سەرەکی » کەلتوور » کوردبوون و ناسیۆنالیزم

کوردبوون و ناسیۆنالیزم

خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی: (بوونی نـەتەوەیی کورد، لە نێوان فەلسەفە و سۆسیۆپۆلـەتیکدا)ی د. عرفان مستەفـا
به‌شی سی و شەش
ئەوان بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی خۆیان، تێدەخوێننەوە و هاوکات کردۆتە ئامانجی سەرەکی، کار بۆ گەشەکردنی زمان و کولتور و ئابووری و کۆمەڵایەتی و سەربازی خۆیان دەکەن و ڕۆژانە هەوڵی بە دەستهێنانی دەستکەوتی زیاتر دەدەن. ئەوان بەردەوام بانگاشە بەوە دەکەن،کە ئەو دەوڵەتانە هی خۆیانە و بەری خەباتی خۆیانە،بۆیە جێی شانازییانە و پێویستە یەکێتییەکەی بپارێزن. ئەم دەستکەوتانە هەموو لەسەر هەژماری جەستەی کورد و نیشتمانەکەیەتی، تێکڕای ئەو کار و جموجوڵانەی سەرێ، لە کورد قەدەغە دەکەن. ئالێرەوە هەرا و کێشە دروست دەبێ، لەگەڵ مەرامی گڵاوی نەتەوەخوازی و دەوڵەتەکەی ئەواندا. لە ڕاستیدا لەتەک گشت  ڕەفتار و بانگاشەیاندا.
بە واتایەکی تر هەموو شت بۆ ئەوان رەوایە،هەوڵی بۆ بدەن  و پێویست و ئاساییە، لێ بۆ کورد دەچێتە خانەی تاوان و هەوڵی جیاخوازی و پارچەکردنی سەرزەمینی ئەوان و تێکدانی دەوڵەتەکەیانە!؟. بزووتنەوە کوردییەکان هەر لە بنەڕەتدا تەبا و هاوکار و رەزامەندنین، بەو سیاسەتی یەک شوناسی بزووتنەوەی نەتەوەخوازی دەوڵەتە مۆدێرنەکان، چونکە ئەم سیاسەتە لەسەر بنچینەی نکۆڵی لە نەتەوەی کورد، دەڕوات بەڕیوە .شەڕی کورد لە پێناوی دەسەڵات و گرتنە دەستی دەسەڵات لە ئەنقەرە و تاران و بەغدا و شامدا نییە. هەر بۆیە دیموکراسییەت هەبێ لەم دەوڵەتانەدا، یاخود نەبێ، چ سوودێکی بۆ کورد تێدا نییە، یاخود گەر هەشبێ،دیسان بۆ کورد چ سوودێکی نییە. هەر بۆیە داوا و دروشمی دیموکراسی بۆ تورکیا و ئێران و عێڕاق و سوریا و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان.کە لە لایەن بەشی زۆری حیزبە کوردییەکانەوە بڵند دەکرایەوە،هەڵە و چەوتییەکی زەق و نیشاندانی خوێندنەوەیەکی نا لۆژیکانە و تێگەیشتنێکی سەقەتە،لە هەمبەر پرسی نەتەوایەتی کوردیدا.
نکۆڵی لە بوونی کورد دەکەن
 هەزاران ساڵ بەم پێودانگە خەبات بکەیت،هەر کوڕی خۆت خۆت دەکەیت بە قوربانی کچی خەڵکی و خوێنت بە هەدەر دەڕێژی و وەک دەزانین  داری زڕیش هەرگیز نایەتە بەر. بە نموونە ئاماژە بە دەوڵەتی تورکیا دەکەین، کە بڕەک دیموکراسیترە لەوانی دیکە، کەچی بە دڕندەترین شێوە ڕەفتار لەگەڵ کورد دا دەکات. ئاخر ئەوان هەر لە بنەڕەتەوە بە پێی سیاسەتی نەتەوەخوازی خۆیان لە لایەک نکۆڵی لە بوونی کورد دەکەن و گەر بیانەوێ، بەچنگێ فشە مافی ئیداریی و رۆشنبیریی دەیخەپێنن، لە لایەکی دیکەشەوە سات بە سات مەترسی گەورە و هەڕەشەی جددی لەسەر چارەنووسی کورد دروست دەکەن.
بزووتنەوە کوردییەکان ئامانجیان ئازادی هەر کۆمەڵگایەکی ناو ئەو دەوڵەتانەیە، لە رووی زمان و کولتورەوە. ئەمەش تەواو پێچەوانەی سیاسەتی نەتەوەخوازی نەتەوە باڵادەستەکانە. کورد ناتوانێ لە هیچ مەیدانێکدا پەرە بە  بوارێکی ژیانی خۆی بدات. هەر جوڵە و چالاکییەکی دەکەوێتە ژێر پرسیاری یاسایی و سیاسییەوە و  ئەوان، بەردەوام کورد، بە هەڕەشە بۆسەر بوونی خۆیان لە قەڵەم دەدەن. کەواتە ئامانجەکانی کورد لەگەڵ ئەوەی ئەواندا، وەک دوو هێڵێ تەریب بە دوو ئاڕاستەی جیاوازدا ڕەوت دەکەن.
تا ئەوان بەو لۆژیکە سەقەتە بیر بکەنەوە و هەڵسوکەوت بکەن و دەستبەرداری هەموو ئەو هۆکار و فاکتە دەرەکی و ناوەکییانەی کە کردوونی بە خاوەنی دەوڵەت و کولتوری باڵای سەراپاگیر نەبن، ئەم خەونە نایەتە دی. ئیتر کورد بچێتە مەیدانی هەر جۆرە شەڕێکەوە سەربازی، خەبات بۆ دیموکراسی و… هتد، دەرفەتی سەرکەوتنی نەک هەر کزە، بگرە نییە. چونکە هەموو جومگەکانی دەسەڵات و دەستگا، داپلۆسێنەرەکانی دەوڵەت، وان بەدەست ئەوانەوە.
جا گەر بێت و ئەوان بانگاشەی دیموکراسیش بکەن، بانگاشەکەیان پووچ و بێ بنەمایە و زۆر لە ڕاستییەوە دوورە، چونکە دیموکراسی ئەوان، مانای نەبوونی کورد و نەخوێندنەوەی بەرژەوەندییەکانێتی. بزووتنەوەی کوردی، هیچ دەرەتانێکی پراکتیزەکردنی دیموکراسیی لەم دەوڵەتانەدا نییە.» لە هەنووکەدا، بنۆرە بارودۆخی کورد لە باکووردا» باشترین بەڵگەی ئەم راستییەیە. ئەوان تۆتالیتارێکی دەمارگیرانەی لێوان لێو لە شۆڤێنیستییان کردۆتە، کۆڵەکە و ئامێری ڕاگرتنی بەناو دیموکراسییەکەیان و بە  گەزومقەستی بەرژەوەندی خۆیان، گەشە بەم دیاردەیە، دەدەن و دەیبەن بەڕێوە.
دەوڵەتی نەتەوەی باڵادەست
لە دەوڵەطکی وەک تورکیادا، هەڵبژاردن وەک دیارترین نیشانەی دیموکراسی، چ بەها و نرخێکی نییە، پارتێکی کورد، چەند بچێتە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە و دەنگ بێنێ و بشگاتە ناو پەرلەمانی ئەو دەوڵەتانە، گەر گەرەکی بێت پەرلەمان بکاتە سەکۆ و مەیدانی خەباتی شارستانی، دەوڵەتی نەتەوەی باڵادەست، دەسبەجێ گەمەی دزێوی ئاشکرا و نهێنی خۆی وەگەڕ دەخات و ئەو پارتە کوردییە بە تۆمەتی جۆراوجۆری داتاشراو، هەتا بەند و پەرەگرافی دەستوورەکەیان، قەدەغە دەکات و سەرکردە و بەرپرسەکانی، بە تۆمەتی ناپاکی نیشتمانی ڕاپێچی بەردەم دادگا قەرەقووشییەکەیان دەکات.
.سزای توند، تا هەڕەشەی لە سێدارەدان، ڕووبەڕووی بەرپرسانی پارتە کوردییەکە دەکەنەوە.(دیسان بارودۆخی ئێستای باکوری کوردستان٢٠١٦، بەرپرسانی پارتی  دیموکراتی گەلان ـ هەدەپە ـ، لەبەردەم ئەم سینایۆیەدان). یاسای گەمەکە بەو جۆرەیە، براوە مافی هەموو بڕیار و نەخشەکێشانێکی پێ ڕەوا دەبینرێ. دۆڕاو و بەزیوەکان، جگە لە گوێڕایەڵی و برابچووکێتی، چ مافێکی تریان بۆ نامێنێتەوە.
 نووسەر لەسەر ئەم تەوەرە دەڕوات و بۆچوونەکانی سۆسۆر، وەک زانایەکی زمانەوانی، لەسەر لایەنی زمانیش وەک نموونە دێنێتە، ناو باسەکەیەوە.
« لە پشت ئەو دیموکراسیەتەوە کە لەناو دەوڵەتە مۆدێرنەکاندا پەیڕەو دەکرێت،پەیڕەویکردن لە تۆتالیتاریەتێکی دەمارگیرانە هەیە…هیچ پارتێکی سیاسی لەناو ئەم دەوڵەتە مۆدێرنانەدا رەوایەتیەکی سیاسی پێ نابەخشرێت گەر سەر بە کۆمەڵگا زاڵەکەی ناو دەوڵەت نەبێت و سەر بە کۆمەڵگایەک لەو کۆمەڵگایانە بێت کە ئەو کۆمەڵگایە بەسەریدا زاڵبووە. بزووتنەوە کوردییەکان پارتێکی سیاسی ناو کۆمەڵگا زاڵەکان نین و گوزارشتێکی سیاسی لە کۆمەڵگا زاڵەکانی ناو ئەو چوار دەوڵەتە ناکەن، ئەوان لە پێناو ئەوەدا هەن گوزارشتێکی سیاسی لەو کۆمەڵگا کوردییەی خۆیان بکەن کە کۆمەڵگا زاڵەکە هەوڵ دەدات زاڵ ببێت بەسەریدا و لەناو خۆیدا بیتوێنێتەوە».٥٦٦ـ٥٦٧
نمایشتێکی خۆیان بکەن
باسی سیاسەتی تۆتالیتارێتی بەریتانیامان لەسەر پرسە نەتەوەییەکانی نەتەوەکانی ئەو وڵاتەدا کرد، کە چۆن ئینگلیز، زۆردارانە ڕێگە بە هیچیان نادات، لە ڕووی سیاسییەوە، چ نمایشتێکی خۆیان بکەن. هاوکات ئەو  و تەپکانەمان باس کرد تەڵە ، چۆن بۆ نەتەوەخوازی نادەوڵەتی هەیە و هەرگیز لە دەرەوە پشتیوانی لێ ناکرێت.
ئینجا سیاسەتە نادادپەروەرییەکەی سیستەمی جیهانی، بەرامبەر بە دۆزی ئازادیخوازانەی گەلانی بندەست لەگەڕدایە. ساڵانی ساڵە کورد لە هەموو بەشەکانی وڵاتەکەیدا دەکوژرێ و ئەنفال دەکرێ و نیشتمانەکەی کاول دەکرێ، کەچی بە ناوی پاراستنی سەروەری دەوڵەتەکانەوە،کە بە مانایەکی دیکە،دروستکراوی دەستی خۆیانە و بۆ بەرقەرارکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان قوتیان کردوونەتەوە. کۆمەڵگای نێونەتەوەیی نقەیەکی لێوە نایەت، هەروەها بۆ دەوڵەتۆکەیەکی وەک کوێت،ساڵی ١٩٩١ بە دەیان دەوڵەت،بە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆدەبنەوە و پشتیوانی سەربازیی و ئابووری و سیاسی لێ دەکەن.
« ئەو ململانییەی کە پێش دیاریکردنی شوناسی دەوڵەت لەناو دەوڵەتێکی مۆدێرندا لە نێوان بزووتنەوەکاندا روودەدات،ململانێی ئەو بزووتنەوە مۆدێرنانەیە لە پێناو ئەوەدا شوناسی کۆمەڵگاکەیان بەرز بکەنەوە بۆ شوناسی ئەو نەتەوەیەی کە بە شوناسەکەی خۆی شوناسی  دەوڵەتەکە دیاری دەکات»٥٦٨
خۆی دەیەوێ بەو دەوڵەتەی دەبەخشێ
با هەر دەوڵەت بەناو مۆدێرن بێت، لێ ئەوەی نەخش لەم کایەدا دەگێڕێ، ئەو هەوڵ و تەقەلایەیە، کە نەتەوەی براوە، لە هەڵچنینی کۆشکی دەوڵەتەکەدا بۆ خۆی دەیگێڕێ و ناوەڕۆک و مانا و ناسنامەیەکی خۆی دەیەوێ بەو دەوڵەتەی دەبەخشێ. وەک ئەوەی فارس بەرامبەر بە کورد و ئەوانی دیکە لە ئێراندا ئەنجامی داوە و بەردەوام دەیدات. یاخود ئەوەی تورک لە تورکیا و ئینگلیز لە بەریتانیادا بەڕێوەی دەبەن.
«واتە نەتەوەخوازی و عەسەبیەت لە دروستکردنی کۆمەڵگاکانیاندا پەیڕەوی لە یەک بنەما دەکەن و بنەماکەش ئەوەیە هێزی زاڵ بۆ دروستکردنی عەسەبە یان نەتەوە دەبێت کۆمەڵگا بەزیوەکان لەناو یەک کۆمەڵگادا بکاتەوە بە یەک و ئەو کۆمەڵگایەش دەبێت بە ئارەزووی ئەو هێزە زاڵە هەڵبژێردرێت و هێزە بەزیوەکان هیچ مافێکیان لەم هەڵبژاردنەدا نەبێت».٥٦٨
جەوهەری ململانیی نێوان بزووتنەوەکان لەسەر سیستەمی سیاسی و کولتور و دەوڵەتە. هەر کام لەو بزووتنەوانەی دەچنە گەمەی ململانێکەوە، ئامانجیان نەتەوە نییە. هێز و توانای دەوڵەت بۆ پەرەسەندنی کۆمەڵگاکان بخاتەکار، بەڵکو لە رێگەی زاڵێتی بزووتنەوەکەوە، گەرەکێتی، وەک دەوڵەت، هێز لای ئەو بێت و خۆی نەخشە و پلانی داڕێژێت لەبری دەزگای دەوڵەت.
نووسەر  بە تێروتەسەلی لەسەر بابەتەکە دەڕوات، تاوەکو وێنەی ئەو باسەی دەیخاتە بەرچاو، ڕوون و بێ تەمومژ بێت.
print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

رقصە اخیلتی

رقصە اخیلتی دیوانە شیعرێكی شاعیر عەلی مەعروف بەهروردییە، عەبدولستار شارباژێری ...