سەرەکی » راپۆرت » هه‌واڵ و سیاسەت » ترەمپ رێکەوتنە ئەتۆمییـەکەی لەگەڵ ئێران هەڵوەشاندەوە

ترەمپ رێکەوتنە ئەتۆمییـەکەی لەگەڵ ئێران هەڵوەشاندەوە

رۆژی سێ شەممە8/5 لە کۆشكی سپی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە رێکەوتنە ئەتۆمییەکەی نێوان ئێران و دەوڵەتانی 5+1 هەڵوەشاندەوەو یەک لایەنانە ئەمریکا لەو رێکەوتنە دەرچوو. ترەمپ لە وتەیەکیدا رایگەیاند: ئەو رێکەوتنە هیچ ئارامی و ئاشتییەک لە رۆژهەلاتی ناڤین دابین نەکردووە. حەسەن رۆحانی سەرۆکی ئێرانیش لە وەڵامدا رایگەیاند: ئێران پابەند دەبێت بە رێکەوتنەکەوە. ئەمریکاشی تاوانبار کرد بەوەی کە رێز لە رێکەوتنە نێودەوڵەتییەکان ناگرێت. دەوڵەتە ئەوروپییەکانیش نیگەرانی خۆیان دەربڕی و روسیاش دژی بڕیارەکەی ترەمپ وەستایەوە، گەرچی سعودیە وئیمارات و بەحرین و ئیسرائیل ، بەگەرمی پێشوازییان لەبڕیارەکەی ترەمپ کرد. میدیاکانی جیهانیش دەڵێن: جیهان و ناوچەکە لەپاش ئەم بڕیارەی ترەمپ، بەرەو ئاڵۆزی زیاتر هەنگاو دەنێت.

چاوەڕوانکراو بوو
هەروەکو چاوەڕوانکراوبوو، رۆژی سێ شەممە لە کۆشكی سپی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری پابەند نەبوونی ئەمریکا بەرێکەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2005 لەنێوان ئێران و دەوڵەتانی 5+1 راگەیاند. ترەمپ لە وتەیەکەیدا رایگەیاند: ئەم رێکەوتنە هیچ ئاشتیی و ئارامییەکی لە رۆژهەڵاتی ناڤین دابین نەکردووە، بگرە بەپێچەوانەوە هێندەی تر رۆڵی تێکدەرانەی ئێران لە ناوچەکە زیاتر کردووە و نا ئارامی و پێشویی زۆری لە ناوچەکە دروستکردووە. راشیگەیاند: ئەم رێکەوتنە هیچ رێگرییەکی تێدا نییە، بۆ بەرنامەکانی ئێران لەبواری پێشخستنی موشەکی بالیستیی.

ئێران پابەندە
هەرلەپاش وتەکەی دۆناڵد ترەمپ، حەسەن رۆحانی سەرۆکی ئێران لە وتەیەکیدا رایگەیاند: رێکەوتنە ئەتۆمییەکەی نێوان ئێران و دەوڵەتانی 5+1 ، رێکەوتنێکی نێودەوڵەتییە و ئێرانیش پابەند دەبێت پێوەی. دواتریش رەخنەی توندی ئاڕاستەی ئەمریکا کردو رایگەیاند: ئەمریکا بەم بڕیارەی متمانەی خۆی لەجیهاندا دۆڕاندووە،پێشتریش ئەمریکا لە رێکەوتنامەی پاریس بۆ بواری ژینگە دەرچووە، کەرێکەوتنامەیەکی نێودەوڵەتی بووە. وتیشی: ئێران لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوڵەتانی تری رێکەوتنەکە، بەردەوام دەبێت. میدیای ئێرانیش لەدژی ئەمریکا هێرشی توندیان دەستپێکردوو.

ئەوروپا نیگەرانە
پێشتر چەندینجار دەوڵەتانی یەکێتی ئەوروپا بەتایبەتی « ئەڵمانیا و فەرەنسا و بەریتانیا» داوایان لەئەمریکا کرد، کە لە رێکەوتنەکە نەکشێتەوە ،بەڵام سوودی نەبوو. لەپاش بڕیارەکەی ترەمپیش، هەرسێ سەرانی ئەڵمانیا و فەرەنسا و بەریتانیا « ئەنجیلا مێرکلی راویژکاری ئەڵمانیا ، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا، تیریزا مای سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا» لەبەیانێکی هاوبەشدا نیگەرانی خۆیان دەربڕی و رایانگەیاند: ئێمە نیگەرانین لەبڕیارەکەی ترەمپ بە کشانەوەی لە رێکەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێران، هیواداریشین کە ئێران پابەند بێت بەرێکەوتنەکەوە.

روسیا نیگەرانە
لەبەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی روسیا نیگەرانی خۆی راگەیاند: ئەم بڕیارەی ترەمپ مایەی بێ ئومێدبوونمانە. ئەمریکاشی تۆمەتبار کرد کە بەم بڕیارەی متمانەی جیهان بە ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی کەم دەکاتەوە.

سعودیە و ئیسرائیل خۆشحاڵن
بەپێچەوانەی دەوڵەتانی جیهانەوە، وڵاتانی « سعودیە و ئیمارات و بەحرین و ئیسرائیل» خۆشحاڵی خۆیان بۆ بڕیارەکەی ترەمپ دەربڕی و بەکارێکی راست و دروستیان دانا.

جیهان نیگەرانە
زۆربەی میدیاکانی جیهان باس لەوە دەکەن، ئەم بڕیارەی ترەمپ هێندەی تر ئاشتیی و ئارامی ناوچەکە و جیهان دەخاتە مەترسییەوە. هەربۆیە چاوەرێی کاردانەوەی خراپ لەم بڕیارەی ترەمپ دەکرێت.

سەرچاوە:ئاژانسەکان

 367 جار بینراوە