سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » «ئامین» دەچێتە ڤیستیڤاڵی سینەمایی کان

«ئامین» دەچێتە ڤیستیڤاڵی سینەمایی کان

ئەڵمانیا، بورهان ئەمین

گەنجێکی بەسةلیقەی کورد لە تاراوگە فلمێکی کورتی سینەمایی دەرهێناوەو لەفیستیڤاڵی بەناوبانگی جیهانی «کان» دا بانگێشتنامەی بۆ هاتوەو بەشداری ئەو کێبڕکێیە دەکات.
« ئامین» ئەو فیلمە کوردیە ١٥ خولەکیەیە کە لەلایەن « پافڵ سەرهەنگ» کوردی دانیشتوی وڵاتی هۆڵەنداوە دەرهێندراوە، باس لە پەنابەرێک دەکات کە لە هۆڵەندا دەژیت، زۆر هەوڵ دەدا تێکەڵی ژیان و کۆمەلگای ئەو وڵاتەبێ و کارێک بدۆزێتەوەو و ژیانێکی تازە دەست پێبکات، بەڵام لەگڵل هەر هەنگاوێک کێشەو گرفتی زیاتر دێنە سەر ڕێگای و تووشی خەڵکی توندرەو دەبێ، دوای بیستنی هەواڵی کوژرانی خانەوادەکەی بە تەواوی شێت دەبێ وهەستێکی زۆر لە ناخی پەیدا دەبێت،بۆ تۆڵە کردنەوە،هەمیشە بیرلەوەدەکاتەوە کە ئایا تۆلەکەی خۆی لەناو کۆمەڵگەی هۆلەندی بکاتەوە یان ڕێگایەکی دیکە هەڵبژێرێت.
لەفیلمی ئامیندا، «سۆهراب بەیات» و»دلبرین ئاکرەیی»ڕۆڵی سەرەکی دەبینن کە هەردووکیان پێشتر بەنواندن بەشداری فیلمی سینەماییان کردووە ،ئامین بۆ یەکەم جار لە جیهان لە کان نمایشدەکرێ ولە هۆڵەنداش هەڵبژاردەی فێستیڤاڵی فیلمی ڕۆتەردامە بە ناوی Rotterdam open doek film festival 2018
لەدیمانەیەکی کوردستانی نوێدا»پافڵ سەرهەنگ» لەسەر ئەم بەرهەمەی وتی: پێش ماوەیەک فیلمه‌كه‌م نارد بۆ فیستیڤاڵی جیهانی كان ، هەر دوو رۆژی پێنەچوو ئاگاداریان کردینەوە کە فیلمەکەت وەرگیراوە و پاش دوو رۆژیتر بانگهێشتنامەی بەشداربوونیان بۆ ناردین. من پێم وایە ئەگەر لە ڤیستیڤاڵەکە بە پلەی یەکەمیش دەرنەچین، سەرکەوتنێکی زۆر گەورەیە وەکوو کوردێک کە نۆبەرەی کورتە فیلمێکم بگاتە یەکێ لە بەناوبانگترین و گەورەترین فیستیڤالی جیهانی نمایش بکریت کە چەندین دەرهێنەر و ئەکتەر و میدیای جیهانی بشدار دەبن،کە ئەمەش دەبێتە هۆی ئاشنابوون و یەکترناسین لەگەڵ هونەرمەندان و ئەکتەر و ڕاگەیاندکارانی جیهانی لەم فیستیڤاڵە گەورەیەدا
سەرهەنگ لەبارەی ئەو کەس ولایەنانەی کە هاوکاریان کردوە بۆبەرهەمهێنانی ئەم فلیمە سوپاسی هەموو ئەو کوردە دڵسۆزانەیکرد کە بە پێشوازییەکی گەرمەوە هاوکارییان کردوە و لەڕێی یارمەتی ئەوانەوە بەشێک لە بوودجەی بەرهەمهێنانی فیلمەکە دابین کراوە
« بافڵ سەرهەنگ» لە شاری هەولێر لەدایک بوە، لە ساڵی ١٩٩٣ەوە لە وڵاتی هۆڵەندا لەگەڵ خانەوادەکەی دەژی،بە قسەی خۆی هەر لە منداڵیەوە چەندین بەهرەی هونەری لە ناخیدایە پەنگی خواردوە، وەک هونەری وێنەکێشان، موزیک، شیعر، نواندن، لە خوێندنگایسەرەتاییەوە لە زۆر بۆنە بەشداری کردووە،لە ساڵی ١٩٨٩ لە شاری سەقز لە خۆرهەڵاتی کوردستان بەشداری شانۆگەری ( نێرگز و مەرگی هەڵەبجە )ی کردوە لە دەرهێنانی هونەرمەند «قادرۆک» ئەو دەشڵێت من وەکو دەرهێنەر چەندین ساڵە کار دەکەم لە بواری کلیپ و ئاوازدانان و نووسینی شیعری گۆرانی بۆ چەند هونەرمەندێک لەناوەوەو دەرەوەی کوردستان، هەروەها لە بواری بەرهەمهێنان و دەرهێنەری تەلەفزیۆنیش کارم کردووە، ئەو هونەرمەندە لاوە کوڕی» هیوا سەرهەنگ» کادیری پێشکەوتوی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە لە وڵاتی هۆڵەندا.

 169 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*