سەرەکی » ئاراستە » پەیامەکەی سەرکۆمار و پەی بردن بـە مەترسی و هەڕەشەکان لەسەر پێگەی کورد لە عیراق و ئەزموونی فیدراڵیی و دیموکراسیی

پەیامەکەی سەرکۆمار و پەی بردن بـە مەترسی و هەڕەشەکان لەسەر پێگەی کورد لە عیراق و ئەزموونی فیدراڵیی و دیموکراسیی

زۆزک عوسمان
رۆژی سێ شەممە 17ی ئۆکتۆبەری 2017  دوای رووداوەکانی  شاری کەرکوک ،دکتۆر فوئاد مەعسوم سەرکۆماری عیراقی فیدراڵ لە وتارێکی تەلەفزیۆنییدا و لە قۆناغێکی ناسکدا رووناکی خستە سەر چەندین خاڵی گرنگ لە چەندین گۆشە نیگاوە  بارودۆخەکەی بە وردیی هەڵسەنگاندووە و نەخشەی رێگەی بۆچارەسەرکردنی قەیران و کێشەکان داناوە لە سەرو هەموییانەوە  قەیرانی نێوان بەغدا و هەولێر ،کە بەلای چاودێرانەوە  وتارێکی  دەوڵەتداریی  پڕلە هەستکردن بە لێپرسراوێتیی  دەستوریی و پەرۆشیی بۆ یەکڕیزیی گەل و هاوپەیمانێتیی نێوان هێزە سیاسییەکانی عیراقیی و کوردستانیی بوو.
راشکاوانەو بێ موجامەلە بوو لە ئاست مەسەلە گرنگەکاندا  کە نیشانەی هەستکردن بە لێپرسراوێتییە هەم بەرامبەر بە دەستوری عیراق  کەعیراقییەکان بە گەلی کوردستانیشەوە  دەنگیان  پێداوە،هەم بەرامبەر  پێگەی گەلی کورستان و هەرێمەکەی لەئاستی عیراق و ناوچەکە و جیهانیش .
سەرۆک مەعسوم لە وتارەکەیدا سەرباری دڵنیا کردنەوەی کۆمەڵانی خەڵک  بە تایبەتی   کەرکوکییەکان  لە دوای ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دەورووبەری کەرکوک  و  هێور کردنەوەی  باری دەرونییان  و ئامۆژگاریکردنی هێزە  ئەمنییەکانی فیدراڵیی بۆ پێشێلنەکردنی مافی هاوڵاتیان و پرۆسەکە، بە ئەرکێکی دەستوریی بزانن، نەک راگەیاندنی شەڕ و باری نائاسایی و رێزی   ناوی پێشمەرگە و بەهاکانی بگرن. ئاماژەیەکی گرنگیشی کردووە بۆ رۆڵی قارەمانێتی  هێزی پێشمەرگە  و مەزن راگرتنی پێگەی پێشمەرگە  لە سیستمی بەرگریی و سەربازیی عیراقی فیدراڵدا.
پێگەی ئەو هێزە قارەمانەی  بە قورس و گران قەدر  باسکردووە ،لە ئاست پاراستنی جەماوەرەکەی بێ جیاوازیی  بە پلەی یەکەم و کوردستان بەگشتیی ،ئەوەیشی بە بیر هەموان هێناوەتەوە، کە ئەم هێزە قارەمانە هێزێکی گرنگ و خاوەن ناوبانگی باشە و پێگە کوردستانیی و عیراقییەکەی،  بە نادیدە ناگیرێت  و رۆڵێکی بەرچاو ودیاری هەبووە، لە بەگژاچونەوە و رێگریکردن لە داگیرکاریی تێرۆریستە ئیسلامیەکانی داعش  و پاراستنی شاری کەرکوکی کوردستانیی، کە وەک سەرۆک مامجەلال هەمیشە دوپاتی ئەکاتەوە عیراقی بچوککراوەیە لە ناو کۆماری عیراقی فیدراڵدا.
ئەو هێزەی کە نەیهێشت چەتە تێرۆریستەکانی داعش جێ پێیەکی بچوکیش لەو شارەدا بکەنەوە،بەوەش پێشمەرگە وەک هێزێکی سەرەکیی ناو سیسته‌می بەرگریی عیراق سەروەرییەکی گەورەی بۆ هەرێمی کوردستان و عیراقیش تۆمار کرد و نیشانی داوە، کە ئەم هێزەی ناو سیستمی سەربازیی عیراقی فیدراڵ، لەپاڵ ئەرکی پاراستنی هەرێمی کوردستاندا، پارێزگاریی لە سیستمە فیدراڵییەکەی عیراق و دەستکەوتەکانی هەموو عیراقییەکان بکات بێ جیاوازیی.
سەرکۆماری عیراقی فیدراڵ وێڕای ئەوەی هێڵی بە ژێر دێڕەکاندا هێناوە بۆچی بارودۆخەکە بەو ئاقارەدا رۆیشت   و گۆڕانکارییەکان بە دیوێکی تردا شکانەوە! ،زۆر راستگۆیانەو راشکاوانەو  بە گیانێکی دەستوریی و لێپرسراوانە، مەسەلەی ریفراندۆمە یەک لایەنییەکەی  ٢٥ی سێپتامبه‌ری باسکردووە(کە هەم کات و هەلومەرجەکەی گونجاو نەبوو،هەم کۆدەنگییەکی نێودەوڵەتیی و هەرێمایەتیی وناوچەیی تەنانەت ناوخۆیشیی لەسەر نەبوو) ئەمەش ئاسەواری خراپ و نێگەتیڤی لێکەوتەوە،  بەوەی یەک لایەنە هەرێمی کورستان بێ هەماهەنگیی و رێکەوتن، لەگەڵ   حکومەتی فیدراڵ  کارەکەی کرد.{دیارە ئەو سەرکێشییە   ئەو دابڕانەی لێکەوتەوە  کە روبەرووی هەرێمی کوردستان و ناوبانگ و پێگە سیاسییەکەی بووەوە،بە تایبەتیی بە هەند وەرنەگرتنی  ئامۆژگاریی و تکاو پاڕانەوەی  وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کە وەزیری وڵاتێکی مەزن و خاوەنی هەموو جیهانە نەک وەزیری دەرەوەی  سۆماڵ و جیبۆتی  (لەگەڵ رێزدا بۆ ئەودووڵاتە)}.
بۆیە کوردستان نەک هەردەستکەوتە پێنەگەیوەکانی  کەوتنە بەر مەترسییەوە،  بەڵکو ئەوەیشی کەلەدوای  جەنگی دژی تێرۆر  بەدەستی هێنابوو، لەدەستی دا.  سەرۆک مەعسومیش وەک سیاسەتمەدارێکی شارەزاو دیپلۆمات و بەئاگ، ئەو دیودی رووداوەکان  و وەک پارێزەر و چاودێرێکی دەستوریش ئاماژەیکردووە،  بۆ ئەو خاڵە گرنگە،  چونکە سەرباری هەوڵی زۆری دا بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بەو ئاگرە نەسوتێت،لە هەمانکاتدا ئاگادارە پێگەی سیاسیی و جوگرافیی کوردستانی عیراق  بە عیراقی فیدراڵەوە گرنگ و بەهێزە.
هەر لەو روانگەیەشەوە دەوڵەتان و سەرمایەگوزارانی بیانیی  وەبەرهێنان و بازرگانییان لە کوردستاندا ئەکەن و پەیوەندیی سیاسیی ودیپلۆماتیی و سەربازیی و هتد، لەگەڵدا قوڵ ئەکەنەوە،ئەگەر نا بەو جۆرە مامەڵەی لەتەکدا ئەکەن  کە لە دوای ریفراندۆم ئاسەوارەکانیمان بینی  و سەرەنجام بە چاوی ناوچەی لە قانون دەرچوو و یاخیبوی خێڵەکیی و میلیشییایی  و چەتە بازیی  سەیری ئەکەن.
سەرۆک کۆماری عیراقی فیدراڵ لە پەیامە چەندین رەهەندییەکەیدا،  کە لە گۆشە نیگای  دەستور و پرەنسیبە سەرەکییەکانی دیالۆگی راشکاوانە مەسەلەکانی وروژاندوە، کەرکوکی کردۆتە نمونە کە نابێت  کێشە و جیاوازییەکان  وەلا بنرێن  و فەرامۆش بکرێن  تاکەڵەکە نەبن، چونکە بێ باکیی لە ئاستیاندا  کێشەکان بەرەو ناکۆکیی توندتر و قوڵتر ئەبەن  کە سەرەنجامەکەی ماڵوێرانی ئەبێت بۆ هەموان بێ جیاوازیی،کە ئایندەی هەموو عیراقییەکان ئەخاتە بەر مەترسیی هەڕەشەی ترسناکەوە،هەربۆیە سەرلەنوێ هەوڵ و کۆشسەکانی خۆی خستۆتە روو  و مەوداو و پانتاییەکانی دیالۆگی بونیاتنەری زیندووکردۆتەوە لە نێوان هەمو لایەنەکاندا، لەسەر بنەما و پرەنسیبەکانی  دەستوری عیراق،  کە زۆرخاڵی هاوبەش هەمووان کۆ ئەکاتەوە، بۆ دورخستنەوەی مەترسییەکان و پاراستنی ئەزمونە دیموکراسییە فیدراڵییەکەی  عیراق کە هەموو پێکهاتەکان لەوانە گەلی کوردستان  لە سایەیدا بوونەتە خاوەن دەستکەوتی زۆر و زەوەند.
هاوکات سەرۆک مەعسوم بە پێویستی ئەزانێت، پەرلەمانی عیراق پەلە بکات لە دەرکردنی چەندین قانونی گرنگ کە پەیوەستن بەژیانی سیاسیی و گوزەرانی خەڵکیشەوە،لەوانە هەڵبژاردنەکان و دیاریکردنی ئەرک و مافەکان لەسیستمی فیدراڵیدا تا هیچ کام لەپارێزگا و هەرێمێکی وەک کوردستان، هەست بە بە شخوراویی  نەکەن و هاوسەنگیی دەستورییش بە باشیی پەیڕەو بکرێت،  تا ژیانێکی دەستوریی دیموکراسیی فیدراڵیی لە عیراقدا بەرقەرار بێت.
 لەو روانگەیه‌شەوە بانگەوازەکەی ئایەتوڵا عوزما سەماحەتی سەید عەلی سیستانیی بەرز نرخاندووە کە هەموان بۆچارەسەرکردنی کێشەکان، ئەبێت پەنا بۆ دەستور ببەین، کە بەلای منەوە دەستوری عیراق کە دەنگمان بۆ داوە، باشترین دەروازەیە بۆ زامنکردنی مافەکانمان  و پاراستنی ناسنامەکەمان .
print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

تریفه‌ی‌ مانگی‌ ئاكۆیان

ئازاد سه‌راوی شۆڕش هه‌ڵچون و داچونه‌، هه‌ندێك جاران ڕوبارێكی‌ به‌لرفه‌یه‌، ...