سەرەکی » ئابووری » هاتنی گەشتیار بۆ هەرێم 525 % زیادیكردووە

هاتنی گەشتیار بۆ هەرێم 525 % زیادیكردووە

لاپەڕەی ئابووری

بەهۆی ئەو گرنگییەی بە كەرتی گەشتیاریی دەدرێت، ساڵ بە ساڵ هاتنی گەشتیاران بۆ هاوینەهەوار و ناوچە گەشتیارییەكانی هەرێمی كوردستان زیادی كردووە، جگە لە ساڵی 2020، كە بەهۆی هاتنی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، ئەو سێكتەرە لە تەواوی جیهان پەكیكەوت.

ئاماری حەوت ساڵ
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێم، لە ئامارێكیدا كە كۆپییەكی دەست كوردستانی نوێ كەوتووە، لە بارەی زیادبوونی رێژەی گەشتیاریی لە هەرێمی كوردستان، ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، بەهۆی ئەو گرنگییەی بە كەرتی گەشتیاری دەدرێت، ساڵ بە ساڵ هاتنی گەشتیاران بۆ هەرێم زیادیكردووە، جگە لە ساڵی 2020، كە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، زۆربەی سنوورەكان لە جیهان داخرابوون.

بەپێی ئامارەكە، لە ساڵی 2015دا، 782 هەزار گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەكانی هەرێمی كوردستانیان كردووە، ساڵی 2016 ئەو ژمارەیە بۆ ملیۆنێك و 600 هەزار گەشتیار بەرزبۆتەوە، هاوكات هاتنی گەشتیار لە ساڵی 2017دا گەیشتۆتە دوو ملیۆن و 200 هەزار گەشتیار.

هەر بەگوێرەی ئامارەكەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێم، لە ساڵی 2018دا سێ ملیۆن و 50 هەزار گەشتیار و لە 2019شدا سێ ملیۆن و 700 هەزار گەشتیار روویان لە هاوینەهەوارەكانی هەرێمی كوردستان كردووە.

لە ساڵی 2020دا هاتنی گەشتیاران کەمبۆتەوە
ئەوەش روونكراوەتەوە، لە ساڵی 2020دا و بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و گرتنەبەری رێوشوێنەكانی تەندروستی و داخستنی سنوورەكانەوە، رێژەی هاتنی گەشتیار بۆ هەرێم بۆ 846 هەزار گەشتیار كەمبۆوە، بەڵام دواتر لە ساڵی 2021دا جارێكی تر رێژەی هاتنی گەشتیار بۆ هەرێمی كوردستان بەرزبۆوە و گەیشتۆتە چوار ملیۆن گەشتیار.

فەرمانگەكەی حكومەتی هەرێم راشیگەیاندووە: لە ماوەی حەوت ساڵدا سەردانی گەشتیاران بۆ هاوینەهەوار و ناوچە گەشتیارییەكانی هەرێمی كـوردسـتان بـە رێـژەی 525 % زیادیكردووە.

 122 جار بینراوە