سەرەکی » ئابووری » هاوردەكردنی برنج، بازاڕی برنجی خۆماڵی كز كردوە

هاوردەكردنی برنج، بازاڕی برنجی خۆماڵی كز كردوە

وەرزی دروێنەكردنی چەڵتوكی برنج لە بەشێكی گوندەكانی سنووری شارۆچكەی پێنجوێن دەستپیێكردووە، بە وتەی خاوەن مەرەزەكانیش، باشترین جۆری برنجی كوردی لە باشووری كوردستان لە پێنجوێنە، بەهۆی هاوردەكردنی برنج لە دەرەوە، ناتوانین برنجەكەمان لە بازاڕدا ساغ بكەینەوە.

لەلایەن حكومەتەوە پشتگوێخراوین
وەرزی چاندنی مەرەزە لە هەرێمی كوردستان، لە سەرەتای مانگی نیسان-ەوە دەستپێدەكات، پێویستی بە ئاوڕێكی زۆر هەیە، لەكۆتایی هەفتەی یەكەمی مانگی ١٠ دەست دەكرێت بە دروێنەكردن، ئەمساڵیش بەهۆی كەمی سەرچاوەی ئاوەوە رێژەی بەرهەمی برنج، لە گوندی (چەوتان)ی سەر بە شارۆچكەی پێنجوێن رووی لە كەمی كردووە.
جەمال ئەحمەد، یەكێك لە جووتیارانی گوندی چەوتانی سەر بە شارۆچكەی پێنجوێنە، بە ماڵپەڕی رۆژنیوزی وت:»بەهۆی سازگاریی ئاوەكەی و بەپیتیی خاكەكەی و لەباریی كەش و هەواكەی، گوندی چەوتان بە یەكێك لەو گوندانە هەژمار دەكرێت كە باشترین جۆری برنجی كوردیی لێ بەرهەم دێت، شان بە شانی گوندی بانی خێڵان، هەر ئەو بەناوبانگییەش وایكردووە كە ئێستا لە بازاڕەكاندا چەند كۆمپانیایەك، برنج بەناوی برنجی چەوتان بفرۆشن».
جەمال، ئاماژەی بەوەشكرد: «هاوشێوەی جووتیارانی تر كە بەرهەمە جیاوازەكان دەچێنن، ئێمەش لەلایەن حكومەتەوە پشتگوێخراوین، سەرەڕای ئەوەی كە ئێمە نە پێویستمان بە ئامێری كشتوكاڵیی هەیە و نە بە بەكارهێنانی پەینی كیمیایی تا حكومەت بۆمان دابین بكات، تەنها پێویستمان بەوەیە كە تەنها جۆگەیەكمان بە كۆنكرێت بۆ دروست بكرێت بۆ راكێشانی ئاو، ئەوەشمان بۆ نەكراوە».
یەك تەنەكە بنەتۆ، ١٠٠ تەنەكە چەڵتوك
ئەو جووتیارەی گوندی چەوتان ئەوەشی خستەڕوو: «ساڵانە لە سنووری گوندەكەماندا بە دەیان دۆنم مەرەزە دەچێندرێت، بە دەیان تۆن برنجی كوردی بەرهەم دەهێنین، هەروەها دوای كۆتایی هاتن بە دروێنە، بەهۆی بۆن خۆشیی و چاكیی برنجەكەوە، كڕیاری تایبەتی لە شاری سلێمانییەوە بۆ دێن، تایبەت بۆ ماڵی خۆیانی هەڵدەگرن، چونكە بەشی ئەوە ناكات بخرێتە بازاڕەكانەوە».
كۆسار ئەحمەد، یەكێك لەو گەنجانەی گوندی چەوتانە، كە بە كاری دروێنەكردن و كۆكردنەوەی مەرەزەوە سەرقاڵ بوو، بۆ ئەو ماڵپەڕە وتی:»لەڕووی هەڵكەوتەی جوگرافییەوە، گوندەكەمان بۆتە یەكێك لەو گوندانەی، كە زۆرترین بڕ و باشترین جۆری برنج بەرهەم دەهێنن، بە جۆرێك كە ساڵانی رابردوودا، یەك و سەدی بڕیوە، یەك تەنەكە بنەتۆ، ١٠٠ تەنەكە چەڵتوكی بەرهەم هێناوە، بەڵام لەمساڵدا بەهۆی كەمبوونەوەی ئاو-ەوە، پێناچێت ئەو رێژەیەمان دەستبكەوێت، پێدەچێت ئەمساڵ یەك و هەشتا ببڕێت، واتە نزیك بینەوە لە ٨٠ تەنەكە».
خواستی زۆر لەسەرە
ئەوەشی خستەڕوو: «بەرهەم هێنانی برنجی كوردی كارێكی هەروا ئاسان نییە، چونكە هەر لە سەرەتای وەرزی چاندنییەوە، لەمانگی نیسان تا كاتی دروێنەكردنی، كە نزیكەی شەش مانگی پێویستە، دەبێت بە بەردەوامی ئاوی بۆ دابین بكرێت، بەجۆرێك لە ماوەی ٢٤ كاتژمێردا دەبێت بەلایەنی كەم ١٢ كاتژمێر ئاوی لەسەر بێت، ئەمەش كارێكی هەروا ئاسان نییە، بۆیە ئەگەر حكومەت چەند جۆگەیەكی بۆ دروست بكردینایە، دەمانتوانی بەشێوەیەكی ئاسانتر، بڕێكی زیاتر برنجی كوردی بەرهەم بهێنین».
ئەو گەنجەی گوندی چەوتان، ئەوەشی وت: «خواستی زۆر لەسەر برنجی كوردی هەیە لە بازاڕەكاندا، بەڵام بەهۆی ئەوەی هاشێوەی بەرهەمەكانی تر، هیچ سنوورێك بۆ هاوردەكردنی برنج دانەنراوە، جووتیارانیش ناچار نین دەست بكەن بە چاندنی برنج، هەر ئەوەش وایكردووە كە رێژەیەكی كەم لە برنجی كوردی لە بازاڕەكاندا بەدی بكرێت».
print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

دراوی دڵـنیاكەر و تـارمـایـی داچـوونـی ئـابـووری

فەیسەل عەلی* مەترسییەكانی روودانی بێبازاڕی ئابووریی جیهانی فراوان روو لە ...