سەرەکی » راپۆرت » دۆسێی قەشە ئەمریکییەکە ئەردۆغان دەخـاتە دۆخێکی شەرمەزارکەرەوە

دۆسێی قەشە ئەمریکییەکە ئەردۆغان دەخـاتە دۆخێکی شەرمەزارکەرەوە

راپۆرتی شرۆڤەیی: جەمال ئارێز

ئازادکردنی قەشە ئەندرۆ برانسۆن لەرۆژی هەینیی رابردوودا لەدوای سێ ساڵ لە دەستگیرکردنی و شەڕەدەنوکی نێوان واشنتۆن و ئەنقەرەو داتەپینی ئابووریی ئەو وڵاتە، ئەردۆغان و ئەکەپە لەبەردەم بەشێک لە میدیاو ئۆپۆزسیۆنی تورکیادا دەخاتە دۆخێکی شەرمەزارییەوە.
سەربەخۆیی دادگاو دامەزراوەی دادوەریی یەکێک لەو دەستەواژانەیە کە بە درێژایی 95 ساڵی حوکمڕانیی تورکیا لەلایەن حزب و سەرکردە حوکمڕانەکانەوەو لەسەروو هەمووشیانەوە رەجەب تەیب ئەردۆغان کە لە بۆنە جیاجیاکاندا بە شانازییەوە بەنەیارە ناوخۆیی و دەرەکییەکانیانی دەفرۆشنەوە، بەڵام چەند ساڵی رابردووی شێوازی مامەڵەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن لەو وڵاتەدا لەگەڵ دەزگای دادوەرییدا نەک ئەو دەستەواژەیەیان کردووەتە دەستەواژەیەکی کاڵ و کرچ و بێ بەها، بەڵکو پێچەوانەکەیان سەلماندووە.

قەشەکە لەسەر چی دەستگیرکرا؟
«کودەتا گوماناوییەکە»ی رۆژی 15ی تەممووزی 2016 لە تورکیا، بووە درفەتێکی زێڕین لەبەردەم رەجەب تەیب ئەردۆغاندا بۆ پاکتاوکردنی حساباتە سیاسییەکانی و لێدانی نەیارەکانی لەناو دامەزراوە جیاجیاکانی وڵاتەکەی و قەرەبووکردنەوەی ئەو بارگرانییە ئابوورییەی لەدوای خۆبەخاوەنکردنی «بەهاری عەرەبی»ەوە رۆژبەرۆژ بەرەو داڕمان دەچوو.
بەگوێرەی بەشێک لە سەرچاوەکان ئەردۆغان بەنیازبوو لەدوای ئەو رووداوانەی بەهاری عەرەبییەوە زۆربەی ئەو وڵاتانە ببنە ئیخوانچی و لەو رێگەیەشەوە لەلایەک هەژموونی سیاسیی خۆی فراوان بکات و لەلایەکی دیکەشەوە ئەو هەژموونە بۆ باری ئابووریش بەکاربهێنێت، بەتایبەتی کە لەو سەروبەندەدا ئەوروپاو ئەمریکاش هێشتا گیرۆدەی قەیرانە ئابوورییەکەی ساڵی 2008 بوون.

ئەڵتەرناتیڤی ئەخوەنە
دوای ئەوەی دۆخی میسر بەجۆرێکی دیکە شکایەوەو عەسکەر دەسەڵاتی لە ئیخوانەکان وەرگرتەوەو ئەنجامەکە لە یەمەن بەجۆرێکیتر کەوتەوەو لیبیاو سوریاش کە هێشتا ئاگری جەنگەکەیان دانەمرکاوەتەوە، نەک نەبوونە مایەی بوژانەوەی ئابووریی تورکیاو بەدیهێنانی خەونی زیندووکردنەوەی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانی، بەڵکو عوسمانچییە نوێیەکانی لە جەنگێکەوە ئاڵاند کە بەشێکی ئابوورییەکەیان بەهۆی ئاوارەی سوریا لەلایەک و هاوکاریکردنی گروپە ئیسلامییە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریاوە داغانکرد.

قەرەبووکردنەوەی ئەو هەڵەیە بەداعش
بەگوێرەی بەشێک لە میدیاکانی تورکیا، ئەردۆغان بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کورتبینییە سیاسی و ئابوورییە، هەوڵیدا لەڕێگەی ئاسانکاریی و دەستگیرۆیی گروپی تیرۆریستی داعشەوە تێی هەڵبێنێتەوەو بەجۆرێک کە ئەو گروپە بتوانن رووبەرێکی فراوانی سوریاو عیراق بخەنە ژێر قەڵەمڕەویی خۆیانەوە بەتایبەتی ئەو ناوچانەی کە سەرچاوەی نەوتیان تێدایە و رێگەیان بۆ بکاتەوە تا لەو رێگەیەوە نەوت بە نرخێکی زۆر هەرزان هەناردەو رادەستی تورکیا بکەن و تورکیاش ئەو نەوتە هەرزانە بە نرخی ئۆپێک بە کۆمپانیا ئەوروپایی و خۆرئاواییەکان بفرۆشێتەوە و قازانجی باشی لێبکات و هەرواش بوو ساڵی 2014-2015 تورکیا قازانجێکی ئابووریی زۆری چنگ کەوت لەو بازرگانییە بێ دەستمایەیە.

تەنگ هەڵچنین بە داعش و ئاشکرابوونی گەمەکە
لەکۆتایی ساڵی 2015-ەوە کێرڤی پێشڕەویی و هەژموونی داعش نەک وەستا، بەڵکو پێچەوانە بووەوەو بەگوێرەی ئەو زانیارییە هەواڵگرییانەی ئەمریکاو سوپای عیراق و هێزی پێشمەرگەو شەڕڤانان لە رۆژئاوای کوردستانەوە دەستدەوکەتن و بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامانەش لە لە داعش بەجێ دەمان و لە فەوتاندن رزگاردەکران و لەڕێی میدیاکانی جیهان و ئۆپۆزسیۆنی حکومەتی تورکیاوە دزەیان پێدەکرا، رۆژبەڕۆژ سەرەداوی پەیوەندییەکانی داعش و تورکیا ئاشکراتر دەبوو، جگەلەوەش تورکیا بەهۆی جەنگی سوریاوە ئێران و روسیاشی لەخۆی کردبووە دوژمن و بەهۆی جەنگی دژە تیرۆرو ئەو زانیارییە هەواڵگریی و گرتە ڤیدیۆییانەوە کە دزەیان دەکرد لەگەڵ خۆرئاواشدا دڕدۆنگ ببوو و لە گۆشەیەکدا قەتیسکرابوو، بەجۆرێک کەوتە دژایەتییەکی بێ پەرواوە لەگەڵ مۆسکۆ و تەنانەت فڕۆکەی جەنگیی ئەو وڵاتەشی خستە خوارەوە.

کودەتاو دەربازبوون لە نەیارە ناوخۆیی و دەرەکییەکان
شەوی هەینی 15ی تەمووزی 2016 میدیاکانی تورکیاو جیهان هەواڵی کودەتایەکی سەربازییان لە تورکیا بڵاوکردەوە کە تەنانەت دەستگیرا بەسەر یەکێک لە کەناڵە دەوڵەتییە فەرمییەکانداو لەوێوە بانگەوازی کودەتاکە کرا.
دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە لەپاش نزیکەی 20 سەعات کۆتایی هاتنی کودەتاکەیان راگەیاند و بەو هۆیەشەوە چەندین ئەفسەری باڵای سوپای ئەو وڵاتە دەستگیرکران ، بەجۆرێک کە ئەو سوپایەی تورکەکان وەک پیرۆزترین دامەزراوە حسابیان بۆ دەکرد، لەلایەن میلیشیاکانی سەربە ئاکەپەوە بەجۆرێک ریسواکران کە لەسەر شەقامەکان بەبەرچاوی خەڵک و میدیاکانەوە سەرباز دارکاریی دەکرا.

ئامانجی «کودەتاکە»
بەهۆی کودەتاکەوە ئەردۆغان چەند ئامانجێکی سیاسی و ئابووری و سەربازیی پێکا وەک:
*لەڕووی سیاسییەوە ژمارەیەکی زۆر لە نەیارە سیاسییەکانی لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتدا لە « سوپا، پۆلیس، دادوەر، فەرمانبەر، تەنانەت مامۆستاو کۆمپانیاکانی پەیوەندیی تەلەفۆن و ئینتەرنێت لەکار دوورخستەوە.
*بەناوی کودەتاکەوە ئەردۆغان حوکمی عورفی و باری نائاسایی بەسەر وڵاتەکەدا سەپاندو زۆربەی پۆستە باڵا سەربازیی و دادوەریی و کارگێڕییە باڵاکانی بە وەکالەت بە کەسانی متمانەپێکردوی خۆی سپارد.
*لەڕووی ئابوورییەوە دەستیگرت بەسەر سەرمایەی گرووپی خزمەتی فەتحوڵڵا گویلەن و بەشی هەرەزۆرەی سەرمایەدارانی ئاسایی تورکیاو تۆمەتبارکردنیان بە لایەنگیریی بۆ گویلەن یان بۆ پەکەکە.
*داخستنی بەشێکی زۆر لە میدیاکان یان دەستبەسەردا گرتنیان و دەستگیرکردنی دەیان و سەدان نووسەرو رۆژنامەنووسی چەپ و پێشکەوتنخواز بەناوی لایەنگیریی بۆ گویلەنییەکان.
*پاکتاوکردنی بەشێک لەو کەسانەی کە ئەگەری ئەوە هەبوو زانیاریی بدرکێنن وەک ئەو فڕۆکەوانەی فڕۆکە رووسییەکەی خستە خوارەوەو بەو هۆیەشەوە ئەو دۆسێیەی بەهەڵواسراوی هێشتەوە کە گوایە ئەو فڕۆکەوانەش یەکێک بووە لە کودەتا چییەکان.

کۆمیدیاو تراژیدیای رەشبگیریی
وەک لە سەرچاوە میدیاییەکانی تورکیاوە ئاشکرا کراوە لە دوای کودەتاکەوە زیاتر لە 150 هەزار کەس لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی ئەو وڵاتەوە خراونەتە زیندانەکانەوەو بەشێکیان زیاتر لە سێ ساڵە هێشتا راگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسێکانیان نەکراوە، بەڵام ئەوەی لەو تراژیدیایەدا بووەتە کۆمیدیا لەسەر ئاستی جیهان، دەستگیرکردنی دەیان و سەدان نووسەری چەپ و کۆمۆنیست و دژە ئایینە بە تۆمەتی پشتگیرییکردن لە گروپی فەتحوڵڵا گویلەن، لەهەموو ئەوانەش پێکەنیناوی تر، گرتنی قەشە ئەمریکییەکە بوو بە دوو تۆمەتی سەیرو داتاشراو یەکێکیان پشتگیریکردنی ئەو قەشە کریستیانە لە گروپێکی سۆفیگەریی ئیسلامی و هاوکات پشتگیریی لە پارتی کرێکارانی کوردستان کە حزبێکی چەپی مارکسیستە.

گەیاندن بە مریشکە رەشەو خاڵیبوونەوە
جیاواز لە دەستگیرکردنی ئەو دەیان هەزار کەسەی تر، دەستگیرکردنی قەشە ئەمریکییەکە خاوەندارێتیی لەلایەن ئەمریکاوە لێکراو چیتر بەکارهێنانی دەستەواژەی سەروەریی و دەسەڵاتی دادوەریی دادی تورکیا و ئەردۆغانی نەداو ئەمریکا پێداگریی کرد لەسەر ئازادکردنی، بەڵام ئەردۆغان بۆ قایلکردنی رای گشتیی ناوخۆیی تورکیا، سەرەتا 35 ساڵ حوکمی زیندانیکردنیان بەسەردا سەپاند، دواتر لە ساتوسەودایەکی ژێربەژێردا لەگەڵ ئەمریکییەکان و بەتایبەتی تیللەرسۆنی وەزیری پێشووی کاروباری دەرەوەی ئەمریکادا حوکمەکەیان بۆ گۆڕی بە دەستبەسەریی ناچاریی لەماڵەکەیدا بەرامبەر بە رادەستکردنەوەی فەتحوڵڵا گویلەن و کشانەوەی ئەمریکاو شەڕڤانانی هەسەدە لە مینبەج، بەڵام تیللەرسۆن وازی لەپۆستەکەی هێناو ئەمریکا وازی لە قەشەکە نەهێنا.
هەرچەندە ئەردۆغان بە خۆنواندن لەبەردەم موختارو سەرمایەدارانی لۆکاڵی و میدیا فەرمییەکانی وڵاتەکەیدا خۆیدا وای نمایش دەکرد کە ناچێتە ژێرباری داواکانی ئەمریکاوە، بەڵام لە دیداری ناو راڕەوەکانی سیاسەتداو بەتایبەتیش لە دوا سەردانیدا بۆ نیویۆرک بۆ بەشداریی لە کۆبوونەوەی ساڵانەی نەتەوەیەکگرتووەکاندا دۆناڵد ترەمپ جگە لەوەی ئامادە نەبوو ئەردۆغان بە فەرمی ببینێت، بەڵام دوا پەیامی خۆی پێ راگەیاندو ئەو دوا پەیامەش هەموو پەیامەکانی پێشووی ئەردۆغانی لە راستگۆیی خاڵیکردەوەو خستییە دۆخێکی شەرمەزارەوە لەبەرامبەر گەلی تورکیاو میدیاکەی و ئۆپۆزسیۆنەکەیدا.

خاوەنداریی و بێخاوەنی
کەیسەکەی قەشە ئەندریۆ جگە لەو خاڵانەی لەسەرەتاوە باسکران، راستییەکی بۆ گەلی تورکیا دەرخست ئەویش ئەوەیە کە تورکیا لە رووی دیپلۆماسی و هەژموونی سیاسییەوە ئەوەندە بێ دەسەڵاتە کە ناتوانێت لەسەر هاووڵاتییەکانی خۆی هەڵبداتێ و بەدوایاندا بچێت کە لەوڵاتاندا دەستبەسەر دەکرێن و لەسەر ئاستی کەسایەتییە تورکیاییە نەیارەکانیشی پەنا بۆ رفاندن و شێوازی مافیایی دەبات لە هێنانەوەیان یان تیرۆرکردنیان وەک ئۆجەلان لە ساڵی 1999 و تیرۆرکرنی ساکینە چانسز و هاوڕێکانی لە ساڵی 2013دا، بەڵام وڵاتانی دیکە چۆن بەشوێن هاووڵاتیی خۆیاندا دەچن و وازناهێنن تا ئازادیان دەکەن بەبێ ئەوەی هیچ سازشێک بۆ ئەردۆغان بکەن.

 45 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*