سەرەکی » چاوپێکه‌وتن » كاندیدانی یه‌كێتی جه‌خت له‌ پاراستنی بنه‌ماكانی ده‌ستوور ‌و به‌هێزكردنه‌وه‌ی پێگه‌ی كورد له‌به‌غدا ده‌كه‌نه‌وه‌

كاندیدانی یه‌كێتی جه‌خت له‌ پاراستنی بنه‌ماكانی ده‌ستوور ‌و به‌هێزكردنه‌وه‌ی پێگه‌ی كورد له‌به‌غدا ده‌كه‌نه‌وه‌

له‌ دیداریاندا له‌گه‌ڵ ١٦٢و كاندیده‌كانی یه‌كێتی له‌ دواڕۆژه‌كانی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردندا په‌یام و ستراتیژی كاری خۆیان راده‌گه‌یه‌نن و داوا له‌ ده‌نگده‌ران ده‌كه‌ن كه‌ به‌شداریی هه‌ڵبژاردن بكه‌ن و به‌ ده‌نگه‌كانیان پێگه‌ی كورد به‌هێز بكه‌ن‌و ناسنامه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی خۆیان له‌ ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كاندا بسه‌لمێنن ئه‌وه‌ش له‌ رێگه‌ی پشگیریكردن لیستی ١٦٢ی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانه‌وه‌ بهێننه‌دی.

دیداری: عه‌لی كاشان و ته‌حسین ته‌ها

شێركۆ میروه‌یس كاندیدی ژماره‌ (1)ی لیستی 162 ی یه‌كێتی له‌ پارێزگای دیاله‌

سه‌رۆكی لیستی ١٦٢ی یه‌كێتی له‌ پارێزگای دیاله‌ داوای له‌خه‌ڵكی شاری خانه‌قین و پارێزگای دیاله‌و شارۆچكه‌كانی مه‌نده‌لی و گوڵاڵه‌و ته‌واوی ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ مادده‌ی 140ی ده‌ستوری عیراق ده‌یانگرێته‌وه‌و به‌شداریی بكه‌ن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا، میروه‌یس به‌ گرنگییه‌وه‌ باسی له‌ به‌شداریی هاووڵاتیانی پارێزگای دیاله‌ كردو وتی: هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ بۆ ئێمه‌ زیاتر له‌ جارێك تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه‌، چونكه‌ ده‌نگه‌كانی خه‌ڵكی ئه‌و ناوچانه‌، ناسنامه‌ی ناوچه‌كه‌ ده‌ستنیشان ده‌كات، ئه‌مه‌ش له‌ پێناو رێگریی له‌و سیاسه‌تانه‌ی به‌رامبه‌ریان په‌یڕه‌وده‌كرێت و كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ هه‌یه‌.
ئاماژه‌شی به‌وه‌دا كه‌ ئه‌و ناوچانه‌ له‌ سه‌رده‌می رژێمی به‌عسه‌وه‌ ناهه‌قییه‌كی زۆری به‌رامبه‌ر كراوه‌و خه‌ڵكه‌كه‌ی پشكی شێریان به‌ركه‌وتووه‌ له‌ كاولكاریی و زیان پێگه‌یاندن، ئه‌و مێژووه‌شی به‌ فاكته‌رێكی گرنگ زانی كه‌ وابكات هاووڵاتیان به‌گه‌رمی بڕۆن به‌ره‌و هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌و به‌ ده‌نگه‌كانیان ناسنامه‌ی كوردی ئه‌و ناوچانه‌ بسه‌لمێنن.
سه‌رۆكی لیستی یه‌كێتی ده‌شڵێت: لیستی 162 ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كه‌ تاكه‌ لیسته‌ بتوانێت تیمێكی به‌هێز بنێرێته‌ به‌غدا، به‌و پێیه‌ی یه‌كێتی په‌یوه‌ندییه‌كی مێژوویی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی عیراق هه‌یه‌و بناغه‌ی كاری سیاسیی یه‌كێتیش له‌ به‌غدا سه‌رۆك مام جه‌لال دایڕشتووه‌و خزمه‌تكردنی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان له‌ رێی په‌رله‌مانی به‌غداوه‌ ته‌نهاو ته‌نها به‌ رێبازه‌كه‌ی مام جه‌لال ده‌كرێت.
شێركۆ میروه‌یس سه‌رۆكی لیستی یه‌كێتی له‌ دیاله‌ به‌ڵێنیشی دایه‌ جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی كه‌ هه‌وڵی زۆرترین خزمه‌تكردن به‌و ناوچه‌یه‌ بدات و له‌ رێی ده‌ستووره‌وه‌و به‌ پشتیوانیی ده‌نگه‌كانی جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی شاره‌كه‌ بسه‌لمێنێت بۆئه‌وه‌ی به‌ر له‌ ته‌عریب و ئه‌و ناهه‌قیانه‌ بگیرێت كه‌ له‌ رابردوودا له‌لایه‌ن حكومه‌تی عیراقه‌وه‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م ناوچه‌یه‌ كراوه‌و وتیشی: به‌ڵێن ده‌ده‌م كه‌ ئێمه‌ هه‌وڵی ته‌واو بده‌ین بۆ جێبه‌جێكردنی خاڵه‌كانی ده‌ستوور كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌و ناوچانه‌ بێت و هه‌وڵبدات بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌ سیاسییانه‌ی كه‌ كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ هه‌یه‌و هاووڵاتیان رۆژانه‌ به‌ گیانی خۆیان باجه‌كه‌ی ده‌ده‌ن.
شێركۆ میروه‌یس خه‌ڵكی گه‌رمیان و خانه‌قین و ئه‌و ناوچانه‌ی به‌ قه‌ڵای سه‌وزی پشتیوانیی له‌ یه‌كێتی وه‌سفكرد و وتی: هه‌میشه‌ ئه‌م ناوچانه‌ پشتیوانی سه‌رسه‌ختی په‌یامی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانن چ له‌ رابردوو چ له‌ئێستاشدا، بۆیه‌ هیوادارم له‌م هه‌ڵبژاردنه‌شدا به‌هه‌مان شێوه‌ ببنه‌ پشتێكی به‌هێزی لیستی یه‌كێتی بۆ ناردنی تیمێكی به‌هێز بۆ په‌رله‌مانی عیراق، كه‌ له‌ رێی ئه‌و تیمه‌وه‌ یه‌كێتی خزمه‌ت به‌م ناوچه‌یه‌و سه‌رجه‌م كوردستان بكات.

جه‌بار محه‌مه‌د ساڵح كاندیدی ژماره‌ (14) له‌ لیستی 162ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ پارێزگای سلێمانی

سه‌باره‌ت به‌ جه‌ختكردنه‌وه‌ی یه‌كێتی له‌سه‌ر ناردنی تیمێكی نوێ بۆ به‌غداو كارو به‌رنامه‌ی ئه‌م تیمه‌، به‌ كوردستانی نوێ-ی راگه‌یاند: مه‌به‌ستی یه‌كێتی بۆ ناردنی تیمێكی نوێ بۆ په‌رله‌مانی عێراق ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كاتی خۆی و له‌ سه‌رده‌می مام جه‌لال-دا كورد خاوه‌ن رۆڵ و پێگه‌یه‌كی به‌هێز بوو، به‌ڵام له‌ دوای نه‌خۆشكه‌وتنی جه‌نابی مام جه‌لال و دووركه‌وتنه‌وه‌ی له‌ پڕۆسه‌ی سیاسی له‌ عیراق، بینیمان كه‌ ئه‌و پێگه‌یه‌ی كورد رووی له‌لاوازیی كرد، یان به‌شێكی زۆر له‌ لایه‌نه‌كان له‌ عیراق كاریان بۆ لاوازكردنی پێگه‌ی كورد ده‌كرد له‌ به‌غدا.
وتیشی: كاری سه‌ره‌كی ئه‌م تیمه‌ی یه‌كێتی ئه‌وه‌ ده‌بێت كه‌ كاربكه‌ین بۆ كوردستانێكی به‌هێزو دووباره‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی رۆڵ و كاریگه‌ریی پێگه‌ی كورد له‌ عیراق، هه‌روه‌ك مه‌به‌ستی یه‌كێتی له‌ ناردنی ئه‌و تیمه‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ كه‌ بۆ كوردستانێكی ئاوه‌دان و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی گه‌لی كورد له‌ په‌رله‌مانی عیراق كاریان له‌سه‌ر ده‌كات.
سه‌باره‌ت به‌ لاوازبوونی سه‌نگی كوردیش له‌ به‌غدا، ئه‌م كاندیده‌ی یه‌كێتی ده‌ڵێت: ئێمه‌ له‌ ساڵی 2005 ده‌نگمان به‌ ده‌ستووری عیراق داوه‌، كه‌ تیایدا به‌شێكی زۆری له‌ مافه‌كانی كورددا تێدا جێبۆته‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی دروستبوونی هه‌ندێك له‌و ئاڵۆزییانه‌ی كه‌ له‌ ماوه‌ی رابردوودا هاتنه‌ پێشه‌وه‌، ده‌بینین كه‌ له‌ به‌غداوه‌ كار بۆ وه‌لانانی ده‌ستوور ده‌كرێت، له‌به‌رئه‌وه‌ ئێمه‌ی تیمی یه‌كێتی كار ده‌كه‌ین بۆ ده‌ستگرتن به‌ ده‌ستووره‌وه‌، ده‌ستوورێك كه‌ وه‌ك چه‌ترێك وایه‌ بۆ ته‌واوی عیراقییه‌كان.
راشیگه‌یاندووه‌: بنه‌مای ته‌وافوق ‌و سازان له‌ عیراق تێكچووه‌، ده‌بێت كار بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌و بنه‌مایه‌ بكه‌ین، ئه‌وه‌ی كه‌ ئێستا ده‌وترێت حكومه‌تی زۆرینه‌، ئه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سروشتی سیاسیی عیراقدا یه‌كناگرێته‌وه‌، ئه‌م مه‌سه‌له‌ی كه‌مینه‌ و زۆرینه‌یه‌ ئه‌گه‌ر له‌ وڵاتێكی ئارام و پێشكه‌وتوودا بووایه‌، كێشه‌یه‌كی وای نه‌ده‌بوو، به‌ڵام له‌ شوێنێكی وه‌ك عیراقدا جگه‌ له‌ ته‌وافوقی سیاسی، شتێك به‌ ناوی حكومه‌تی زۆرینه‌ جێگه‌ی نابێته‌وه‌. بۆیه‌ ده‌بێت ئێمه‌ كاربكه‌ین بۆ ده‌ستگرتن به‌ بنه‌مای ته‌وافوق و سازانه‌وه‌ له‌ عیراقدا.
جه‌بار محه‌مه‌د ساڵح ئاماژه‌شی به‌وه‌ داوه‌ كه‌ ئه‌و وه‌ك پسپۆڕێك له‌ بواری یاساو سیاسه‌تدا، هه‌وڵده‌دات كار بكات له‌سه‌ر ئه‌و ده‌قه‌ ده‌ستووریانه‌ی كه‌ تائێستا كاریان له‌سه‌ر نه‌كراوه‌، یان نه‌جووڵێندراوه‌ن و وتیشی: «من ده‌مه‌وێت ئه‌و ده‌قانه‌ بجووڵێنم و هه‌وڵبده‌م له‌ په‌رله‌مانی عیراق زیندوویان بكه‌مه‌وه‌و یاسایان بۆ ده‌ربكه‌ین.

محه‌مه‌د حسێن ره‌شید: هه‌وڵ ده‌ده‌م قه‌ره‌بوو بۆ شایسته‌ی زیانلێكه‌وتووانی ده‌ستی رژێمه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عیراق ده‌سته‌به‌ر بكه‌م
محه‌مه‌د حسێن ره‌شید كاندیدی ژماره‌ (14) له‌سه‌ر لیستی 162ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ پاریزگای هه‌ولێر، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه‌ یه‌كێتی به‌ تیمێكی نوێ-وه‌ ده‌چێته‌ به‌غداو ده‌یه‌وێت كار له‌ سه‌رچی بكات و به‌رنامه‌كه‌ی چی ده‌بێت، ده‌ڵێت: ئێمه‌ وه‌ك یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ ده‌مانه‌وێت به‌ تیمێكی نوێ-وه‌ بڕۆینه‌ به‌غدا، ئه‌م تیمه‌ نوێیه‌ی ئێمه‌ ئه‌رك و به‌رپرسیارێتی زۆری ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر شان، له‌وانه‌ هه‌وڵی گێرانه‌وه‌ی شایسته‌ داراییه‌كانی ده‌ده‌ین بۆ هه‌رێمی كوردستان و هاوتاكردنی مووچه‌ی پێشمه‌رگه‌و شه‌هیدان و زیندانیانی سیاسی و فه‌رمانبه‌ران.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ سه‌رنجی تیمی ئێمه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌بێت كه‌ كوردستان له‌ ئێستادا له‌ ژێر مه‌ترسیدایه‌، ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت كار بكه‌ین بۆئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و مه‌ترسییانه‌ی كه‌ روویان له‌سه‌ر كوردستان و پێگه‌ی كورد هه‌یه‌ بڕه‌وێنینه‌وه‌و هه‌وڵبده‌ین پێگه‌ی كورد چ له‌لایه‌نی سیاسی ، چ له‌لایه‌نی ماف و ئیمتیازه‌وه‌ بپارێزین.
سه‌باره‌ت به‌ لاوازبوونی پێگه‌ی كوردیش له‌ به‌غداد، ئه‌و كاندیده‌ی یه‌كێتی پێیوایه‌، كه‌ له‌ دوای نه‌خۆشكه‌وتن و دواجار كۆچی دوایی سه‌رۆك مام جه‌لاله‌وه‌، پێگه‌ی كورد له‌ عیراق لاواز بووه‌، ئه‌و پێی وایه‌ كه‌ له‌كاتێكدا كه‌ سه‌رۆك مام جه‌لال سه‌رۆك كۆماری عیراق بوو، كورد خاوه‌ن پێگه‌و قورسایی خۆی بوو له‌ عیراق، هه‌روه‌ك دیدگای مام جه‌لال بۆ ئه‌وه‌ بوو تا كوردستانێكی به‌هێزمان له‌ چوارچێوه‌ی عیراقێكی دیموكرات و فیدراڵدا هه‌بێت، ئێستاو له‌ دوای جه‌نابی مام جه‌لال كۆی ئه‌و ده‌ستكه‌تانه‌ی كوردو كوردستان كه‌وتۆته‌ ژێر مه‌ترسییه‌وه‌، بۆیه‌ كاری تیمی ئێمه‌ وه‌ك یه‌كێتی، ده‌مانه‌وێت كار بۆ گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ بكه‌ین كه‌ به‌هۆی هه‌ندێك كێشه‌وه‌ له‌ ئێستادا له‌ ژیر مه‌ترسیدان.
محه‌مه‌د حوسێن ره‌شید ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، ئه‌گه‌ر من بڕۆمه‌ به‌غدا چ له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی كه‌ یه‌كێتی ده‌یه‌وێت به‌م تیمه‌ تازه‌یه‌وه‌ كاری له‌ سه‌ر بكات، وه‌ك پارێزه‌رێك ده‌مه‌وێت پاریزگاریی له‌ مافه‌ ره‌واكانی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان بكه‌م، وه‌ك قه‌ره‌بووی شایسته‌ی زیان لێكه‌وتووانی ده‌ستی رژێمه‌ یه‌ك له‌ دوای یه‌كه‌كانی عیراق، له‌ ئه‌نفال و كیمیاباران ….تاد. هه‌روه‌ك كار ده‌كه‌م بۆ پاراستنی ته‌واوی مافه‌كانی مرۆڤ له‌وانه‌ ئازادیی راده‌ربڕین. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ده‌مه‌وێت كاربكه‌م بۆ هاندانی زیاتری ژنان و لاوان و هونه‌رمه‌ندان …تاد.

ئاشتی عه‌بدوڵڵا: تیمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان خاوه‌ن به‌رنامه‌و ستراتیژێكی نوێیه‌
ئاشتی عه‌بدوڵڵا ئیسماعیل كاندیدی ژماره‌ (29) یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ پارێزگای سلێمانی، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌ی كه‌ عیراق پێیدا تێپه‌ڕ ده‌بێت، هه‌لومه‌رجێكی تایبه‌ته‌، بۆیه‌ ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌ ئه‌وه‌ ده‌خوازێت كه‌ ئێمه‌ وه‌كو كورد به‌ تیمێكی نوێ-وه‌ برۆینه‌ به‌غدا، له‌م رووه‌وه‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هه‌وڵده‌دات له‌ رێگه‌ی كۆمه‌ڵێك كاندیدی به‌هێزو به‌تواناو شاره‌زاوه‌ له‌ بواره‌ جیاجیاكان تیمێكی نوێ ئاماده‌ بكات بۆ په‌رله‌مانی عیراق.
ئاماژه‌شی به‌وه‌ داوه‌: تیمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان خاوه‌ن به‌رنامه‌و ستراتیژێكی نوێیه‌، ئێمه‌ پێمان وایه‌ ئه‌مڕۆ كوردستان و پێگه‌ی كورد له‌ دوای ئه‌و ئاڵۆزیانه‌ی كه‌ له‌ دوای ریفراندۆمه‌وه‌ هاتنه‌ پێشه‌وه‌ كاریگه‌ری زۆریان هه‌یه‌و له‌ ژێر مه‌ترسیدایه‌، ئه‌و تیمه‌ی ئێمه‌به‌ دیاریكراوی ده‌یه‌وێت كار له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ بكات كه‌ ده‌بێت چی بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی هه‌روا به‌ ئاسانی به‌ بڕیارێكی سیاسییه‌وه‌ یاری به‌ ده‌تسكه‌وتنه‌كانی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان نه‌كرێت. بۆیه‌ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت له‌ په‌رله‌مانی عێراق تێبكۆشین بۆ ئه‌وه‌ی كار بكه‌ین بۆ كوردستانێكی به‌هێز له‌ چوارچێوه‌ی عێراقێكی فیدراڵدا.
سه‌باره‌ت به‌لاوازبوونی هاوسه‌نگی كورد له‌ به‌غداد، ئاشتی عه‌بدوڵا پێی وایه‌: ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی كه‌ له‌ سه‌رده‌می جه‌نابی مام جه‌لال-دا له‌ عێراق كورد به‌ ده‌ستی هێنابوون، له‌ ئێستادا له‌ ژێر مه‌ترسیدان، مام جه‌لال دیدگایه‌كی هه‌بوو بۆ ئازادی، مافی چاره‌ی خۆنووسین و ته‌وافقی سیاسی له‌ عێراق…تاد. به‌ڵام ئێستا ده‌بینین كار له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ زۆرینه‌ی سیاسی له‌ عێراق بێته‌ سه‌ر كارو ئه‌و نه‌ریته‌ سیاسیه‌ی كه‌ جه‌نابی مام جه‌لال له‌ رێگه‌ی ته‌وافقی سیاسییه‌وه‌ كاری بۆ ده‌كرد بخاته‌ ژێر مه‌ترسییه‌وه‌. ئێمه‌ بمانه‌وێت یان نه‌، زۆرینه‌ی سیاسی عێراق به‌ره‌و لێوارێكی مه‌ترسیدار ده‌بات، بۆیه‌ ده‌بێت كار بكه‌ین بۆئه‌وه‌ی ئه‌و تیمه‌ی ئێمه‌ زۆرترین په‌یوه‌ندی سیاسی له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی تر هه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی رێگری له‌ هه‌ر به‌ربه‌ست و مه‌ترسییه‌ك بكه‌ین كه‌ بیه‌وێت كار بۆ لاوازكردنی پێگه‌ی كورد بكات و سه‌نگی كورد له‌ به‌غداد له‌ به‌ین به‌رێت.
ئه‌و كاندیده‌ی یه‌كێتی ئه‌وه‌ش وت: من له‌نێو كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستانه‌وه‌ هاتوومه‌ته‌ پێشه‌وه‌، به‌ده‌نگی ئه‌وانیش ده‌بمه‌ ھه‌ڵگری په‌یام و ده‌بمه‌ داكۆكیكاریان، له‌سه‌ر رێبازه‌كه‌ی مام ئه‌بم كه‌باوه‌ڕی به‌ھاتنه‌ پێشه‌وه‌ی ژنان و گه‌نجان ھه‌بوو، ئه‌و رێگایه‌ ته‌واو ئه‌كه‌ین.

print

 57 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*