سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » سەرەک وەزیران کەسـێکی پۆپۆلیست و توندڕەوە

لە هەڵبژاردنی هەنگاریا نەیارەکەی پەنابەران بردیەوە

سەرەک وەزیران کەسـێکی پۆپۆلیست و توندڕەوە

لەهەڵبژاردنی گشتی و پەرلەمانی وڵاتی هەنگاریا کە لە دوو سێ ڕۆژی ڕابردودا ئەنجامدرا پارتی «فیدس» DNB کە «ڤیکتۆر ئۆربان»ی سەرەک وەزیرانی ئێستا ڕابەرایەتی دەکا و بە یەکێک لە پارتە هەرە نەیارەکانی هاتنە ناوەوەی پەنابەرانی نایاسایی دەژمێردێت، سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا و لە کۆی ١٩٩ کورسی پەرلەمانیدا ١٣٤ کورسی بردەوە و لە بەرامبەردا پارتی سۆسیالدیموکرات تەنها ٢٢ کورسی و پارتی ناسیۆنالیستی هەنگاریاش کە پارتێکی راسترە و توندڕەوە ئەویش ٢٧ کورسی و پارتەکانی تریش هەریەکەیان ژمارەیەک کورسیان بە دەستهێنا. ئەم سەرکەوتنەی ئۆربان لە ناو میدیای ئەوروپیدا، کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە.

موعارەزەیەکی لاوازیان هەیە
هەرچەندە لەم وڵاتە موعارەزە هەیە بەڵام لەبەر ئەوەی لەناو یەکدا یەکریزو تەبا و یەک ئاڕاستە نین، نەیانتوانی دەنگی پێویست بێنن و شکستێکی گەورەیان لەبەرامبەر ڕاستڕوەکاندا هێنا، شکستی پارتە چەپ و سۆسیالدیموکراتەکانیش لەم ساڵانەی دواییدا بۆتە دیاردەیەکی مەترسیدار لەناو ئەوروپا بەتایبەتیش کە ڕەواجی ئەو پارتە ڕاسترەو توندڕەوانە بەرەو هەڵکشانە.

سێیەمین جارە دەبێتەوە سەرەک وەزیر
بەمجۆرە وەک چاوەڕوان دەکرا «ئۆربان» زیاتر لە ٥٠٪ ی دەنگی هاوڵاتیانی وڵاتەکەی هێناو بە هەمان شێوە لە هەڵبژاردنی ٢٠١٠ و٢٠١٤ ەش سەرکەوتنی هێنا بو ئێستاش بۆ سێیەمین خول لەسەریەک پۆستی سەرەک وەزیرانی ئەم وڵاتە وەردەگرێتەوەو دەبێتە وڵاتێکی داکۆکیکەر لە پڕەنسیپەکانی ڕاستڕەوی ، لەبەر ئەوەی زۆرینەشیان هێناوە لەناو پەرلەمان بۆیان هەیە لە خولی داهاتودا دەستور هەموار بکەنەوەو یاساو ڕێساکانی وڵاتەکەیان بگۆڕن، کەئەمەش چاوەڕوانکراوەو لەمێژە ئەو پارتە و سەرەک وەزیرانەکەی مەیلی ئەوەیان هەیە کە ڕێ لە کۆچبەرانی نایاسایی بگرن کەنەیەنە وڵاتەکەیان یان سنوری هەنگاریا نەبڕن و بچنە وڵاتانی تری ئەوروپا.

ناخوازن پەنابەران وەربگرن
لەبانگەشەی هەڵبژاردندا ئەو پارتە هەمیشە دروشمەکانی لەدژی دیاردەی کۆچ هەڵدەدا و مەترسی ئەوەی دەخستەڕوو کە ئەگەر دەرگا بۆ ئەو هەموو خەڵکە واڵا بکەن، ئەوان سیمای وڵاتەکەو داب و نەریت و کولتوری وڵاتەکەیان دەگۆڕێ و ناخوازن ببنە هۆکارێک بۆ تێکدانی کۆمەڵگەی هەنگاری و ئەوروپی کە دەیان ساڵ خەباتیان بۆکردوە تا گەیاندویانەتە ئەو بارەی ئێستا.

دەیانەوێت لەناو یەکێتی ئەوروپادا بمێننەوە
هەرچەندە سەرەک وەزیران پەیوەندی باشی لەگەڵ پارت و کەسایەتیە ڕاستڕەوەو گەلپەرستەکانی ئەوروپادا هەیە و زۆربەیان پێی سەرسامن، بەڵام ئەوەی جێی سەرنج بوو ئەوان وەک پارتە ڕاستڕوەکانی تر لەگەڵ جیابونەوە نین لە ناو یەکێتی ئەوروپا بەڵکو دەیانەوێ یەکێتیەکە بە ئاڕاستەی سیاسەتی خۆیان بگۆڕن و ئیدی بێگانە نەهێننە ناو وڵاتەکانیانەوە.

هۆشداری دراوەتێ
چاودێران پێیان وایە ئەمە هۆکاری ئەوەی لە پشتەوەیە کە ئەم وڵاتە هەژارەو ساڵانە زۆرترین یارمەتی لەو یەکێتیە وەردەگرێ و لەهەموو وڵاتانی تری ئەندام سوودمەندترە، لەسەر سیاسەت و لێدوانی زبری بەرپرسانی ئەم وڵاتە لەدژی کۆچبەران یاساکانی یەکێتی ئەوروپاوە چەندین جار هۆشداری دراوەتێ و ئاگادارکراوەتەوە لە سەرپێچی کردنی پرەنسیپەکانی یەکێتی ئەوروپا.

وڵاتێکی هەژاری ناو ئەوروپایە
ژمارەی دانیشتوانی هەنگاریا ١٠ ملیۆنەو لەساڵی ٢٠٠٤ ەوە چۆتە ناو یەکێتی ئەوروپا،لە ساڵی ٢٠٠٥ یشەوە ئەندامی نەتەوەیەکگرتوەکان و لە ١٩٩٩ ئەندامی ناتۆیە، ئەو وڵاتە سیستەمی دیموکراتیەت پیادە دەکاو هەڵبژاردنی ئازاد سەنگی مەحەکە بۆ چونە ناو پەرلەمان و وەرگرتنی دەسەڵات، بە یەکێك لە وڵاتە هەژارەکانی ناو یەکێتی ئەوروپا دەژمێردرێ و زۆرینەی گەنجەکانی لە دوای تەواوکردنی خوێندن، ڕوو لە وڵاتانی تر دەکەن بۆ کاسبی.

سەرچاوە: ئاژانسەکان

 695 جار بینراوە