە خولاوەی کە لە لوبناندا جێگیرببوو لە ئەنجامی ئەو ئۆتۆنۆمییە گەورەیەی کەوا هێزە هەرێمییەکان دەستەبەریان کردبوو لە سەرەتای ساڵانی هەشتاکاندا. شەڕ و ململانێ لەسەر هەژموون و دەسەڵاتیش بوو بە ململانێیەک لە نێوان ئەکتەرە لۆکاڵەکاندا و نەک هەر تەنها لە نێوان ئەکتەرە زلهێزەکاندا، بەڵام بە شێوەیەکی کوتومت لە کاتی جەنگدا، جا ئەگەر ناوخۆیی بێت یان نێوان دەوڵەتان بێت، یاخود ناچاری و زۆرەملێ بێت و ئەم ئۆتۆنۆمییە سەرناکێشێتەوە بۆ هیچ سیناریۆیەک لە توندڕەوی و رادیکاڵییەت بەولاوە و لە کۆتاییشدا بۆ پرۆسەی تێکشکاندنی خود.

شەڕ و ململانێی کورد یەکێک بوو لەم ململانێ رادیکاڵانە. هەروەها شۆڕشەکانی کورد لە ساڵانی بیستەکان و چلەکانی سەدای رابردوو و بزووتنەوەکەی بارزانییش لە 1961 – 1975، ئەوەیان دەرخستووە کەوا کێشەی کورد بەدڵنیاییەوە کێشەیەکی نوێ نییە، سیستمی ناوچەیی نێوان ئێران و تورکیا و عیراق و سوریا بۆ ماوەیەکی زۆر دوور و درێژ بەند بوو بە بنەمای سیستمێکی ئاسایشی نێوان ئەو دەوڵەتانە، کە ئامانجیان ئیحتیواکردنی بزووتنەوەی کورد بوو.

لەپاش رووداوەکانی 1979 و جەنگەکانی ساڵانی هەشتاکان و دۆخی هەنووکەیی (الوضع الراهن status quo) لەم چەشنەی نێوان دەوڵەتان دەرفەتی مانەوەی نەماوە.

هەڵبەت ناکرێت ئەکتەرە کوردەکان لە دەرەوەی ئەو شانۆ پڕ ململانێی هەرێمایەتییە بمێننەوە کە بەم جۆرە دەرکەوتووە. ئەوان هەرچەندە زۆر لەو وڵاتانە لاوازتر بوون، بەڵام هەوڵیان دەدا رووبەرێک بدۆزنەوە بۆ مانەوەیان و جوغزی سەربەخۆیی خۆیان فراوان بکەن لە کاردا.

لە ماوەی ئەم ساڵانەدا سەرتاپا کوردستان کاریگەربووە بە شێوەیەک لە شێوەکانی جەنگ و توندوتیژی، کە دوو دینامیکی بونیادین بۆ ناکۆکی و ململانێی کورد و مێژووی کوردیان دیاری کردووە و لە هەمان کاتیشدا توندڕەو و میلیتاری بوون، کە ئەویش بڕبڕەپشتی ئەو فاکتەرەیە کە فەزای کوردی ونجڕونجڕ کردووە بە درێژایی سنوورەکانی دەوڵەت و زۆنەکانی زمان و تایفە و نەریتی پارتیزانی و کەلتورە سیاسییەکان کە بەسەر ئەم هەموو سنوورانەدا یەکی بخات لەژێر ئایدیا و ئایدیاڵی «کوردایەتی یان کوردبووندا» و لەلایەن گەلێک فۆڕمی جووڵاندنی ئاشتییانە یان چەکدارانەوە. ئەمەش گرژییەک کەوا لە ئەستۆگرتنی ئاسان بێت، بەڵام هەرچۆنێک بوو ئیدارەی درا، هەرچەندە تێچوونێکی گەورەی هەبوو.

ساڵانی هەشتاکان (بە ئەندازەی ئەوەی کە پەیوەندیی بە تورکیاوە هەبوو لە ساڵانی نەوەدەکاندا) رەنگە تەڵخ و تارترین سەردەمی پێکهێنابێت لە مێژووی کورددا بە خەمڵاندنێکی دەمبڕی قوربانییانی کورد و بەدیاریکراوی مەدەنییەکان، کە دەگاتە نزیکەی 200 هەزار کەس، بەڵام لە سەرەتای دوو دەیەی دوو هەزارەکانەوە، مانەوەی کورد وەک بەشێک لە ئێران و تورکیا و عیراق و سوریا و بەو جۆرەش لە دەرەوەی سنووری کوردستان وادیار بوو کە دوور بووبێتن لە هەر هەڕەشەیەکی سەرەکی.

سەرچاوە: مێژووی کامبریجی کورد (کۆمەڵێك توێژەر)
ئامادەکردنی: حەمید بۆز ئەرسەلان، جەنگیز گوینەش، وەلی یادرگی
لەندەن – چاپی زانکۆی کامبریج – 2021 ، لاپەڕە 269- 288.

ناوی بابەت / رۆژگارێکی تاریک: کوردستان لە نێو ئاژاوە و پشێویی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، 1979 – 2003

پەراوێز:

1- لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوودا، سامی عەبدولڕەحمان سەرکردایەتیی حزبەکەی خۆی دەکرد، واتە پارتی گەلی دیموکراتی کوردستان. لە پاش هەڵوەشاندنەوەی لە ساڵی 1993دا، چووە پاڵ پارتی دیموکراتی کوردستان. سامی لە شوباتی 2004دا، پێکەوە لەگەڵ نزیکەی 200 کەسایەتیی سەرکردەی کورددا، لە هێرشێکی تیرۆریستیدا کوژرا.
2- یەکێک لەم ئەندام پەرلەمانانە محەمەد سنجار بوو کە لەلایەن پۆلە فڕۆکەیەکی مەرگەوە لە باتمان کوژرا، کاتێک کە لێکۆڵینەوەی دەکرد لە کێشەی کوشتنە سەروو یاساییەکان، لە 4ی ئەیلوولی 1993دا.

Bibliography بیبلۆگرافی
Ahmed, M. M. A. and Gunter, M. M. (eds) (2005). The Kurdish Question and the 2003 Iraqi War. Costa Mesa, CA: Mazda Publishers.
مەسەلەی کورد و جەنگی عیراق لە ساڵی 2003دا.

Barkey, H. J. and Graham, E. F. (1998). Turkey’s Kurdish Question. Lanham, MD: Rowman & Littlefield Publishers Inc.
کێشەی کوردستانی تورکیا

Bozarslan, H. (1999). Network – Building, Ethnicity and Violence in Turkey. Abu Dhabi: ECSSR.
بنیاتنانی تۆڕ، ئیتنیک و توندوتیژیی لە تورکیادا.

Bozarslan, H. (2012). Revisiting Middle East’s 1979. Economy and Society, 41 (4), 558 – 67.
پێداچوونەوە بە ساڵی 1979 ی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئابووری و کۆمەڵ

Emanuelsson, A. (2005). Diaspora Global Politics: Kurdish Transnational Networks and Accommodation of Nationalism. Goteborg: Goteborg University.
سیاسەتی جیهانیی دیاسپۆرا: تۆڕی ترانسنشناڵی کوردی و خۆگونجاندن لەگەڵ ناسیۆنالیزمدا .

Entassar, N. (1992). Kurdish Ethno – nationalism. Boulder, CO, and London: Lynne Rienner Publishers.
ئیتنۆناسیۆنالیزمی کوردی

Fanon, F. (2005 [1961]). The Wretched of the Earth. New York: Grove Press. سەرگەردانیی زەوی.

Fischer-Tahir, A. (2002). ‘Wir gaben viele Martyrer’. Widerstand und kollektive Identitatsbildung in Irakisch-Kurdistan. Munster: UNRAST-Verlag.
«شەهیدی زۆرمان داوە». بەرگری و پێکهاتنی شوناسی بەکۆمەڵ لە کوردستانی عیراق.

Giddens, A. (1985). The Nation – State and Violence. Berkeley, CA: University of California Press.
دەوڵەتی نەتەوەیی و توندوتیژی .

Gunes, C. (2012). The Kurdish National Movement in Turkey: From Protest to Resistance. London: Routledge.
بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە تورکیا .

Gunter, M. M. (1992). The Kurds of Iraq: Tragedy and Hope. New York: St. Martin’s Press.
کوردەکانی عیراق: مەرگەسات و هیوا

Hiltermann, J. (2008). ‘The 1988 Anfal Campaign in Iraqi Kurdistan’. www.sciencespo.fr/mass-violence-war-massacre-resistance/fr/document/1988-anfal-campaign-iraqikurdistan.
شاڵاوی ئەنفالی 1988 لە کوردستانی عیراقدا .

Hoff, R., Leezenberg, M. and Muller, P. (1992). Elections in Iraqi Kurdistan. Amsterdam: Pax Christi. هەڵبژاردن لە کوردستانی عیراقدا .

Institut kurde de Paris (1991). Conference Internationale de Paris, 14–15 octobre 1989. Paris: Institut kurde de Paris.
کۆنفرانسی نێودەوڵەتی لە پاریس، 14 – 15 ی ئۆکتۆبەری 1989.

Institut kurde de Paris (1992). International Inter – parliamentary Consultation on the Kurds, Washington D.C., 27 February 1991. Paris: L’IKP. لەبارەی کوردەوە. ڕاوێژی پەرلەمانیی نێودەوڵەتی

Jongerden, J. (2007). The Settlement Issue in Turkey and the Kurds: An Analysis of Spatial Policies, Modernity and War. Leiden: Brill.
مەسەلەی نیشتەجێکردن لە تورکیادا و کوردەکان: شیکارییەک بۆ سیاسەتەکانی ناوچەکە و مۆدێرن بوون و جەنگ.

Keen, D. (1993). The Kurds in Iraq: How Safe Is Their Haven Now? London: Save the Children.
کورد لە عیراقدا: لە ئێستادا پەناگەکەیان چەند ئارامە؟ …..

Lawrence, Q. (2008). Invisible Nation: How the Kurds’ Quest for Statehood Is Shaping Iraq and the Middle East. New York: Walker Company.
نەتەوەیەکی نەبینراو: جۆن داواکاریی کورد بۆ بوون بە دەوڵەت عیراقی داڕشتۆتەوە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا؟

Markus, A. (2007). Blood and Belief: The PKK and the Kurdish Fight for Independence. New York: New York University Press.
خوێن و باوەڕ: پەکەکە و شەڕی کورد بۆ سەربەخۆیی.

Middle East Watch (1994). Bureaucracy of Repression: The Iraqi Government in Its Own Words. Washington, DC: Middle East Watch.
بێروکراتییەتی سەرکوتکردن: حکومەتی عیراق لە دیدی خۆیەوە.

Naji, K. (2008). Ahmedinejad: The Secret History of Iran’s Radical Leader. London: I.B. Tauris.
ئەحمەدی نەژاد: مێژووی نهێنیی سەرکردەی رادیکاڵی ئێران.

Randal, J. (1997). After Such Knowledge What Forgiveness? My Encounters with Kurdistan. New York: Farrar, Strauss and Giroux.
پاش ئەم زانیارییانە چ لێبووردنێک؟ روبەڕوبوونەوەم لەگەڵ کوردستاندا.

Romano, D. (2006). The Kurdish Nationalist Movement: Opportunity, Mobilization and Identity. Cambridge: Cambridge University Press.
بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد: دەرفەت، جووڵاندن و شوناس.

Stansfield, G. R. V. (2003). Iraqi Kurdistan: Political Development and Emergent Democracy.London: Routledge.
کوردستانی عیراق: پەرەسەندنی سیاسی و دیموکراسیی کتوپڕ.

Tejel, J. (2009). Syria’s Kurds: History, Politics and Society. London: Routledge.
کوردەکانی سوریا: مێژوو، سیاسەت و کۆمەڵگە .

Turkish Probe (1993). ‘Differentiating between the PKK and the Kurdish Issue’. 13 July.
لێکۆڵینەوەی تورکیا «جیاوازیی نیوان پەکەکە و مەسەلەی کورد» .

Vali, A. (2017). Silence au Rojhelat: une etude de cas. Anatoli, no. 8, 77–105.
بێدەگی لە خۆرهەڵاتدا: لێکۆڵینەوەی حاڵەت .

Watts, N. (2010). Activists in Office: Kurdish Ethnic Politics, Political Resources, and Repression in Turkey. Seattle, WA: Washington University Press.
چالاکوانان لە ئۆفیسدا: سیاسەتی ئیتنیکیی کوردی، سەرچاوە سیاسییەکان و سەرکوتکردن لە تورکیادا.

White, P. (2000). Primitive Rebels or Revolutionary Modernizers? The Kurdish National Movement in Turkey. London: Zed Books.
یاخییە سەرەتاییەکان یان نوێگەرە شۆڕشگێڕەکان؟ بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە تورکیادا .

 386 جار بینراوە