سەرەکی » وتار » بورهان شێخ ڕەئوف‌ » عەبادی باجی گەندەڵی دا

دەر و دراوسێ

عەبادی باجی گەندەڵی دا

ئەگەرچی دكتۆر حەیدەر عەبادی و لیستەكەی بۆ هەڵبژاردنی گشتی عیراق بە ناوی لیستی سەركەوتن (النصر ) ناوەزەند كردبوو بە پشت بەستن بە ئەو سەركەوتنانەی كە هاوپەیمانی نێو دەوڵەتی و كوردو هەموو هێزەكانی تری عیراق و بەكۆمەكی ئێران بەسەر دەوڵەتی ئیسلامی لەعیراق و شام دا بە دەستی هێنا بوو لە هەمان كاتدا لێدوانەكانی بۆ لەناوبردنی هەوڵی جوداخوازەكان كە مەبەستی ڕیفراندۆمەكەی هەرێمی كوردستان بوو كە خۆی لە گێڕانەوەی كەركوك و هەموو ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم بۆ ژێر دەسەڵاتی حكومەتی ناوەندی و خۆنمایشكردن وەكو پاڵەوانی سەركەوتووی دوو جەنگ تیرۆر و پاراستنی یەكپارچەیی خاكی عیراق.
بەڵام هەر دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەكان دەركەوت ئەو دروشم و بانگەشانە فریای عەبادی نەكەوتن هەرچەندە لەلایەن ئەمریكاو كۆمەڵگای نێو دەوڵەتیەوە پشتیوانی لێدەكرا،سەرەڕای ئەوەی هەوڵی دابوو لیستەكەی سنووری تائیفیەت و ئتنیك تێبپەڕێنێت بە بەشداریكردنی سونەو شیعەو كوردو توركمان كەچی نەبوو بە هێزی یەكەم و لیستی سائرون ی نزیك لە مقتەدا سەدر و لیستی فەتح ی هادی عامری كە هەموو باڵەكانی حەشدی شەعبی لە خۆ دەگرێ‌ پێشی كەوتن .

بۆ پێش نەكەوت ؟
دەكرێ‌ بپرسین دكتۆر عەبادی ئەو ئەندازیارە كارەباییە كە لە زانكۆی مانچستری بەریتانیا خوێندنی تەواو كردبوو یەكێك لە سەكردەكانی حزبی دەعوە بوو كە ساڵانێكی زۆر لە ڕیزی ئۆپۆزسیۆنی عیراقدا بوو بۆ نەیتوانی متمانەی دەنگدەرانی عیراق بە دەست بهێنێت بە پلەی یەكەم ؟
1. هەرچەندە عەبادی لەسەرەتای دەست بەكاربوونی وەكو سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق بەڵێنی ئەوەی بە گەلانی عیراقدا كە بەهەموو تواناكانیەوە بە گژی گەندەڵیدا بچێتەوە ئەگەر سەریشی دانابێت، بەڵام لەڕووی پراكتیكەوە نەیتوانی ئەو بەڵێنەی بە جێبهێنێت هەرچەندە زۆركەس و لایەن ئەو گەواهیەی بۆ دەدەن كە ئەو ساڵانەی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانیش بووە دەنگێكی دلێرو بەرز بووە بەرامبەر گەندەڵی بەڵام وادیارە پێكهاتەی حكومەت و لاوازی پێگەی لە نێو حزبی دەعوەدا ئەو بوارەیان بۆ نەڕەخسان بەربە تەوژمی توندی گەندەڵی و گەندەڵكاران بگرێت .
2. خاڵێكی تری گرنگ و هەستیار كە ڕێگربوو لە پێشكەوتنی لیستەكەی عەبادی بوونی چەندین دەمووچاوو سەری دیاری حزبی دەعوە كە لە ساڵانی ڕابردوودا هاوبەشی دەسەڵات وئیمتازات و گەندەڵیەكان بوون لە هەمانكاتدا لیستە ڕكابەرەكانی دەیان دەمووچاوو سەری لاو نوێ‌ یان لە خۆ گرتبوو .
3. خاڵێكی تر ئەو هاوپەیمانێتیە بوو كە كە سەرەتا لەگەڵ لیستی فەتح ی هادی عامری كە سەركردەكانی حەشدی شەعبی و ڕەوتی حكمەی عەمار حەكیمی لەخۆ دەگرت پێكهێناو دواتر هەرەسی هێنا لە ژێر كاردانەوەو ناڕەزایتیەكانی شەقامدا .

ئازایەتی
ئەو خاڵەی كە زیاتر جێگەی مشتومڕ و گێرمەو كێشەی ڕكابەرەكانی بوو نەبوونی ئازایەتی و خواستی بەهێز بۆ بە گژاچوونەوەی گەندەڵی و لە ڕەگو ڕیشە هەڵكەندنی سەرەڕای بەڵێنەكانی نەیتوانی بیانخاتە بواری جێبەجێ‌ كردنەوە. هەرلە سەردەمی حوكمڕانی ئەودا یاسای لێبووردنی گشتی دەرچوو كە بواری ڕەخساند كە زۆر لە ماڤیاكان و دەستەو تاقمە ساختەچی و گەندەڵەكان كەماڵی گشتیان تاڵان كردبوو لە سزاو لێپرسینەوە دەرباز بن و بگڕێنەوە بۆ ژیانی ئاسایی خۆیان هەمان ڕۆڵی پێشووتریان ببینن .
بەڵێ عەبادی نەیتوانی بەر بەو تەوژمە ڕێكخراو و بەهێزەی گەندەڵی بگرێت سەرەڕای پشتیوانی مەرجەعیەتی شیعە كە خۆی لە سید سیستانی دەبینێتەوە جگە لە پشتیوانی بە هێزی شەقامی عیراقی هەرچەندە لە چەندین بۆنەی جیاوازدا بەڵێنی ئەوەی دابوو كەچۆن بەسەر تیرۆرو تیرۆریستاندا سەركەوتین ئاواش بەسەر گەندەڵی و گەندەڵكاراندا سەردەكەوین .
لەلایەكی ترەوە هەندێك لە چاودێرانی دۆخی عیراق لەو بڕوایەدان مانەوەی عەبادی لە ڕیزەكانی حزبی دەعوەدا هۆكاری سەرەكی بوون لەوەی كە نەتوانێت متمانەی خەڵكی عیراق بەدەست بهێنێت و لەڕیزی پێشەوە بێت.

 345 جار بینراوە