سەرەکی » راپۆرت » راپۆرتی، ته‌ها عه‌بدوڵلا‌ » كار بۆ ده‌كردنی‌ ئه‌و یاسا و بڕیارانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ ئه‌مرۆ كۆمه‌ڵگەی‌ كوردستان پێویستی پێیانە

په‌یامی بەشێک لەكاندیده‌كانی‌ لیستی‌ 105

كار بۆ ده‌كردنی‌ ئه‌و یاسا و بڕیارانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ ئه‌مرۆ كۆمه‌ڵگەی‌ كوردستان پێویستی پێیانە

ژماره‌یه‌كی‌ تر له‌ كاندیده‌كانی‌ لیستی‌ 105ی یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان په‌یامی خۆیان به‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان راده‌گه‌یه‌نن و ته‌ئكید ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ ده‌نگدان به‌ لیستی‌ 105 ده‌نگدانه‌ به‌ سه‌روه‌ری یاسا و گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ ماف بۆ مافخوراوان و فه‌راهه‌مكردنی‌ ئازادیی سیاسی و كۆمه‌ڵایەتی‌ بۆ هه‌موو خه‌ڵكی‌ كوردستان به‌بێ جیاوازی.

شه‌هرام نامیق ره‌فیق كاندیدی ژماره‌ 74ی لیستی‌ 105ی یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان
من وه‌ك مامۆستا و هونه‌رمه‌ندێك جگه‌ له‌ بواره‌كه‌ی‌ خۆم له‌ بواری په‌روه‌رده‌و هونه‌ر، له‌به‌رنامه‌مدایه‌ كار له‌سه‌ر ده‌كردن و هه‌مواركردنه‌وه‌ی‌ چه‌ندین پڕۆژه‌ یاسا بكه‌م، تا چاره‌سه‌ری ئه‌و كه‌موریانه‌ بكه‌م كه‌ له‌ رابردوودا بوونەته‌ جێگەی‌ ناڕه‌زایی هاووڵاتیان.
دەشڵێت: له‌ گرنگترین ئه‌و پڕۆژه ‌یاسایانه‌ی‌ ده‌مه‌وێت كاری له‌سه‌ر بكه‌م، جێبه‌جێكردنی‌ یاسای ماف و ئیمتیازی‌ زیندانیانی سیاسیی ناوخۆیه‌ كه‌ تائێستا جێبه‌جێ نه‌كراوه‌، به‌تایبه‌تی‌ زیندانی‌ دوای 31ی ئاب، تا ئه‌وانیش قه‌ره‌بوو بكرێنه‌وه‌ كه‌ تائێستا هیچ مافێكیان پێ نه‌دراوه‌، هه‌روه‌ها له‌ بواری شوێنی‌ نیشته‌جێبوون كارده‌كه‌ین بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی كرێنشینی و دروستكردنی‌ خانوو بۆ چین و توێژه‌كان.
ته‌لار له‌تیف محه‌مه‌د كاندیدی ژماره‌ 9ی لیستی‌ 105ی یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان :
وه‌ك چۆن له‌ چوار ساڵی رابردوو به‌ دڵسۆزیی كارم كردووه‌، به‌ڵێن ده‌ده‌ین ئه‌گه‌ر متمانه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان به‌ ده‌ستبهێنین، به‌ردوام ده‌بین له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی‌ داواكارییه‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان، له‌وانه‌ كار بۆ ته‌واوكردنی‌ نووسینه‌وه‌ی‌ پڕۆژه‌ی‌ ده‌ستووری هه‌رێم ده‌كه‌م وه‌ك دایكی‌ یاساكان، تا هه‌رێمی‌ كوردستان ببێته‌ خاوه‌ن ده‌ستووری خۆی.
وتیشی: جگه‌ له‌ نووسینه‌وه‌ی‌ ده‌ستوور كار بۆ هاوتاكردنی‌ مووچه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ و چاككردنی‌ خانه‌نشینیی‌ مه‌دەنی‌ سه‌ربازیی‌، دەركردن و هه‌مواركردنی‌ یاسای پێویست، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ كارده‌كه‌م بۆ سه‌ربه‌خۆیی ئابووری له‌ رێگەی‌ جێبه‌جێكردنی‌ سیستمی‌ سۆسیال و وه‌رگرتنی‌ مافه‌كانی‌ هاووڵاتی له‌ سه‌روه‌ت و سامانی‌ وڵات.
سه‌رباز مه‌حه‌مه‌د غه‌فور كاندیدی ژماره‌ 13ی لیستی‌ 105ی یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان
كار ده‌كه‌م بۆ جێبه‌جێكردنی‌ به‌رنامه‌ی‌ لیسته‌كه‌م كه‌ لیستی‌ 105ی یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستانه‌، به‌تایبه‌تی‌ بۆ ئارامی‌ و هه‌لی كار و خزمه‌ت كه‌ ئه‌مرۆ له‌لایه‌ن خه‌ڵكی‌ كوردستانه‌وه‌ پشتگیریی زۆری لێ ده‌كرێت.
ئه‌و كاندیده‌ وتیشی: له‌بواری خزمه‌ت كارده‌كه‌م بۆ نه‌هێشتنی‌ كێشه‌كانی‌ ئاو و كاره‌با كه‌ چه‌ندین ساڵه‌ به‌ چاره‌سه‌رنه‌كراو‌ی ماوه‌ته‌وه‌ له‌ بواری ئاوو كاره‌با و خزمه‌تگوزارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان به‌ گشتی‌، بۆ ئه‌مه‌ش هه‌وڵی ده‌كردنی‌ ئه‌و یاساو بڕیارانه‌ ده‌ده‌ین كه‌ ده‌بێته‌ هۆكارێك بۆ باشبوونی‌ ئه‌و دووباره‌،كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی‌ راسته‌وخۆی به‌ ژیانی‌ هاووڵاتیانه‌وه‌ هه‌یه‌.
سازگار دڵشاد شه‌فیق كاندیدی ژماره‌ 76ی لیستی‌ 105ی یه‌كێتی‌ نیشتمانی‌ كوردستان
به‌رنامه‌ی‌ لیستی‌ 105ی یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان هیچ لایه‌نێكی‌ ژیانی‌ فه‌رامۆش نه‌كردووه‌، وه‌ك چۆن له‌ رابردوو فراكسیۆنی‌ سه‌وز له‌ په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگاكان داكۆكیان له‌ ماف و داخوازییه‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان كردووه‌، ئه‌مجاره‌ش له‌ رێگەی‌ ئه‌و به‌رنامه‌یەی کە لیستی‌ 105 دایناوه‌، كار بۆ باشكردنی‌ ژیان و گوزه‌رانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان ده‌كه‌ین.
وتیشی: من وه‌ك كاندیدێكی‌ ئه‌و لیسته‌ كارده‌كه‌م بۆ چه‌سپاندنی‌ یاسا و نه‌هێشتنی‌ جیاوزایی له‌ نێوان هاووڵاتیان له‌ ئه‌رك و مافه‌كانیاندا به‌تایبه‌تی‌ له‌ هه‌ولێری پایته‌خت، چونكه‌ ئێمه‌ وه‌ك ئه‌ندامێكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ هه‌ولێر ده‌زانین خه‌ڵكی‌ ئه‌م شاره‌ چه‌ند پێویستی‌ به‌ ئاوڕلێدانه‌وه‌و نه‌هێشتنی‌ ناعه‌داله‌تی‌ هه‌یه‌.

 109 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*