سەرەکی » ئەدەب و هونەر » موژگان قازی راد: گێڕانه‌وه‌ له‌ چیرۆكنووسین گرنگتره‌

موژگان قازی راد: گێڕانه‌وه‌ له‌ چیرۆكنووسین گرنگتره‌

ئا / له‌ فارسییه‌وه‌: محه‌مه‌د كه‌ریم

(مژگان قاضی راد)، دكتۆری مناڵان و چیرۆكنووسێكی ئێرانییه‌ و له‌ ئه‌مریكا ده‌ژی. هه‌تا ئێستا سێ كۆمه‌ڵه‌چیرۆكی بڵاوكردۆته‌وه‌. ساڵی 2018 له‌ نیوهامپشایر‌ ماسته‌ری لە بواری (نووسه‌ری داهێنه‌ر)دا هێناوە. له‌م دیداره‌دا باسی ئه‌زموونی نووسین و كۆچ ده‌كات.

*تۆ له‌ ساڵی 2016 دا له‌ بواری ماسته‌ری (نووسه‌ری داهێنه‌ر)دا خوێندنت ده‌ستپێكرد. ته‌كنیكی نووسینی ده‌رچووی ئه‌م بواره‌ چی به‌سه‌ر دێت؟ تۆ كه‌ دكتۆر بوویت چ پێویستییه‌كت به‌و ماسته‌ره‌ هه‌بوو؟

-من له‌ لاوێتیمه‌وه‌ قه‌ڵه‌م به‌ده‌ست بووم و باشترین ساته‌كانی ژیانم ته‌رخانكردبوو بۆ نووسین. وشه‌كان ئارامی و دڵنیاییان به‌ من ده‌به‌خشی و هه‌ر كاتێك ده‌قێكم ده‌نووسی هه‌ستم به‌ له‌شسووكی و سه‌رفرازی ده‌كرد. ئه‌مه‌ش هانده‌رم بوو بۆ ئه‌وه‌ی كاتێكی زیاتر له‌ دنیای وشه‌دا به‌سه‌ربه‌رم. به‌ڵام دوای ساڵانێك نووسین ورده‌ ورده‌ گه‌یشتمه‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی یاداشتنووسینی تایبه‌تی تینوێتی گه‌شه‌كردن و باشتر نووسینم تێرئاو ناكات. بۆیه‌ بڕیارمدا به‌شێوه‌یه‌كی جدیتر دوای هونه‌ری نووسین بكه‌وم. بۆ ئه‌مه‌ش جگه‌له‌ ماسته‌ری «نووسه‌ری داهێنه‌ر» رێگایه‌كی دیكه‌م نه‌دۆزییه‌وه‌. به‌سه‌رپه‌شتیاری كڵاسه‌كه‌م وت، من چیرۆكنووسم و حه‌زده‌كه‌م ببمه‌ نووسه‌رێكی پرۆفیشناڵ، ئه‌ویش وتی، ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێت ببیته‌ نووسه‌رێكی پڕۆفیشناڵی سه‌ركه‌وتوو، ده‌بێت به‌ دڵ و به‌گیان ماسته‌ره‌كه‌ت بخوێنی و به‌رگه‌ی زه‌حمه‌ته‌كانی بگریت، ده‌رس بخوێنیت و بنووسیت و ئیدیت بكه‌یت و دووباره‌ بنووسیت و نووسینه‌كانت بخه‌یته‌ بۆته‌ی ره‌خنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی فێری راست نووسین و باش نووسین بیت. له‌به‌ر ئیشه‌كه‌م كه‌ دكتۆرم نه‌متوانی بڕۆم له‌ زانكۆ ده‌وام بكه‌م بۆ ته‌واو كردنی ماسته‌ره‌كه‌م. بۆیه‌ رێگای دووه‌مم هه‌ڵبژارد كه‌ ئه‌ویش خوێدنی ماسته‌ره‌كه‌ بوو له‌ رێگه‌ی نامه‌ناردنه‌وه‌، به‌و شێوه‌یه‌ ساڵی 2018 توانیم ماسته‌ر له‌ بواری (نووسه‌ری داهێنه‌ر)دا بەدەست بهێنم.

*تۆ له‌ ساڵانی 2013 و 2014 له‌ كڵاسی چیرۆكنووسینی دوان له‌ نووسه‌ره‌ دیاره‌كانی ئێراندا به‌شداریت كردووه‌، جیاوازی نێوان كڵاسی نا ئه‌كادیمی له‌گه‌ڵ ئه‌كادیمی چییه‌؟

-هه‌م كڵاسی نا ئه‌كادیمی نووسه‌رانی ئێران و هه‌م كڵاسی ئه‌كادیمی زانكۆی همپشایر یارمه‌تیان دام بۆ ئه‌وه‌ی فێری ته‌كنیكی نووسین بم و مه‌شقی نووسین بكه‌م. كاریگه‌ری هه‌ردوو بواره‌كه‌ بۆ من زۆر گرنگ بوو و ته‌واوكه‌ری یه‌كتری بوون. هه‌ڵبه‌ته‌ كڵاسه‌ ئه‌كادیمییه‌كه‌ به‌هۆی بوونی سیستم و ماوه‌ی دیاریكراوی پێشكه‌شكردنی نووسینه‌كه‌مه‌وه‌ كاریگه‌ری زیاتری هه‌بووه‌ له‌سه‌رم. به‌ڕای من هیچ شتێك له‌ فێربوونی نووسیندا هێنده‌ی ئه‌وه‌ گرنگ نییه‌ كاتت بۆ دابنێن و پێت بڵێن له‌ ماوه‌ی ئه‌وه‌نده‌دا ده‌بێت ده‌قه‌كه‌ت ته‌سلیم بكه‌یت. نووسه‌ر له‌و كاتانه‌دا كه‌ سترێسی نووسین و ته‌سلیم كردنی به‌رهه‌مه‌كه‌ی هه‌یه‌، په‌ی به‌ گۆشه‌ نادیاره‌كانی داهێنانی خۆی ده‌بات و ده‌قێك ده‌نووسێت كه‌ له‌وانه‌یە به‌لای خۆشییه‌وه‌ مایه‌ی سه‌رسوڕمان بێت. خه‌ڵوه‌ت و كاتی دیاریكراو بۆ نووسه‌ر گه‌نجینه‌یه‌كی پڕ ئاڵتوونه‌. من ماوه‌ی دوو ساڵ هه‌موو پێنج حه‌فته‌ جارێك ناچار بووم سی لاپه‌ڕه‌ نووسنی تازه‌ وێڕای ئیدیتی نووسینه‌كانی پێشووتر و نووسین له‌سه‌ر دوو كتێب كه‌ پێشان خوێندبوومنه‌وه‌ ته‌سلیم بكه‌م. هیچ كاتێ هێنده‌ی ئه‌و كاته‌ كه‌مه‌ نه‌یده‌توانی زیاتر من له‌ دنیای نووسینی زمانی ئینگلیزیدا به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ببات.

*ده‌توانیت فێری ته‌كنیك و هونه‌ری نووسین بیت، به‌ڵام مه‌رجی پێویست بۆ نووسین ئه‌زموونه‌، راسته‌وخۆ بێت یان ناڕاسته‌وخۆ، تا چه‌ند ئه‌زموون له‌ پیشه‌كه‌ی خۆت وه‌كو دكتۆری مناڵان وه‌رده‌گریت یان وه‌رتگرتووه‌؟

-ته‌واو هاوڕام له‌گه‌ڵت كه‌ ئه‌زموونی خودی نووسه‌ر یان هی كه‌سانی دی له‌ نووسیندا ره‌نگ ده‌داته‌وه‌. نووسینه‌كانی من له‌و دنیایه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرن كه‌ تیایدا هه‌ناسه‌ ده‌ده‌م. له‌و گفتوگۆیانه‌وه‌ كه‌ رۆژانه‌ گوێم لێیان ده‌بێت، له‌لای ئه‌و كه‌سانه‌وه‌ كه‌ ده‌یانبینم و په‌یوه‌ندیم هه‌یه‌ له‌گه‌ڵیاندا. من چیرۆكی ژیانی خه‌ڵك به‌ قه‌رز وه‌رده‌گرم، له‌ مێشكی خۆمدا مشتوماڵی ده‌كه‌م، شاخ و گوێ بۆ كاره‌كته‌ره‌كان دروست ده‌كه‌م، له‌وه‌ی له‌ ده‌وروبه‌رم ده‌گوزه‌رێ چیرۆكێكی دیكه‌ دروست ده‌كه‌م. من شایه‌تێكی قسه‌كه‌رم كه‌ ئه‌زموونه‌كانی ژیانی خۆم و كه‌سانی دیكه‌ ده‌خه‌مه‌ قاڵبی وشه‌وه‌ و به‌رهه‌مێكی دیكه‌ی لێ دروست ده‌كه‌م.

*چه‌ند ساڵێكه‌ له‌ ئه‌مریكایت و ئه‌و ئه‌زموونانه‌ی هه‌ته‌ به‌حسابكردن بۆ ئیشه‌كه‌ت كه‌ راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ دایكان و باوكاندا مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌یت تاچه‌ند له‌ ده‌قه‌كانتدا ره‌نگی داوه‌ته‌وه‌؟

-من دكتۆری مناڵانم، ئه‌مه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌یه‌كی زۆری هه‌یه‌ له‌ به‌رهه‌مه‌کانمدا، چونكه‌ مرۆڤه‌كان به‌ رووتی ده‌بینم. كاتێ مناڵێك له‌ دایك ده‌بێت یان ده‌مرێت، كاتێ ژن ژان ده‌یگرێت و ده‌گاته‌ ژووری مناڵبوون، ئه‌وسا هه‌موو ده‌مامكه‌كان لاده‌چن و ده‌روونی ژنه‌كان وه‌كو ئاوێنه‌ ده‌رده‌كه‌وێت. قسه‌ و گفتوگۆكان له‌م كاتانه‌دا وه‌كو گه‌وهه‌ر وایه‌، چونكه‌ پڕه‌ له‌ راستگۆیی. من كاره‌كته‌ری جیاواز له‌وانه‌ی رۆژانه‌ ده‌یانبینم داده‌تاشم و هه‌ندێ جار ئه‌وه‌ی روویداوه‌ ده‌یگێڕمه‌وه‌. من ته‌نیا (گێڕه‌ره‌وه‌ی) ئه‌و چیرۆكانه‌م كه‌ رۆژانه‌ ده‌یبینم دیاره‌ به‌ شێوه‌یه‌كی هونه‌ری. له‌وانه‌یه‌ له‌به‌ر ئه‌مه‌ بێت كه‌ زۆر كاریگه‌ریی له‌سه‌ر خوێنه‌ری چیرۆكه‌كانم به‌جێده‌هێڵێت.

*چه‌ند كاتت پێویسته‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌زموونی تاڵ و شیرینی خۆت له‌ ئه‌مریكا بكه‌یت به‌ چیرۆك؟

-په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه‌ هه‌یه‌ بمه‌وێ چی بنووسم. من له‌ سۆشیال میدیا ته‌قریبه‌ن حه‌فته‌ی یه‌ك دوو جار چیرۆكی نه‌خۆشه‌كان ده‌گێڕمه‌وه‌. زۆر حه‌زم له‌ نووسینی سه‌فه‌رنامه‌یه‌ و ساڵه‌هایه‌ كه‌ هه‌ر سه‌فه‌رێك ده‌كه‌م له‌و ماوه‌یه‌دا كه‌ له‌ سه‌فه‌ره‌كه‌مم له‌باره‌یه‌وه‌ ده‌نووسم. ئه‌م نه‌ریته‌ ده‌پارێزم چونكه‌ له‌سه‌ر به‌رنامه‌یه‌كی رێك و پێك ده‌مهێڵێته‌وه‌ و خوێنه‌رانیشم زۆر تامه‌زرۆی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م سه‌فه‌رنامانه‌ن. به‌ڵام چیرۆكی وا هه‌یه‌ ساڵه‌ها كاتی ده‌وێت بۆ ئه‌وه‌ی كاره‌كته‌ریان بۆ دابتاشم و له‌باره‌یانه‌وه‌ بنووسم. ئه‌م ده‌قانه‌ دوای چاوپێداخشانه‌وه‌ و قووڵبوونه‌وه‌ له‌ رووداوه‌كانی ساڵانی رابردوودا له‌ مێشكمدا فۆرمه‌ڵه‌ ده‌بن.

*تۆ ئه‌زموونی ئاماده‌گیت هه‌یه‌ له‌ كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ ئه‌ده‌بییه‌كاندا هه‌م له‌ ئێران و هه‌م له‌ ئه‌مریكا جیاوازییه‌كانیان چییه‌؟

-له‌ راستیدا من ئه‌زموونی چیرۆك خوێندنه‌وه‌م له‌ كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ی ئینگلیزیدا به‌لاوه‌ خۆشتره‌، له‌به‌رئه‌وه‌ی گوێگرانی ئه‌وێ وا ده‌بینم شه‌وق و زه‌وقیان زیاتره‌. كاتێ شه‌وێك بۆ گوێگرتن له‌و نووسه‌ره‌ی حه‌زیان لێیه‌ ته‌رخان ده‌كه‌ن. كه‌سێك قوت ناكه‌نه‌وه‌ بۆ كوتانی نووسه‌ره‌كه‌ و ره‌خنه‌ی بێمانا، پرسیار و وه‌ڵامه‌كان بۆ ئه‌وه‌یه‌ نووسینه‌كه‌ باشتر و جوانتر بێت و زیاتر ئاگاداری ژیانی نووسه‌ره‌كه‌ بن، نه‌ك كوتانی نووسه‌ره‌كه‌. له‌ كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ی فارسی زماناندا كاتێ چیرۆكم خوێندۆته‌وه‌ هه‌میشه‌ هه‌ستم كردووه‌ كه‌سانێك ته‌نیا بۆ ره‌خنه‌گرتن له‌ نووسه‌ر دێن و له‌باره‌ی هونه‌ری نووسینه‌وه‌ قسه‌ ده‌كه‌ن، من هیچ سوودێكم له‌م به‌ناو ره‌خنه‌ و بیروڕایانه‌ وه‌رنه‌گرتووه‌.

*كورته‌چیرۆكی ئێرانی به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ كۆرته‌چیرۆكی جیهانیدا چۆن ده‌بینیت؟ كام نووسه‌رانه‌ی ئێران و جیهانت به‌لاوه‌ په‌سه‌نده‌؟ كورته‌چیرۆكی باش به‌لای تۆوه‌ كامه‌یه‌؟

-سه‌باره‌ت به‌ پێگه‌ی كورته‌چیرۆكی ئێرانی له‌ ئاستی جیهانیدا بیروڕایه‌كی رۆشنم نییه‌. نازانم تا چه‌ند كورته‌چیرۆكی ئێرانی بۆ زمانه‌ زیندووه‌كانی جیهان ته‌رجه‌مه‌ كراوە و تاچه‌ند كورته‌چیرۆكی ئێرانی ناسراوه‌. بێگومان ته‌رجه‌مه‌كردنی كورته‌چیرۆكی ئێرانی رۆڵی گرنگ ده‌بینێت له‌ ناساندنیدا به‌جیهان. له‌ نووسه‌رانی كورته‌چیرۆكی ئێرانیدا ده‌قه‌كانی (محه‌مه‌دی كه‌شاوه‌رز)م زۆر به‌لاوه‌ جوانه‌، كه‌شاوه‌رز ده‌زانێت هونه‌ری كورته‌چیرۆك چییه‌ و كورته‌چیرۆكه‌كانی ته‌نكیكی كورته‌چیرۆكی مۆدێرنی پله‌ یه‌كیان تێدایە. له‌ نووسه‌رانی بیانی (ئه‌لیس مۆنرۆ و ئان بیتی)م به‌لاوه‌ په‌سه‌نده‌. ئان بیتی زیاتر له‌ په‌نجا كورته‌چیرۆكی له‌ (نیویۆرركه‌ر)دا بڵاوبۆته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ بۆ خۆی له‌ ئه‌مریكا بۆ نووسه‌ر ده‌سكه‌وتێكی زۆر گه‌وره‌یه‌. له‌ زۆربه‌ی زانكۆكانی دنیا له‌ كڵاسه‌كانی كورته‌چیرۆك ده‌رس له‌سه‌ر كورته‌چیرۆكه‌كانی ئان بیتی ده‌خوێنن. له‌ یه‌كێك له‌ ده‌رسه‌كانی ماسته‌ره‌كه‌مدا یه‌ك ده‌رسی ته‌واو كورته‌چیرۆكێكی ئه‌ومان شیكرده‌وه‌ كه‌ بۆ من زۆر به‌سوود و رێنیشانده‌ر بوو.

*تۆ له‌ سۆشیال میدیا قسه‌ت له‌باره‌ی ژانرێكی تازه‌وه‌ كرد له‌ ئه‌مریكا. له‌م باره‌یه‌وه‌ ده‌توانیت روونكردنه‌وه‌ی زیاترم بده‌یتێ؟ ئه‌گه‌ر به‌هه‌ڵه‌دا نه‌چووبم سه‌باره‌ت به‌ نووسینی خودژیاننامه‌ بوو به‌شێوه‌ی رۆمان.

-ئه‌مڕۆ له‌ ئه‌مریكا خوێنه‌ران زۆر حه‌زیان له‌ خوێندنه‌وه‌ی جۆره‌ ده‌قێك هه‌یه‌ كه‌ پێی ده‌وترێت (Non Fiction) یانی به‌سه‌رهاتێك كه‌ رۆمانێكی خه‌یاڵی نییه‌، رۆمانێك یان ئه‌زموونێكی واقیعی كه‌ به‌سه‌ر نووسه‌ر یان كه‌سێكی تر هاتووه‌ و به‌رهه‌می زیهنی نووسه‌ر نییه‌. هه‌موو ئه‌و نووسینانه‌ی خودژیاننامه‌یان پێده‌وترێت یان ئه‌و كتێبانه‌ی به‌سه‌رهاتن و به‌ شێوه‌ی هونه‌ری رۆمان نه‌نووسراون، ئێستا له‌ ئه‌مریكا جێگایه‌كی تایبه‌تیان بۆ خۆیان كردۆته‌وه‌. فرۆشتنی ئه‌م كتێبانه‌ له‌م ساڵانه‌ی دواییدا زۆر زۆر بووه‌. به‌ قسه‌ی ئی. ئێڵ. دۆكتۆرۆو (E.L.Doctorow) نووسه‌ری دیاری ئه‌مریكا، ئێمه‌ شتێكمان نییە به‌ ناوی فێكشن و غه‌یری فێكشن‌. ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ گێڕانه‌وه‌یه‌. له‌ ئه‌مریكا ئێستا خوێنه‌رانی ئه‌ده‌ب به‌ دوای ده‌قی جوان و هونه‌ریی و داهێنه‌رانه‌دا وێڵن، ئیتر ئه‌وه‌ گرنگ نییه‌ چیرۆك و به‌سه‌رهاته‌كه‌ ده‌سكردی زیهنی نووسه‌ر بێت یان ئه‌زموونێكی راسته‌قینه‌ی كه‌سێك بێت كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی هونه‌ری جوان گێڕرابێته‌وه‌.

*چیرۆكه‌كانی كۆمه‌ڵه‌چیرۆكی (در خلوت چمدان ها) به‌رهه‌می چ قۆناغ و ساڵانێكه‌؟ ئه‌وه‌ی له‌ روانینی یه‌كه‌مدا سه‌رنجی خوێنه‌ر راده‌كێشێت نوستالژیای تۆیه‌ بۆ كۆمه‌ڵگا و كه‌لتوری كۆنی ئێران و چیرۆكه‌كان سه‌یری رابردوو ده‌كه‌ن نه‌ك داهاتوو.

-كۆمه‌ڵه‌چیرۆكی (در خلوت چمدان ها) به‌رهه‌می یه‌ك ساڵ هه‌وڵی كورتنووسینه‌، دوای پانزه‌ ساڵ غوربەت. ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ منی له‌ ئێران رۆیشتوو، هه‌روه‌ها منێك به‌دوای ئه‌و ره‌گ و ریشه‌یه‌ی خۆیدا وێڵه‌ كه‌ لێی به‌جێماوه‌. روانینی منه‌ به‌ ئه‌زموون و بینینی جیهان به‌ هه‌ستی رابردووه‌وه‌. وه‌كو عاشقبه‌ندێكی گرانبه‌ها كه‌ دوای ساڵه‌های ساڵ له‌ جانتایه‌كی تۆز لێنیشتووی خه‌سته‌خانه‌یه‌كدا ده‌دۆزرێته‌وه‌ و له‌گه‌ڵ خۆیدا یاده‌وه‌ریی رابردوو ده‌هێنێته‌وه‌ به‌رچاو. به‌لای منه‌وه‌ نه‌ روانینه‌ بۆ رابردوو و نه‌ بۆ ئاینده‌. به‌ڵكو گێڕانه‌وه‌یه‌كی هونه‌رییه‌ كه‌ له‌ مێشكی نووسه‌ردا په‌ڕو باڵی بۆ دروست ده‌بێت، به‌ وشه‌كانی نووسه‌ر ده‌ستده‌كات به‌ فڕین و له‌سه‌ر سه‌ربانی زیهنی خوێنه‌ر ده‌نیشێته‌وه‌. ئه‌وه‌ی گرنگه‌ فۆرمی گێڕانه‌وه‌یه‌ ئیتر له‌ رابردوودا بێت یان له‌ ئاینده‌دا.

سه‌رچاوه‌: Magiran.com

 178 جار بینراوە