سەرەکی » وەرزش » دیۆكۆڤیچ به‌ باشترین وه‌رزشكاری ساڵ دیاری كرا

دیۆكۆڤیچ به‌ باشترین وه‌رزشكاری ساڵ دیاری كرا

ده‌سته‌ی یاریزانه‌ پیشه‌گه‌ره‌كانی تێنسی سه‌رزه‌وی براوه‌ی‌ خه‌ڵاته‌كانی یه‌كێتییه‌كه‌ی‌ بۆ ساڵی 2018 دیاری كرد و گه‌وره‌كانی تێنسی سه‌رزه‌ویش بێ به‌ش نه‌بوون له‌ خه‌ڵاته‌كان.
خه‌ڵاتی باشترین وه‌رزشكاری ساڵ درا به‌ نۆڤاك دیۆكۆڤیچی سربی كه‌ ئه‌و یاریزانه‌ وه‌كو پێشه‌نگی ریزبه‌ندی كۆتایی به‌ وه‌رز ده‌هێنێت، ئه‌و وه‌رزشكاره‌ش خاوه‌نی گه‌وره‌ترین گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ له‌ مێژووی تێنسی سه‌رزه‌وی كه‌ سه‌ره‌تای وه‌رز له‌ ریزبه‌ندی 22ی جیهان بوو، به‌ڵام وه‌كو پێشه‌نگ كۆتایی به‌ وه‌رز ده‌هێنێت و بووه‌ یه‌كه‌م یاریزان له‌ مێژووی تێنسی سه‌رزه‌وی له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ریزبه‌ندی باشترین 20 یاریزان وه‌كو پێشه‌نگ كۆتایی به‌ وه‌رز بهێنێت.
دیۆكۆڤیچ نیوه‌ی‌ دووه‌می وه‌رز به‌ باشترین ئاست ده‌ركه‌وت به‌ دیاری كراوی له‌دوای به‌شداری كردن له‌ گراندسلامی ویمبڵدۆن كه‌ له‌و كاته‌وه‌ 31 بردنه‌وه‌ی‌ تۆماركردوه‌و ته‌نها 2 یاری دۆڕاوه‌و له‌و ماوه‌یه‌شدا 2 گراندسلام و 2 ماسته‌رزی بردۆته‌وه‌.
دوای بردنه‌وه‌ی‌ ماسته‌رزی سینسیناتیش دیۆكۆڤیچ بووه‌ یه‌كه‌م یاریزان له‌ مێژوودا سه‌رجه‌م نازناوه‌كانی ماسته‌رز بباته‌وه‌ كه‌ ژماره‌یان 9 نازناوه‌.
خه‌ڵاتی باشترین یاریزانی گه‌شه‌كردو به‌ ستیفانۆس تسیتسیباسی یۆنانی درا كه‌ ئه‌و یاریزانه‌ له‌ ته‌مه‌نی 20 ساڵی توانی ئه‌مساڵ بگاته‌ ریزبه‌ندی 15ی جیهان كه‌ ئه‌مه‌ به‌رزترین ریزبه‌ندی یاریزانێكی یۆنانیه‌ له‌ مێژوودا، ئه‌و یاریزانه‌ سه‌ره‌تای وه‌رز له‌ ریزبه‌ندی 91 بوو، به‌ڵام له‌ كۆتایی گه‌یشته‌ ریزبه‌ندی 15.
ئه‌لێكس دی میناری ئوسترالیش خه‌ڵاتی باشترین یاریزانی تازه‌ ده‌ركه‌وتووی پێدرا، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و یاریزانه‌ له‌ سه‌ره‌تای وه‌رز له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ریزبه‌ندی باشترین 200 یاریزان بوو، به‌ڵام له‌ كۆتایی وه‌رز گه‌یشته‌ ریزبه‌ندی 31ی جیهان.
خه‌ڵاتی گیانی وه‌رزشی یه‌كێكی تره‌ له‌ خه‌ڵاته‌كانی ده‌سته‌ی یاریزانه‌ پیشه‌گه‌ره‌كان كه‌ ئه‌و خه‌ڵاته‌ له‌ رێگه‌ی‌ ده‌نگدانی یاریزانه‌ پیشه‌گه‌ره‌كانه‌وه‌ ده‌كرێت و بۆ دووه‌م جار رافائێل نادال ئه‌و خه‌ڵاته‌ی‌ پێدرا، ئه‌مه‌ش به‌هۆی كاره‌كانی دوور له‌ تێنسی سه‌رزه‌وی.
خه‌ڵاتی باشترین راهێنه‌ری ساڵیش درا به‌ ماریان فایدای راهێنه‌ری نۆڤاك دیۆكۆڤیچ كه‌ ئه‌و راهێنه‌ره‌ دوای ئه‌وه‌ی‌ مانگی 4 بوو به‌ راهێنه‌ری نۆلی توانی بیگه‌ڕێنێته‌وه‌ لووتكه‌.
دواین خه‌ڵاتیش كه‌ زۆر جار پێشنیار كراوه‌ خه‌ڵاته‌كه‌ی‌ بگۆڕێت به‌ خه‌ڵاتی رۆجێر فێدره‌ر خه‌ڵاتی خۆشه‌ویست ترین یاریزانه‌ لای هانده‌ران كه‌ ئه‌مساڵیش بۆ 16یه‌مین ساڵ له‌سه‌ریه‌ك خه‌ڵاته‌كه‌ بۆ رۆجێر فێدره‌ری ئه‌فسانه‌ی‌ تێنسی سه‌رزه‌وی درا، به‌مه‌ش فێدره‌ر خه‌ڵاته‌كانی له‌ ده‌سته‌ی یاریزانه‌ پیشه‌گه‌ره‌كان گه‌یانده‌ 37 خه‌ڵات.
فێدره‌ر ئه‌م وه‌رزه‌ بووه‌ به‌ ته‌مه‌نترین یاریزان ده‌چێته‌ پێشه‌نگی ریزبه‌ندی یاریزانان و توانیشی به‌ بردنه‌وه‌ی‌ گراندسلامی ئوسترالیا ژماره‌ی گراندسلامه‌كانی بگه‌یه‌نێت 20 گراندسلام و ئێستاش خاوه‌نی 99 نازناوه‌ له‌ تێنسی سه‌رزه‌وی.

 52 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*