سەرەکی » راپۆرت » نوێنەری حکومەتی هەرێم بەشداری کۆنفرانسی پارتی کرێکاران دەکات

نوێنەری حکومەتی هەرێم بەشداری کۆنفرانسی پارتی کرێکاران دەکات

لە میانەی کۆنفڕانسی ساڵانەی پارتی کرێکارانی بەریتانیا کە لە شاری لێڤەرپوڵ بەڕێوەچوو، شاندێکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێم لە بەریتانیا و ژمارەیەك دیداریان لەگەڵ پەرلەمانتاران و لۆردەکان و خاوەن بڕیارەکانی پارتەکە سازدا، هاوکات بەشداریان کرد لە ژمارەیەك کۆڕ و سیمینار و بۆنەی پێشوازی.
لە پەرواێزی کۆنفڕانسەکەدا سیمینارێك لە ژێر ناونیشانی «ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای داعش و دواڕۆژی هەرێمی کوردستان» بە هەماهەنگی لە نێوان نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوی (Kurdish Progress) ڕێکخرا کە تیایدا نوێنەری حکومەتی هەرێم و پەرلەمانتاران خاتوو تڕەیسی بڕابان و ساندی ماڕتن بابه‌تیان پێشکه‌ش کرد.
سەرەتا پەرلەمانتار خاتوو تڕەیسی بڕابان کە سیمینارەکەی بەڕێوە دەبرد ئاماژەی بە قارەمانیەتی گەلی کوردستان و پێشمەرگە بوێرەکاندا لە شەڕ لە دژی داعش، وە دەستخۆشی لە هەرێمی کوردستان کرد بۆ لە ئامێزگرتنی ١.٥ ملیۆن ئاوارەی ناوەخۆ کە لە ترسی شەڕ و هێرشەکانی داعش ناوچەکانی خۆیان بە جێهێشت و ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد لە کاتێکدا کەوا حکومەتی فیدڕاڵی عیراق هیچ جۆرە هاریکاری و یارمەتیەکی بۆ ئەو ئاوارانە ڕەوانە نەکردووە. هاوکات ناوبراو پشتگیری خۆی بۆ مافە ڕەواکانی گەلی کورد دووپات کردەوە و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کەوا پێویستە گەلی کوردستان لە عیراق بە تەواوی مافە دەستوریەکانی خۆی بگات.
پاشان کاروان جمال تاهیر نوێنەری حکومەتی هەرێم لە بەریتانیا کورتەیەکی لەسەر دوایین پێشهاتەکانی هەرێم و عیراق ناوچەکە پێشکەش کرد. دواتر ئاڵۆزی و نائارامی به‌رده‌وامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ چوار خاڵی سەرەکی و وتی « کەوا ئەو ستراتیژیەتە‌ی کە بەر لە 100 ساڵ ووڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاتی پێ دامه‌زرا هەڵە بووه‌و پێکدادانی بەرژەوەندییه‌کانی ووڵاتە زلهێزەکانی ئەو کات وایکرد نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەو شێوەیە دروست ببێت، ڕه‌چاوی کێ له‌ کوێ ده‌ژی نه‌کرا به‌ڵکو کێ چی به‌رده‌که‌وێت بووه‌ بنه‌ما که‌ ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی دروست بوونی نادادپه‌روه‌ری له‌ نێوان گه‌لان، هاوکات پشتگیریکردنی ووڵاتە زلهێزەکان لەو ڕژێمانه‌ی دروستیان کردبوون له‌ ناوچەکە به‌ به‌رده‌وامی بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی ببن به‌ ڕژێمی ستەمکار و وه‌لاوه‌نانی دیموکراسیەت، هه‌روه‌ها دان نه‌نان به‌مافی گه‌لانی تر له‌ ڕۆژهه‌لاتی ناوه‌ڕاست و نه‌بوونی دیالۆگی به‌رده‌وامی نێوان گه‌لان و لکاندنی شوناسی عه‌ره‌بی پێوه‌ی ئاڵۆزییه‌کانی ناوچه‌که‌ی تاکو ئێستا هێشتۆته‌وه‌».
نوێنەری حکومەتی هەرێم ڕایگه‌یاند، «ڕاستە داعش لە ڕووی سەربازیەوە تێکشکێندراوە، بەڵام ئەگەر هاتوو کێشە سەرەکیەکانی ناوچەکە چارەسەر نەکرێن، گفتووگۆی به‌رده‌وان دروست نه‌کرێت له‌ نێوان ئه‌و گه‌لانه‌ی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌ژین ئەوا بە هیچ جۆرێك ناوچه‌که‌ سەقامگیر نابێت ، کێشەی دواڕۆژی گەلی کوردیش لە سەرووی ئەو پرسانەن که‌ ده‌بێت چاره‌سه‌ر بکرێن». هاوکات داوای پشتگیری پارتی کرێکارانی بەریتانیای کرد لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان و ووتی که‌ ئەو پرسە بکەنە یەکێك لە خاڵە سەرەکیەکانی سیاسەتی دەرەوەی پارتەکەیان.
دواتر پەرلەمانتار ساندی ماڕتن لە ووتەیەکیدا ئاماژەی بەوەدا کە ئەو هەموو کاتێك بڕوای بەوە هەبووە کە پێویستە گەلی کورد ئازادی تەواوی هەبێت لە دەستنیشانکردنی دواڕۆژی خۆی و پرەنسیپی دیاریکردنی مافی چارەنووسی ببەخشرێتە ئەو گەلە، هاوکات ووتی: کەوا گەلی کوردستان مافی خۆیانە دەوڵەتی خۆیان هەبێت بە لێکتێگەیشتن و ووتێژ لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی لە بەغدا. باسی لەوەش کرد کەوا کار لەسەر ئەوە دەکەن کەوا پرسی مافی چارەنووسی کوردستان و پشتگیرکردن لەو گەلە بکرێتە بەشێکی سەرەکی سیاسەتی دەرەوەی پارتی کرێکاران لە داهاتوودا.
هەر لە درێژەی کۆنفرانسەکەدا، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا لەسەر داوەتی فەرمی وەزیری دەرەوەی کابینه‌ی سێبەر لە پارتی کرێکاران خاتوو ئیمێڵی سۆڕنبری بەشداری لە نیوەڕۆ خوانێك کرد کە بۆ باڵیۆز و سەرۆکی نێردە دیبلۆماسیەکان سازکرا بوو که‌ تێیدا گفتوگۆ و بیروڕا ئاڵوگۆڕکرا له‌نێوان کۆمه‌ڵه‌ی دیپلۆماتکارانی لەسەر پرسە هەنووکەییەکان.
لە دواڕۆژی کۆنفڕانسەکەشدا شاندی نوێنەرایەتی ئامادە بوو لە ووتاری کۆتایی کۆنفڕانس کە لەلایەن جێریمی کۆڕبین سەرۆکی پارتەکە پێشکەش کرا و تێیدا سیاسه‌تی پارتی کرێکارانی ڕاگه‌یاند له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ و له‌سه‌ر ئاستی جیهانیش.
جێگەی ئاماژەیە ، کۆنفرانسی پارتی کرێکاران پێنج ڕۆژی خایاند له‌ ڕۆژانیی 21 بۆ 26 ئه‌یلوولی 2018 .

 41 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*