سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » ڕابەری ڕیفراندۆمەکە ئازادکرا

ڕابەری ڕیفراندۆمەکە ئازادکرا

چەند ڕۆژێک لەمەوبەر دادگای باڵای هەرێمی «شلیسڤیگ هۆڵشتاین»باکووری ئەڵمانیا بڕیاریدا بەمەرج «کارلس پۆگدیمۆن»ی سەرۆکی پێشوی هەرێمی کەتەلۆنیای ئازادبکرێت، ئەم بڕیارەیەش چ لەئەڵمانیا و چ لە ئیسپانیا، کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە.

بێتاوان دەرچوو
پاش ١١ ڕۆژ لەزیندانیکردن و دوای ئەوەی دادگاکە گەیشتە ئەو بڕوایەی کە» پۆگدیمۆن» لەکاتی بەرێوەچونی ڕیفراندۆمی هەرێمەکەدا کە لەچەند مانگی ڕابردودا ئەنجامدرا، دەستی نەبووە لەهیچ کارێکی توندو تیژیدا،بۆیە یاسای ئەڵمانیا ڕێگانادات ئەو کەسە ڕادەستی ئیسپانیا بکرێتەوە. دادگاکە لەڕاگەیاندنێکدا ئەوەی بەیان کردوە، کە بەپێی یاسای ئەڵمانیا لەسەر کێشەی ڕیفراندۆمم «پۆگدیمۆن» ڕادەستی ئیسپانیا ناکرێتەوە،چونکە بەڵگەی ئەوە لەبەردەستدا نییە کە بۆ مەبەستی سەرخستنی ڕیفراندۆمەکە توندوتیژی بەکارهینابێ یان موڵک و ماڵی دەوڵەتی بەهەدەر دابێت.

پیلانەکان پوچەڵ بونەوە
مەرجەکانی داداگاش بریتیە لە بژاردنی ٧٥ هەزار یۆرۆ و مانەوەی بۆماوەیەک لەژێر چاودێری دەزگا پەیوەندیدارەکان و مانەوەی تاکاتێکی نادیار لەئەڵمانیا، بۆیە پارێزەرانی بە هەموو ئەو مەرجانە ڕازی بون و خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی کە پیلانەکەی حکومەتی ئیسپانیا، لە ڕابەرو سەرکردەی کەتەلۆنیا سەری نەگرت و ئەو تۆمەتانەی کە درابونە پاڵی هەمویان شکستیان هێنا.

تۆمەتەکانی قورس بوون
«کارلس پۆگدیمۆن»ی لە دوای سازدانی ڕیفراندۆم و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کەتەلۆنیا، لەلایەن حکومەتی ناوەندی ئیسپانیاوە ئیدانەکراو بەجوداخواز لە قەڵەمدرا و تۆمەتی پارچەپارچەکردنی وڵاتەکە و بە هەدەردانی سەروەت و سامانی گشتی و گەندەڵی و نانەوەی ئاژاوەی توندوتیژی درایە پاڵ، لەگەڵ ١٣ کەسی تر لەسەرکردەکانی ئەو هەرێمە فەرمانی گرتنیان بۆ دەرچوو، بەپێی یاسای وڵاتەکەش ئەگەر ئەو تۆمەتانەیان بەسەردا ساغ بێتەوە، هەریەکەو ٢٥ ساڵ زیندانی دەکرێن.

لە دەستی پۆلیس ڕای کردبوو
« پۆگدیمۆن» و چواری تر لەسەرکردەکانی کەتەلۆنیا کە ڕابەرایەتی پرۆسەکەیان دەکرد خۆیان گەیاندوە وڵاتی بەلجیکا وڵاتی خۆیان بەجێ هێشت، ٢٥ ی مانگی ڕابردووش بەسکاڵای حکومەتی مەدرید و لەسەر داوای یەکێتی ئەوروپا لەکاتی هاتنی بۆ ئەڵمانیا، دوای پێنج مانگ ڕاكردن لە پۆلیسی ئیسپانی و نێودەوڵەتی، لەلایەن پۆلیسی ڕێگەی ئۆتۆبانی ئەڵمانیا، لە نزیك سنووری دانیمارك دەستگیر كراو خرایە بەردەم داداگایەکی ئەو هەرێمە.
هەرێمەکەی خۆپیشاندانیان بۆکرد
بۆ ناڕەزایی دەربڕینیش لە دەستگیرکردنی دەیان هەزارکەس ڕژانە سەر شەقامەکانی بەرشلۆنە و شارەکانی تری هەرێمەکە و ناڕەزاییان بەرامبەر بە حکومەتی ئەڵمانیا دەربڕی و داوای ئازادکردنیان کرد، لە خۆپیشاندانەکان توندوتیژی دروست بوو لەئەنجامدا ٩٠ کەس بریندار بون ، لەئەڵمانیاش بەهەمان شێوە لەچەند نێوەندێکەوە ئەو دەستگیرکردنەیان بە ناڕەوا زانی و لە دژیدا وەستانەوە.

سەرچاوە:ئاژانسەکان

 655 جار بینراوە