سەرەکی » مانشێت » یەكێتی: حوكمی مەدەنی بۆ كەركوك

یەكێتی: حوكمی مەدەنی بۆ كەركوك

وەفدی یەكێتی و پارتی سەردانی بەغدا دەكات

مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆبۆوە و جەختی لەوەكردەوە «كێشەی كەركوك، كێشەیەكی میحوەری كوردستانییە و دەبێت حوكمی مەدەنی بۆ شارەكە بگەڕێتەوە و شایستەیی هەڵبژاردن بدرێتە لایەنی براوە».
دوێنێ لە هەولێر، بەسەرپەرشتی كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی، كۆبوونەوەی ئاسایی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەڕێوەچوو. لە كۆبوونەوەكەدا «هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی عیراقی دوای ئاڵوگۆڕە سیاسییەكان كرا و سەرەنجام مەكتەبی سیاسی گەیشتە ئەو بڕوایەی كە هەوڵی زیاتر بدرێت بۆ ئەوەی وەفدی دانوستانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە عیراقییەكان بە بەشداریی سەرجەم لایەنە كوردستانییەكان بێت، باشترە، هەروەها لەگەڵ لایەنەكاندا گفتوگۆ بكرێت تا پڕۆژەی مافە دەستووری ‌و سیاسی ‌و ئابوورییەكانمان، پەرەیان پێبدرێت، وەكو پڕۆژەی هەموو لایەنە كوردستانییەكان، لەپێناوی ئەو ئامانجەش یەكێتی بەردەوام دەبێت لە سەردانی هەموو لایەنە سیاسییەكان بۆ ئاشتەوایی نیشتمانی».

یەكێتی و پارتی كۆبوونەوە
هەر دوێنێ لە هەولێر وەفدی باڵای مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ‌و پارتی دیموكراتی كوردستان بەسەرپەرشتی كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتی و نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی كۆبوونەوە و تەئكیدیان لە یەكڕیزیی لایەنە كوردستانییەكان كردەوە.
دوای كۆبوونەوەكەش سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەكێتی رایگەیاند: لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەسەر چەند بابەتێك كرا، وتیشی: رۆژی هەینی وەفدی یەكێتی و پارتی سەردانی بەغدا دەكات و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەكاندا دەكات. «دوای گفتوگۆكان لە بەغدا كام میحوەر لە هەموویان نزیكتر بوو لە بۆچوونەكانی ئێمە، رێزی لە ئیرادەی خەڵكی كوردستان گرت، ئەو میحوەرە نزیكترین میحوەرە لە ئێمەوە». سەبارەت بە وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش، وتی: تا ئەم ساتەوەختە 30/9 وادەی هەڵبژاردنە‌و هیچ گۆڕانكارییەك رووینەداوە.
مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی-ش رایگەیاند: پارتی ‌و یەكێتی هەوڵدەدەن هەموو لایەنە كوردستانییەكان بە یەكڕیزیی بچنە بەغدا ‌و دەرگاشمان بۆ گفتوگۆ كراوەیە، بۆ تاوتوێكردنی ئەو پڕۆژەیەی كە پارتی ‌و یەكێتی بۆ چوونە بەغدا ئامادەیان كردووە.

یەكێتی و یەكگرتوو كۆبوونەوە
هەمان رۆژ وەفدی باڵای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هەولێر بە سەرۆكایەتیی مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی سەردانی یەكگرتووی ئیسلامی كرد و لەگەڵ مامۆستا سەڵاحەدین محەمەد بەهادین ئەمینداری گشتی و وەفدی یەكگرتووی ئیسلامیدا كۆبۆوە و تەئكیدیان لە پێویستی یەكڕیزیی لایەنە كوردستانییەكان كردەوە.
ئەمەش لەكاتێكدایە لە دوو رۆژی رابردوودا لە سلێمانی وەفدی یەكێتی بە سەرۆكایەتیی حاكم قادر بەجیا لەگەڵ وەفدی بزووتنەوەی گۆڕان و هاوپەیمانیی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری، كۆبۆوە و حاكم قادر رایگەیاند: كۆبوونەوەكان بەردەوام دەبن.

 29 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*