سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » تاوانی دزیی و کوشتوبڕ و رەگەزپەرستیان کردووە

عوسمانیەکانی ئەڵمانیا قەدەغەکران

تاوانی دزیی و کوشتوبڕ و رەگەزپەرستیان کردووە

بە بڕیاری « هۆرست زیهۆفەر»ی وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا کۆمەڵەی» عوسمانیەکانی ئەڵمانیا Osmanen Germania لەو وڵاتە قەدەغەکرا و ئیتر ناهێڵن نە بارەگایان هەبێ و نە لە هیچ شوێنێکیش چالاکی بکەن، دوو سێ ڕۆژی ڕابردو وەزارەتی ناوخۆ بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، لە بەرنامەی ئەو کۆمەڵەیە لەگەڵ یاسا و دەستوری ئەڵمانیا ناگونجێت بۆیە بڕیاریانداوە کۆمەڵەکە و هەر ١٦ لقەکەشی دابخەن چونکە ئەوانە بونەتە مەترسی بۆسەر ئاسایشی ناوخۆ و بەرژەوەندی گشتی وڵاتەکەیان.

ئەوانە کێن؟
لە ساڵی ٢٠١٥ گروپێک لە ئەڵمانیا لەلایەن تورکە ڕەگەزپەرستەکانی دانیشتوی ئەو وڵاتە دروست بون ناویان لەخۆیان ناوە « عوسمانیەکانی گێرمەنیا» و لە ژێر پەردەی گروپی مۆسیقی « ڕۆک « یان تیپی وەرزشی و ناوی تری جۆراو جۆرەوە خەریکی ئاژاوەگێڕی و کێشە نانەوەن لەناو کۆمەڵگەی ئەڵمانیدا، ئەو گروپە ژمارەیان ٢٥٠٠ تا ٣٠٠٠ کەس دەبێ و بە ناو زۆربەی هەرێمەکاندا بڵاوبونەوتەوە و لە شارەکانی (بوخوم، بیلەفێلد، دۆرتمۆند، دوسلدۆرف، دیسبورگ، ئێسن، کۆڵن،شتوتگارد، مونستەر) زۆرن، دەڵێن لە لایەن حکومەتی تورکیا و پارتی دادوگەشەپێدانەوە ئاڕاستە دەکرێن و باربۆی دارایش دەکرێن.

ئاوێنەی سیاسەتی تورکیان
ئامانجی سەرەکیان لێدانە لە بەرژەوەندیەکانی پەکەکە و گروپی فەتحوللا گویلەن و ڕێکخراو کەسانی چەپڕەوی تورکە، کە لە دژی سیاسەتی ئەردۆغان حکومەتەکەی چالاکی دەکەن ، وەک ئاوێنەی سیاسەتی تورکیا دەیانەوێ ڕەوەندی تورکی دانیشتوی ئەو وڵاتەش پاکتاوبکەن و سەرکوتیان بکەن ، تا ئیدی کەس بۆی نەبێت لە دژی ئەردۆغان سیاسەت بکا، تا ئێستاش چالاکی زۆریان لە دژی خەڵک و رێکخراوەکان کردووەو توندوتیژی زۆریان بەکارهێناوە.

هەموو گیانیان قەدەغەیە
بە پێی ڕاپۆرتێکی پێگەی گۆڤاری فۆکۆسی ئەڵمانیا بێت ، بە هۆی ئەو کارانەی کە دەیکەن و ئەو گومانانەی کە لە سەریانە جگە لەوەش بە هۆی زۆری سکاڵای خەڵک لەسەریان، پۆلیسی ئەڵمانیا لە دوو هەفتەی ڕابردوودا هەڵمەتێکی گرتن و راوەدونانی کردنە سەرو هەموو ئەو بنکە و بارەگاو ئەو ماڵانەی پشکنی کە لێی کۆدەبونەوەو ژمارەیەکی لێ دەستگیرکردن، لەو هەڵمەتەی کە لە سێ هەرێم ئەنجامدران پۆلیس ژمارەیەکی باش لە دیکۆمێنت و چەک و پێداویستی شەڕ و حەب و ماددەی هۆشبەر و کەلوپەلی قەدەغەکراویان دەستکەوت، هەموو ئەو مادانە خرانە بەردەم دادگاکان و وا لیکۆڵینەوەی ووردی تێدا دەکرێ تاوانباران بە سزای عادیلانە دەگەن.

کاریان لێدانە لە نەیارانی ئەردۆغان
سەرچاوەکانی پۆلیس ئاشکرایکردوە پەیدابونی ئەو گروپانە ئامانجی سیاسی لەپشتەوەیە، بۆیە داوایان لە دەزگای هەواڵگی ئەڵمانی کردووە کە لە لێکۆڵینەوەکان بەشدار بێ و دەریشکەوتوە کە ئەمانە سەربە» یەکێتی دیموکراتخوازەکانی ئەوروپان» و گوایە ڕێکخراوێکی ئازادی کۆمەڵی مەدەنین و سەربە هیچ لایەنێکی سیاسی نین، کاریان پەرەپێدانە بە توانای گەنجان لەبوارەکانی مۆسیقاو وەرزش وئارەزوەکانیان، بەڵام پۆلیس بۆی ڕرون بۆتەوە کە هەموو ئەوانە لەلایەن حکومەتە ئاکپارتیەوە دروستکراون و بۆ دروستکردنی هەژمونی ئەو پارتە و لێدانە لە نەیارانیان.

ئەنقەرە هاوکاریانە
«بورکهارت فرایبەر» بەرپرسی دەزگای پاراستنی دەستور لەهەرێمی باکوری ڕاین –و ستیڤالیا» لە دیدارێکی کەناڵی دووی تەلەفزیۆنیدا ئەوەی پشتڕاستکردۆتەوە کە ئەوانە پارەیان لە حکومەتی تورکیاوە بۆدێ و پەرلەمانتارێکی ئەو پارتە پردی پەیوەندی بۆ دروستکردون و پارەکانیان بۆ حەواڵە دەکات، هەروەها وتوشیەتی ئەو گروپە لە لایەن ئەنقەرەوە پاڵپشتی دەکرێن ، لە ساڵی ٢٠١٦ ش لەلایەن «ئیلنور چەویک» ڕاوێژکاری سەرۆک کۆماری تورکیا پێشوازیان لێکراوە.

سەردەستەی چەتەکان گیراوە
بە پێی هەواڵێکی بەرنامەی « Frontal 21 « کەناڵی یەکی ئەڵمانیا بێت، دەزگای هەواڵگری لە ڕێگەی چاودێری پەیوەندیە تەلەفۆنیەکانی سەرکردەکانی گروپەکەوە، ئەوەیان بۆ سەلماوە کە چەندین جار پارەیان لە لایەن «مەتین کولونکی» جێگری سەرۆکی پەیوەندیەکانی دەرەوەی ئاکەپە پێ بەخشراوە، باس لەوەش کراوە کە دوای بە جینۆسایدناساندنی کوشتوبڕی ئەرمەنەکان لەلایەن پەڕلەمانی ئەڵمانیاوە، ئەم گروپە ڕۆلێکی گرنگیان گێڕاوە لە ڕێکخستنی خۆپیشاندانەکانی ناو ئەڵمانیا، کە پشێوی بە دوای خۆیدا هێنا، بە پێی زانیاریەکان، ئەو پەرلەمانتارە پەیوەندی بە «مەهمەت باغچی» کردووە کە سەردەستەی گروپەکەیە و ماوەکانی پێشوو بە چەند تۆمەتێکی جیاواز دەستگیر کرا.

سەرچاوە: کەناڵەکانی میدیای ئەڵمانیا

 493 جار بینراوە