سەرەکی » مانشێت » كۆسرەت رەسوڵ: 162 تاكە داكۆكیكاری تەواوی مافەكانتانە

كۆسرەت رەسوڵ: 162 تاكە داكۆكیكاری تەواوی مافەكانتانە

پەیامی كۆسرەت رەسوڵ بۆ كرێكاران و زەحمەتكێشانی كوردستان لە رۆژی جیهانیی كرێكاراندا

لە یادی یەكی ئایاردا رۆژی جیهانیی كرێكاران، پڕ بەدڵ پیرۆزبایی لە تەواوی كرێكارانی جیهان و بە تایبەت كرێكاران و زەحمەتكێشانی كوردستان دەكەم و ئاواتمە كە كرێكارانی كوردستانیش وەك تەواوی كرێكارانی جیهان لە ئەنجامی خەبات و تێكۆشانی بەردەوامیان، هەموو ئاوات و ئامانجە چینایەتییەكانی خۆیان بەدیبهێنن و رۆڵی كارا و بنیادنەرانەی خۆیان لە پرۆسەی ئاوەدانكردنەوە و پێشكەوتنی كۆمەڵگەی كوردەواری بگێڕن، هەروەك ئەركی حكومەت و پەرلەمانی كوردستانیشە كە بەپێی یاسا داڕێژراوەكان مافەكانیان بۆ دەستەبەر بكات و خۆشگوزەرانیان بۆ دابین بكات.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش وەك رێكخراوێكی سیاسی كە هەڵگری پەیامی سۆسیال دیموكراتە و ئەندامی كارای سۆسیال ئینتەرناسیۆنالە، هەمیشە پارێزەر و داكۆكیكاری سەرسەختی ماف و ئازادییەكان بووە بە مافی چینی كرێكاران و زەحمەتكێشانی كوردستانیشەوە، بۆیە هەق وایە كە كرێكـــارانی كوردستان ی.ن.ك بە مەیدانی خەبات و تێكۆشانی خۆیان بزانن و پشتیوانی راســتەقینەی بن. هەر ئەوەش هانمان دەدات كە لەم پرۆسەی هەڵبژاردنەدا رووی داوامان بكەینە ئەم چینە كۆڵنەدەرەی كۆمەڵگە و داوایان لێبكەین كە پشتیوانێكی بەهێزی لیستەكەی بن و كار بۆ سەرخستنی لیستی ژمارە 162 ی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بكەن، چونكە تاكە داكۆكیكاری تەواوی مافەكانتان و دابینكەری ئازادییە گشتی و تایبەتییەكانە، نەك هەر بۆ چینی كرێكاران، بەڵكو بۆ تەواوی چین و توێژەكانی كۆمەڵ.
جارێكی تریش پیرۆزبایی گەرمتان لێدەكەین و هیوای سەركەوتن و سەرفرازیتان بۆ دەخوازین.
نەمری بۆ شەهیدانی كورد و كوردستان
نەمری بۆ قوربانیانی چینی كرێكار و زەحمەتكێشان
سەرفرازو سەركەوتوو بێت خەباتی رەوای كرێكاران

یەكی ئایاری 2018

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*