سەرەکی » دۆسێ » حودەیدە گەورەترین شەڕی جەنگی یەمەنپەڕە 4

ئەنجومەنی ئاسایش نیگەرانە

حودەیدە گەورەترین شەڕی جەنگی یەمەن

ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، داوای كردووە، بەندەری ستراتیژی حودەیدە كە لەلایەن چەكدارانی حوسییەوە دەستی بەسەرداگیراوە لە یەمەن بە كراوەیی بمێنێتەوە، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی هاوپەیمانی عەرەبی بە سەركردایەتی سعودیە كە لەو ناوچەكانی خۆرئاوای ئەو وڵاتە بەرپاكراوە.
ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە 14ی حوزەیرانی 2018، لە كۆبوونەوەیەكی نائاساییدا كە بریتانیا بانگەشەی سازدانی كردبوو، رایگەیاندبوو»ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش كۆكن لەسەر پێویستی هێشتنەوەی بەندەری حودەیدە بە كراوەیی، تا قەیرانی مرۆیی لە یەمەن هێندەی تر روو لە خراپوون نەكات».
هێزەكانی هاوپەیمانی عەرەبی بە سەركردایەتی سعودیە، بەرەو بەندەری سەرەكی یەمەن پێشڕەوییان كردبوو، ئەوەش لە گەورەترین شەڕی (جەنگی یەمەن) كە بۆتە مایەی دروستكردنی خراپترین قەیرانی مرۆیی لە جیهاندا.
عوبێد سالم زوعبی باڵێوزی ئیمارات لە نەتەوە یەكگرتووەكان، لە جنێڤ لە رۆژنامەوانانی راگەیاندبوو، هێزەكانی هاوپەیمانی هیچی وەهایان نەماوە بچنە فڕۆكەخانەی شارەكە.

شەڕی بەندەری حودەیدە
شەڕ و پێكدادانەكانی نێوان هێزەكانی حكومەت (لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دانپێدانراوە) و لەلایەن هاوپەیمانی عەرەبی بە سەرۆكایەتی سعودیەوە و ئیمارات، پشتیوانیان لێدەكرێت، لەگەڵ حوسییەكان (لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانیان لێدەكرێت)، بۆ دەستگرتن بەسەر بەندەری حودەیدەی ستراتیژی لە خۆرئاوای ئەو وڵاتە، چڕبوونەوە.
بەپێی راپۆرتەكان لە یەمەن، 13 چەكداری حوسیی و 9 سەربازی هێزە حكومییەكان كە لەلایەن هاوپەیمانی عەرەبیەوە پشتوان لێدەكرێت، كوژراون.
نەتەوە یەكگرتووەكان رووبەڕووی ئاستەنگ دەبێتەوە لە هەوڵەكانی بۆ بەدوورگرتنی ئەو بەندەرە كە بە شادەماریی ژیان لە بەمەن دادەنرێت و لە رێگەیەوە یارمەتیییە خۆراكییەكان بە بەهای 8.4 ملیۆن دۆلار دەگاتە دانیشتوانی ئەو وڵاتە كە خەریكە رووبەڕووی مەترسی برسێتی دەبنەوە.
ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەرلەنوێ‌ نیگەرانی خۆی بەرانبەر بە چارەنوسی مەدەنییەكان لە یەمەن دەربڕیبوو.
نزیكەی هەشت ملیۆن كەس رووبەڕووی مەترسی برسێتی بونەتەوە لەو وڵاتەدا كە جەنگ لەبەریەكی هەڵوەشاندووە، ئەو شارە كەنارئاوەش بە شوێنێكی ستراتیژی دادەنرێت بۆ گەیاندنی زۆربەی یارمەتییە دەرەكییەكان و پاشان بەسەر ئەو ناوچانەدا دابەش دەكرێت كە لەلایەن چەكدارە حوسییەكانەوە كۆنترۆڵكراون.
سەبارەت بە داواكەی سوید بۆ راگرتنی دەستبەجێی هێرشەكانی سەر حویدەیدە، پشتیوانی تەواوەتی دروست نەبوو تا گوشاری زیاتر بكرێتە سەر ئەنجومەنی ئاسایش.
ڤاسیلی نیبنسیا نوێنەری روسیا لە نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاندبوو»دەبێت هەموو لایەنەكان پابەندبن بە یاسا نێودەوڵەتییەكان».
شەڕی حودەیدە یەكێكە لە گرنگترین ئەو شەڕانەی كە تا ئەنجازەیەكی گەورە ململانێكان لە یەمەن یەكلایی دەكاتەوە، بە تایبەتیش كە تاكە رێگەی نێوان حوسییەكان و جیهانی دەرەوەی دەپچڕێنێت، رەنگە تەواوی ئەو رێگانەش بەڕوویاندا دابخرێت كە لێوەی كۆمەكەكانیان پێدەگات.
ئەمەش بەیەكەم جار دادەنرێت كە هێزە حكومییەكان بە پاڵپشتی هاوپەیمانی عەرەبی كە زۆربەی وڵاتەكانی كەنداو بەشدارن تێیدا وەها پێشڕەوی بكەن، ئەمەش لەپێناو دەستگرتن بەسەر شارێكی سەرەكی لە یەمەن كە ژمارەیەكی زۆری حوسییەكانی تێدایە.

گەورەترین شەڕ لە یەمەن
هەر لەو چوارچێوەیەدا، لە 14ی حوزەیرانی 2018، سەرۆك عەبد رەبە مەنسور هادی كە لە سعودیە دەژی، گەیشتبووە عەدەن، ئەمەش لە دوای زیاتر لە ساڵێك، بە یەكەم سەردانی ئەو پیاوە دادەنرێت بۆ ئەو شارەی كە دەكەوێتە باشووری یەمەن.
عەدەن لە ساڵی 2015وە پایتەختی كاتی حكومەتی یەمەنییە.
هادی رایگەیاندبوو»سەركەوتنیان لە حودەیدە، كۆتایی تێكشكاندنی تەواوەتی دەبێت بەسەر كودەتادا، دەروازەیەكیش بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی پایتەختە رفێنراوەكەیان و هەنگاوێكی گەورەیە بۆ سەپاندنەوەی هەژموونی دەوڵەت بەسەر بست بە بستی نیشتمان».
هەر لەو دەمەدا، ئاژانسی دەنگوباسی ئیمارات (وام) ئاماژەی بە كۆنترۆڵكردنی ناوچەكانی دەوروبەری فڕۆكەخانەی حودەیدە كردبوو لەلایەن هێزە حكومییەكان و باسی لە «بەدیلگرتن و كوشتنی دەیان حوسی»یش كردبوو.
لەگەڵ ئەوەشدا ئاژانسەكە باسی لە كوژرانی چوار سەربازی وڵاتەكەش كردبوو، بەبێ‌ ئەوەی وردەكاریی زیاتر لەبارەی كوژرانەكەیانەوە بخاتەڕوو.
سەرچاوە پزیشكییەكان لەو ناوچانەی ئۆپەراسیۆنەكەی تێدا بەڕێوەدەچێت رایانگەیاندبوو، لە ئەنجامی بۆردومانەكانی هاوپەیمانی عەرەبی، 22 چەكداری حوسی كوژراون.
سەرچاوەكان لە هاوپەیمانی عەرەبیەوە رایانگەیاندبوو كە لە 13ی حوزەیراندا 18 هێرشی ئاسمانی لەلایەن هاوپەمانییەوە كراوەتە سەر پێگەی حوسییەكان لە دەوروبەری حودەیدە.
حوسییەكانیش لە وەڵامدا رایانگەیاندبوو كە بە موشەك كەشتییەكی جەنگی سەر بە هێزەكانی هاوپەیمانی عەرەبییان تێكشكاندووە، هەرچەندە تەئكید لەسەر رووداوەكە نەكرابۆوە.
لە 14ی حوزەیران، پیاوان و ژنان لەو ناوچانەی لە شاری حودەیدە دەستی توندوتیژییان پێنەگەیشتبوو، ریزییان بەستبوو كە یارمەتییە مرۆییەكان لە رێكخراوە خێرخوازەكان وەربگرن.
نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێت، 22 ملیۆن یەمەنی پێویستییان بە یارمەتی مرۆیی هەیە، ژمارەی ئەوانەش كە هەڕەشەی برسێتییان لەسەرە رەنگە بگەنە ئەو ژمارەیە، گەر دۆخەكەش باشنەكرێت لەگەڵ كۆتایی ئەمساڵدا ژمارەكە 18 ملیۆن كەس تێدەپەڕێنێت.

نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێت، بەردەوام دەبێت لەسەر پێشكەشكردنی یارمەتییە مرۆییەكان. لیز گراندی رێكخەری رێكخراوی كاروباری مرۆیی لە یەمەن، لەو بارەیەوە رایگەیاندبوو»ئێمە لەوێیین و یارمەتییەكان دەگەیەنین. حودەیدە بەجێناهێڵین».
بەو هێرشە كە شرۆڤەكاران لەبارەیەوە دەڵێن گەورەترین شەڕە تاوەكو ئێستا لە جەنگی یەمەن، مەترسی ئەوەی لێدەكرێت ببێتە مایەی كوژرانی ژمارەیەكی زۆر لە دانیشتوانی شارەكە كە ژمارەیان 400 هەزار كەس دەبێت.

خاچی سور كارمەندەكانی لە یەمەن دەكێشێتەوە
هەر لەو چوارچێوەیەدا و بەهۆی ئاڵۆزبوونی زیاتری دۆخی یەمەن لە ئەنجامی شەڕی حودەیدە، لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سور، زیاتر لە حەفتا كارمەندی بیانی خۆی لە یەمەن پاشەكشەپێدەكات، ئەوەش بەو هۆیەی دەڵێت، رووبەڕووی « هەڕەشە و تۆقاندن بونەتەوە لەلایەن لایەنە ناكۆكەكانی ئەو وڵاتە».
ئەو لیژنە فریاگوزارییە نێودەوڵەتییە لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی 2018 رایگەیاندبوو، 71 كارمەندی خۆی بەهۆی رووداوە ئەمنییەكان و هەڕەشەكانەوە، لە یەمەنەوە بۆ جیبۆنی گواستۆتەوە.
لیژنەكە داوای لە هەموو لایەنە ناكۆكەكانی یەمەن كردبوو، كە سێ‌ ساڵە لە دژی یەك شەڕ دەكەن، گرەنتی ئەمنی بۆ دابین بكەن تا بتوانێت درێژە بە كارەكانی بدات لە پێشكەشكردنی یارمەتی و هاوكاریی لە بواری چاودێری پزیشكی و ئاو و خۆراك، هۆشداریشی دابوو لەوەی كە هەوڵەكانی بە پاشەكشەپێكردنی كارمەندانی كاریگەرییان لەسەر دروست دەبێت.
خاچی سوری نێودەوڵەتی پێشتر دۆخی مرۆیی لە یەمەندا بە «كارەساتبار» وەسفكردبوو، پاش ئەوەی 3 كارمەندی رێكخراوەكە لەو وڵاتە رفێنران كە یەكێكیان تونسی بوو و لە پایتەختی یەمەن رفێنرابوو.
ماری كلیر فغالی، وتەبێژی لیژنەی خاچی سوری نێودەوڵەتی رایگەیاندبوو، تائێستاش نزیكەی 450 كارمەندی رێكخراوەكە لە یەمەندان كە دەیان كەسیان بیانین.
خاچی سور لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندبوو:»لەئێستادا و لەم چەند هەفتەیەی رابردوو، چالاكییەكانی رووبەڕووی ئاستەنگ و هەڕەشە و بەئامانجگرتنی راستەوخۆ بونەتەوە، هەوڵێكی بەهێزیش بەدی دەكەن كە دەیەوێت رێكخراوەكەیان لە ململانێكاندا بەكاربهێنرێت».
كارمەندێكی لوبنانی لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سور، لە 21ی نیسانی رابردوو، لەكاتی سەردانی یەكێك لە گرتوخانەكان لە شاری تەعزی باشووری خۆرئاوای یەمەن، بەدەستی ژمارەیەك چەكدار نەناسراو كوژرابوو كە تەقەیان لە ئۆتۆمبێلەكەی كردبوو.
خاچی سور لە بەیاننامەكەیدا رایگەیاندبوو:»لەكاتێكدا وەفدەكەیان لە یەمەن رووبەڕووی چەندان هەڕەشەی جۆراوجۆر بۆتەوە، لە پاش كوژرانی یەكێك لە كارمەندەكانیان، ناتوانن مەترسی زیاتر قبوڵ بكەن. ئاسایشی كارمەندەكانیان كە رووبەڕووی هەڕەشە و تۆقاندن دەبێتەوە لەلایەن لایەنە ناكۆكەكان، بۆ ئەوان بە مەرجی پێشینە دادەنرێت لەپێناو درێژەدان بە كارەكانیان، ئەو مەرجەش هەرگیز سازشی لەسەر ناكەن گەر بڕیار بێت لە یەمەندا بمێننەوە».
لە 2015وە هاوپەیمانی عەرەبی بە سەركردایەتی سعودیە و ئیمارات، بەشداریی لە جەنگی دژ بە یاخیبووە حوسییەكاندا دەكات كە دەگوترێت سەر بە ئێرانن و لە ساڵی 2014وە دەستییان بەسەر سەنعای پایتەخت و ناوچەیەكی فراوانی یەمەندا گرتووە.
لای خۆیەوە نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاندبوو، بەنیاز نییە كارمەندەكانی خۆی لەو وڵاتە پاشەكشەپێبكات. ینس لایركە، بەرپرسی نوسینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ رێخستنی كاروبارە مرۆییەكان رایگەیاندبوو:»دەكرێت تەئكید لەسەر مانەوەی كارمەندانی نەتەوە یەكگرتووەكان (نێودەوڵەتییەكان و ناوخۆییەكان) بكەنەوە لە یەمەن و لە پێنج ناوچە مەیدانییە چالاكەكە (عەدەن و حودەیدە و ئیب و سەعدە و سەنعا)».
هەر لەو چوارچێوەیەدا دامەزراوەی بەندەرەكانی سەر رۆخی دەریای سور لە یەمەن رایگەیاندبوو»لەم ماوەیەی دواییدا هێزێكی نەناسراو پەلاماریی كەشتییەكی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكانی دابوو لە بەندەری حودەیدە».
لەگەڵ نزیكبوونەوەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەسەركردایەتی سعودیە لە بەندەری حودەیدە، ئاژانسە فریاگوزارییەكان ترسی ئەوەیان هەیە، شەڕێكی گەورە دروست ببێت و ئەو شادەمارە گرنگە لەگەڕبخات كە ژیانی چەندان ملیۆن هاوڵاتی یەمەنی لەسەر بەندە كە بەدەست برسێتییەوە دەناڵێنن.
بەپێی دوایین پێشهاتەكانی شەڕو پێكدادانەكانیش لە حودەیدە، هێزەكانی هاوپەیمانی عەرەبی بە سەركردایەتی سعودیە چوونەتە نێو فڕۆكەخانەی شارەكە و قەیرانی مرۆییش لە وڵاتەكەدا تا دێت قوڵتر دەبێت.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

یەکخستنی هێزە چەكدارەكان و راوبۆچوونە جیاوازەكان

بانگەشە و داواكارییەكان بۆ یەكخستنی هێزە چەكدارەكانی عیراق، لەلایەن هەندێكەوە ...