سەرەکی » وتار » بورهان شێخ ڕەئوف‌ » كۆتایی پێبێنن پێش ئەوەی كۆتاییتان پێبێنم

خۆپیشاندانەكانی عیراق

كۆتایی پێبێنن پێش ئەوەی كۆتاییتان پێبێنم

خۆپیشاندان و ڕێپێوان و گردبوونەوەو ڕێكخستنی كەمپین هەریەكە لەمانە ڕێگەو و ئامرازێكن بە دەستی چین و توێژ و پێكهاتەكانی هەر كۆمەڵگاو گەلێك بۆ دەربڕینی نیگەرانی و ناڕەزایەتی بەرامبەر بە دەستەڵاتی سیاسی حوكمڕان لە هەمان كاتدا بۆ پشتیوانیش ئەگەر دەستەڵات كاری باش بكات یان ڕووبەڕووی هەڕەشەو دەستدرێژی بێتەوە لەلایەن نەیاران دەرەكی و ناوخۆیی .
خۆپیشاندان جۆرێكە لە شێوازەكانی شارستانی ئامانجی بە دیهێنانی دادپەروەری و ڕیفۆرمە لە ژیانی خەڵكیدا ، بە گوێرەی دەستووری عیراقیش كە لە ساڵی 2005ەوە نووسراوەو ڕاپرسی لە سەركرا نزیكەی 80% گەلی عیراقیش بە بەڵێ‌ دەنگی لە سەرداوە لە مادەی 38 دا ئەو مافەی بۆ گەلی عیراق مسۆگەر كردووە كە ئازادی ڕادەربڕین بە هەموو شێوازێك چ گردبوونەوەو خۆپیشاندانی ئاشتیانەو كە بە یاسا ڕێكبخرێت و ئاشتی و ئادابی گشتی نەخاتە مەترسی یەوە ئەمە مافێكی بێ‌ ئەملاو ئەولای گەلی عیراقە بە هەموو پێكهاتەكانیەوە كەس ناتوانێت نكووڵی لێبكات هەر هێز و لایەنێك بیەوێت سنوورداری بكات باجی قورس دەدات .
عیراق ئەگەرچی لە 35 ساڵی فەرمانڕەوایی بەعسدا هیچ خۆپیشاندان و گردبوونەوەیەكی ئاشتیانە و ناڕەزایەتی ڕێپێدراو نەبوو ئەگەرجارجار ڕوویدابێت ئەوە شەڵاڵی خوێن كراوەو ڕێكخرەكانی بێسەروشوێن كراون جگە لە ڕێپێوان و پشتگیری بۆ خۆیان و شەڕ بەردەوامەكانی ڕژێم .
ئەوەی گرنگە من دەخوازم باسی بكەم خۆپیشاندانەكانی عیراقە لەدوای پرۆسەی ئازادی عیراقەوە لە دوای ساڵی 2003 تا بە ئێستا .
هەر لەساڵی 2003 ەوە لێرەو لەوێ‌ خەڵكی عیراق خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی یان پیشانداوە بەرامبەر بە نەبوونی خزمەتگوزاری بێكاری و گەندەڵی و بە فیڕۆدانی ماڵی گشتی لە لایەن كاربەدەستانی حكومەتەوە، تەنانەت خۆپیشاندان دژ بە هەڵسووكەوتەكانی هێزەكانی ئەمریكاوە لە عیراق كە سوونەكان بە هێزی داگیركەر ناویان دەبردن لە فەلووجە .
دواتر دوای پاشەكشەی هێزەكانی ئەمریكا لە عیراقیش ساڵی 2011 ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان دژ بە حكومەتی عیراق بە جۆرێك لە جۆرەكان لێرەو لەوێ‌ هەر درێژەی هەبوو لە زۆرێك شارەكانی عیراق هەر لە بەسرە و دیوانیەی شیعە نشینەوە بگرە تا موسڵ و رومادی سوونە نیشین بۆ خزمەتگوزاری شایستە بە مرۆڤ .
لە هەمووی گرنگتر خۆپیشاندانەكانی ساڵی 2012 شەش پارێزگای موسڵ و تكریت و دیالەو ئەنبارو بەشێك لە كەركوك و بەغداد كە نزیكەی ساڵێكی خایاند دژ بە پەراوێز خستنیان لە لایەن مالیكیەوە، دواتر سەرهەڵدانی ڕەوتێكی توند ئاژووی وەكو داعشی لێكەوتەوە كە گوێ‌ بە داخوازی و خواستی خۆپیشاندەران نەدرا، مالیكی سەرۆك وەزیران لە وەڵامی داخوازی خۆپیشاندەراندا فەرمووی (( كۆتایی پێبێنن پێش ئەوەی كۆتاییتان پێبێنم ))
لە دوای ئەو بەروارەشەو لە زۆر شوێنی عیراق خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی گەورە ڕێكخران لەوانە لە 9 ی حوزەیرانی 2013 لە نەجەف هەروەها لە هاوینی 2015 و 2016 لە شارەكانی باشووری عیراق هەروەها لە هەمان هاوین و لە هەمان ساڵدا لایەنگرانی ڕەوتی سەدر لە بەغدادی پایتەخت خۆپیشاندانی گەورەیان ڕێكخست دژ بە گەندەڵی نەبوونی خزمەتگوزاری پێویست خوازیاری ڕیفۆرم و چاكسازی بوون و بە پێچەوانەوە هەڕەشەی هەنگاوی تریان كرد ئەگەر وەڵام نەدرێنەوە.
لە ساڵی 2017 ەشدا هەزاران كەس لە لایەنگرانی ڕەوتی سەدر و هێزە مەدەنییەكانی جارێكی تر خۆپیشاندانی ئاشتیانەیان ڕێكخست لە بەغداد گۆڕەپانی تەحریر و پارێزگاكانی تر خوازیاری هەمواری یاسای هەڵبژاردن و گۆڕینی ئەنجومەنی كۆمیسیارانی هەڵبژاردنەكان و دووركەوتنەوە لە بەش بەشێنەی تائیفی بوون .

خۆپیشاندانەكانی ئێستای عیراق
لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوودا پارێزگاكانی باشووری عیراق كە شیعەنشینن و پشتیوانی حكومەتەكانی عیراق بوون لە دوای ساڵی 2003 ەوە حكومەتەكانیش بە سوود وەرگرتن لە بیرو ئایدیای مەزهەبی كە لەوەتی عیراق دروست بووە شیعە زۆرلێكرابووە و پەراوێز خراو بووە توانییان لە پازدە ساڵی ڕابردوودا خۆی بسەپێنێت بەسەریاندا و بێ‌ ئەوەی بەو هەموو توانا زۆر زەوەندەی نەوتی عیراقەوە بە تایبەتی بەسرە دووەم گەورەو شاری عیراق كە ڕۆژانە بە ملیۆنان بەرمیل نەوتی لێ‌ دەفرۆشرێت بە شێكی زۆری خەڵكەكەی لە ژێر هێڵی هەژارییەوە بن سەرتایترین خزمەتگوزارییەكان كە خۆی لە ئاوی خواردنەوەو كارەباو ناندا دەبینێتەوە دابین نەكرێت بۆیان ، بۆیە بەسرە بەنموونە دەهێنمەوە ئەگینا دۆخی پارێزگاكانی تری وەكو نەجەف وكەربەلا ومیسان و ناسریە و دیوانیە و واسیت و موسەناش لەوێ باشتر نین.

جیاوازی ئەمجارەی خۆپیشاندانەكان
یەكەمجارە خەڵك پەلاماری بارەگای حزبە مەزهەبیەكان دەدات و بەم شێوە توند و تووڕەییە وە وێنەی سەركردەو كاریزما ئاینی و مەزهەبیەكان بسووتێنن تا ئێستا 20 كوژراو 150 بریندار هەیە هەرچەندە لە دوای 2003 ەوە وەڵامی خواستی خۆپیشاندەران نەدراوەتەوە لە عیراقدا بەڵام ئەمجارە ئەگەر بێ‌ وەڵام بێت ئاكامی بۆ فەرمانڕەوایانی عیراق باش نابێت و تەڕو وشك بە یەكەوە دەسووتێت .

 249 جار بینراوە