سەرەکی » وتار » بورهان شێخ ڕەئوف‌ » گەندەڵی زەبەلاحترین دۆسێی بەردەم كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی

دەر و دراوسێ

گەندەڵی زەبەلاحترین دۆسێی بەردەم كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی

ئەگەرچی حەیدەر عەبادی سەرۆكی حكومەتی ماوەبەسەرچوو كاربەڕێكەری ئێستای عیراقیش زۆری وت دەرهەق بە گەندەڵی تەنانەت لە سەرەتای دەست بەكاربوونیدا وتی ئەگەر سەریشم دابنێم واز لە دژایەتی و بەگژاچوونەوەی گەندەڵی و گەندەڵكاران ناهێنم بەڵام ئەوەی بینیمان ئاكامێكی بەرچاوی نەبوو لەبەرئەوەی بەشێكی زۆری سەرانی وڵات خۆیان تێوەگلابوون بە دیاردەی گەندەڵی لەوەیە بارودۆخی چوارساڵ پێش ئێستاش جیاواز بێت لە ئێستا كە شەڕی داعش و تیرۆر كۆتایی هاتووە .
گەندەڵی ئەو دەردە كوشندەیەكە لە تیرۆر مەترسیدارتر و زیانبەخشترە بۆ وڵات لە بەرئەوەی كۆسپی گەورەی بەردەم گەشەكردن و پێشووە چوونی گەل و وڵاتە لە هەموو بوارەكانی بنیاتنان و پەروەردەو فێركردن وەبەرهێنان و هەموو خزمەتگوزارییە پێویست و گرنگەكانی تری وڵات .
لەبەر هەموو ئەوانە سەركەوتنی كابینەكەی عادیل عەبدولمهدی پەیوەستە بە چۆنێتی هەڵسوكەوت و ئەو ڕێكارانەی كە دەی گرێتەبەر بۆ چارەسەرو بەگژاچوونەوەو ڕیشەكێشكردنی گەندەڵكاران كە زیانی گەورەیان بە ئابووری و سامان وداهاتی عیراق گەیاندووە لە پازدە ساڵی ڕابردوودا .

كاریگەرییەكانی گەندەڵی لەسەر عیراق
1. دەرگایەكی گەورە بۆ فێڕۆدانی ماڵی گشتی
2. كۆسپی گەورەی پێش گەشەكردن لەبەرئەوەی ڕێ دەگرێت لە وەبەرهێنان لە ڕێگەی پاڵنان بە وەبەرهێنەرانەوە كە نەوێرن نزیكی حكومەت ببنەوە بۆ كاركردن .
3. فاكتەرێكی ڕاستەوخۆیە بۆ وەستانی ڕەوڕەوەی پێشكەوتن و بەربەستی بەردەم بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری .
4. ڕێخۆشكردن وزەمینەسازی بۆ سەرهەڵدانی بیرو بۆچوونی توندڕەوی و تیرۆرو توندو تیژی ئەویش لە ڕێگەی بڵاوبوونەوەی هەژاری و بێكاری بەهۆی گەندەڵی .
5. گەندەڵی هۆكارێكی گەورەی تێكچوونی بارودۆخی ئاسایشی وڵات و دروستبوونی بشێوی و سەرهەڵدانی تاقمی ماڤیاو تیوەگلان بە بازرگانی مادەی بێهۆشكەر.
باشترین بەڵگە لەسەر گەندەڵی وكاریگەرییەكانی لە سەردۆخی عیراق و سەرهەڵدانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق وشام و داگیركردنی سێ‌ یەكی خاكی عیراق لە ساڵی 2014 بوو بە هۆی گەندەڵی لە بۆندەكانی كڕینی چەك و دامەزراندن هەزاران كەسی بندیوار لە ناو ڕیزەكانی سوپای عیراق و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ بە تایبەتی لە سەردەمی كابینەی نوری مالیكی كە ڕۆڵێكی زۆر نالەبارو نێگەتیڤی گێڕا بۆ تێكدانی دۆخی عیراق و سەرهەڵدانی ململانێ‌ ی ئتنیكی و تائیفی و تا ئێستاش وەك بەرزەكی بانان بۆی دەرچووە .

بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی
لەوەیە كارێكی زۆر قورس و پڕ سەرئێشە بێت بۆ عەبدولمهدی چونكە بەشێكی دیارو خاوەن پێگەو هەژموون لە نێو سیاسیە دەستڕۆیشتووەكانی عیراقدا تێوەگلاون بە گەندەڵی و هەر ئەوانیش هاوڕان و سازاون بە مالیكیشەوە لەسەر ئەوەی عادیل عەبدولمهدی ببیتە كاندیدی هەمووان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ‌ لە بەرئەوە ئەركەكەی سەرۆكوەزیرانی نوێ‌ ئاسان نابێت .
بۆیە ئەگەر عەبدولمهدی هەر هەنگاوێك بهاوێت بۆ بەگژاچوونەوەی گەندەڵی دەبێت لەگەڵ ئەوانەدا بەریەك بكەوێت كە ئەویان كاندید كردووە بۆ پۆستی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عیراق كە گرنگترین و هەستیارترین پۆستە و بەهێزترین و زۆرترین دەسەڵاتی هەیە لە عیراقی نوێدا بە پێ ی دەستووری عیراق .

لە ئاوا بارودۆخێكدا چ بكات عەبدولمهدی ؟
بە دیدی من لە ئاوا بارودۆخێكدا باشترین و خێراترین ڕێگە بۆ دۆخی ئێستای كارگێڕی و بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عیراق بە هەموو دامودەزگاكانیەوە ئەوەیە كە بەر بە بڵاوبوونەوەی زیاتری گەندەڵی بگێرێت و ڕێكاری پێویست بگیرێتەبەر بۆ ڕیشەكێش كردنی وازهێنان لە دۆسیە كۆنەكان و نەكردنەوەی لە كاتی ئێستادا بۆئەوەی بەریەككەوتن ڕوونەدات لەگەڵ زۆرێك لە سەرە گەورەكان كە هەریەكەیان بەجۆرێك لە جۆرەكان تێوەگلاەن بە دیاردەی گەندەڵی و بۆئەوەی كێشەو كۆسپ دروست نەكەن بۆ كابینەی نوێ‌ لە بە جێهێنانی ئەركە نوێ‌ و قورسەكانیدا.

 266 جار بینراوە