كەتنكەر

پویا صالحی

لە فارسییەوە: محەمەد كەریم

وەكو سەربازێك لە بەرەی جەنگ شەڕ دەكەم. لە سەرەتادا دەمەویست بۆ وڵاتەكەم شەڕ بكەم، بەڵام ئێستا دەمەوێت تەنیا بۆ خۆم بەربەرەكانێ بكەم. ساڵانێك لەبەرەی جەنگ، چەندان نیشانەی شانازیی و پلەی بە نسیب كردووم و بینینی ژمارەیەكی زۆر بریندار و تەرم. ئێستا پێویست ناكات چیتر شەڕ بكەم. كەسانی تر دەنێرم بۆ پێشەوە. توانیومە سەرەوەی خۆم قایل بكەم كە ژیانی من لە ژیانی باقی سەربازەكان گرنگترە.

لە پشتەوەی بەرەكە ئێستا من و سكرتێرەیەكی جوان ماوینەتەوە كە ماوەیەكی زۆرە خۆشمدەوێت. بێگومان عاشقبوونی ئەفسەرێك كاریگەرییەكی زۆر خراپی هەیە لەسەر ورەی سەربازەكان. عەشق گۆتەیەكی جیهانییە و ئەمانە ئەو سەربازانەن كە هاتوون گیانی خۆیان بكەن بە قوربانی بۆ وڵاتەكەیان. ئەمانە عاشقی راستەقینەی وڵاتەكەیانن. وێناكردنی ئەوەی ئەوان بەرپرسەكەیان غافڵگیر بكەن و لە كاتی سێكسدا بیبینن، بەڕاستی ترسناكە.

بەڵام بەڕاستی ئەگەر كەسێك لە ماڵەوە چاوەڕوانیان بوایە، ئەو كەسەی خۆشیان دەویست، ئایا ئامادەبوون بەم شێوەیە گیانیان بخەنە سەر لەپی دەستیان؟ بە دیاریكراوی بەڵێ. وەڵامەكە پۆزەتیڤە. چ بمانەوێ لەبەر خاتری ریكلامی حكومەت ئەمە بزانین، چ لەبەر كۆنترۆڵی ئاكار بەسەر حەز و ئارەزوودا، بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی مردن لەپێناوی ئامانجێكی باڵادا سەرنجراكێشتر بووە لە نووسان بە ژیانەوە. گوایە لە ژیانی رۆژانەدا ناتوانیت هیچ چەمكێكی باڵا بدۆزیتەوە كە ئارەزووی مرۆڤ تێر بكات. لەوانەیە ئەگەر جەنگ نەبوایە، زۆركەس لە خەمی پەرێشانی و ئەو تاسانەی لە ژیانی رۆژانەوە سەرچاوە دەگرێت خۆیان بكوشتایە. ئەگەر چەمكێكی سەرنجڕاكێش لە ژیاندا دەستنەكەوێت، دەشێت ئەو چەمكەی كە مەرگ ئاراستە دەكات بەلای زۆر كەسەوە سەرنجڕاكێش بێت. بەڕاستی پەیوەندیشی بە ریكلامەوە نییە.

لەوانەیە حكومەتانێك رووبەڕووی مەترسی كودەتا و شۆڕش بووبێتنەوە، رێك لەو كاتانەدا كە ریكلامیان بۆ ئاشتی دەكرد. كە ئەم ئاشتییە خەتی راست و چەپی بەسەر بەردەوامی چەمكی باڵای مەرگ لەپێناوی شتێكدا دەهێنا. ئەو كەسانەی ئالوودەی ئەم چێژە مەعنەوییە بوون، ناتوانن بەرگەی ئەوە بگرن كە هاوڕێیانیان شەهید بن، بەڵام هێشتا دەرفەتی ئەوە بەوان نەدراوە شەهید بن. ئەویش لەبەر خاتری چەند ترسنۆكێك كە ئامادەن مامەڵە لەگەڵ داگیركەردا بكەن.

لەلایەكەوە، ئەو حكومەتانەی كە دەسەڵاتدارانیان خەڵك بەرەو گوللە و مەرگ دەنێرن و خۆیان لە گۆشەیەكدا لەگەڵ كەپلەكانیاندا رادەبوێرن لەوانەیە رووبەڕووی مەترسی ئاشووب و شۆڕش ببنەوە. بێگومان لە كۆدەنگییەكدا، مەرگ یان دەبێت بەلای هەموانەوە سەرنجڕاكێش بێت یان بەلای كەسەوە وا نەبێت. ناتوانیت وانەی نیشتمانپەروەریی بە سەربازان بڵێیتەوە و خۆشت لەناو پارە و شەهوەتبازیدا بتاسێنی.

غافڵگیركردنم لەلایەن سەربازەكانمەوە لە كاتێكدا لەگەڵ ئەم سكرتێرە شۆخەدا خەریكی سێكسم، دەتوانێت هاوكێشەی گشتی ئەم جەنگە پیرۆزە یان ئەم جەنگە قۆڕە قڵپ بكاتەوە. ئەو جەنگەی كە تیایدا مرۆڤ بە حەق یان بە ناحەق دەكوژرێن. وێڕای ئەوەش، من پێم وایە لە هەستمدا بۆ خانمی سكرتێرە، یەك زەڕە نیشتمانپەروەری یان ئاكار بەدی دەكەم. هەستم تەنیا یەك هەستی ئاسایی خۆشەویستییە كە ئەمە بە مافی خۆم دەزانم. چ نیشتمانپەروەر بم چ خائین. دڵنیام كە سەربازەكانیشم كچی جوانیان خۆشدەوێت. دڵنیام سەربازەكانیشم ئامادەن لە كاتی جەنگدا سێكس بكەن.

لەبەرئەوە هاوكێشەی ئەم جەنگە لەگەڵ سێكسكردنی مندا ناتەبا نییە. لەوانەیە بزەیەكی تاڵ و قەشمەری پێكردنم بۆ بكرێت. لەوانەشە لە رووی ئیرەییەوە لە پاشملە قسەم پێ بگوترێت. لەوانەیە بكەومە بەر تیری نەفرەت. بەڵام هەرچییەك بێت من و سەربازەكانم ئامادەین لەپێناوی شتێكدا بمرین و لە هەمانكاتیشدا سێكس بكەین و بژین.

پێی دەڵێم دەمەوێت ماچت بكەم. ئەو دەڵێت حەزناكات چونكە منی خۆش ناوێت. لەوانەیە شەرم بكات، لەوانەشە رقی لەم پێشنیازە بێشەرمانەیەم بێت، ئەویش لە كاتێكدا كە سەربازەكان دەستە دەستە شەهید دەبن. لەوانەشە چاوەڕێی كەسێكی دیكە بێت كە خۆشیدەوێت و من خۆپەرستانە بوومەتە لەمپەری ئەو پەیوەندی خۆشەویستییە. لەگەڵ ئەوەشدا، تەنیا بێدەنگی هەڵدەبژێرێت. ئەمانە ئەو گومانانەن كاتێ چاوانی پەرێشان و روخساری رەنگ پەڕیو و تەڕی دەبینم، بە مێشكمدا دێن.

جیا لەو روخسارە پیاوانەیەی كە جەنگ بە هاواری سیاسەتمەداران و نیشتمانپەروەران لە خۆی نیشان دەدات، جەنگ روخسارێكی ژنانەشی هەیە. روخسارێك لە بێدەنگی و تۆقین بە روخسارێكی تەڕی فرمێسكاوییەوە. لێرەدا ئەوە من بووم كە قسەم دەكرد و ئەو بوو كە بێدەنگی لێدەكرد، هەردووكمان بە روخساری پیاوانە و ژنانەی تایبەت بە جەنگ. لە كاتێكدا من لە ئاگری هەوا و هەوەسدا سوور بوومەتەوە و ئەو لە ساردی شەرم و شكۆدا رەنگ بە روخسارییەوە نەماوە. لە دەستم هەڵدێت و منیش وەكو داگیركەرێك بەدوای ئەوەوەم. لەوانەیە وەكو تابووری پێنجی دوژمنم لێهاتبێت و دەبێت لە سێدارەم بدەن. لەوانەشە وانەبێت. بەهەرحاڵ لەوانەیە خۆم ببەخشم چونكە مرۆڤم، لەوانەشە خۆم نەبەخشم دیسان لەبەر ئەوەی مرۆڤم.

كچە جوانەكە دەگاتە جۆگەیەكی قووڵ. ناتوانێت بەو بەرزەخەدا تێپەڕ بێت و ئێستا من پێی دەگەم. قاچێكم دەخەمە ئەولای جۆگاكە و قاچەكەی ترم دەخەمە ئەملای. من بۆ ژیان لەبەرزەخدا دروست بووم. بەرزەخێك لە نێوان چێژی مەعنەوی و هەوا و هەوەسی دەروونیدا. دەستی دەگرم و دەیكەمە باوەشم. دەمەوێت بیبەم بۆ ئەولای جۆگاكە و لەناو رێگاكەدا ماچێكی گەرم و ئاگرینی دەكەم. هەوڵ دەدەم هەموو جۆش و خرۆشێكی ژیانم بخەمە ناو ئەو ماچەوە بۆ ئەوەی شەوق و زەوق لای ئەو دروست بكەم.

بەڵام ئەو جۆش و خرۆش و هیوایە ئەو لە هۆش خۆی دەخات و لە ئامێزی مندا دەمرێت. رۆح لە گیانی هەڵاتووە، تەرمەكەی لەولای جۆگاكە دەكەوێت و من بە تەنیا بەجێدەهێڵێت. من عاشقی یەكێك نەبووم، تەنیا یەكێكم كوشتووە. هەروا بە ئاسانی قەتڵێكم كردۆتە ملی خۆم، ئەویش كوشتنی یەكێك لە هێزەكانی خۆمان. دەتوانم دوای بكەوم و ماچێكی گەرم و نەرمی تری بكەم، یان تەنانەت چەندان سەعات سێكس لەگەڵ لاشەی بێگیانیدا بكەم، بەڵام چاك دەزانم كە هەمانكات رۆح لە جەستەی ئەو دەرچوو منیش رۆحم لە دەست دا. ئیتر نەدەتوانم لە چاوەڕوانیدا دابنیشم نە لە پرسەی دووریدا بسووتێم و ببرژێم، نەدەتوانم بە دەستی بێنم و بە جۆش و خرۆش و ئومێدەوە لەگەڵی جووت بم. تەنیا دەتوانم مردن بكەم بە ژیان.

سەرچاوە: Nebesht.com

 134 جار بینراوە