سەرەکی » راپۆرت » بەردی بناغەی كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر دانرا

باڵیۆزی ئەمریكا لە عیراق: ئاماژەیە بۆ بەهێزیی مانەوەی پەیوەندییەكانی ئەمریكا ‌و هەرێمی كوردستان

بەردی بناغەی كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر دانرا

بەبۆنەی یادی سەربەخۆیی ئەمریكا، كونسوڵخانەی ئەمریكا لەهەولێر مەراسیمێكی تایبەتی رێكخست‌‌و بەردی بناغەی باڵەخانەی نوێی كونسوڵخانەی گشتیی وڵاتەكەی لەهەولێر، دانا.

لەمەراسیمەكەدا، كە رۆژی ٥/٧ بەئامادەبوونی ژمارەیەك لەسەركردایەتیی كوردو نوێنەری حزب‌و لایەنە سیاسییەكان‌و باڵیۆزو كونسوڵی وڵاتان‌و كەسایەتییە سیاسی‌و ئیداری‌و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بەڕێوەچوو، دۆگلاس سیلمان باڵیۆزی ئەمریكا لەعیراق‌و كین گرۆس كونسوڵی ئەمریكا لەهەولێر، لەوتەكانیاندا وێڕای ئاماژەدان بەبایەخ‌و پێگەی هەرێمی كوردستان، رایانگەیاند: وڵاتەكەیان سەرقاڵی دروستكردنی گەورەترین كونسوڵخانەیە لەسەر ئاستی جیهان لەشاری هەولێر، ئەوەش ئاماژەیەكی روونە بۆ بەهێزیی مانەوەی پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكاو هەرێمی كوردستان.
هەروەك لەوتەكانیاندا، جەختیانكردەوە لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان‌و ئەمریكا لەبوارەكانی سیاسی‌و ئابووری‌و كلتووری‌و هەروەها هاوكاریی سەربازیی لەشەڕی دژی تیرۆردا.

نووسراوێك لە كاربەدەستانی ئەمریكاوە
رۆژی ٦/٧یش، بەردی بناغەی باڵەخانەی نوێی كونسوڵخانەی گشتیی ئەمریكا لەهەولێر دانراو بەگوێرەی نووسراوێكی كاربەدەستانی ئەمریكاش لەهەولێر، كە بەشی كوردی رادیۆی دەنگی ئەمریكا ئاماژەی پێكردووە، باڵەخانەكە كۆمەڵگەیەكی فرە باڵەخانەییە لەسەر رووبەری ٥١ دۆنم زەوی‌و بودجەی پڕۆژەكەش ٧٩٥ ملیۆن دۆلارە، كە نزیكەی هەزار كەس لەهێزی كاری ئەمریكی‌و كەسانی خۆجێیی‌و وڵاتی سێیەم، لەبنیاتنان‌و دروستكردنی باڵەخانەكەدا بەشداردەبن‌و چاوەڕوان دەكرێت لەساڵی ٢٠٢٢دا تەواوبكرێت.

زۆرترین كەلوپەلی خۆجێیی ناوچەكە بەكاردەهێنرێت
لەبەشێكی نووسراوەكەدا، ئاماژە بەوەش كراوە كە پڕۆژەكە لەلایەن ئەنجومەنی باڵەخانەی سەوزی ئەمریكی بۆ رابەرایەتی لەدیزاینی وزەو ژینگەیی، تۆماركراوە‌و بەمەبەستی لەبەرچاوگرتنی هەرزانی لەنرخدا، دیزاینەكە زۆرترین كەلوپەلی خۆجێیی ناوچەكە بەكاردەهێنێت. لەپێناوی كەمكردنەوەی تێچوون‌و گرنگیدان بەژێرخانی خۆجێیی ناوچەكەو باشتركردنی توانای دوورمەودایی كۆمەڵگەكە، لەپڕۆژەكەدا ئاوی بەكارهاتوو دووبارە بەكاردێتەوە بۆ ئاودان.

كاری هونەریی هاوبەشی ئەمریكی كوردستانی
ئەوەش روونكراوەتەوە كە دیزاینەكە بەشێوەیەكی بەرچاو بەكارهێنانی ئاو لەناوەوە‌و دەرەوەی باڵەخانەو ئۆفیسەكان كەمدەكاتەوە. ئامێرەكانی تایبەت بەبەرهەمهێنانی كارەبا لەتیشكی خۆر جێگیر دەكرێن. هەروەك هەڵبژاردەیەكی هونەریی بەردەوامی لێ دەبێت، كە لەلایەن نووسینگەی هونەریی باڵیۆزخانەكانەوە ئامادەدەكرێت‌و پارچەی هونەری هەمەچەشن لەخۆدەگرێت، وەك تابلۆو وێنەو كاری چنینی دەست‌و پەیكەرتاشی‌و تیایدا كاری هونەرمەندانی ئەمریكی‌و هەرێم پیشان دەدرێن، كە بەشێوەیەكی سەرەكی تیشك دەخرێتەسەر ئەو كارە هونەریانەی دیالۆگی بەها كلتوورییە هاوبەشەكان لەنێوان ئەمریكییەكان‌و هونەرمەندانی وڵاتی خانەخوێ، لەخۆدەگرێت.

print

 69 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*