سەرەکی » کەلتوور » کوردبوون و ناسیۆنالیزم

کوردبوون و ناسیۆنالیزم

خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی: (بوونی نـەتەوەیی کورد، لە نێوان فەلسەفە و سۆسیۆپۆلـەتیکدا)ی د. عرفان مستەفـا
هەڵۆ بەرزنجەیی
به‌شی چل و یه‌که‌م و کۆتایی
نووسەر وەک جەنگاوەرێکی بەجەرگی مەیدانی زۆرانبازی،بە لەخۆڕازیبوونەوە لەگەڵ پرسەکاندا، درێژە دەدات بە باسەکانی بەرەو شاڕێی و دەڵێ:
«دوو جۆر لە نەتەوە هەیە: یەکەمیان ئەو نەتەوەیەیە کە نەتەوەخوازییەک وەک دروستکەرێکی دەرەکی بەرنامە بۆ دروستکردنی دادەڕێژێت و وەک ئامێرێک لە ئامێرەکان دروستی دەکات.
دووەمیان ئەو جۆرەیە لە نەتەوە کە بەبێ ئەوەی نەتەوەخوازییەک بەرنامەی بۆ دروستکردنەکەی داڕشتبێت و کاری لەسەر دروستکردنی کرد بێت،دروست بووە و وەک هەر نەتەوەیەکی دروستکراو بوونی هەیە»(٦٠٠)
ئالێرەدا بۆ بڕینی هەر بیانوویەکی بەرەی مۆدێرنخوازەکان و ڕوونکردنەوەی باشتری باسەکە. د. عرفان نموونە لەسەر زمان دێنێتەوە. زمانێکی کە لە ڕێگەی نەهێشتنی جیاوازییەکانەوە، بە ستانداردکراوە و زمانێکی وەک زمانی کوردی، هێشتا بە چەند شێوەزارێک خۆی دەنوێنێ، دروست بووە، پرۆسەیەکی سروشتی و نەتەوەخوازی لە قاڵبی نەداوە. نووسەر، باسێکی چڕ و پڕی ئەم دیاردەیە بە چەندین نموونە دەکات و بە سەلیقەوە بە شیکردنەوەیانەوە سەرقاڵ دەبێت. هەر هەموو خۆ تەرخانکردنەکەش، لە پێناوی ئەوەدایە، بیسەلمێنێ،  زمانێکی سروشتی، وەک زمانی کوردی، بە بوونی ئەو جیاوازییانەی هەیەتی، هێشتا کار و ئەرکەکانی خۆی وەک زمانێکی ستاندارد بوو، دەکات و ڕەنگە هەراشتریش چووبێتە پێشەوە و گەر دەرفەتی لەباری بۆ بڕەخسایە، بەرهەمی زێتری بەدەستەوە بدایە. کەواتە وەک نووسەریش ئاماژەی پێداوە و سەرسەختانە داکۆکی لێ دەکات، تۆ ناتوانی شتی سروشتی بهێنی و هەوڵ بدەیت لە ڕێگەی ویستێکی خۆتەوە دەستکاری بکەیت و گۆڕانکاری تێدا بکەیت، لەتەک ئەوەشدا بتەوێ، هەمان ڕۆڵ بگێڕێ و هاومانا بێت.
 چاوێک کورتبین بێت
لە ڕاستیدا هەر دەستکاری و دەستێوەردانێک، لەم دیاردانە، لە ماوەیەکی دوور یاخود نێزیکدا، پێچەوانە دەبێتەوە، دەبێتە مایەی نابەکام بوونی هەوڵەکان. هەر دیاردە و بوونەوەر و ڕاستییەکی دیکە، گەر دەستکاری کراو، هەوڵ درا، خەسڵەتە سروشتیی و ئاساییەکەی خۆی لەدەست بدات، وا لە ئاکامدا بە زیان دەشکێتەوە. ئایا تۆ دەتوانی منداڵێک، پرۆسەی گەشەسەندنی ٣ ساڵی، بە ساڵێک تەواو بکەیت؟. چاوێک کورتبین بێت، تۆ ناتوانی ئەم دەردە، دەستکاری بکەیت، مەگەر تەنیا لە ڕێگەی چاویلکەوە. ئەوسا چاوێکی بەهێزی چاویکەدار، باشتر دەتوانێ کاری خۆی ئەنجام بدات، چاویلکەکە لابە، ڕۆڵی چاوەکە پاسیڤ دەبێتەوە.
«حاڵەتی سێهەمیش حاڵەتی ئەو کۆمەڵگایەیە کە خۆی و زمانەکەی بە پرۆسەی دروستکردن و ستاندادکردندا نەبراون و بەڵام هەموو ئەو ئەرکانەش جێبەجێ دەکەن کە کۆمەڵگا دروستکراوەکان و زمانەکانیان لە ئەستۆیانە».٥٩٩ـ٦٠٠
د. عرفان باش بۆ پرسەکە چووە، هەر شتێکی دروستکراو، گەر خاوەنەکەی، دروستکەرەکەی لێ بسەندرێتەوە، نامێنێ. وەک نموونەی چاو و چاویلکەکە، گەر چاویلکە دەستکردەکەمان لابرد، وا چاوەکە، ناتونێ ئەرکی پێویستی خۆی لە بینیندا ئەنجام بدات. لە ئێستادا/٢٠١٧ دەوڵەتانی عێراق و سوریا، دەسەڵاتی ناوەندی خۆیان لە دەست داوە و ناتوانن رۆڵی دەوڵەتێکی ناوەند بەهێز، بە دامودەزگاکانیانەوە بگێڕن. دەبینین شتێ نەماوە بەناوی گەلی عێراق، یاخود سوری..سبەی چارەنووسی تورکیا و ئێرانیش، هەمان شت دەبێت. بەس کورد لە دوای دەسەڵاتی مادەوە دەکوژرێ و ڕاودەنرێ و دەربەدەر دەکرێ و ژینۆساید دەکرێ و وڵاتی خاپوور و سوتماک  دەکرێ، دەوڵەت و دەسەڵاتیشی نییە. لێ چونکە ڕەسەنە و وەک شەقڵێ، لەسەر ڕەگی خۆی هەڵساوە، بە زۆردارەکی خۆڕسکی دروست بووە، ماوە و سەرسەختانە بەرگری لە ناسنامە و  بوون و هەبوونی خۆی دەکات.
ئەو نەتەوانەی کە دروستکراون
«نەتەوەی دروستکراو وەک هەر ئامێرێک بنەمای بوون و پەرەسەندنی لەناو دروستکەرەکەیدایە و بەبێ بوونی دروستکەرەکەی توانای مانەوەی نابێت و تیادەچێت. ئەو نەتەوانەی کە دروستکراون بە نەمانی دەوڵەتەکانیان ئەوانیش بوونیان دەپووکێتەوە و ناتوانن بە خۆیان پەرە بە بوونی خۆیان بدەن. بەڵام کاتێک نەتەوەیەک بنەمای بوون و پەرەسەندنەکەی لەناو  کۆمەڵگادایە، بەبێ بوونی دەوڵەتیش دەتوانێت پەرە بە بوونی خۆی بدات،ئەم جۆرە لە نەتەوە بە نەمانی دەوڵەت تیاناچێت ،کاتێک تیادەچێت کە کۆمەڵگاکەی بوونی نەمێنێ».٦٠٢
کورد نەتەوەیەکی میللییە، نەک سیاسی. د.عرفان، بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ڕوونکردنەوەی لۆجیکییەوە، بیسەلمێنێ،  کورد نەتەوەیەکی میللییە و پێویستی بە دروستبوونی دەوڵەت نییە. سەرنج لە زمان و کولتوری کوردی دەگرێ و پێی وایە، مادامێکی زمان و کولتوری کوردی لەناوخۆیدا و لەناو ئەو دامودەزگای، ئەو دەسەڵاتەدا نییە، کە بۆ چاودێری کولتور و زمانەکەی دروستکراوە. کەواتە کورد نەتەوەیەکی میللییە، نەک سیاسی.
 دواتر قسە لەسەر دەسەڵاتێکی کوردی، وەک ئەوەی ئێستا لە باشووری کوردستاندا، بەناوی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هەیە دەکات و بەراوردی دەکات، بەو باسەی لەسەرەوە، ئاماژەمان پێ دا و نووسەر، ژیرانە، بەدواداچوونی بۆ دەکات. دواجار نووسەر بیروڕایەکی سەرنج ڕاكێش دەردەبڕێ، کە شایانی ئەوەیە، ئیستێکی لەسەر بکەین و لە کۆمەڵێ گۆشەنیگاوە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێ و دەڵێ:
«ئەوەی رێگرە لەبەردەم ئەوەدا زمانی ستانداردی کوردێ دروست بکرێت،کۆمەڵگای کوردییە،کۆمەڵگای کوردی،زمانی کوردی لەناوخۆیدا دەهێڵێتەوە رازی نابێت هیچ دەسەڵاتێک بەناوی پاراستنی ئەو زمانەوە زمانەکە بخاتە ژێردەسەڵاتی خۆی و بیکات بەزمانێکی دروستکراو و کۆمەڵگا زمانییەکان ناچار بکات بەو شێوەیە بدوێن کە دەسەڵات دەیەوێت»(٦١٠)
شرۆڤەکاری بۆ بکرێ
بەر لە هەر شتێ دەربڕینی ئەم بۆچوونە، لە ئازایەتییەوەیە.هاوکات دەبێت پشت بە زەمینە مێژوویی و فەرهەنگی و سیاسی و نەتەوەییەکە، شرۆڤەکاری بۆ بکرێ، چونکە بابەتێکە شایانی کار لەسەر کردنە.
نووسەر بە تێڕوانینێکی گەشەوە سەیری دیاردەی زمانی کوردی و ئەو دۆخەی هەیە و تێیدایە، دەکات و قسە لەسەر ئەو هۆکارە سروشتییە دەکات، کە لە پشت زمانی کوردییەوە، کە سروشتی تایبەتی زمانی کوردی و کۆمەڵگاکەیە. ئالێرەدا بەراورد لە نێوان زمانی کوردی و عەرەبیدا،دەکات و ئاماژە بۆ  هۆکاری دەسەڵاتە مەزهەبییەکە(ئیسلام)، دەکات کە  توانیویەتی ببێتە زمانێکی ستاندارد.
«گەر لە زمانی کوردی و کولتورەکەی ورد بینەوە بۆمان دەردەکەوێت کورد نەتەوەیەکی میللییە و نەتەوەیەکی سیاسی نییە،بۆیە بۆ بوونی پێویستی بە دەوڵەت نییە. کورد وەک نەتەوە بنەمای بوون و پەرەسەندنەکەی لەناو ئەو کۆمەڵگا میللیەدایە کە لە شێوەی نەتەوەدا خۆی شێوەگیرکردووە،ئەمەش ئەوە دەگەیێنێ بنەمای بوون و پەرەسەندنەکەی لەناو  خۆیدایە و بەپێی ئەو سەردەمەی کە تیایدا بوون پەیدا دەکات، هەموو ئەو خاسیەتانەی کە نەتەوە دروستکراوەکان هەیانە دەرکەوتیان دەکات.بۆ نموونە خاوەنی زمانێکە کە پێی دەنووسرێت و پێی دەخوێندرێتەوە،خاوەنی هونەرێکی سەردەمیانە و کولتورێکی میللی سەردەمیانەیە».٦٠٤
لە گەشەسەندن و بەرەوپێشچوون ناکەوێت
کەواتە  زمانی کوردی زمانی کۆمەڵگای کوردییە، بەبێ دەسەڵاتی کاتی یان درێژخایەنی کوردی و دەتوانێ لەسەر پەرەسەندنی خۆی، هەر بەردەوام بێت. گەر بێتوو تەنانەت دەسەڵاتەکەی ئێستاش لە باشووری نیشتماندا نەمێنێ، زمانی کوردی لە گەشەسەندن و بەرەوپێشچوون ناکەوێت. دیارە ئەم تێبینییە هەستیارە، گفتوگۆی زۆر هەڵدەگرێ و پێویستە ناوەندەکانی ڕۆشنبیریی و کەسە خەمخۆرەکان بە پەرۆشەوە وەریگرن و دانوساندنی لەسەر بکەن.
د. عرفان، دوای ئەو هەموو باس و نموونانەی لەسەر زمان خستوویەتە بەردەستمان، پێی وایە، هەمان دەستوور، بۆ پرسی کولتوریش، شیاوە و بەسەریدا جێبەجێ دەبێت.
« کورد وەک نەتەوە،نەتەوەی دروستکراوی ناو دەوڵەتێک  نییە و بوون و نەبوونی نەبەستراوە بە بوون و نەبوونی دەوڵەتێکی مۆدێرنەوە،ئەمەش هۆکەی ناگەڕێتەوە بۆ  ئەوەی کە کورد لەسەردەمە مۆدێرنەکەدا نەبووە بە خاوەنی دەوڵەت، بەپێچەوانەوە کورد بۆ ئەوەی لە نەتەوەیەکی میللییەوە نەبێت بە نەتەوەیەکی دروستکراوی دەستی نەتەوەخوازیەک .قبووڵی ئەوەی نەکردووە دەوڵەتی هەبێت،ئەم کۆمەڵگایە قبووڵی ئەو جۆرە لە دەوڵەت دەکات کە پێویستی بەوە نەبێت دەست بەسەر زمان و کولتورەکەیدا بگرێت و لە زمان و کولتوری کۆمەڵگاوە بیکات بە زمان و کولتورێک بەدەست ئەو دەسەڵاتە سیاسیانەوە کە بەردەوام لەناو دەوڵەتدا دەگۆڕدرێن و زمانەکە بەو ئاڕاستەیە پەرەپێدەدەن کە دەسەڵاتەکەیان دەیخوازێت»٦١٢
هۆگری کورد بۆ زمان و کولتوریی و داکۆکی و پارێزگاری لە مانا و بوونەکەیان، هێند بەرز و نرخدارە، چ جارێ ئامادە نییە،سەرەڕۆییان پێوە بکات و بۆ هیچ مەبەست و ئامانجێ دەستبەرداریان بێت. دەوڵەتێ بۆ کورد شیاوە، کە بوونە میللییەکەی لە زمان و کولتوردا بپارێزێ، نەک دەوڵەتێ لە ڕێگەی دروستکردنی زمان و کورلتوری فەرمییەوە قووت بکرێتەوە و سیمایەکی سیاسی پێ ببەخشرێ!!. چونکە زمان و کولتوری دروستکراو،هەردەم شیاوی وشکبوون و هەڵوەرینە .
کەواتە دەبێ لەو سیستەمە تێبگەین، کە لەناو هەناوی کۆمەڵگای کوردیدا، چالاک و بزوێنەرە و حوکم دەدات.
ئێمە لەوە حاڵی دەبین
«واتە ئێمە بۆ تێگەیشتن لە بوونی نەتەوەیی کورد پێویستمان بە تیۆریزەکردنی تیۆرێکە بۆ نەتەوە و پێویستمان بەوە نییە کە بە تیۆر و میتۆدی لێکدانەوەی بوونە دروستکراوەکەی نەتەوەکانی جیهان بوونی نەتەوەییی کورد لێکبدەینەوە و لێی تێبگەین، ئەمەش لەبەر هۆیەکی سادەیە،ئەویش ئەوەیە کورد نەتەوەیەکی میللییە و نەتەوەیەکی سیاسی نییە».٦١٣
بەم شێوەیە، وەک نووسەر دەڵێ: گرنگ ئەوە نییە، ئێمە لەوە حاڵی دەبین، تیۆری نەتەوەخوازی و مۆدێرن، چی دەڵێ و داخوازی چییە، بەڵکو گرنگ ئەوەیە تێبگەین، کە ئەو حاڵەتە کوردییەی لە پەرەسەندنی خۆیدا بۆی دروست بووە و پێی ڕەسیوە، لەم رێگایەوە دەگەینە، ئەو وێستگەیەی، کە کورد بوونێکی میللی هەیە، نەک سیاسی. هەڵکەوت و پێکهاتەیەکی سروشتی هەیە، نەک دروستکراو و دەستکرد.
د. عرفان، بەم پەیامە جوانە کۆتایی بە خوێندنەوەکەی بۆ بوونی نەتەوەیی کورد دێنێ.
ئەوەی وای کردووە، تا ئێستا ئاسۆی تێگەیشن و تێڕوانمان بۆ چەمکی کوردبوون، تەسک و لێڵ و ناڕۆشن بێت، نەبوونی سەرچاوەگەلێکە، لەسەر ئەم پرسە هەستیار و چارەنووسسازەکە.
ڕەنگە ئەم کارە  شاکار و بێهاوتایەی د. عرفان، کە پێشینەی هەتا هەنووکە، لە کتێبخانەی کوردیدا بەرچاو ناکەوێ، دیسان نەیتوانی بێت دەرگا بەڕووی ئەم مژارە قووڵ و هەستیارەدا بۆ هەتاهەتایی دەبخات و بڵێین تەواو، بەڵام بەوپەڕی دڵنیاییەوە گەورەترین وەرچەرخانی لەم بوارەدا هێناوەتە گۆڕێ و دەبێت لێرە بەدواوە، ئەم کارە بکرێتە سەرەتای دەست پێکردنەوە و مشتوماڵدانی ئەوەی تا ئێستا بەرهەممان هێناوە. دەبێ ئەوەش بڵێم مەرج نییە، ئێمەش کوتومت لەگەڵ تەواوی بۆچوونەکانیدا هاوڕا بین، بەڵامچ گومانێکی تێدا نییە،کەوا بەرهەمەکانی د. عرفان ڕێگای هەزاران میلی بۆ کورت کردووینەتەوە و زۆر بابەتییانە و بە قووڵی و شارەزایانە، خوێندنەوەیەکی قووڵی بە هەناسەیەکی فەلسەفی و سۆسیۆپۆلەتیکییەوە خستۆتە بەردەستمان.
لەم بەرهەمەدا هەمووی خراوەتە ڕوو
 ئاخر پرسگەلی نەتەوە و نەتەوە چییە و لە چی پێکدێ و چۆن دروست دەبێ و قوتابخانە هزریی و فەلسەفەکان و کارکردنیان لەم کایەدا و، بایەخ و ڕۆڵی، زمان و کولتور، لەم بوارەدا و کاری نەتەوەخوازی و هەبوونی مۆدێرنە و پێگەی دۆزی کورد، لە ڕەهەندە ئاڵۆزەکانی ئەم هاوکێشەیە و مەیدانی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا، چییە و چۆنە. لەم بەرهەمەدا هەمووی خراوەتە ڕوو. هاوکات لەم بەرهەمەدا، د. عرفان،  کۆمەڵێ داوە تیشکی رووناک کەرەوەی خستۆتە سەر لایەنە تاریک و شاراوەکانی کوردبوون. تەقەلایەکی باشی داوە، وێستگە بە وێستگە، بمانگێڕێ بەناو دنیای فراوان و مشتومڕ هەڵگری پرسی کوردبوون و نەتەوەدا، بە ئامانجی نەخشاندنی چوارچێوەیەکی چەسپاو لەسەر زەمینەیەکی ڕەسەن و واقیعی،بۆ ناسنامەی کوردبوون.
د. عرفان مستەفا، بە پەڕۆشەوە، سەراسۆیی لەتەک ئەم بابەتەدا کردووە و دوا تنۆکی هەست و هۆشی خۆی گوشیوە، لە پێناوی ئەوەی هەموو ڕەهەندکانی ، ئەم پرسە ئالۆز و فرە بابەتە، ڕوون بکاتەوە.
دەستخۆشی لە د. عرفان دەکەم و ئومێدەوارم، هەوڵ و تەقەلای، لە رێگای قەڵەمە بە بڕشتەکەیی و توانا گەورەکەیی و کارە سەنگین و بەهادارەکانی  بیرە تیژ و وردەکەیەوە، بەردەوام بێت، لەسەر خزمەتکردن و پڕکردنەوەی کەلێنەکانی دیکەی ئەم چەمک و پرسە گرنگ و بایەخدارانە. ئاخر، کورد هێندەی نان و ئاو، پێویستی بەم بژێوییە مینۆکییانە هەیە و کتێبخانەی ژیکەڵەی کوردیش،زۆر هەژارە لەم مەیدانەدا.
ئەم کتێبە سەرەتای ئاسۆیەکی نوێی ئەو پرسگەلەی خستۆتە سەر گازەرای پشت و هیوادارم بە بێدەنگی بەسەر ڕۆشنبیراندا تێنەپەڕێ و بایی بەهای نرخ و کوردبوون دانوساندنی بابەتی و زانستی لەسەر بکرێت.
ئەو سەرچاوانەی بۆ ئەم نووسینە سوودیان لێ وەرگیراوە:
١ـ مەسعوود محەمەد  مرۆڤ و دەوروبەر
٢ـ مەسعوود محەمەد حاجی قادری کۆیی
٣ـ مەسعوود محەمەد  ژیان جیهانبینی بەرلین ١٩٩٩
٤ـ فەرهاد حەبدولحەمید پاڵەوان، زەردەشت و ئاڤێستا و فەلسەفەی یەکتاپەرستی
٥ـ دەمودووی هزر
٦ـ د.ئیسماعیل بێشکچی.کورد و مەسەلەی کورد.و، لاس
7-Hagen Schulze,  Staat und Nation in der europäschen Geschichte
8- Otto Dann ,Nation und Nationalismus in Deutschland 1770-1990
9-Dorothea Weidinger , Nation Nationalismus Nationale Identität
10-Christian Jansen ,Henning Borggräfe, Nation Nationalität Nationalismus
11-Rolf-Ulrich Kunze Nation und Nationalismusww
print

 73 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*