سەرەکی » وتار » لەتیف فاتیح فەرەج‌ » دیسان كه‌ركوك

خورجە

دیسان كه‌ركوك

1
كه‌ركوك ئه‌لزاسه‌ كفری‌ لۆره‌نه‌
دڵسوتاویانه‌ هه‌رچی‌ كورد هه‌نه‌
من هه‌ركاتێك باسی‌ كه‌ركوك بكه‌م، دیاره‌ مه‌به‌ستم هه‌موو پارێزگا كۆنه‌كه‌ی‌ كه‌ركوكه‌ به‌ خورماتوی‌ برینداریشه‌وه‌، من نامه‌وێ‌ و ناتوانم خورماتوو له‌ كه‌ركوك جیابكه‌مه‌وه‌، ئه‌وه‌ی‌ جیایكردوه‌ته‌وه‌ سته‌مكاری‌ و نادادیه‌، ئه‌و سته‌م و نادادیه‌ی‌ تا ئێستاش به‌رده‌وامی‌ هه‌یه‌،به‌لاَم جیاوازیه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌مجاره‌ خۆمانین به‌شداری‌ ئه‌و سته‌م و نادادیه‌ین، واته‌ كورد خۆی‌ به‌شێكه‌ له‌و سته‌م و نادادیه‌، ئه‌وه‌ش به‌و مانایه‌ی‌ ئه‌وه‌ كورد خۆیه‌تی‌ نایه‌وێت كێشه‌ی‌ كه‌ركوك چاره‌سه‌ر بكات، كورد به‌ هه‌ر بیانویه‌ك بێت كه‌ركوكی‌ بۆ ئه‌وه‌ به‌ جێهێشتووه‌ تا به‌و جۆره‌ی‌ به‌سه‌ر بێت كه‌به‌سه‌ری‌ هاتووه‌، ئێستا كه‌ ئه‌و قسانه‌ ده‌كه‌ین ئه‌وه‌مان بیر نه‌چوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ 2003ه‌وه‌ تا 2017 هه‌ڵه‌و كه‌م و كوڕی‌ زۆریش هه‌بووه‌ له‌ شاره‌كه‌داو كورد خۆیشی‌ نه‌یتوانی‌ وێنه‌یه‌كی‌ جوان پێشكه‌ش بكات، به‌لام ئه‌و برینه‌ی‌ ئه‌سیری‌ شاعیر باسی‌ ده‌كات هه‌ر خوێنی‌ له‌ به‌ر ده‌ڕوات.
2
جارێكیان به‌ نیازی‌ سرودێك بۆ كه‌ركوك شتێكم نووسی‌ :
كه‌ركوك ئه‌كین به‌ نیشانه‌ی‌ برایه‌تی‌
به‌نیشانه‌ی‌ پێكه‌وه‌ بوون
به‌ نیشانه‌ی‌ كوردایه‌تی‌
به‌ نیشانه‌ی‌ له‌ یه‌ك خۆش بوون
به‌لاَم ئه‌مه‌مان نه‌كرد، نه‌ك ئه‌وه‌مان نه‌كرد خه‌ریكی‌ پاشقول و ملشكاندنی‌ یه‌كتر بووین، من خۆم قوربانی‌ ئه‌و یاریه‌ ناشرینه‌ بووم له‌ كه‌ركوكا، هه‌موو كاره‌كه‌ش بۆ ئه‌وه‌بوو وابكه‌ن شتێك نه‌مێنێته‌وه‌ به‌ نێوی‌ جوانی‌ و جیاوازی‌، نه‌منیش و نه‌ئه‌سیری‌ شاعیریش له‌ ته‌واوی‌ ته‌مه‌نی‌ خۆماندا زیانمان به‌ مێروله‌یه‌ك نه‌گه‌یاندووه‌، نازانم ئه‌م هه‌موو رقه‌ بۆ ؟.
راستی‌ كه‌ركوك پێویستی‌ به‌ خۆشه‌ویستی‌ و لێبورده‌ییه‌ نه‌ك ڕق و دژبه‌ری‌، ئه‌وانه‌ی‌ ده‌یانه‌وێت رق و ناكۆكی‌ تۆو بكه‌ن ئه‌مڕۆ یان سبه‌ی‌ هه‌ر ئه‌وه‌ ده‌دورنه‌وه‌، كه‌ خۆیان تۆی‌ ده‌كه‌ن.
3
كه‌ركوك ئه‌لزاس بێت یان لۆره‌ن، شایانی‌ ئه‌وه‌ نیه‌ به‌و ده‌رده‌ ببرێت كه‌ ده‌برێت،كه‌ركوك شایانی‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌و نه‌وته‌وه‌ كه‌ هه‌یه‌تی‌ و قاسملو وته‌نی‌ له‌ باشترین جۆری‌ نه‌وته‌ له‌ دنیادا ده‌بوو ئێستا نمونه‌ی‌ یه‌كێك له‌ شاره‌ هه‌ره‌ پێشكه‌وتو جوانه‌كانی‌ دنیا بوایه‌، لێ‌ خه‌ریكه‌ له‌ زبڵدا ده‌خنكێت، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی‌ هه‌ر ئه‌و شاره‌ سه‌دان كه‌سی‌ كرده‌ ملیاردێری‌ دۆلارو نه‌هه‌نگی‌ زه‌به‌لاح، ئه‌و نه‌هه‌نگانه‌ی‌ جارێك به‌ مام جه‌لالم گوت ئه‌وانه‌ دیاری‌ كوردایه‌تین و ئه‌ویش به‌ نوكته‌یه‌كی‌ تازه‌ وه‌ڵامی‌ دامه‌وه‌، نوكته‌كه‌ هه‌ڵده‌گرین بۆ رۆژی‌ خۆی‌.
كه‌ركوك ئه‌كه‌ین به‌و چرایه‌ی‌
وڵات روناك ئه‌كاته‌وه‌
كه‌ركوك ئه‌كه‌ین به‌و مه‌شخه‌ڵه‌ی‌
له‌ جیهان شه‌وق ئه‌داته‌وه‌

 241 جار بینراوە