سەرەکی » وتار » محەمەدی مەلا مەعصوم، وەک تێکۆشەرێکی نێو زیندان

محەمەدی مەلا مەعصوم، وەک تێکۆشەرێکی نێو زیندان

هەڵمەت غەریب

بەڕێز کاکی خۆم پاش دەست ماچ کردن ئومێدەوارم لە خۆشیدا بن ، منیش زۆر باشم و مشتاقم ماوەیەکی زۆرە نەمبینیووی، بەهیچ جۆرێک غەمی منت نەبێت هەر دێمە دەر، لە ٢٦/٥/١٩٨٦گیراوم ، وا دەبێتە ٣ مانگ لە من وایە ٣سەعاتە.

ئەمە بەشێکی ئەو نامە نهێنیەیە کە محەمەدی مەلا مەعصوم بۆ کاکی فوئاد مەعصوم لە زیندانەوە ئەینێرێت ، لە بەر بوونی کۆمەڵێ نهێنی سیاسی و حزبی نامەکە بڵاوناکەمەوە، بەڵام ئەوەی من لێرەدا مەبەستمە بریتیە لە خۆراگری و قارەمانی ئەو پیاوە لە نێو زیندانەکانی رژێمێکی درندەی وەک بەعس کە ئەو پەڕی ورەو خۆڕاگری و ئازایەتیە .لەدوای تێک چوونی گفتوگۆکانی یەکێتی- بەعس ڕێکخستنە نهێنیەکانی یەکێتی لە کوردستاندا بەگشتی زیانێکی گەورەی بەرکەوت ئەویش بەهۆی ئاشکرابوون و هاتنەخوارەوەی بەشێکی زۆری سەرکردە و پێشمەرگەکان بۆ ناوشارەکان وکردنەوەی رێگای هاتوچۆی نێوان شار و شاخ . بۆیە لەگەڵ تێکچوونی گفتوگۆکان بەعس وەک سەگی هار کەوتە گیان ئەو تێکۆشەر و رێکخستنانە و کەسوکارەکانیان لە هەموو شارەکان و بەتایبەتتریش لە هەولێر، یەکێک لەو کەسایەتیانە کە کەوتە بەر ئەو شاڵاوە محمدی مه‌لا مەعصوم بوو کە ئەو و دەیان تێکۆشەری تری هەولێر بە بڕیاری تایبەتی سەدام کەوتنە زیندانەوە ، بوونی برایەکی وەک فوئاد مەعصوم بەسە بۆ ئەوەی بکەویتە نێو ئەو کونجە تاریکانەی زیندان ، زۆرێک لەوانەی لەو هەڵمەتەدا گیران شەهیدکران ولەسێدارە دران وکەسیش تەرمەکانیانی نەبینی، زۆرێکیش بێ سەروشوێن بوون تا ماوەیەکی زۆر . هاوڕێ زیندانەکانی دەگێرنەوە یەکەم کاری محەمەدی مه‌لا مەعصوم بریتی بوو لە ئەنجامدانی مانگرتن لە نێوزینداندا بە ئامانجی باشکردنی بارودۆخی زیندانەکە.

خۆی بۆی گێرامەوە ابراهیم زەنگەنەی پارێزگاری ئەوکاتی هەولێر کەهاتە زیندان و بۆ بەدواداچوون بۆ مانگرتنەکە کە چاوی بەمن کەوت گوتی تۆ تائێستا چۆن لەسێدارە نەدراوی ؟ تۆ ئەبێت لە سێدارەبدرێیت تۆ ئەزانی برای کێیت ؟ ئەو مانگرتنە سەرەتای باشکردنی دۆخ وگوزەرانی هەزاران زیندانی بوو کە تەنها تاوانیان ئەوەبوو کە کەسوکاریان لە شاخە .

محەمەدی مه‌لا مەعصوم توانی لەو ماوەیە لەزینداندا ورەی ئەو زیندانیانە وتێکۆشەرانە بەرزبکاتەوە، نەیهێش توشی نائومێدی ببن، هەمیشە دەیگوت دڵنیابن بە سەربەرزی دەچینە دەرەوە ئەگەر نا ئەبێت من لە پێش هەمووتانەوە لە سێدارەبدرێم هیچ مەترسن، ئەمانە وهەزاران هەڵوێست وەک هێزێکی مەعنەوی وابوون بۆ ئەو هەزاران زیندانە سیاسیە.

دەیان هەڵوێست هەیە کە ئاماژەی پێبکەین لە خەرمانەی قارەمانێتی محەمەدی مەلامە عصوم لە نێوزینداندا، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە و هەرگیز کەس نەیتوانیووە بیکات ناردنە دەرەوەی دەیان نامەیە بۆ سەرکردایەتی ئەوکاتی یەکێتیە لە شاخ لە لایەن کەسوکاری ئەو پێشمەرگانەی کە لەزیندانەکان بوون کە هەمووی لەرێگەی ئەوەوە بوو کە کەم کەس ئەو جورئەتەی دەکرد ئەو ریسکە گەورەیە بەژیانی خۆی بکات.

بۆیە جێگەی خۆیەتی بەبۆنەی کۆچی دوایی ئەو تێکۆشەرە مەزنەوە سڵاو بۆ گۆری پاکی بنێرین ویادو یادەوەری و چاکە وپیاوەتیەکانی بۆ خەڵک و شۆرش هەمیشە بەزیندوو بهێلینەوە .

 161 جار بینراوە