سەرەکی » ئاراستە » فیچه‌ری رۆژنامه‌نووسی ‌و پێكهاته‌ سه‌ره‌كییه‌كانی فیچه‌ری باش

فیچه‌ری رۆژنامه‌نووسی ‌و پێكهاته‌ سه‌ره‌كییه‌كانی فیچه‌ری باش

گۆران فه‌تحی

فیچه‌ر یان «چیرۆكی مرۆڤانه‌» یه‌كێك له‌هونه‌ره‌كانی رۆژنامه‌گه‌رییه‌، كه‌ رۆژنامه‌نووس تێیدا گرنگی به‌لایه‌نی مرۆڤانه‌ی‌ مه‌سه‌له‌كان یان رووداوه‌كان ده‌دات، له‌م جۆره‌ له‌راپۆرتی رۆژنامه‌وانی، رۆژنامه‌نووس كار له‌سه‌ر ره‌هه‌ندی جیاواز له‌گواستنه‌وه‌ی‌ هه‌واڵ ده‌كات، به‌نیشاندانی نه‌هامه‌تی یان چیرۆكی مرۆڤانه‌ی پشت رووداوه‌كانه‌وه‌، ئیتر له‌رێگه‌ی‌ راپۆرت بۆ رۆژنامه‌ یان رادیۆ یان ته‌له‌فزیۆن بێت.
فیچه‌ر هه‌ول ده‌دات كاره‌كه‌ی‌ نزیكتر بكاته‌وه‌ له‌ژیانی خه‌ڵكی‌و هه‌وڵیش ده‌دات خۆی‌ به‌دووربگرێت له‌ئیقاعی هه‌واڵی خێرا، له‌رێگه‌ی‌ نووسین سه‌باره‌ت به‌مه‌سه‌له‌ گرنگه‌كان به‌لای خه‌ڵكییه‌وه‌‌و باسكردنی لایه‌نه‌ جیاوازه‌كانی ژیانیان، زۆرجاریش رۆژنامه‌نوس له‌فیچه‌ردا ده‌گه‌ڕێت بۆ هامشی پشت هه‌واڵه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌قووڵی رووداوو پاكگراوندو لایه‌نه‌ جیاجیاكانی تێبگه‌ین.

پێناسه‌ی‌ فیچه‌ر
فیچه‌ر feature یان چیرۆكی مرۆڤانه‌ چه‌ندین پێناسه‌ی‌ هه‌یه‌، كه‌ گرنترینیان ئه‌وه‌یه‌، راپۆرت یان چیرۆكێكه‌ پشت به‌ بیرۆكه‌یه‌كی‌ سه‌ره‌كی سه‌باره‌ت به‌مه‌سه‌له‌یه‌كی په‌یوه‌ست به‌گروپێك یان تاكێك ده‌به‌ستێت‌و مه‌به‌ستییه‌تی زیانیارییه‌كان به‌شێوازیكی درامی سه‌ره‌نج راكێش بگه‌یه‌نێت.
ریپۆرته‌ریش له‌م جۆره‌ له‌هونه‌ری رۆژنامه‌وانی ده‌توانێت له‌پێشه‌كیه‌كه‌یدا ئیبداع بكات‌و بۆ نموونه‌ به‌په‌ندێكی بەناوبانگ ده‌ستپێبكات یان به‌ ئه‌نجامی توێژینه‌وه‌یه‌ك‌و له‌په‌ره‌گرافی دووه‌مدا كوته‌یشینێك وه‌ربگرێت‌و ئینجا به‌شێوه‌یه‌كی‌ ناراسته‌وخۆ باس له‌گرنگی بابه‌ته‌كه‌ی‌و پێویستی نوسینی بكات، ئینجا كوته‌یشنێكی تر وه‌ربگرێت‌و دواتر پاكگراوندێكی فراوانتری مه‌سه‌له‌كه‌ نیشان بدات‌و هه‌وڵ بدات بیرۆكه‌كه‌ی به‌زۆرترین ژماره‌ی‌ خوێنه‌ران بگه‌یه‌نێت، به‌مجۆره‌ش به‌رده‌وام بێت له‌ نمایشكردنی زانیارییه‌كان تا ده‌گاته‌ كۆتایی بابه‌ته‌كه‌ی كه‌ كورته‌ی‌ ئه‌نجامه‌كان‌و ده‌رهاویشته‌كانی باس بكات له‌ئاینده‌دا، واباشتریشه‌ ریپۆرته‌ر فیچه‌ره‌كه‌ی‌ به‌ووته‌ی سه‌رچاوه‌كان كۆتایی پێنه‌هێنێت ته‌نها له‌و كاتانه‌دا نه‌بێت كه‌ ووته‌كه‌ زۆر كاریگه‌ر بێت.
یه‌كێك له‌ مه‌رجه‌ گرنگه‌كانی فیچه‌ر ئه‌وه‌یه‌ پشت به‌ رسته‌ی چڕ ببه‌ستێت‌و بیرۆكه‌یه‌كی‌ روون‌و دیوێكی دیار باس بكات‌و پشت به‌یانات‌و بۆچوونی شاره‌زایانی په‌یوه‌ندیدار به‌بابه‌ته‌كه‌ی‌ ببه‌ستێت، هه‌روه‌ها ده‌بێت نووسه‌ری فیچه‌ر بڕوای به‌گرنگی بابه‌ته‌كه‌ی‌ هه‌بێت‌و ئه‌وه‌ش له‌چیرۆكه‌كه‌یدا ره‌نگ بداته‌وه‌.(1)
خودێ ووشه‌ی‌ فیچه‌ر feature چه‌مكێكی ئینگلیزییه‌ كه‌له‌ئه‌ده‌بیاتی رۆژنامه‌گه‌ریدا به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رفراوان به‌كاردێت بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ هه‌واڵیانه‌ی‌ په‌یوه‌یست نین به‌ رووداوه‌ هه‌نووكه‌ییه‌كان‌و زیاتر په‌یوه‌یستن به‌ ره‌هه‌ندی مرۆڤایه‌تی‌و ژیانی رۆژانه‌و پابه‌ندیش نیین به‌هه‌ره‌می مه‌قلوب یان شێوازی هه‌والكردن، له‌فیچه‌ردا زیاتر پشت به‌توانای ئه‌ده‌بی ده‌به‌سترێت‌و له‌ چوارچێوه‌ی‌ هه‌واڵی خه‌فیفدا soft news هه‌ژمار ده‌كرێت نه‌ك هه‌واڵی جاد hard news.(2)
دكتۆر مه‌هه‌دی جه‌ندوبی له‌و رووه‌وه‌ ده‌لێت، فیچه‌ر ره‌نگه‌ به‌شێوه‌ی هه‌واڵێك بێت كه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندكرابێت به‌باكگراوندێكی گونجاو یان گفتوگۆیه‌ك یان راپۆرتێكی زیندو «راپرسی یان ریپۆرتاج» یان نمایشكردنی پرۆفایلێك یان ته‌حقیقێك، هه‌روه‌ها به‌شێوه‌یه‌كی‌ كه‌متریش له‌ناو رۆژنامه‌گه‌ری عه‌ره‌بیدا بۆ جۆرێك له‌راپۆرتی رۆژنامه‌وانی به‌كاردێت كه‌ پێی ده‌وترێت «راپۆرتی تایبه‌ت».(3)

هه‌نگاوه‌كانی نوسینی فیچه‌ر
بۆ ئه‌وه‌ی‌ رۆژنامه‌نووس كاره‌كانی به‌باشی بكات‌و دوا نه‌كه‌وێـت له‌و گه‌شه‌ خێرایه‌ی‌ بواری رۆژنامه‌نووسی به‌خۆوه‌ی‌ ده‌بینێت، ئه‌وا ده‌بێـت هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی زانیاری بدات‌و خۆی رۆشنبیربكات‌و نابێت خۆی به‌كاری رۆتیناتی رۆژانه‌وه‌ ببه‌ستێته‌وه‌، چونكه‌ بواری رۆژنامه‌نووسی وه‌كو زۆرێك له‌بواره‌كانی تر به‌رده‌وام له‌گه‌شه‌سه‌ندن‌و پێشكه‌وتندایه‌، رۆژنامه‌نوسیش ده‌توانێت له‌رێگه‌ی‌ به‌شداری كردن له‌خوله‌ رۆژنامه‌نووسیه‌كان یان له‌ریگه‌ی‌ سه‌رچاوه‌ جۆراوجۆره‌كانه‌وه‌ هونه‌رو جۆری تری رۆژنامه‌نوسیه‌وه‌ شتی زۆر فێربێت، سه‌باره‌ت به‌ فیچه‌رو چۆنێتی نوسینی، ئه‌وا رۆژنامه‌ی‌ «زه‌ گاردیان»، شه‌ش هه‌نگاوی خستووه‌ته‌ روو به‌م شێوه‌یه‌:
1-ده‌بێت بابه‌ته‌كه‌ت وڵامی هه‌ر پێنج پرسیاره‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی هه‌واڵ بداته‌وه‌ كه‌ ئه‌وانیش، كێ؟ چی؟ كه‌ی‌؟ له‌كوێ؟ چۆن؟ بۆچی؟ بداته‌وه‌ به‌پێی توانا.
2-وابه‌باش ده‌زانرێت كه‌ رووداوه‌ گرنگ‌و بنه‌ڕه‌تییه‌كان له‌په‌ره‌گرافی یه‌كه‌می بابه‌ته‌كه‌ت بنوسێت به‌مه‌به‌ستی سه‌ره‌نج راكێشانی خوێنه‌ر.
3-ده‌بێت به‌شێوه‌یه‌كی‌ باش پلان دابنێت بۆ ئه‌و شته‌ی‌ ده‌ته‌وێت به‌خوێنه‌ری بیگه‌یه‌نێت له‌سه‌ره‌تاوه‌و پێش ده‌ستكردن به‌نووسینی راپۆرته‌كه‌ت.
4-ده‌بێت پابه‌ندبیت به‌بیرۆكه‌ی‌ سه‌ره‌كی بابه‌ته‌كه‌وه‌و گریمانه‌ی‌ پرسیاره‌كانی خوێنه‌ری له‌باره‌وه‌ بكه‌یت‌و وڵامیان بۆ ئاماده‌بكه‌یت.
5-ئه‌بیت ئه‌و دیوه‌ی‌ بابه‌ته‌كه‌ت كه‌ گفتوگۆ هه‌ڵده‌گرێت زانیار له‌باره‌وه‌ بزانیت، بۆیه‌ ده‌بێت ئه‌و دیوه‌ هه‌ڵبژێریت بۆ راپۆرته‌كه‌ت كه‌ ده‌توانیت به‌شێوه‌یه‌كی‌ باش رووماڵی بكه‌یت.
6-زۆر گرنگه‌ كۆمێنت‌و لێدوانی سه‌رچاوه‌یه‌ك یان زیاتر بخه‌یته‌ ناو فیچه‌ره‌كه‌ته‌وه‌، به‌مه‌به‌ستی‌ به‌ده‌ستهێنانی مسداقیه‌تی زیاتر‌و به‌هێزكردنی راپۆرته‌كه‌ت ئه‌گه‌ر نا ئه‌وا فیچه‌ره‌كه‌ت به‌لاواز هه‌ژمار ده‌كرێـت.(4)
ئه‌م خاڵانه‌ش هه‌روه‌ها باس ده‌كرێت بۆ نوسینی فیچه‌ری باش:
1-رسته‌ی كاریگه‌ر له‌سه‌ر هه‌ستی خوێنه‌ر به‌كاربێنه‌ كه‌ وه‌سفی رووداوه‌كه‌ بكات.
2-دوور مه‌كه‌وه‌ره‌وه‌ له‌ په‌یوه‌ندی نێوان هێڵی درامی‌و هێڵی كاتی رووداوه‌كه‌.
3-ده‌بێت چیرۆكه‌كه‌ له‌پێگه‌ی‌ جوگرافی خوێنه‌ردا بێت‌و گشتگیربێت‌و گرنگ بێت به‌لای هه‌موانه‌وه‌.
4-كار له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌ بكات كه‌ گرنگن به‌لای رای گشتییه‌وه‌.
5-ده‌بێت رۆژنامه‌نووس دووربێت له‌تێكه‌ڵكردنی بۆچوونی كه‌سی‌و رووئیای خۆی‌ له‌چیرۆكه‌كه‌دا.
6-ده‌بێت سه‌رچاوه‌ی جیاجیا وه‌رگرێت به‌مه‌به‌ستی پاراستنی بێ لایه‌نی بابه‌ته‌كه‌ی‌‌و ته‌نها یه‌ك سه‌رچاوه‌ وه‌رنه‌گرێت‌و رێگه‌ بدات به‌و لایه‌نانه‌ی‌ تریش كه‌ په‌یوه‌ستن به‌مه‌سه‌له‌كه‌وه‌، واتا پێدانی چانس به‌لایه‌نی دووه‌م بۆ ده‌ربڕێنی بۆچوونی خۆی‌.
7-بۆ ده‌رخستنی راستیه‌كان پێویسته‌ هه‌موو بۆچوونه‌كان ده‌ربخرێت‌و رێگه‌ نه‌درێت به‌تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ یان ئیبتزاز له‌چیرۆكه‌كه‌دا.
8- واباشه‌ فیچه‌ر نزیكه‌ی‌ 1000 ووشه‌ بێت‌و نابێت پچڕان له‌نێوان به‌شه‌ گرنگه‌كانیدا هه‌بێت‌و ووشه‌كانیش كه‌م‌و پوخت بن‌و ئامانج بپێكن.
9-ده‌بێت به‌شێوه‌ی‌ په‌ره‌گراف بێت به‌مه‌رجێك په‌ره‌گرافه‌كان په‌یوه‌ندیان پێكه‌وه‌ هه‌بێت‌و باس له‌بابه‌ته‌كه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ بكه‌ن.
10-ده‌بێت بواری پێداچوونه‌وه‌ به‌چیرۆكه‌كه‌ت بهێڵێته‌وه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌ر خه‌له‌ل یان لاوازیه‌كی تێدابێت چاكی بكه‌یته‌وه‌.(5)

پێكهاته‌كانی ناو فیچه‌ر
كاتێك ده‌ڕوانینه‌ هه‌ر فیچه‌رێك و چیرۆكێكی مرۆڤانه‌ ئه‌وا ئه‌م پێكهاتانه‌ یان به‌شێك له‌م پێكهاتانه‌ی‌ تێدا به‌دی ده‌كه‌ین.
1-گرنگیدان به‌دیوی مرۆڤانه‌ی چیرۆكه‌كه‌.
2-تیشك خستنه‌ سه‌ر كه‌سانێك له‌رێگه‌ی‌ رۆچوونه‌ ناو قوڵایی كه‌سایه‌تیانه‌وه‌.
3-گواستنه‌وه‌ی‌ رووداو یان ئه‌زموونێك كه‌ ره‌نگه‌ ئیزافه‌ یان شتێكی نوێ فێری خوێنه‌ر بكات
4-رۆژنامه‌نووس له‌رێگه‌یه‌وه‌ تواناو شاره‌زایی ئه‌ده‌بی خۆی‌ نیشان ده‌دات.(6)
هه‌روه‌ها ئه‌م پێكهاته‌ گرنگانه‌ش له‌خۆ ده‌گرێت:
یه‌كه‌م: ئامانج- ئه‌مه‌ جیای ده‌كاته‌ له‌هه‌واڵ یان راپۆرته‌ هه‌واڵ، چونكه‌ مه‌به‌ست لێره‌دا ته‌نها گه‌یاندنی زانیاری نییه‌ به‌خوێنه‌ر، به‌ڵكو راكێشانێتی بۆ به‌دواداچوون و ته‌قه‌سی‌و رۆشنبیركردن‌و چێژ به‌خشێن.
دووه‌م: بابه‌ت- ده‌بێت بابه‌ته‌كه‌ باش‌و چێژبه‌خش بێت بۆ خوێنه‌رو له‌وه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ راسته‌قینه‌ بێت‌و دروستكراوی خه‌یاڵدانی نووسه‌ر نه‌بێـت‌و زیاتر مۆركێكی مرۆڤانه‌ی پێوه‌ دیاربێـت.
سێهه‌م: تایتڵ- ئه‌مه‌ ده‌روازه‌ی‌ سه‌ره‌كی چوونه‌ ناو راپۆرته‌كه‌یه‌‌و ده‌بێت له‌بنه‌ڕه‌تی چیرۆكه‌كه‌ بێت، هه‌روه‌ها ده‌بێت ته‌شویقی تیابێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ سه‌ره‌نجی خوێنه‌ر به‌لای خۆیدا راكێشێت، هه‌روه‌ها ده‌بێـت وێنایه‌كی‌ بابه‌ته‌كه‌ بكات له‌رێگه‌ی‌ وشه‌گه‌لێك كه‌ تایتڵه‌كه‌ پێكدێنێت.
چواره‌م: بیرۆكه‌كه‌- له‌رووداوێك یان حاڵه‌تێكی مرۆڤانه‌ بدوێت‌و واباشه‌ رۆژنامه‌نووس ده‌فته‌رێكی پچوكی لا بێت بۆ نووسینی تێبینی په‌یوه‌ست به‌بابه‌ته‌كه‌، چونكه‌ كاتی روودانی حه‌ده‌س دیار نییه‌و ره‌نگه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ كتوپڕ یان له‌رێگه‌ی‌ حه‌ده‌سێكی دیاریكراوه‌وه‌ یان له‌كاتی بوونی رۆژنامه‌نووسه‌كه‌ له‌شوێنێك رووبدات، بۆیه‌ پێویسته‌ بنوسرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌بیر نه‌كرێت.
پێنجه‌م: پێشه‌كی- گرنگیه‌كی‌ زۆری هه‌یه‌و ده‌توانێت سه‌ره‌نجی خوێنه‌ر به‌لای خۆیدا راكێشێت‌و به‌وه‌ش زیاتر بابه‌ته‌كه‌ ده‌خوێنێته‌وه‌ تا كۆتایی‌و به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ئه‌گه‌ر پێشه‌كی لاوازو نارێك بێت ئه‌وا خوێنه‌ر گرنگی پێنادات.
شه‌شه‌م: پلان- ئه‌مه‌ ده‌بێت پێش ده‌ستكردن به‌نووسین پلانێك بۆ چیرۆكه‌كه‌ دابنێیت، شاره‌زایانی بواری رۆژنامه‌نوسیش ئاموژگاری ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن، كه‌ په‌نا ببرێته‌ به‌ر خه‌ریته‌ی‌ زهینی كه‌ سه‌ره‌تاو ناوه‌ڕاست‌و كۆتایی هه‌بێت.
حه‌وته‌م:گونجاویی- زۆر گرنگه‌ رسته‌و په‌ره‌گرافه‌كانی بابه‌ته‌كه‌ پێكه‌وه‌ گونجا‌و په‌یوه‌ست به‌یه‌ك بن له‌هه‌موو لایه‌نه‌كانه‌وه‌.
هه‌شته‌م: خۆلادان له‌دووباره‌كردنه‌وه‌- هه‌وڵ بدرێـت ووشه‌ی‌ به‌دیل بدۆزرێـته‌وه‌و وشه‌كان دووباره‌نه‌كرێـنه‌وه‌، چونكه‌ چیرۆكه‌كه‌ لاواز ده‌كات.
نویه‌م: وێنه‌- به‌شێكی سه‌ره‌كییه‌و ناتوانرێـت په‌راوێزبخرێت یان به‌سه‌ریدا تێپه‌ڕیت یان به‌شتێكی لاوه‌كی هه‌ژمار بكرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ فیچه‌ره‌كه‌ به‌بێ بوونی وێنه‌ كامڵ‌و ته‌واو نابێت، ده‌بێت هه‌روه‌ها به‌یانات‌و ئه‌نفۆگرافێكیشی تێدابێت.
ده‌یه‌م: كۆتایی- كۆتایی فیچه‌ره‌كه‌ جوانتر ده‌بێت ئه‌گه‌ر وێنه‌یه‌كی‌ ره‌مزی تێیدا به‌كاربێت بۆ ئه‌وه‌ی‌ شتێكی نوێ‌و چێژبه‌خش بدات به‌خوێنه‌ر، ئه‌وه‌ش هه‌ستێكی باشی لا به‌جێ دێڵێـت(7)

جیاوازی نێوان هه‌واڵ‌و فیچه‌ر
ئه‌وه‌ی‌ ده‌بێـت رۆژنامه‌نووس یان ریپۆرته‌ر بیزانێـت، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ چه‌ند جیاوازییه‌ك له‌نێوان فیچه‌ری رۆژنامه‌وانی ‌و هه‌واڵ یان راپۆرته‌ هه‌واڵ هه‌یه‌، كه‌ ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌ گرنگترین ئه‌و جیاوازیانه‌ی نێوان ئه‌م دوو جۆره‌ له‌هونه‌ری رۆژنامه‌گه‌رییه‌:
هه‌واڵ یان راپۆرته‌ هه‌واڵ به‌زۆری گرنگی ده‌دات به‌هه‌واڵ هه‌نووكه‌یی یان كاتی كه‌ په‌یوه‌یسته‌ به‌ ماوه‌یه‌كی‌ زه‌مه‌نی دیاریكراو بونیادیشی پشت به‌هه‌ره‌می مه‌قلوب ده‌به‌ستێت، واتا باسكردنی رووداوه‌كان له‌گرنگه‌وه‌ بۆ كه‌متر له‌رووی‌ گرنگییه‌وه‌، هه‌روه‌ها وڵامدانه‌وه‌ی‌ پێش پرسیاره‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی‌ «چی‌و كی‌و كه‌ی‌و له‌كوێ‌و بۆچی‌و هه‌ندێك جاریش چۆن.
له‌كاتێكدا فیچه‌ر له‌بونیادی خۆیدا له‌رووی ناوه‌ڕۆك‌و شێوازو فۆرمه‌وه‌ جیاوازه‌ له‌وه‌و پشت به‌زه‌مه‌نی رووداوه‌كه‌ نابه‌ستێت به‌نموونه‌‌و هه‌روه‌ها پابه‌ند نابێت به‌هه‌ره‌می مه‌قلوبه‌وه‌و زیاتر تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر چیرۆكه‌ مرۆڤانه‌كه‌ كه‌مرۆچێك به‌نموونه‌ وه‌ده‌رگرێت كه‌ رۆژنامه‌نووسه‌كه‌ هه‌ست ده‌كات پێویسته‌ گرنگی به‌چیرۆكه‌كه‌ بدرێت‌و سه‌ره‌نجی خوێنه‌ری به‌لادا رابكێشرێت، فیچه‌رێش زیاتر به‌وه‌ ناسراوه‌ كه‌ مۆركێكی مرۆڤانه‌ یان كۆمه‌ڵایه‌تی یان سیاسی یان وه‌رزشی هه‌یه‌و ماده‌یه‌كی‌ رۆژنامه‌وانی چێژبه‌خش‌و شێوازێكی ئه‌ده‌بی پێشكه‌ش ده‌كات كه‌ رۆژنامه‌نوس جوانیه‌كانی زمانی تێدا به‌كاردێنێـت.
ئه‌و رۆژنامه‌نوسانه‌ی‌ گرنگی به‌م جۆره‌ له‌هونه‌ری رۆژنامه‌وانی ده‌ده‌ن ئه‌م پرسیارانه‌ له‌خۆی بكات پێش ده‌ستكردن به‌هه‌ر فیچه‌رێك: ئایه‌ ده‌توانم بگه‌م به‌شێوازو رێگه‌یه‌كی‌ جیاواز بۆ پێشكه‌ش كردنی بابه‌تێكی مه‌ئلوف به‌لای خوێنه‌ره‌وه‌و ئایه‌ ده‌توانم شتێك پێشكه‌ش بكه‌م كه‌ خوێنه‌ر نه‌یزانێت‌و ئایه‌ ده‌توانم چاوی بكه‌مه‌وه‌ له‌سه‌ر چه‌ند دیوێكی نوێی هه‌واڵێك كه‌ پێشتر بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ به‌پشت به‌ستن به‌دیوێكی تری نا مه‌ئلوف له‌هه‌واڵدا كه‌ ره‌نگه‌ سه‌ره‌تایه‌ك بێت بۆ فیچه‌ر، بێگومان نوسه‌ری فیچه‌ر ده‌توانێت خوێنه‌ر به‌رێت به‌ره‌و زانیارییه‌كانی پشت هه‌واڵه‌كان یان كه‌سایه‌تیه‌ گشتیه‌ ناوداره‌كان‌و هه‌تا كه‌سه‌ ئاساییه‌كانیش كه‌ ره‌نگه‌ شتێكی گرنگیان به‌لا بێت كه‌ پێویسته‌ خه‌لكی بیزانێـت، ده‌بێـت رۆژنامه‌نوس زانیاری ته‌واوی هه‌بێـت له‌سه‌ر ئه‌م جۆره‌ له‌هونه‌ری رۆژنامه‌وانی‌و بزانێـت كه‌ پێویستی به‌ئاماده‌كردنێكی باش‌و گه‌ڕان‌و كۆكردنه‌وه‌ی‌ زانیاری زۆر هه‌یه‌، هه‌روه‌ها ده‌بێـت خۆی‌ به‌دور بگرێـت له‌كڵێشه‌و شێوازه‌ ته‌قلیدیه‌كانی هه‌واڵكردن‌و ده‌بێت پابه‌ند بێت به‌زمانێكی ئه‌ده‌بی به‌هێزتر له‌نوسینه‌وه‌ی‌ هه‌واڵ‌و به‌تایبه‌ت له‌سه‌ره‌تاو كۆتایی فیچه‌ره‌كه‌یدا. (8)

سه‌رچاوه‌و په‌راوێزه‌كان
1-عبد الرحمن مصطفی‌ الشبكه‌ العربیه‌ لدعم الاعلام asahnetwork.org
2- الفتشر أو التقریر الخاص د.المهدی الجندوبی، التحریر الصحفی، نشر قسم الإعلام، كلیه‌ الاداب، جامعة‌ البحرین، 2010، 133 http://journalismwritingcourses.blogspot.com
3- هه‌مان سه‌رچاوه‌
4-sahafyonline.com
5- شبكه‌ الصحفیین الدولیین
6- مدونه‌ أنا صحفی anasa7fe.wordpress.com
7- شبكه‌ الصحفیین الدولیین
8- مدونه‌ أنا صحفی anasa7fe.wordpress.com

print

 21 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*