سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » دادگایەکی ئەڵمانیا لێکۆڵینـەوە لـە دڕنـدەیی ڕژێمی سوریا دەکات

دادگایەکی ئەڵمانیا لێکۆڵینـەوە لـە دڕنـدەیی ڕژێمی سوریا دەکات

شەڕی شەش ساڵەی سوریا جگە لەوەی هەزاران کەسی تێدا کوژراوەو بوونەتە قوربانی  سیاسەتی زلهێزەکانی جیهان، ملیۆنان کەسیش بەهۆیەوە سەرگەردان و ئاوارەبون و دەیان هەزار کەس لەزیندانەکانی ڕژێمی ئەسەد لەژێر ئازارو ئەشکەنجەی پیاوانی ئەو ڕژێمە گیانیان لەدەستداوە، زۆر لەوانەش شوێن بزرکراون و کەس نازانێت چیان لێ بەسەرهاتووه‌. لەمبارەیەوە ئۆفێسی ئەوروپی بۆ مافی مرۆڤ ئاشکرایکردووە کە ٢٨٠٠٠ وێنەو دۆکۆمێنتی ئەوکەسانەی خستۆتە بەردەم داداگایەکی ئەڵمانی بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی ئەو ڕژێمە بەرامبەر بە هاوڵاتیانی خۆی.

دۆکۆمێنتی زۆریان لایه‌
پێگەی» شپیگل ئۆنلاینە» لە ڕاپۆرتێکیدا کە زانیاری ئەو ئۆفیسەی کردۆتە سەرچاوەی خۆی ئاماژە بەوە دەکات کەئەو دەیان هەزارە دۆکۆمێنتە شایەتی ئەوە دەدەن کە ڕژێمی ئەسەد، چ کارەساتێکی مرۆیی لەناو زیندانەکانیدا ئەنجام دەداو چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەوکەسانە دەکات کە بەنەیاری خۆی دەزانێت.
سزادانی به‌رپرسانی رژێم
 لەمبارەیەوە»ڤۆلڤگەنگ کالیک» ئەمینداری ڕێکخراوەکە به‌ گۆڤاره‌که‌ی  ڕایگەیاندوە کە ئەو بەڵگەنامە گرنگانە،  مێژوو وشوێنیان دیاریکراوەو هەمویان خراونەتە بەردەستی دادگای باڵای ئەڵمانی و واخەریکن لێکۆڵینەوە دەکەن، لەسەرچۆنیەتی دەرکردنی بڕیارێکی نێودەوڵەتی بۆ گرتن و سزادانی ئەو کاربەدەستە سوریانەی کە دەستیان هەیە لە تاوانی ئازارو ئەشکەنجەدانی ئەو زیندانیانە.
وێنه‌کانی قه‌یسه‌ر
بەپێی زانیاریەکانی ڕاپۆرتەکە ئەو وێنانە هەمویان وێنەگرێکی سەربازی سوری کەناوی لەخۆی ناوە « قەیسەر» لەساڵی٢٠١١ تا ٢٠١٣ بەدواوە گرتونی، کە ئەوکات خۆی لەناو ئەو زیندانانەدا وەک چاودێر کاری کردووە،هەر ئەو ماوەیەش لەسوریا ڕایکردوەو خۆی گەیاندۆتە فەرەنسا دوای ئەوەش لەوڵاتێکی ئەوروپی نیشتەجێکراوە کە لەوەدەچێت ئەڵمانیا بێت، بەڵام شوێنەکەی دیاری نەکراوەو حکومەت بەنهێنی مامەڵەی لەگەڵ دەکاو دەیپارێزێت.
55 هه‌زار وێنه‌
قەیسەر لەماوەی ئەو دوو ساڵەدا لەناو زیندانەکانی رژێمی ئەسەددا، ٥٥ هەزار وێنەی ئەو کەسانەی گرتووە کە لەلایەن پیاوانی ڕژێمەوە ئەشکەنجە دراون وخوێن لە جەستەیان دێتەخوارەوەو لەژێر ئازاری لێدانی جەللادەکانی ڕژێمدا هاوار دەکەن و زۆریشیان دەمودەست دەمرن.
رۆژنامه‌نووسێکی فه‌ره‌نسی یارمه‌تیداوه‌
لەکاتی گەیشتنیشی بەئەوروپا لەڕێی رۆژنامەنوسێکی فەرەنسیەوەبەناوی « گارانس لۆکایسن» پێشکەش بە ئەو ڕێکخراوە گەورەیەی ئەوروپا کراوەو ڕێکخراوەکەش خستویەتیە بەردەم داداگای باڵای ئەڵمانیا، چونکە دەستوری ئەو وڵاتە ڕێ بەوە دەدات لەدەرەوەی سنوری خۆی، پۆلیسی نیودەوڵەتی بەدوای  تاوانبارانی دژ بەمافی مرۆڤ بگەڕێ و دەستگیریان بکات، کە دەستیان لەو کارە نامرۆڤانانەدا هەبێت.
قه‌یسه‌ر خه‌ڵات کرا
لەساڵی ٢٠١٤ ژمارەیەک لەو وێنانە لەهەندێ کەناڵی میدیای جیهانی بڵاوکرانەوەو بێڕەحمی و وەحشیگەرانەی پیاوانی ئەسەدیان بەدونیا ناساند، لەچۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ نەیارەکانیدا،بۆیە ساڵێک دوای ئەوەی ڕێکخراوی»هومان ڕایتس ۆچ» ڕایگەیاند کە ئەو وێنانە دۆکۆمێنتی حاشاهەڵنەگرن بۆ دڕندەیی ئەو ڕژێمە، لەپای ئەو کارە ناوازەو مرۆڤدۆستانەی، قەیسەر سەرپەرشتکارانی خەڵاتی نۆرەنبێرگی ئەڵمانی بۆ مافی مرۆڤ بۆ ئەمساڵ ،خەڵاتەکەیان پێ بەخشی و بەمرۆڤێکی ئاشتیخوازو هاوکارو دیموکراسیخواز ناویان بردوو، لەریوڕەسمێکدا رێزێکی زۆریان لێنا.
ئه‌ڵمانیا ده‌توانێت ده‌ستگیریان بکات
شپیگل ئۆنلاین ئاشکرای دەکات کە جگە لەوانەش هەزاران دۆکۆمێنتی هاوشێوەی ئەوانە لەدژی ڕژێمی ئەسەد لەلایەن ئەو کۆچبەرانەوە پێشکەشکراون، کە داوای مافی پەنابەرێتیان لە ئەڵمانیا کردووەو تائێستا داداگا بڕیاری لە١٢ لەو دۆسیانەداوەو بەپێیەوە ژمارەیەک بەرپرسی سوری ئیدانە کراون و داداگا داوای دەستگیرکردنیان دەکات، هەروەها سەدانی تریش لیکۆڵینەوەیان لەسەردەکرێ وئەڵمانیا لەڕێی دادگای ئەوروپی و دامودەزگا ئەمنیەکانیەوە، دەتوانێت بەدوایاندا بگەڕێ لەدەرەوەی سوریا دەستگیریان بکات.
تاوانه‌کانی ره‌فعه‌ت ئه‌سه‌د
لەلایەکی تریشەوە ڕۆژنامەی «تاگس ئەنسایگە»ئاشکرای کردووە کە داداگای باڵای سویسراش سکاڵایەکی لەڕێکخراوی Trial تایبه‌ت بەمافەکانی مرۆڤ پێگەیشتوە سەبارەت بەتاوانەکانی ساڵی ١٩٨٢ی ڕژێمی سوریا کەئەوکات ڕەفعەت ئەسەدی مامی بەشار ئه‌سه‌د، بەرپرسی یەکەیەکی سەربازی سەربە حافز ئەسەد بووەو لەشاری «حەما»لەدژی نەیارانی حکومەت قەسابخانەیەکی بێ وێنەی ناوەتەوەو لەماوەی یەک مانگدا دەیان هەزاری بەدڕندەترین شێواز کوشتوەو تەرمەکانیشیان سوتاندون هەندێکیشیان زیندەبەچاڵ کردوون. ئەوداگایەی سویسرا لەساڵی ٢٠١٣ ئەو سکاڵایەی پیگەیشتوەو لێکۆڵینەوەی چڕوپڕیان کردووەو گەیشتونەتە ئەوەی کە ڕژێمی سوریا تاوانی شەڕو مرۆڤکوژی ئەنجامداوە.
وڵاتانی تری ئه‌وروپاشی گرتۆته‌وه‌
جگەلەمانەش ژمارەیەک ڕێکخراوی مرۆیی و چالاکوانانی سیاسی و ڕێکخراوەیی سوری و غەیرەسوری، چەندین سکاڵایان داوه‌ته‌ دادگاکانی هەریەک لە فەرەنساو ئیسپانیاو ئەڵمانیا و دەیان دۆسیەی لەم شێوەیە هەن که‌دژی ڕژێمی سوریا وحیزبی بەعس پێشکه‌شكراوه‌، که‌ چۆن  هەمیشە لەدژی هاوڵاتیانی خۆیان کاری وەحشیگەرانە نامرۆڤانەیان ئەنجامداوەو کاتێک بڕیاری یەکلاکەرەوە بددەن، ئەوسا لەلایەن پەرلەمان وحکومەتەکانەوە، تاوانی هەڵگیرساندنی شەڕی دەدرێتە پاڵ.

 235 جار بینراوە