خورجە

سلێمانی

1
لە بیرم دێ‌ سلێمانی كە دار ولمولكی بابان بوو
نەمەحكومی عەجەم نەسوخرە كێشی ئالی عوسمان بوو
شێخ رەزا بەو جۆرە باسی سلێمانی خۆخاوەن دەكات، ئاخر شاری سلێمانی شارێكی خۆكردی خۆكوردیەوهەرگیز سەری بۆ هیچ ستەمكارێك دانەنەواندوە، ئەو شاری یاخی بوون و وتن و بە گژاچوونەوەی ستەم بووە، شاری خۆپیشاندان و شیعرو هەڵوێست بووە، لەوێ‌ بێكەس بە دەنگی بەرز شیعری 27 ساڵەی خوێندوەتەوەو بە ئینگلیزو ئەدمۆنسی وتوە» ئێوە گەورە ترین ستەم لە كورد دەكەن و مافەكانی نادیدە دەكەن « لەوێ‌ لە شەشی ئەیلولی 1930دا بە ڕووی ستەمكاریدا تەقینەوەو وتیان ئیدی بەسە، سلێمانی بۆ یەك سەعات لە مێژووی دورو درێژی خۆیدا كە هەر بریتی نیە لەو مێژوەی وەكو شار دروست بووە، بۆ هیچ ستەمكارێك بە چۆكدا نەهاتووە.
2
هەر شێخ رەزای شاعیر بۆ سلێمانی دەڵێت
مەربوتە حەیاتم بە سولەیمانی و خاكی
خۆزگەم بە سەگی قاپیەكەی ئەحمەدی كاكی
شێخ رەزا كە كەم شارو شوێن و بنەماڵەو كەس لە كاتی خۆیدا لە هەجوەكانی رزگاری بووە، هەمیشە وەك روگەو پیرۆزگایەك سەیری سلێمانی كردووە، هەڵبەت ئەمەش لە خۆوەو لە خۆڕای نەبووە، ئەمە پەیوەندی بە فێرگە ئاینیەكان و بابانیەكانەوە هەبووە، بابانیەكان كە ئێران و توران حسابی تایبەتیان بۆ كردوون، وەك شار 234 ساڵە شاری سلێمانی بە پێوەیە، وەك ژیارو بوون هەزاران ساڵە هەیە، ئەوەندەی ستەمكاران ستەمیان لێكردووە، ئەوەندەش لە م چەند ساڵی خۆدەسەڵاتی كوردیەدا وەك پێویست ئاوڕی لێنەدراوەتەوە، بە تایبەت لەو كاتەوەكە حكومەت یەكخراوەتەوە، سلێمانی شاری جیاوازی و بیرو ڕای جیایە نەك شاری كوشتنی جیاوازی .
3
نالی مەزن لە چامەكەیدا بۆ سالم پرسیاری دارو بەردی سلێمانی دەكات، بۆ نالی سلێمانی شاری ژیارو ژیان بووە، بە بادی خۆش ڕەوت دەڵێت :
داخڵ نەبی بە عەنبەر سەرایی خاك و خۆڵ
هەتا نەكەی بە خاكی سولەیمانیا عوبوور
سلێمانی یەكێكە لەو شارانەی كەم شاعیرو نوسەرو هۆنەری كورد هەڵوەستەیان لە سەر نەكردووە، تەنانەت شاعیری وەكی هیجری دەدەی كاكەیی لە كەركوكەوە مێژووی سلێمانی نوسیوەتەوە ئەسیری تەمەننای كردوە لە سەیوان بینێژن، جەلالی مەلەك شا ویستویەتی كاوەی كوڕی لە سنە سواری پاس بێت و لە سلێمانی دابەزێ‌، جەمال شارباژێڕی بۆ سلێمانی دەڵێت :
لە پاشدا بڕیار درا شاری نوێ‌
بنكەو بارەگاو لانەی بابان بێت
سلێمانیان ناونا هەر لەوێ‌
لانەی نەبەردو خۆی ژیان بێت

 674 جار بینراوە