سەرەکی » راپۆرت » ئامادەکردنی:بورهان ئەمین » هەفتەی ڕەشی کوردەکان

هەفتەی ڕەشی کوردەکان

پرۆسەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و لاساری سەرکردایەتی سیاسی کوردو دەسەڵاتداران، ڕەوشێکی ئاڵۆزی بۆ هەرێمی کوردستان بەگشتی و کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان دروستکرد، لەو ئۆپەراسیۆنەی چەند ڕۆژی ڕابردووی هێزەکانی سوپای عیراق‌و حەشدای شەعبی، کوردستان ڕوبەرێکی فراوانی لەدەستداو قەیرانێکی تریش چووە سەر ئەو هەموو قەیرانانەی کە ڕووی لەو هەرێمە کردووە.
بڕیاری بارزانی بوو
لەسەر ئەم بابەتە گەرماو گەرمەی هەرێمی کوردستان، میدیاکانی ئەوروپا بەگشتی و بە گەرموگوڕی باس لەو ڕووداوە دەکەن و زۆربەیان لۆمەی سەرکردایەتی سیاسی بەتایبەتیش «مەسعود بارزانی» دەکەن، کە بەبڕیاری ڕیفراندۆم، گەلەکەیان توشی ئەو نەهامەتیە کردووە.
هه‌فته‌ی ره‌شی کورده‌کان
ماڵپەڕی»شپیگل ئۆنلاینە»ی ئەڵمانی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەنوس «کریستۆڤ سیدۆڤ»ی بڵاوکردۆتەوە لەژێر ناوی « هەفتەی ڕەشی کوردەکان» و تیایدا دەنوسێت،ئەوشکستە بووەهۆی لەدەستدانی نیوەی ئەو خاکەی کە لەساڵی ٢٠١٤ پێشمەرگە بەشەڕ لەژێر دەستی داعشی ڕزگارکردبوو، ئێستا بەبێ ڕوبەڕوبونەوەیەکی ئەوتۆ، ڕادەستی سوپای عیراقیان کردەوەو ئێستا ئەو سوپایە چونەتە شارۆچکەی ئاڵتون کۆپری، کە ٤٥ کم لەپایتەختی هەرێمی کوردستانەوە دوورە.
هەڵەی سەرۆکەکەیان بوو
شپیگل ئۆنلاینە ئەو شکستەو لەدەستدانی ئەو خاکە فراوانە دەگەڕێنێتەوە بۆ سیاسەتێکی هەڵەی «مەسعود بارزانی»سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کە بڕیاری ڕیفراندۆمی داو پەیامی ناوخۆو دەرەوە، ئەمریکا،یەکێتی ئەوروپا،تورکیا،ئێران، عیراقی پشتگوێ خست و لە ٢٥ ی ئەیلول دەنگی بەڵێی کۆکردەوەو هەموو ئەوانەی کردە نەیاری خۆی، بەمە هەرێمەکەی خستە دۆخێکی مەترسیدارو عەبادی کردە پاڵەوانی کۆکردنەوەی هێز لەدژی کوردستان و براوەی یەکەم لەهاوکێشەکەدا.
زەبرێکی کوشندە بەر کورد کەوت
هەر لەسەر ڕەوشی هەرێمی کوردستان و پیێشهاتە سیاسی وسەربازیەکان ڕۆژنامەی «فاینانشیال تایمز»ی بەریتانی نوسیویەتی، ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی لاپەڕەیەکی تری لە مێژووی ئەو گەلە تۆمار کرد، کە هەمیشە چارەنوسی خۆی لەسەر پێشبینی هەڵەی دۆستەکانیان بونیاتناوە. هەروەها لەپەڕەگرافێکی تر دەڵیت دوای چەند ڕۆژێک لە دەنگدان بە سەربەخۆیی هەڵمەتی سوپای عیراق کوردی توشی شۆک کردو زەبرێکی کوشندەی لێوەشاندن.
گەلەکەی بەدۆڕاندن دا
ڕۆژنامەکە ئەوەشى نوسیوە کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، کارتێکی سوتاوی بەکارهێناو گەلەکەی توشی دۆڕاندن کرد،هەورەها دەڵێ بارزانی لە دوای دەرکەوتنی ئەم قەیرانە لە کەناڵەکانی میدیاوە دەرناکەوێ و تەنها لەڕیی بەیاننامەو بڵاوکراوەوە لەگەڵ میللەت دەدوێ .
بڕیارێکی هەڵە بوو
هەمدیسان «ئیندیپێندنت»ی بەریتانی بڵاویكردەوە، بەهۆی گەیشتنی زانیاری هەڵە بە مەسعود بارزانی لەسەر دەوروبەرو دۆستەکانیەوە بڕیاری ئەم ڕیفراندۆمەیداو کوردی گەیاندە چارەنوسێکی نادیار،ڕۆژنامەكە دەشڵێت: بڕیاری سەركردایەتی كورد بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، كە مەسعود بارزانی سەرۆكایەتی دەكرد، «بڕیارێكی  هەڵە بوو». هەروەها لەبەشێکی تریشدا دەڵێت كورد دەیان ساڵە خەبات دەکات بۆ هێنانەدی خەونی سەربەخۆیی بە بەشاری كەركوكیشەوە، کەچی بەهۆی ئەوەی لەخۆبایبوون‌و لوتبەرزی سەرکردایەتیەکەی، ئەو هەڵەیەی ئەنجامداو ئەو خەونە یان لەبارچوو کە کاریان بۆ دەکرد.
هەروەها پێگەی گۆڤاری فۆکۆسی ئەڵمانی لە ڕاپۆرتێکی پانۆراماییدا، لەسەر ڕووداوەکە باس لەدەرەنجامی ئەو ریفراندۆمەو خەسارەتەکانی کورد دەکات کە لە سەردەستی سوپای عیراق و هەڵەی کاربەدەستانی هەرێمەکە بەری کەوتوە، لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە لەدوای روخانی سەدام حوسێن، لەسەر ئەم ناوچانەی کەرکوک و دەووبەری هەمیشە کێشە هەبووە لەنێوان کوردو دەسەڵاتدارانی بەغدا، بەلام هیچ کات بەمجۆرە ڕەوشەکە نەتەقیوەتەوەو نەگەیشتۆتە بنبەست، ئەم بارەش ڕیفراندۆمەکە هێنایە بەرهەم و دەرگاکانی داخست.

 376 جار بینراوە