سەرەکی » راپۆرت » پاشەکشەی سیاسەت لە بەردەم هەژموونی ئابووریدا

پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی تورکیا و ئیمارات

پاشەکشەی سیاسەت لە بەردەم هەژموونی ئابووریدا

تمام ابوالخیر

ئا: محەمەد تاهیر

سەرەڕای هەموو ئەو رووداوانەی لە چەند ساڵی رابردوودا لە ناوچەکەدا روویانداوە و کاریگەریان لەسەر پەیوەندییەکانی ئیمارات و تورکیا هەبووە، بەڵام زمانی پارە لە قسەکردن نەوەستاوە. هەرچەندە هەندێکجار کاریگەریان لەسەر یەکتری داناوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت نکۆڵی لە ناکۆکی سیاسی و جیۆسیاسی نێوان ئەنقەرە و ئەبوزەبی بکات، ئەمەش جگە لە ناکۆکی ئایدۆلۆجیی پەیوەست بە ئیخوان موسلمین و هەڵوێستی جیاواز و دژ بەیەکی هەردوولا لەسەر ئەو کۆمەڵەیە. بەڵام دیارە ئابووری و بەرژەوەندیی پارە و بازرگانی و وەبەرهێنان دیوێکی تری چیرۆکەکە تەواو دەکەن.

بەپێی لێدوان و هەڵوێستی توند و دژ بەیەکی نێوان هەردوو وڵات، کەس پێیوانەبوو بەمزوانە بەرپرسانی ئەو دوو وڵاتە لەسەر ئاستی لوتکە کۆبووبنەوە و وا هەڵسوکەوت بکەن وەک ئەوەی هیچ رووینەدابێت.

ئەو کۆبوونەوە باڵایە ئەنجامێکی باشی هەبوو بۆ هەردوولا. وردە وردە پارەیەکی زۆری ئیماراتی روو لە تورکیا دەکات بۆ وەبەرهێنان و بووژانەوەی چەند بوارێک.

دیارە ئەمەش لە کاتێکدایە سەرەڕای هەموو ئەو ناکۆکی و گرژییەی چەند ساڵێکە لە نێوان هەردوو وڵاتدا هەیە، بەڵام هێشتا ئیمارات بە گەورەترین وڵاتی عەرەبی دادەنرێت لە رووی هاوبەشیی ئابوورییەوە.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا پێشوازییکرد لە محەمەد بن زاید ئال نهیان جێنشینی ئەبوزەبی کە بە یەکەم کۆبوونەوەی باڵای نێوان هەردوو وڵات دادەنرێت لە چەند ساڵی رابردوودا.

یەکێک لە دەرەنجامەکانی ئەو کۆبوونەوەیە دامەزراندنی سندوقێکی ئیماراتییە بۆ پشتیوانیکردنی ئابووریی تورکیا لە داڕوخان بە بڕی 10 ملیار دۆلار و تەرخانکردنی بۆ بواری وەبەرهێنان.

یەکێکی تر لە دەرەنجامەکانی ئەو کۆبوونەوەیە ئەوەیە هەردوو وڵات 10 رێککەوتننامەیان ئیمزا کرد بۆ هاوکاریی ئابووری لە بوارە جیاجیاکاندا.

ئەو ژمارە رێکەوتنە هەندێک بواری گرنگ لەخۆ دەگرێت وەک هاوبەشیی نێوان بانک و بۆرسەکانی هەردوو وڵات و سندوقەکانی سەروەت و سامانی نیشتمانی، ئەمە جگە لە هاوکاری لە بواری تەندروستی و وزە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن لە نێوان کۆمپانیای گەشەپێدانی ئەبوزەبی هۆلدینگ و سندوقی سیادیی تورکیا ئیمزا کرا، جگە لە ئیمزاکردنی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن بۆ هاوکاری لە نێوان کۆمپانیای گەشەپێدانی ئەبوزەبی هۆلدینگ و دەستەی وەربەرهێنانی سەر بە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا.

هەروەها هەردوو لایەنی تورکی و ئیماراتی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان ئیمزاکرد بۆ هاوکاریی نێوان بۆرسەی ئەبوزەبی و بۆرسەی ئیستانبول، جگە لە ئیمزاکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە نێوان بانکی ناوەندیی تورکیا و هاوتا ئیماراتییەکەی، هەروەک لە بواری گومرگیشدا رێکەوتنێکی ئیداریان ئیمزا کرد.

هەردوو وڵات بواری وزەیان پشتگوێ نەخست، یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان لە بواری وزەدا ئیمزاکرد و هەروەها یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان لە بارەی هاوکاریی ژینگەیی نێوان هەردوو وڵات ئیمزاکرد، جگە لە یاداشتنامەیەکی لێتێگەیشتن لە بارەی ئاڵوگۆڕی زانیاریی دارایی لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی شۆردنەوەی پارە و ناردنی پارە بۆ تیرۆریستان.

بەپێی زانیارییەکان، سندوقی وەبەرهێنانی ئیمارات بۆ پشتیوانی ئابووریی تورکیا، کە پاش سەردانەکەی بن زاید بۆ تورکیا لە لایەن ئیماراتەوە رایگەیاندرا، لە کارەکانیدا تیشک دەخاتە سەر وەبەرهێنانی ستراتیجی، بە شێوەیەکی سەرەکی کەرتی لۆجیستیی وزە و بوارەکانی تەندروستی و خۆراک دەکاتە ئامانج.

پێشتریش ئاژانسی هەواڵ و زانیاریی ئابووریی بلومبێرگ بڵاویکردبۆوە ئیمارات بە جددی پشتیوانی تورکیا دەکات و بە بڕی دەیان ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە پڕۆژەی جیاجیادا دەکات.

بە پێی ئەو راپۆرتە، سندوقی وەبەرهێنانی ئەبوزەبی چەند مانگێکە گفتوگۆکانی لەگەڵ لایەنی تورکی دەستپێکردووە، واتە مەسەلەی دامەزراندنی سندوقی وەبەرهێنانی ئیمارات بۆ پشتیوانی ئابووریی تورکیا لە ناکاو نەهاتۆتە ئاراوە.

بەپێی ئاژانسی بلومبێرگ، لە قۆناغی یەکەم و سەرەتادا ئەبوزەبی هۆلدینگ نزیکەی یەک ملیار دۆلار وەبەرهێنان دەکات لە تورکیا بە تایبەتی لە هەردوو بواری تەندروستی و تەکنەلۆجیای دارایی.

وەبەرهێنانی ئیماراتی لە تورکیادا
بەم دواییانە وەبەرهێنانی ئیمارات بە شێوەیەکی بەهێزتر و فراوانتر دەستی بە دەرکەوتن کردووە لە چەندین ناوچەی جیهاندا، ئەو بوارانەشی کاری تێدا دەکات و جێگەی بایەخی ئیماراتە بریتی لە بوارەکانی دارایی، بانک، ناوەندی بازرگانی، گەشتیاری و لۆجستی.

نموونەکانی وەبەرهێنانی ئیماراتی لە تورکیا زۆرن، بۆ نموونە، ئەوەی لە نێوان هەردوو کۆمپانیای گەورەی گێتیر و تریندیۆل روویدا، یان کڕینەوەی کۆمپانیای بالمی تورکی تایبەت بە گواستنەوە لە لایەن کۆمپانیای سکۆتەری ئیماراتی.

هەروەها راگەیاندنی کۆمپانیانی نێودەوڵەتیی ئەبوزەبی هۆلدینگ کە بەدوای هەلی وەبەرهێناندا دەگەڕێت لە تورکیا لە کەرتەکانی ئینشورانسی تەندروستی و پیشەسازی بە تایبەتی پیشەسازیی خۆراک.

هەروەک کۆمپانیای گواستنەوەی ئارامێکس کە ئۆفیسی سەرەکیی لە شاری دوبەیە، هێشتا لە گفتوگۆدایە بۆ کڕینەوەی کۆمپانیای MNGی تورکی بۆ گواستنەوەی دەریایی کە بەهای مامەڵەکە 500 ملیۆن دۆلارە.

لە ساڵی 2017 دا بازدانێک لە قەبارەی بازرگانیی نێوان ئیمارات و تورکیادا روویدا و ژمارەکان گەیشتنە 14.6 ملیار دۆلار. دیارە ئەو ساڵە دەکاتە ساڵی دوای کودەتا شکستخواردووەکەی تورکیا کە حکومەتی ئەنقەرە هەندێک وڵاتی عەرەبی و ئەوروپی تۆمەتبار کرد بە پشتیوانیکردنی کودەتاکە.

بەڵام لە ساڵی 2018 دا ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان تورکیا و ئیمارات دابەزی و گەیشتەوە ئەو ئاستەی لە ساڵانی 2014 و2015 دا تێیدا بوو.

بەڵام لە ماوەی چوار ساڵی رابردوودا، پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان ئەبوزەبی و ئەنقەرە فراوانتر بوو و لایەنی نوێ و ئاراستەی نوێی گرتەوە، کە بووە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی هەناردەی تورکی تا بگاتە نزیکەی 295 ملیۆن دۆلار لە مانگی حوزەیراندا بە بەراورد لەگەڵ مانگی ئایاردا کە بە های هەناردەکردنی نزیکەی 243.5 ملیۆن بوو.

ئامادەیی تورکیا لە ئیمارات
لە بەرامبەردا و بەپێی راگەیەنراوی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، لە ساڵی 2019 دا، بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات گەیشتە نزیکەی 7.4 ملیار دۆلار و لە ساڵی 2018 دا نزیکەی 7.6 ملیار دۆلار بووە،

بەو جۆرەش ئیمارات گەیشتە ریزبەندی 12 لە لیستی گەورەترین وڵاتانی هاوردەکاری کاڵای تورکی لە جیهاندا و دووەم لە ریزبەندیی وڵاتانی عەرەبی لە دوای عیراق.

هەروەها ئیمارات بە گەورەترین هەناردەکار بۆ بازاڕی تورکیا دادەنرێت لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی و نۆیەمە لەسەر ئاستی جیهان، بە جۆرێکە کە لە ساڵی 2019 دا بە بڕی 3.5 ملیار دۆلار کاڵای تورکیای هاوردە کردووە بەڵام لە بەرامبەردا بە بڕی 4.3 ملیار دۆلار کاڵای هەناردەی تورکیا کردووە.

سەرەڕای ئەوە، چەندین کۆمپانیای تورکی لە ئیمارات لە چەند کەرتێکدا کاردەکەن. دیارترینیان بریتییە لە کەرتی بیناسازی، بەمدواییانە تۆجای تونچێر باڵیۆزی تورکیا لە ئیمارات رایگەیاند، بەشداریکردنی وڵاتەکەی لە ئیکسپۆ دوبەی سەردەمێکی نوێیە لە هاوکاری و پشتیوانی و گەشەکردنی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئیمارات.

وتیشی، ئامادەبوونمان لە ئیمارات دەرفەتێکی ترە لە بەردەم ئابووریی تورکیادا کە چەندین بوار و کەرتی جیاواز دەگرێتەوە و دواجاریش دەتوانێت بەسەر ئاستەنگە ناوخۆییەکاندا زاڵ بێت.

وتیشی: بازرگانیی تورکیا لەگەڵ ئیمارات 8.5 ملیار دۆلارە و هێشتا بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات لەسەر رێگەی گەشەکردنە.

لە راستیدا چەرخی ئابووری نێوان هەردوو وڵات سەرەڕای تەنگژەی سیاسی دەجوڵێتەوە و پێدەچێت سەردانەکەی بن زاید بۆ تورکیا گرژییە سیاسییەکان ئارام نەکاتەوە ئەوەندەی ئابووری نێوان هەردوو وڵات بەرەو گەشەکردن و کارکردن و وەبەرهێنان دەبات.

سەرچاوە: جزیرە نیت.

 117 جار بینراوە