سەرەکی » ئابووری » هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی ئاشکرا دەکرێت

هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی ئاشکرا دەکرێت

ماوەیەكە نرخی سوتەمەنی بەگشتی لە هەرێمی كوردستان بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بنینیوەو جێگری سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی‌و وزەو بازرگانی‌و سامانە سروشتییەكانی پارێزگای سلێمانیش دەڵێت، پێویستە پارێزگارەكانی هەرێم سەرچاوەكانی هاوردەكردنی سوتەمەنی زیاد بكەن.
رێكەوت زەكی جێگری سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی‌و وزەو بازرگانی‌و سامانە سروشتییەكانی پارێزگای سلێمانی بە ماڵپەڕی (PUKmedia)ی راگەیاند: بەهۆی ئەو سزایانەی كە ئەمریكا خستویەتییە سەر ئێران كاریگەری كردۆتە سەر نرخی سومەتەمەنی بەگشتی‌و بەنزین بەتایبەتی، چونكە یەكێك لە سەرچاوەكانی هاوردەكردنی سوتەمەنی بۆ هەرێمی كوردستان وڵاتی ئێرانە.
وتیشی: «لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە دەسەڵات دراوە بە پارێزگارەكان كە بە رێژەی پێویست سوتەمەنی هاوردەی پارێزگاكانیان بكەن‌و رێگربن لە بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی، بۆیە دەكرێت پارێزگارەكان هەوڵ بدەن سەرچاوەكانی هاوردەكردنی سوتەمەنی لە وڵاتانەوە زیاد بكەن، تا رێگری بكەن لە بەرزبوونەوەی نرخی سوتەمەنی.
رێكەوت زەكی راشیگەیاند: بەگشتی لە وڵاتانی توركیاو ئێران‌و ئیماراتەوە سوتەمەنی هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێت، بەڵام ئەگەر هەوڵی هەناردەی سوتەمەنی بدرێت لە وڵاتانی دیكەوە ئەوا بە دڵنیاییەوە ئەو گرفتە چارەسەر دەبێت‌و بەپێچەوانەشەوە نرخی سوتەمەنی زیاتر دادەبەزێت.

 494 جار بینراوە