سەرەکی » وتار » ئازاد ئیبراهیم ‌ » هه‌ردووكمان خه‌ڵكی گوندین، به‌ڵام …. !

وته‌ی‌ ئه‌مجاره‌

هه‌ردووكمان خه‌ڵكی گوندین، به‌ڵام …. !

(7)

له‌سه‌ر ڕێگای‌ كه‌لار _ سلێمانی‌ ، مامۆستایه‌كی زانكۆم سواری‌ ئۆتۆمۆبێله‌كه‌م كرد و پاش چاكی و چۆنی، كه‌وتینه‌ گفتوگۆ . دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ لێمپرسی ئیشت چییه‌ ؟ وتی من مامۆستای‌ زانكۆم و له‌ زانكۆ وانه‌ ده‌ڵێمه‌وه‌ . بۆ جاری دووه‌م لێمپرسی ماڵت له‌كوێیه‌ كه‌ به‌م شه‌وه‌ سارده‌ ده‌چیت بۆ سلێمانی‌ ؟ مامۆستا وتی ماڵم له‌فڵان شاره‌ و له‌گوندی (……)ه‌.
منیش وتم ده‌ی‌ كه‌واته‌ هه‌ردوكمان خه‌ڵكی گوندین و نیشته‌جێی گوندیشین, مامۆستاكه‌ی‌ زانكۆ وتی تۆیش له‌هه‌مان گوند ده‌ژێیت؟ به‌پێكه‌نینه‌وه‌ وتم نه‌وه‌ڵا قوربان من له‌وێ ناژیم ، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌ هه‌ردوكمان له‌گوند داده‌نیشین، به‌ڵام من له‌گوندی كوردی به‌ناوی‌ «پیازه‌جاڕ» و تۆیش له‌گوندی دروستكراوی كۆمپانیا و بازرگانه‌كانی‌ كوردستان به‌ناوی‌ «….» یه‌وه‌.
مامۆستاكه‌ی‌ زانكۆ به‌ پێكه‌نینه‌وه‌ وتی : به‌ڕاستی قسه‌یه‌كی ته‌واو ماناداره‌ و بووه‌ جێگای‌ تێڕامانم. بۆ منیش بابه‌تێكی باشبوو. هه‌ر ئه‌و سه‌رگوزه‌شته‌یه‌ی‌ سه‌ره‌وه‌ بووه‌ هۆكاری‌ ئه‌م نوسینه‌ی‌ ئه‌مجاره‌ی‌ گۆشه‌كه‌م له‌پاشكۆی‌ (گوندستانی‌ نوێ)
ئێستا یه‌ك كاتژمێر به‌دیار شاشه‌ی‌ تیڤییه‌كانی باشوری‌ كوردستانه‌وه‌ دابنیشین، یان چاو به‌هه‌ندێك له‌ ماڵپه‌ڕ و ڕۆژنامه‌كانی‌ باشوردا بخشێنین، چه‌ندان ڕیكلامی بازرگانی‌ ده‌بینین كه‌ ڕیكلامی گونده‌كانی‌ نیشته‌جێبوون ده‌كات له‌هه‌رێمی كوردستان كه‌ ناونراون به‌ ناوی‌ گوندی كۆری و ئه‌ڵمانی‌ و سینی و سوێدی و .. هتده‌وه‌.
له‌دنیادا شتێكی له‌م شێوه‌یه‌ی هه‌رێمی كوردستان بوونی نییه‌، یان كاره‌ساتێكی گه‌وره‌یه‌ كورد له‌ فه‌رهه‌نگه‌كه‌یدا ناوێكی گونجاوی‌ ده‌ست نه‌كه‌وێت بۆ ناونانی‌ تاوه‌ر و باڵه‌خانه‌ و شاره‌كانی‌ نیشته‌جێبوونی، كه‌چی هانا به‌رێته‌به‌ر ناوی‌ گوند و شاخ و شاره‌كانی‌ ئه‌وروپا و جیهان و وه‌ك هه‌ر كاڵایه‌كیتر ناوی شوێن و شته‌كانیشمان له‌ئه‌وروپاو له‌ فه‌رهه‌نگی بیانییه‌وه‌ هاورده‌ بكه‌ن و به‌كاری‌ بهێنین.
ئه‌م ناونانه‌ بۆ شاره‌كانی‌ نیشته‌جیبوون و تاوه‌ره‌كان له‌كوردستان، دوو دیوه‌ و بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌مه‌به‌ستی ناونانه‌كه‌یش تێبگه‌ین، ده‌بێت هه‌ردوو دیوه‌كه‌ لێكبده‌ینه‌وه‌:
له‌دیوی یه‌كه‌مدا، مه‌به‌سته‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئاخر خۆ ناكرێت بازرگانێكی گه‌وره‌ی‌ هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنه‌ر بێت و پرۆژه‌یه‌كی گه‌وره‌ ناوبنێت به‌ناوی‌ گوندێكی كوردستانه‌وه‌ ، چونكه‌ كوا گوندی كوردستان ئه‌وه‌نده‌ پرۆژه‌و تایبه‌تمه‌ندی تایبه‌تی هه‌یه‌ هاوڵاتییه‌كی ئێمه‌ دڵی پێخۆش بكات و ڕووی‌ تێبخات؟ گونده‌كانی‌ كوردستان جگه‌ له‌ماڵوێرانی و چۆڵكردن له‌ڕابردوودا و له‌ئێستایشدا پشتگوێخستن و نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری‌ پێویست هیچیتری نییه‌. له‌م كاته‌دا بازرگانێك ناوێكی قه‌به‌و بیانی پێگرنگتر و پێباشتره‌ وه‌ك له‌ناوی‌ گوندێكی چۆڵ و بێ خزمه‌تگوزاری‌ كوردیانه‌ی‌ كوردستان.
له‌دیوی دووه‌میشدا، بۆیه‌ ناوده‌نرێت به‌گوندی بیانی تاكو كاڵاكانیان باشترو گه‌وره‌تر ده‌ربكه‌ون و كاتێك كه‌سێك له‌ده‌ره‌وه‌ له‌م گونده‌ بیانییانه‌ ده‌ڕوانێت سه‌رنجی ڕابكێشێت و كاره‌كه‌ی‌ به‌دڵ بێت و هیچ بیر له‌واقیعی ناو گونده‌كان نه‌كاته‌وه‌. زۆرجاران ئه‌م ناونانانه‌ بۆ پۆزو ته‌به‌قه‌ی‌ ژیانی هاوڵاتیان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ توانای‌ ئابورییان باشه‌ ماڵه‌كانیان ده‌به‌نه‌ ئه‌م گوندانه‌ وه‌ك هه‌ڵاوێری خێزانی‌ و جیاوازی‌ له‌نێوان یه‌كتردا. به‌ڵام له‌باری واقیعیشدا ئه‌م گونده‌ دروستكراوانه‌ ته‌نها ناوی‌ گه‌وره‌یه‌و هیچیتر.
ئه‌م مۆدێله‌ی‌ ناونانی‌ جێگاكانمان به‌ناوی‌ بیانی و ناكوردیانه‌و ته‌نانه‌ت شانازیكردنیش به‌م ناوه‌ بیانییانه‌وه‌، له‌لایه‌كه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت له‌وه‌شگه‌ڕێین له‌ڕووی فه‌رهه‌نگ و زمان و كه‌لتوره‌وه‌ ناونانی‌ پرۆژه‌و گوندو پڕبوونی چوارده‌وره‌مان به‌وشه‌ و ناوی‌ بیانی كاریگه‌رییه‌كی زۆر خراپ و پاسیڤی ده‌بێت و ئه‌مڕۆ نه‌بێت هه‌ر سبه‌ینێ و دوو سبه‌ی‌ ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ به‌ده‌ستی خۆمان و بازرگانه‌كانمان چی هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ كراوه‌ له‌و ناونانانه‌داو گۆتاوه‌ڕۆكه‌یشی ده‌بینین.
له‌لایه‌كیتره‌وه‌ ئه‌م ناونانه‌ بیانییانه‌ شكاندنه‌وه‌ی‌ فه‌زڵ و گه‌وره‌یی ناوی‌ گوندێكی بیانی و ناكوردیانه‌یه‌ به‌سه‌ر ناوی‌ گوندو جێگا جوان و دڵڕفێنه‌كانی‌ هه‌رێمی كوردستاندا كه‌ هه‌موویان مانای‌ جوان و پاراوی كوردیان هه‌ڵگرتووه‌ و ده‌لاله‌تن له‌ده‌وڵه‌مه‌ندی و به‌نرخی فه‌رهه‌نگ و كه‌له‌پورو مێژووی دێرینی نه‌ته‌وه‌ی دێرینی كورد.

print

 47 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*