سەرەکی » وتار » رێکارە دەستووریی و یاساییەکانى هەڵبژاردنی…

رێکارە دەستووریی و یاساییەکانى هەڵبژاردنی…

رێکارە دەستووریی و یاساییەکانى هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لە عیراقدا

تارق جەوهەر سارمەمی

مێژووى سەرۆک کۆمار لە عیراقدا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵى 1958 کە بەهۆى کودەتاى سەربازییەوە سیستمی حوکمڕانى لە پاشایەتییەوە بۆ سیستمى کۆمارى گۆڕدرا، ژەنراڵ عەبدولکەریم قاسم بووە یەکەم سەرۆک کۆمارى هەڵنەبژێردراو لەعیراقدا. دواى کودەتاى بەعسییەکانیش لە 1963 چەندین سەرۆک کۆمار بەبێ هەڵبژاردن خۆیان بەسەر ئیرادەى گەلانى عیراق فەرز کرد، هەریەک لە (عەبدول سەلام عارف) و (عەبدولرەحمان عارف)ى براى و پاشانیش ئەحمەد حسن بەکر و ئینجا سەدام حسێن بوون بە سەرۆک کۆمارى عیراق. هەموو ئەوناوانەى هێنران دەسەڵاتێکى رەها و فراوانیان هەبوو و خۆیان لە سەرووى یاساوە دەبینی. هەمووشیان عەرەب بوون و بۆ ماوەى جیاجیا حوکمڕانیان کرد کە تەمەنى حوکمڕانییەکەى سەدام لە هەموویان زیاتر بوو 23 ساڵ بوو، بەڵام جگە لە عەبدولرەحمان عارف، خاڵى هاوبەشی هەموویان ئەوەبوو، کە هیچ کەسێکیان بەمردنى خۆیان نەمردن یا کوژران یا سووتان یان لەسێدارەدران.

خولى یەکەم2005
لەدواى 2003و رووخانى رژێمى سەدام، قۆناغێکى تازە هاتە پێشەوە، سەرۆک کۆمار لە پۆستێکى پڕ دەسەڵاتەوە بۆ پۆستێکى پڕۆتۆکۆڵى و تەشریفاتى گۆڕدرا. بەدەستوور دەسەڵاتەکانى دیاریکران، بەڵام هێشتا ئەو پۆستە چاوى زۆرى لەسەرە، هەرچەندە وەک عورفێکى سیاسی چوار دەورەیە لەلایى کوردە، بەڵام هەندێکجار عەرەبی سوننەش تامەزرۆى وەرگرتنەوەى ئەو پۆستە دەکەن ئەگەر بۆیان بچێتە سەر.

لە دەستپێکى هەر خولێکى هەڵبژاردنى نوێی ئەنجومەنى نوێنەران عیراقدا، دواى هەڵبژاردنى دەستەى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى نوێنەرانى عیراق، بەپێى رێکارە دەستوورییەکان، هەڵبژاردنى سەرۆک کۆمارى، هەنگاوى دووەمى پرۆسەى سیاسییە بۆ پێکهێنانى هەر حکومەتێکى نوێ. ئێستا زۆربەى چاوەکان لەسەر مەسەلەى هەڵبژاردنى سەرۆک کۆمارە، کە لەوەتاى رووخانى رژێمى سەدام بەتایبەتیش لە 2005، پشکى کوردبووە، لە نێو کوردیش بەشی یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان بووە، جگە لە خولی یەکەم کە لە 6ى نیسانى 2005 بەڕێوەچوو، تیایدا سەرۆک مام جەلال وەک یەکەم سەرۆک کۆمارى کورد لە مێژووى دەوڵەتى عیراقدا بە 227 دەنگ، لە کۆى 257 دەنگى ئەنجومەنى نیشتمانى هەڵبژێردرا.

لەهەمان پرۆسەشدا دوو جێگرەکەى سەرۆک کۆمار(عادل عەبدول مەهدی و غازی یاوەر)بوون، بەیەک پاکێج لەگەڵ سەرۆک کۆمار هەڵبژێردران، بەڵام لە خولى دووەمى هەڵبژاردنەوەى سەرۆک مام جەلال و خولەکانى دواتریش، هیچ جارێک پرۆسەى هەڵبژاردنى سەرۆک کۆمارى عیراق بێ کێشە و گرفتى سیاسی و هاتنە پێشەوەى زیاد لە کاندیدێک بەڕێوەنەچووە.

خولى دووەم 2010
بەهۆى ئەوەى داواکارى سوننەکان لەلایەن لیستى هاوپەیمانیی شیعەکانى عیراق پشتگوێ خرابوو، کە داواى هەڵگرتنى ناوی چەند کەسایەتییەکى سوننەیان دەکرد کە یاساى ریشەکێشکردنى بەعس بەسەریاندا جێبەجێ نەکرێ، کە شیعەکان ئەم داوایەى سوننەکانیان پشتگوێ خست، پێشتریش داوایان کردبوو پۆستى سەرۆک کۆمار بدرێتەوە سوننە و سەرۆکى پەرلەمان بدرێتە کورد ئەوەشیان بۆ نەچووبووە سەر، بۆیە وەک پەرچەکردار(ئوسامە نوجەیفی) کە سەرۆکى پەرلەمانى خولى دووەمى عیراق بوو، لەگەڵ ئەندامانى لیستى العراقیە، پێش هەڵبژاردنى مام جەلال بە سەرۆک کۆمار چوونە دەرەوە و بایکۆتى پرۆسەکەیان کرد، ئەوەبوو قوسەى سوهەیل کە جێگرى یەکەمى سەرۆکى پەرلەمان بوو، ئیدارەى دانیشتنەکە و پرۆسەى هەڵبژاردنى سەرۆک کۆمارى کرد، خولی دووەمى هەڵبژادرنى سەرۆک کۆمار لە 11ى تشرینى دووەمى 2010 بەڕێوەچوو، لەم هەڵبژاردنەدا تاکە نوێنەرى کورد کە سەرۆک مام جەلال بوو، لە خولى یەکەمدا 216 دەنگى لە کۆى 325 دەنگى ئەندامانى پەرلەمانی بەدەستهێنا، بۆیە لە دووبارەکردنەوەى هەڵبژاردنەکەدا، مام جەلال لەکۆى 255 ئەندامى ئامادەبووى دانیشتنەکە 198دەنگى بەدەستهێنا و بۆ جارى دووەم بە سەرۆک کۆمارى عیراق هەڵبژێردرایەوە.

خولى سێیەم 2014
دواى هەڵبژاردنى خولى سێیەمى پەرلەمانى عیراق لە 30ى نیسانى 2014 بەڕێوەچوو، لەم خولەدا لەناو یەکێتى جگە لە د.فواد مەعسوم زیاد لە کاندیدێک هەبوون لەوانە د.بەرهەم ساڵح و د. نەجمەدین کەریم، بەڵام دواجار د.نەجمەدین خۆى کێشایەوە وەک پارێزگارى کەرکوک مایەوە، رکابەریەکە لەنێوان د.بەرهەم ساڵح و د. فواد مەعسوم مایەوە، دواجار لەناو لیستى کوردستانیدا د.فواد مەعسوم دەنگى زیاترى هێنا و بووە کاندیدى لیستى کوردستانى بۆ پۆستى سەرۆک کۆماری عیراق.

لە رۆژى 24ى تەمموزى2014 لەناو دانیشتنى ئەنجومەنى نوێنەرانى عیراق لە خولی یەکەمى هەڵبژاردنى سەرۆک کۆماردا، جگە لە د.فواد مەعسوم چەند کاندیدێکى دیکەى عەرەب هەبوون، لەوانە:حەنان فەتلاوى(37) دەنگ و حسێن موسەوى(3) دەنگ و فائق شێخ عەلى(10)یان هێنابوو، بەڵام حەنان و فائق شێخ عەلى خۆیان کێشایەوە لە جەولەى دووەمدا حوسین موسەوى وەک رکابەرى د.فواد مەعسوم مایەوە، بەڵام تەنیا 3 دەنگى هێنا.

د.فواد مەعسوم وەک نوێنەرى کورد و یەکێتیى نیشتمانیی کوردستان بە 211 دەنگ لە کۆى 275 دەنگى ئامادەبووى دانیشتنەکەدا لە خولى دووەمى هەڵبژاردنەکەدا بەسەرۆک کۆمارى عیراق هەڵبژێردرا. بووە دووەمین سەرۆک کۆمارى کورد لە مێژووى عیراقدا.

خولى چوارەم 2018
بەهۆى قووڵبوونەوەى ناکۆکیەکانى نێوان یەکێتى و پارتى لە ساڵى 2018 کورد نەیتوانى لەسەر کاندیدێکى یەکگرتوو رێکبکەوێ، چونکە بۆ یەکەمجار پارتى دیموکراتى کوردستان داواى وەرگرتنى پۆستى سەرۆک کۆمارى کرد، بۆیە یەکێتى و پارتى هەریەکەیان بەکاندیدێک چوونە مەیدانەکە، یەکێتى بە د.بەرهەم ساڵح و پارتیش بە د.فواد حسێن چوونە ناو هۆڵى دانیشتنى پەرلەمان، جگە لەمانیش چەند کاندیدێکى ترى کورد و غەیرە کوردیش هەبوون، لەجەولەى یەکەمى پرۆسەى هەڵبژادرنەکەدا د.بەرهەم 160 دەنگ و د.فواد حسێن 48 دەنگی هێانبوو، بۆیە هیچ کام لە بەربژێرەکانى یەکێتى و پارتى نەیانتوانى دەنگى پێویست بهێنن، کە دوو لەسەر سێی دەنگى ئەندامانى پەرلەمانیان پێویست بوو، بۆیە پێویستى بە خولى دووەمى هەڵبژادرن هەبوو، هەرچەندە پارتى کاندیدى خۆى کێشایەوە، بەڵام ئەو کێشانەوەیە لەلایەن سەرۆکایەتى رەتکرایەوە و پرۆسەکە بەرکابەرى لە نێوان د.بەرهەم و د.فواد بەڕێوەچوو و تیایدا کاندیدەکەى یەکێتى کە د.بەرهەم ساڵح بوو توانى 219 دەنگى لەکۆى 302 دەنگى پەرلەمانتارانى ئامادەبووى دانیشتنەکە بەدەستبهێنێ. هەرچى کاندیدەکەى پارتى بوو د.فواد حسێن تەنیا 22 دەنگى بەدەستهێنا، بەمەش نێوماڵى کورد زیاتر لێکترازان و یەکهەڵوێستى کورد زیاتر پەرتەوازە کرد.

خولى پێنجەم2022
هێشتا دیارنییە کێ دەبێتە پێنجەم سەرۆک کۆمارى هەڵبژێردرا و لە عیراقدا، بەڵام ئەوەی روونە یەکێتی و پارتی لەسەر ئەم پۆستە ناکۆکیان هەیە، یەکێتی بە رەسمی تا ئێستا هیچ کاندیدێکی یەکلا نەکردۆتەوە، بەڵام پارتیش چاوی لەو پۆستە بڕیوە.

فازل میرانى ئەندامى مەکتەبی سیاسی پارتی دوو هەفتە لەمەوبەر بەمیدیاکانى راگەیاندبوو، کە هەڵبژاردنى سەرۆک کۆمار موفاجەئەشى تێدا دەبێ!. بۆیە رەنگە لە دوا چرکەساتدا، یەکێتى و پارتى لەسەر کاندیدێکى هاوبەش رێکبکەون، بەڵام بژاردەى خراپ ئەوەیە کە دیسان وەک ساڵی 2018 هەردوولا بە دوو کاندیدى جیاواز بچنە نێو پرۆسەى هەڵبژاردنى سەرۆک کۆمارى عیراق، شەرەفی یەکلایکردنەوەى پۆستى سەرۆک کۆمار بدەنەوە دەست هێزە سونى و شیعییەکان.

هەرچەندە پۆستى سەرۆک کۆمار؛ پۆستیکى تەشریفاتییە و دەسەڵاتێکى پرۆتۆکۆڵى دیاریکراوى هەیە لە بەرامبەر دەسەڵاتە زۆرەکانى سەرۆک وەزیراندا. بەڵام هەم لە دەستوور، هەمیش لەیاساى ژمارە 8ى ساڵى 2012 یاساى ئەحکامى خۆپاڵاوتن بۆ سەرۆک کۆمار، کۆمەڵێک رێکارى دەستووریی و یاسایی هەیە کە پێویست دەکات هەڵوەستەیان لەسەر بکەین، چونکە کاریگەریى راستەوخۆیان بە دیاریکردنى میکانیزمی هەڵبژاردنى سەرۆک کۆمارەوە هەیە، بۆیە بەپێویستى دەزانین لێرەدا ئاماژەیان پێبکەین:

1- بەپێی مادەی 2 لە یاسای ژمارە 8ی ساڵی 2012 یاسای ئەحکامی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، سێ رۆژ دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران، دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار رادەگەیەنرێ.

2- هەر کەسێک لەخۆی راببێنێ و مەرجەکانی مادەی 1 تێدابێ، لە ماوەی سێ رۆژدا، بەنووسراو داواکاری خۆ کاندیدکردن و کورتەیەکی ژیاننامەکەی پێشکەش بە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران دەکات.

3- پاشان سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران ناوی ئەو کەسانە رادەگەیەنێ کە مەرجە یاساییەکانی خۆ کاندیدکردنیان هەیە.

4- ئەوانەی کە ناویان رانەگەیەندراوە مافی یاسایی خۆیانە ناڕەزایی لە دادگای فیدڕاڵی تۆمار بکەن.

5- لەماوەی سێ رۆژدا دادگای فیدڕاڵی داواکە یەکلایی دەکاتەوە.

6- پاشان ئەنجومەنی نوێنەران ناوی ئەو پاڵێوراوانە رادەگەیەنێ کە دادگای فیدڕاڵی پەسەندی کردوون.

7- پێش تەواوبوونی ماوەی دەستووری کە 30 رۆژە، ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر داوای سەرۆکی پەرلەمان کۆدەبێتەوە، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لەنێو ئەو پاڵێوراوانەی کە مەرجە یاساییەکانیان تێدایە.

8- بەپێی مادەی 7ی یاساکە ئەو کەسەی دەبێتە سەرۆک کە لەخولى یەکەمدا بتوانێ دوو لەسەر سێی دەنگی ئەندامانی پەرلەمان بەدەست بێنێ.

9- ئەگەر هیچ کام لە پاڵێوراوەکان لە خولی یەکەمدا، نەیانتوانی زۆرینەی دوو لەسەر سێی دەنگەکان بهێنن، هەڵبژاردنەکە دووبارە دەکرێتەوە و لەم حاڵەتەدا هەرکامیان توانی دەنگی زیاتر بێنێ دەبێت بەسەرۆک کۆمار.

10- ئەگەر یەک پاڵێوراو هەبوو توانی دوو لەسەر سێی دەنگەکان بەدەست بێنێ دەبێتە سەرۆک. بەپێچەوانەوە دانیشتنەکە بەردەوام دەبێت و ئەو کەسە دەبێتە سەرۆک لە دەنگدانی دووەمدا بتوانێ زۆرینەی دەنگەکان بەدەست بێنێ.

11- سەرۆک کۆمار لەبەردەم پەرلەمان و سەرۆکی دادگای فیدراڵی سوێندی یاسایی دەخوات.

12- ماوەی سەرۆک کۆمار بۆ چوار ساڵ دەبێت، لە رۆژی سوێند خواردنییەوە، بۆى هەیە یەکجاریش خۆى کاندید بکاتەوە و نابێ لە هەشت ساڵ زیاتر بێت.

13- ئەرکى گەورەى سەرۆک کۆمارى لەدواى هەڵبژاردنى لەلایەن پەرلەمانەوە بریتییە لەوەى کە پێویستە لە ماوەى 15 رۆژدا نوێنەرى کوتلەى زۆرینەى پەرلەمان رابسپێرێ بۆ ئەوەى لە ماوەى 30 رۆژدا ناوى پێکهاتەى کابینە نوێی حکومەت پێشکەش بە پەرلەمان بکات.

 

 77 جار بینراوە