سەرەکی » راپۆرت » مەلا بەختیار: كەركوك میحوەری خەباتی ستراتیجی یەكێتییە

لە كەركوك یادی شەهیدی سەرکردە ئازاد هەورامی كرایەوە

مەلا بەختیار: كەركوك میحوەری خەباتی ستراتیجی یەكێتییە

كەركوك: عومەر غەریب

رۆژی 31/8 لەهۆڵی سەنتەری رۆشنبیریی كەركوك رێوڕەسمێكی شایستە بۆ یادی سییەمین ساڵەی شەهیدبوونی سەركردە ئازاد هەورامی بەڕێوەچوو.
لەڕێوڕەسمەكەدا، كە ژمارەیەك لەهەڤاڵانی مەكتەبی سیاسی‌و سەركردایەتیی یەكێتی‌و بەرپرسانی حزبی‌و حكومی‌و فەرماندەکانی پێشمەرگەو هەڤاڵ‌و هاوڕێ‌و هاوسەنگەرانی شەهیدو رێكخستنەكان‌و جەماوەری كەركوك ئامادەیبوون، سەرەتا بەداگیرساندنی 30 مۆم دەستیپێكرد، پاشان سروودێك لەلایەن تیپی موزیكی شەهید ئازاد هەورامی پێشكەشكرا. دواتر وتەیەك لەلایەن خاتوو ئەمیرە محەمەد ئامادەكاری كتێبـی (ئازاد هەورامی؛ كەركوكییەكی كوردستانی) پێشكەشكراو ئاماژەی كرد بۆ هەوڵەكانیان لەپێناوی بەچاپگەیاندنی كتێبەكەو بڵاوكردنەوەی لەیادەكەدا. لەوتاری بەخێرهێنانی مەڵبەندی رێكخستنی كەركوكیشدا لەلایەن رەوەند مەلا مەحمود جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكەوە وێڕای ئاماژەكردن بۆ رۆڵی شەهیدی سەركردە ئازاد هەورامی، ئەوەی خستەڕوو «ئازاد هەورامی بۆ ئێمەی كەركوكی خوێندنگەی كوردایەتی بوو، بۆیە وەك مەڵبەندی كەركوك درێژەپێدەری رێبازی سەرۆك مام جەلال ‌و شەهید ئازاد هەورامی دەبین».

ژیانی ئازاد هەورامی پڕە لە جوامێری‌و خەسڵەتی جوان
لەبەشێكی دیكەی ڕێوڕەسمەكەدا، وتاری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەلایەن مەلا بەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسییەوە پێشكەشكرا، كە لەدەستپێكی وتەكەیدا ئاماژەیكرد بۆ سازدانی یادەكە لەكەركوكداو رایگەیاند: لەسییەمین ساڵیادی شەهید ئازاد هەورامیدا پێمان باش بوو یادەكەی لەكەركوك بكەینەوە، وتیشی: لەسەرەتای شۆڕشی نوێی گەلەكەمانەوە تا ئەو ڕۆژو دەقیقەیەی چاوی نەمریی لێكناوە، تەنها ساتێك كۆڵدانی نەزانیوە!. پشوودان لەخەبات، بۆ تەنها چركەیەك لەزاتی ئازاد هەورامیدا نەبووە! بۆیە هەر لاپەڕەیەكی ژیانی ئازاد هەورامی هەڵبدەینەوە، پڕە لەجوامێری‌و خەسڵەتی جوان‌و مرۆڤدۆستی‌و یەكێك لەخەسڵەتە جوانەكانیشی ئەوەبوو زۆر باوەڕی بەوە هەبوو خەباتی چەكداریی پێشمەرگانە، سەركەوتن بەدەستدەهێنێت.

حوكمی مەدەنی بۆ كەركوك بگەڕێتەوە
لەدرێژەی قسەكانیدا، ئەوەشی وت: هەموو لایەنە كوردستانی‌و عیراقییەكان، لایەنە هەرێمایەتی‌و جیهانییەكان، با باش بزانن، كەركوك ئێستا میحوەری خەباتی نەتەوایەتیی گەلی باشووری كوردستانەو لەباشووریش، كەركوك ئێستا میحوەری خەباتی ستراتیجی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، هەر لایەنێكیش دەیەوێ‌ لەمافە دیموكراسی‌و دەستوورییەكانی كوردو ماددەی 140 تێبگات، دەبێ‌ لەم میحوەرو مەركەزیەتی سیاسەتی كورد تێبگات، كە ئێمەی یەكێتی، ئەگەر لەگەڵ هەر لایەنێكی كوردستانی رێكبكەوین، كەركوك مەحەكی سیاسەتمانە‌و زۆر بەڕوونییش ئەم پەیامە بەهەموولایەك دەڵێین، كە بۆ ئێمەی یەكێتی لەدوای ئەم هەڵبژاردنە، كەركوك مەحەكی سیاسەتمانە‌و بەهیچ شێوەیەك قبوڵی ناكەین‌و دەستبەرداری كوردستانییەتی كەركوك نابین، بەهیچ جۆرێكیش دەستبەرداری ئەنجامی ئیرادەی خەڵك لەهەڵبژاردنی رابردوودا نابین‌و بەهیچ شێوەیەكیش حكومەتی عەسكەری لەكەركوك هەتا سەر قبوڵ ناكەین‌و ئیلا دەبێ‌ حكومەتی مەدەنی بۆ كەركوك بگەڕێتەوەو بەپێی شایستەیی هەڵبژاردن، مافی حزبی براوە لەكەركوك‌و كوردستان، بدرێتەوە، كە ئەوەش مافی مەدەنی، دیموكراسی‌و دەستوورییە.

كەركوك، شاری دانیشتووانەكەیەتی
لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی، ئەوەشی دووپاتكردەوە كە»كەركوك، شاری دانیشتووانەكەیەتی، هی باوك‌و باپیرانی كەس نییە. بەڵكو كەركوك شارێكی كوردستانییە‌و موڵكی هەموو دانیشتووانەكەیەتی»‌و هیواشی خواست هەموو كێشەكان لەچوارچێوەی دەستووردا، چارەسەربكرێن، چونكە تا دەستوور جێبەجێنەكرێت، بەتایبەت ماددەی 140، ئەوا دەرگاكانی دەستتێوەردان بۆ دەوروبەرمان لەكەركوك‌و ناوچەكانی تریش زۆرتر دەكات. هەروەها وتیشی: ئێستا ئێمە لەدانوستانی گەرمداین، وەفدی هاوبەشی یەكێتی‌و پارتی پڕۆژەمان ئامادەیەو لەبەغدا تەسلیمی هەموو لایەنەكانی دەكەین‌و دەرگاشمان كردۆتەوە، تا پڕۆژەكەمان لەگەڵ زۆرینەی عیراق قبوڵ بكرێت‌و لەگەڵ زۆرینەی كوردستانیش، ببێت بەپڕۆژەی هاوبەش‌و وەفدی هاوبەشی هەموو لایەنەكانی كوردستان، دروستبكەین، دەرئەنجامیش دوای گفتوگۆ، بەپڕۆژە هاوبەشەكەمان‌و وەفدی هاوبەشی هەموو لایەنەكان، داكۆكی لەمافە دیموكراسی‌و دەستوورییەكانی كورد دەكەین.

دەتوانن خەونە جوانەكان بەدیبهێنن
لەكۆتایی قسەكانیشیدا، مەلا بەختیار، وتی: شەهیدەكانی یەكێتی، بەسەركردە، فەرماندەو پێشمەرگەو بەزیندانی‌و ئەشكەنجەدراوەكانی یەكێتی، بەئەنفالەكانی یەكێتی، یەكێتی پشكی شێری بەركەوتووە، هۆكارەكەشی ئەوەبووە كە كوردستانییەتی كەركوك لەلای یەكێتی پیرۆز بووە لەهەموو سەردەمەكاندا‌و وتیشی: كەركوكییە كۆڵنەدەرەكان، یەكێتییەكان، شانبەشانی هەموو حزبە ئازادیخوازە راستەقینەكان، دەتوانن خەونە جوانەكان بەدیبهێنن، ئەو خەونە جوانانەی كە كاك ئازاد هەورامی، هەیبوو بۆ كوردو كوردستان‌و بۆ كەركوك.
لەكۆتایی رێوڕەسمەكەشدا، چەند سروودو نمایشی فیلمێك لەسەر ژیانی ئازاد هەورامی سەركردە، پێشكەشكران‌و كتێبـی (ئازاد هەورامی؛ كەركوكییەكی كوردستانی) دابەشكرا.

print

 63 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*