سەرەکی » ئاراستە » ‎سازان نیشتمانی یەکەم شەهیدی شۆڕشی نوێ و پایتەختی هەنار

‎سازان نیشتمانی یەکەم شەهیدی شۆڕشی نوێ و پایتەختی هەنار

سادق عوسمان سازانی

گوندی سازان یەکێکە لە گوندەکانی کوردستان، لە رووی کارگێڕییەوە سەربە ناحیەی سیروانە لە پارێزگای هەڵەبجە، لەبارەی ناوی سازانەوە بۆچوونی جیاواز هەیە، هەندێک پێیانوایە ‎بە مانای سازەندەیی و سازگاریی بۆ ژیانەوە هاتووە، بۆچوونی دووەم کە زیاتر گونجاوە ئەوەیە دوای ئەوەی شێخ موئمینی باپیرەی سەیدەکانی سازان لە ناوەڕاستەکانی سەدەی هەژدەیەم واتە لە دەوروبەری ساڵەکانی (1160ک- 1748ز) سەرێك لە دەڤەرەکە دەدات کە ئاوەدانی تێدابووە، ئەو جێگەیەی پێ خۆش دەبێت تێیدا بژی و ئاوەدان بکرێتەوە و گوندی تێدا بنیات بنرێت، هەربۆیە بە خانەوادەو خزمەکانی وتبوو جێگەیەکم بۆ ژیانداری سازاندووە ئیتر لەو جێگەیەدا و بەهاوکاری هەندێك لە نەوە و دۆست و دانیشتوانی سنوورەکە دەست بە خانووسازی دەکەن و گوندەکە بەناوی سازانەوە بنیات دەنێن و وردە وردە گەورەتر دەبێت.

بنەماڵەکانی نیشتەجێی دەڤەرەکەش لەژێر کاریگەریی زانایی ئەو زاتە و توانا عیرفانییەکەی وەك خەلیفەی شێخ ئیسماعیلی ولیانی لە تەریقەتی قادریدا لێی نزیکبوونەتەوە و خانوویان تێدا بنیاتناوە و گوندی سازان گەورە و فراوان بووە.

لە پێش راگواستنی ساڵی 1978دا ژمارەی خانووەکانی پتر لە 70 ماڵ بووە، ژمارەی دانیشتوانیشی زیاتر لە 350 کەس بووە، لە ساڵی 1978 بەناوی پشتێنەی ئاسایشەوە لەلایەن رژێمی بەعسەوە راگوێزران بۆ کۆمەڵگەی زەمەقی و گوندەکە لەگەڵ زەویدا تەخت کراوە و باخ و رەزەکانی سووتێنراوە و بە زۆرەملێ لە دامێنی هەڵەبجەدا نیشتەجێکراون و گوندەکە وێرانکرا.

شێخ موئمینی حوسەینی نیمجانی کە بە شێخ موئمینی سازان ناسراوە، ھاوکات لەتەك ماڵسازیی و خەڵوەتگەکەیدا مزگەوتیشی دروستکردوە و سازانی کردۆتە رووگەی زانست و عیرفان بۆ ناوچەکە و تەنانەت هەڵەبجە و شارەزور و هەورامانانی‎ کە بەردەوام حوجرە و وانەی ئایینی لە گوندەکەدا هەبووە و نەوەکانیشی زۆرێکیان وێڕای سەختیی ژیانی سەردەمەکە، وانەی ئایینیان خوێندووە و زاناو ئەدەبدۆست و شاعیریان تێدا بووە، وەك: شێخ حەسەنی سازانی نازناوی (بوڵبوڵ)ی لە شیعردا هەبووە و هاوچەرخی مەولەوی بووە، ‎لە سەدەی بیستەمیشدا مامۆستا رەسوڵ شێخ عوسمانی سازانی لەژێر نازناوی (باوەخەمان) دا دیوانێکی شیعری نووسیووە، لە دوای کیمیابارانی هەڵەبجە و لە ئاوارەییدا لە رووداوێکدا شەهیدبووە. هەروەها فاتیحی شێخ حەیدەر یەکەم شەهیدی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان سیاسی و شاعیر و چیرۆکنووس بووە، بەشێک لە شیعرەکانی دوای شەهیدبوونی بەناوی دیوانی شەھید فاتیح بەچاپ گەیەنراوە.

مامۆستا مەلا شێخ محەمەدیش کە پێشنوێژ و مامۆستای گوند بووە و کەسێکی زانا و ئەدەب پەروەر بووە، هەروەها ژمارەیەکی دیکە کەسایەتی کۆمەڵایەتی و رۆشنبیری و کوردپەروەر لەم گوندەدا هەڵکەوتوون و خزمەتی گەل و نیشتمانیان کردووە.

ئەم دەڤەرە چەندین شوێنەوار و گۆڕستانی دێرینی تێدایە کە هەندێکیان لە بەڵگەنامەکانی وەك «الوقائع العراقیة»ی چل و پەنجاکانی ‎ سەدەی بیستەمدا ئاماژەی پێکراوە، وەك: قەڵای سازان «ساسان»، زێڕینکەوش، چەندین گۆڕی کۆن کە دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی دێرینی پێش ئیسلام، وەك: گۆڕستانی باوەخەمان کە زۆر دێرینە. هاوکات دۆزینەوەی چەندین پارچەی کانزایی و تەنانەت پەیکەرێکی بڕۆنزی زیلقەڕنەین کە لە کتێبی «لە ئامێزی سازاندا» وێنەکەی و وردەکاری و چارەنووسیشی باسکراوە.

گوندی سازان زەوی کشتوکاڵی و باخ و تەنانەت کانزای جۆراوجۆری تێدایە بەپێی هەڵکۆڵینەکانی گەڕیدە بیانییەکان بەتایبەتی لە پەنجاو شەستەکان و دواتریش نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا، بەپێی گێڕانەوەی ریش سپیەکان. رووبەری زەویی بەراوی بۆ چەندین جۆر کشتوکاڵی وەك: دانەوێڵە، برنج، توتن، بستە لە 180 دۆنم زیاترە. رووبەری باخی هەنار و ترێ و زەیتون و توو گوێز و هەنجیرو…هتد-ی لە سەرووی 100 دۆنمەوەیە. زەوی دێمیشی نزیکەی 70 دۆنم دەبێت. ‎

ئەو چیایانەی لە دەوروبەری سازاندان لە خۆرهەڵاتەوە هەرمێلە و باشووری خۆرهەڵات چیای گۆزیڵ، چیاکانی سەرهەنارو سەرکەورگ و کەلی زیارەت و مەگڕ و نزارەڕەش و ملەھۆمڵە و زهۆریش لە باشوور و خۆرئاوایدان، هەروەها چیای بڵندی شنروێ و باوەخەمان و قەڵای سازان باکووریان گرتووە.

ئەم گوندە دەکەوێتە سەر سنووری خۆرهەڵاتی کوردستان و لە باشوورییەوە کە رووباری رەنگینی سیروان بە درێژیی چەند کیلۆمەترێك لێکیان جیادەکاتەوە و دیمەنەکەی هاندەرێکی باشە بۆ گەشتیاریی لە ناوچەکەدا، هاوکات چەند سەرچاوەیەکی دیکەی ئاو لە سەرووی گوندەکەوە هەیە کە بۆ کشتوکاڵ و باخداریی سوودی لێ وەردەگرن، ئەم ناوچەیە لەبەرئەوەی ئاو و هەوای گونجاوە و شوێنی جوان و دڵگیرە، دەکرێت بکرێتە ناوچەیەکی گەشتیاریی.

ئەو تیرە و بنەماڵانەی پێش راگواستنی سازان لەوێ ژیاون وێڕای سەیدەکانی نەوەی شێخ موئمین کە زۆرینەی دانیشتوانی بوون، چەند بنەماڵەیەکی دیکەی ھۆزەکانی کۆکۆیی، ئێناخی، زەردۆیی و تیرەکانی لۆراوبەگی و تفەنگچیان و چەند ماڵێکی تریش بوون کە لەشوێنی دیکەوە هاتبوونە گوندەکە بەھۆی بوونی مەلا و پاشان قوتابخانە و بنکەی تەندروستی و تەنانەت نانەوا و فرۆشگای بچووك.

خەڵکی گوندەکە سەرقاڵی باخداریی، کشتوکاڵ بوون، هەندێکیان ئاژەڵداریشن، وەك مەڕ و بزن و رەشەوڵاخ، هەروەها وڵاخی بەرزەی وەك هێستریان بەکارھێناوە بۆ گواستنەوەی بەرهەمەکانیان بۆ هەڵەبجە بەھۆی خراپیی رێگاوبان لەو رۆژگارەدا، هەتا ئێستاش ریگاوبانەکانی قیرتا و نەکراوە، دووریی نێوان گوندی سازان و شاری هەڵەبجە تەنها نزیکەی (14 کیلۆمەترە) لە رووی هەڵکەوتەی جوگرافییەوە دەکەوێتە خۆرهەڵاتی شاری هەڵەبجەوە.

لەسازاندا بەھۆی سەنتەربوونی جێگەکەی و ئاوی زۆرەوە لە رابردوودا چوار ئاشی ئاوی تێدابووە؛ ئاشی شێخ کەریم لە سەرەتای باخەکاندا، ئاشی شێخ عارف لە خوارتر، سێیەم ئاشی شێخ سەعید کە تا راگواستنیش لەکاردابووە، هەروەها ئاشی شێخ سەلام، ئەم ئاشانە لەو سەردەمەدا ببوونە ھۆی قەرەباڵغی بۆ گوندەکە بەھۆی ئەوەی گوندەکانی نزیک سازان وەك: کانی گوێز، رێشاو، کۆساوا، بۆین، لمە، پێگە، کوڵیمتکان، نەیجەڵە، چنار، تلەوەرێ، بۆ باراش هاڕین روویان لە ئاشەکانی سازان کردووە. هەر بۆیە گوندەکە و نزیك سەرچاوەی ئاوەکانی چایخانە و فرۆشگەشی هەردەم تێدابووە، هاوکات هەندێک پیشەی دەستی و سادەیشی تێدابووە بە ئەندازەی پێداویستی ژیان و کشتوکاڵیی خۆیان؛ وەك: چیغ، سەبەتە، کەندو، قوڵینە، دارتاشی، وەستای بەننایی. هەروەها پیشەسازیی ساکاری وەك روبەهەنار و کەشك و بەروبومەکانی تری شیرەمەنی.

هەتا ئێستا گوندی سازان ئاوەدان نەکراوەتەوە، هەندێک لە جوتیارەکان لەناو باخەکانیاندا خانوویان دروستکردووە، لە وەرزی هاویندا دەچنەوە بۆ خزمەتکردنی باخ و رەزەکان و کۆکردنەوەی بەرهەمەکانیان.

لەلایەن خێرخوازانەوە مزگەوتێک لە دامێنی گۆڕستانەکەی سازاندا دروستکراوە، بەو هیوایەی بە هاوکاریی هەموو لایەک ئەم گوندە جوانەی کوردستان جارێکی دیکە ئاوەدان بکرێتەوە و باخ و رەز و کانیی و مەزراکانی نوێبکرێنەوە و جارێکی دیکە ژیان لە بەرگێکی نوێدا دەست پێبکاتەوە.

سەرچاوەکان:

کتێبی دەستنووسی، کنز الاحادیث، نووسینی شێخ موئمینی سازانی کە ساڵی 1173ک، نووسراوە.

لە ئامێزی سازاندا، م.صادق شێخ عوسمان سازانی، 2015 .

دیوانی مەولەوی، چاپی 2002 ز انتشارات کوردستان/ سنە.

دیوانی باوەخەمان، مەلا رەسوڵ شێخ عوسمان سازانی. ئامادەکردنی: یاسین رەسوڵ، 2009 .

دیوانی شەھید فاتیح.. ساڵی 2012.

هەڵەبجە لە ئامێزی مێژوودا، حەکیم مەلا ساڵح، بەرگی یەکەم و دووەم چاپی یەکەم 2008، 2011.

الوقائع العراقیە بەتایبەتی ژ 2081 ساڵی 1948ز.

 115 جار بینراوە