سەرەکی » وەرزش » ویمبڵدۆن كۆتایی هات و كه‌س گرنگی پێنه‌دا

ویمبڵدۆن كۆتایی هات و كه‌س گرنگی پێنه‌دا

پاڵه‌وانێتی گراندسلامی ویمبڵدۆن یه‌كێكه‌ له‌ گه‌وره‌ترین و به‌ناوبانگترین پاڵه‌وانێتی تێنسی سه‌رزه‌وی و بۆ یه‌كه‌م جاریش ساڵی 1877 رێكخراوه‌ به‌هۆی ئه‌مه‌شه‌وه‌ به‌ كۆنترین پاڵه‌وانێتی تێنسی سه‌رزه‌وی داده‌نرێت، به‌ڵام ئه‌و پاڵه‌وانێتیه‌ سه‌ره‌ڕای گرنگیه‌كه‌ی‌ و زۆری خه‌ڵاته‌ داراییه‌كانی كه‌ 34 ملیۆن پاوه‌نده‌، به‌ڵام ئه‌م ساڵ به‌بێ ده‌نگی كۆتایی هات.
ئه‌م پاڵه‌وانێتیه‌ ساڵانه‌ هه‌فته‌یه‌ك پێش ده‌ستپێكردنی تا كۆتاییشی ده‌بێته‌ جێگه‌ی‌ باس و خواسی راگه‌یاندنه‌كان و گرنگی زۆری پێده‌درێت، به‌ڵام ئه‌مساڵ به‌هۆی ئه‌وه‌ی‌ كاته‌كه‌ی‌ هاوكات بوو له‌گه‌ڵ قۆناغی دوای كۆمه‌ڵه‌كانی مۆندیال كه‌مترین بایه‌خی پێدرا به‌تایبه‌تی له‌ رووی راگه‌یاندنه‌وه‌.
ئه‌م پاڵه‌وانێتیه‌ زۆر جیاوازتره‌ له‌ پاڵه‌وانێتیه‌كانی تری تێنسی سه‌رزه‌وی و تاكه‌ گراندسلامیشه‌ له‌سه‌ر یاریگای چیمه‌ن به‌ڕێوه‌ده‌چێت و زۆرینه‌ی‌ یاسا و رێساو كلتور و نه‌ریته‌كانی وه‌كو خۆی ماوه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌تا له‌و پاڵه‌وانێتیه‌ ده‌بێت سه‌رجه‌م یاریزانه‌كان جلی سپی بپۆشن و كاتی یارییه‌كانیش به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك دواناخرێت ته‌نها له‌به‌ر 2 هۆكار نه‌بێت یه‌كه‌میان باران بارینه‌ دووه‌میشیان ئه‌گه‌ر یارییه‌كه‌ بگاته‌ سه‌عات 11ی شه‌و به‌كاتی شاری له‌نده‌ن.
یاری كۆتایی كوڕان ده‌بێت سه‌عات 4ی عه‌سر به‌ڕێوه‌بچێت و ئه‌و نه‌ریته‌ش له‌ دێر زه‌مانه‌وه‌ نه‌گۆڕاوه‌و ئه‌مساڵیش ئه‌و یارییه‌كه‌ كه‌وته‌ رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ كه‌ ته‌نها 2 سه‌عاتی له‌گه‌ڵ یاری كۆتایی مۆندیال هه‌بوو، بۆیه‌ پێش یارییه‌كانی قۆناغی پێش كۆتایی داواكرا یارییه‌كه‌ پێشبخرێت به‌تایبه‌تی له‌ ئه‌گه‌ری گه‌یشتنی ئینگلته‌را به‌ یاری كۆتایی، به‌ڵام به‌رپرسانی پاڵه‌وانێتیه‌كه‌ ره‌تیان كرده‌وه‌ له‌ نه‌ریته‌كه‌یان لابده‌ن و داواكه‌یان ره‌تكرده‌وه‌.

دیۆكۆڤیچ بۆ جاری سێیه‌م نازناوه‌كه‌ی‌ برده‌وه‌
دوای 2 ساڵ نه‌هامه‌تی به‌هۆی پێكانه‌وه‌ نۆڤاك دیۆكۆڤیچی ئه‌ستێره‌ی تێنسی سه‌رزه‌وی گه‌ڕایه‌وه‌ سه‌ر رێڕه‌وی سه‌ركه‌وتن له‌ پاڵه‌وانێتیه‌مه‌ مه‌زنه‌كانداو توانی بۆ جاری سێیه‌م نازناوی ویمبڵدۆن بباته‌وه‌.
دیۆكۆڤیچ له‌ یاری كۆتایی به‌رامبه‌ر كیڤن ئه‌ندرسۆن یاری كرد كه‌ له‌ قۆناغی چاره‌كی كۆتایی ماڵئاوایی به‌ فێدره‌ری ئه‌فسانه‌ كردبوو، به‌ڵام به‌رامبه‌ر دیۆكۆڤیچ زۆر لاواز ده‌ركه‌وت و یارییه‌كه‌ی به‌ 3 كۆمه‌ڵه‌ی بێ به‌رامبه‌ر دۆڕاند.
دیۆكۆڤیچ به‌م سه‌ركه‌وتنه‌ ژماره‌ی گراندسلامه‌كانی گه‌یانده‌ 13 نازناو و یه‌كه‌م نازناوی گراندسلامیشه‌ له‌ ماوه‌ی‌ 2 ساڵی رابردوو ده‌یباته‌وه‌.
دوای بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كه‌ش دیۆكۆڤیچ پارێزگاری له‌ نه‌ریته‌كه‌ی كردو پارچه‌یه‌ك له‌ چیمه‌نی یاریگاكه‌ی‌ خوارد و راشیگه‌یاند بردنه‌وه‌ی‌ ئه‌م پاڵه‌وانێتیه‌ له‌سه‌رجه‌م پاڵه‌وانێتیه‌كانی رابردووی جیاوازتره‌ ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌م جاره‌ كوڕه‌ ته‌مه‌ن 5 ساڵه‌كه‌ی‌ له‌ یاریگا ئه‌ماده‌یه‌و هانی ده‌دات.

كیربیر بۆ جاری یه‌كه‌م له‌ مێژووی دا نازناوه‌كه‌ی‌ برده‌وه‌
له‌سه‌ر ئاستی كچانیش ئه‌نجیلیك كیربیری ئه‌ڵمانی و ریزبه‌ندی 11یه‌می جیهان بۆ یه‌كه‌م جار له‌ مێژووی یاریكردنی نازناوی گراندسلامی ویمبڵدۆنی برده‌وه‌، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی‌ بووه‌ رێگر له‌به‌رده‌م سیرینا ولیامزی ئه‌مریكی كه‌ خه‌ونی به‌ یه‌كسانكردنه‌وه‌ی‌ ژماره‌ پێوانه‌ییه‌كه‌ی‌ مارگرێت كۆرتی ئوسترالی یه‌كسان بكاته‌وه‌.
سیرینا و كیربیر به‌ یاده‌وه‌ری یاری كۆتایی ویمبڵدۆنی 2016 رووبه‌ڕووی یه‌كتر بوونه‌وه‌ كه‌ ئه‌و كات سیرینا ولیامز نازناوه‌كه‌ی‌ برده‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مجاره‌ كیربیر توانی دووچاری شكستی بكات سێیه‌م نازناوی گراندسلام له‌ ژیانی وه‌رزشی بباته‌وه‌.
كیربیری ته‌مه‌ن 30 ساڵ یه‌كه‌م یاریزانی ئه‌ڵمانیه‌ له‌ ساڵی 1996ه‌وه‌ ویمبڵدۆن ده‌باته‌وه‌و له‌ یارییه‌كه‌شدا به‌ ئاستی به‌رز ده‌ركه‌وت و دوای ئه‌وه‌ی‌ له‌ كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كه‌م 3 جار سێرفی سیرینای شكاند توانی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه‌ 6-3 بباته‌وه‌.
له‌ كۆمه‌ڵه‌ی دووه‌میشدا سیرینا كه‌ دوای 10 مانگ له‌ بوون به‌ دایك به‌شداری پاڵه‌وانێتیه‌كه‌ی‌ كرد هیوای ئه‌وه‌ی ده‌خواست به‌ به‌هێزی بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌نجامه‌كه‌ یه‌كسان بكاته‌وه‌، به‌ڵام كیربیر درێژه‌ی به‌ ئاسته‌ به‌رزه‌كه‌ی‌ داو توانی له‌ گێمی شه‌شه‌م سێرفی سیرینا بشكێنێت و ئه‌و كۆمه‌ڵه‌یه‌ش 6-3 بباته‌وه‌.
سیرینا بۆ جاری سییه‌م بوو به‌شداری یارییه‌كانی كۆتایی گراندسلام ده‌كات و هیوای ئه‌وه‌شی ده‌خواست نازناوی ژماره‌ 24 بباته‌وه‌و ریكۆرده‌كه‌ی‌ مارگرێت كۆرتی ئوسترالی یه‌كسان بكاته‌وه‌، به‌ڵام نه‌یتوانی له‌به‌رده‌م جۆش و خرۆشی كیربیر خۆی بگرێت كه‌ له‌پاڵ جامی پاڵه‌وانێتیه‌كه‌ 2 ملیۆن و 200 هه‌زار پاوه‌ندیشی وه‌كو خه‌ڵاتی دارایی پێدرا.

مایك بریان و جاك سۆك پله‌ی یه‌كه‌می ئاستی دووانیان برده‌وه‌
هه‌ریه‌كه‌ له‌ مایك بریان و جاك سۆكی ئه‌مریكی پله‌ی یه‌كه‌می ئاستی دووانیان له‌ پاڵه‌وانێتی گراندسلامی ویمبڵدۆن برده‌وه‌.
ئه‌م دووانه‌ ئه‌مریكیه‌ له‌ یاری كۆتایی پاڵه‌وانێتیه‌كه‌دا روبه‌ڕوی ریڤین كلاسن و مایكل ڤینسۆس بوونه‌وه‌و یارییه‌كه‌شیان به‌ 3 كۆمه‌ڵه‌ به‌رامبه‌ر به‌ 2 كۆمه‌ڵه‌ لێ برده‌وه‌.
كریسیكۆڤا و سینیاكۆڤا ئاستی دووانی كچانیان برده‌وه‌
هه‌ریه‌كه‌ له‌ باربۆرا كریسیكۆڤا و كاترینا و سینیاكۆڤای چیكی توانیان پله‌ی یه‌كه‌می ئاستی دووانی كچان له‌ پاڵه‌وانێتی گراندسلامی ویمبڵدۆن ببه‌نه‌وه‌.
ئه‌و 2 كچه‌ یاریزانه‌ چیكیه‌ له‌ یاری كۆتایی روبه‌ڕوی كڤیتا بیشكای ئه‌مریكی و نیكۆل میلیشه‌ری ئه‌مریكی بوونه‌وه‌و یارییه‌كه‌شیان به‌ 2 كۆمه‌ڵه‌ به‌راامبه‌ر به‌ كۆمه‌ڵه‌یه‌ك لێ بردنه‌وه‌.

نادال پێشه‌نگیه‌كه‌ی‌ قایمتر كرد
براوه‌ی‌ گراندسلامی ویمبڵدۆن هه‌میشه‌ گۆڕانكاری له‌ ریزبه‌ندی یاریزانانی تێنسی سه‌رزه‌ی دروست ده‌كات ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی‌ براوه‌ی‌ پاڵه‌وانێتیه‌كه‌ 2000 خاڵ وه‌رده‌گرێت، بۆیه‌ له‌سه‌ر ئاستی كوڕان نۆڤاك دیۆكۆڤیچ 11 پله‌ سه‌ركه‌وتووه‌و له‌پله‌ی 21ه‌وه‌ هاتۆته‌ پله‌ی ده‌یه‌م.
رافائێل نادالی پێشه‌نگی ریزبه‌ندیش به‌ سوود وه‌رگرتن له‌ شكستی رۆجێر فێدره‌ر له‌ قۆناغی چاره‌كی كۆتایی و له‌ده‌ستدانی ژماره‌یه‌كی زۆری خاڵ پێگه‌ی‌ خۆی له‌ پێشه‌نگی ریزبه‌ندی قایمتر كردوه‌و جیاوازیه‌كه‌شی له‌گه‌ڵ فێدره‌ر بۆ سه‌رو 2000 خاڵ زیاد كردوه‌.
كیڤن ئه‌ندرسۆنی لایه‌نی دووه‌می یاری كۆتایی پاڵه‌وانێتیه‌كه‌ش بۆ یه‌كه‌م جار له‌ مێژووی یاریكردنی سه‌ركه‌وتووه‌ بۆ پله‌ی پێنجه‌می ریزبه‌ندی.
له‌سه‌ر ئاستی كچانیش هالیپ پارێزگاری له‌ پێشه‌نگی ریزبه‌ندی كردوه‌و كیربیری پاڵه‌وانیش 6 پله‌ سه‌ركه‌وتووه‌و ئێستا له‌ پله‌ی چواره‌م گیرساوه‌ته‌وه‌.

 44 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*