سەرەکی » ئابووری » به‌رهه‌می كشتوكاڵی له‌به‌ره‌وپێشبردنی ئابووریدا.. زه‌یتوون به‌نموونه‌پەڕە 27

چه‌پكه‌ گوڵ

به‌رهه‌می كشتوكاڵی له‌به‌ره‌وپێشبردنی ئابووریدا.. زه‌یتوون به‌نموونه‌

کۆچکردوو کاک عیسمەت نامق کە ھەمیشە بە راپۆرتە بەپێزەکانی ھاوکاری کوردستانی نوێی دەکرد کۆمەڵێک راپۆرتی پێشوەختی بۆ ئامەد کردبوین کە زنجیرە بڵاویدەکەینەوە. رۆحی شاد بێت و یادی ھەر بمێنێ

هه‌ندێك له‌به‌رهه‌مه‌ كشتووكاڵیه‌كان رۆڵی گرنگیان هه‌یه‌ له‌به‌ره‌و پێشبردنی ئابوری وڵاتان‌و زیادكردنی بودجه‌ی‌ گشتی، ئه‌م چ جای رۆڵیان هه‌یه‌ له‌زیادكردنی داهاتی ساڵانه‌ی‌ تاك له‌كۆمه‌ڵگاداو هه‌روه‌ها پاڵپشتی بۆ ئابووری نیشتمان‌و وڵات به‌شێوه‌ی راسته‌وخۆ و ناراسته‌وخۆ، ئه‌و به‌رهه‌مه‌ كشتوكاڵیانه‌ كاریگه‌ریشیان له‌سه‌ر زیادبوونی ئاستی هه‌نارده‌كردنی ئه‌و وڵاتانه‌ هه‌یه‌.
ئێمه‌ لێره‌دا باس له‌ به‌رهه‌مهێنانی زه‌یتوون ده‌كه‌ین به‌شێوه‌ی فراوان، كه‌ هه‌ندێك ده‌وڵه‌ت له‌و رووه‌وه‌ ناوبانگیان له‌سه‌ر ئاستی جیهان ده‌ركردووه‌، له‌پاڵ به‌رهه‌م هێنانیان بۆ زه‌یتی زه‌یتوون، ئه‌وه‌ش ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ بوونی پانتاییه‌كی فراوانی زه‌وی بۆزراعه‌ت كردن‌و به‌رهه‌مهینانی زه‌یتون كه‌ ئه‌وش رێگه‌خۆشكه‌ره‌ بۆ دامه‌زراندنی كارگه‌ی‌ به‌رهه‌مهینانی زه‌یتی زه‌یتون.
ئه‌وه‌ی ده‌زانرێت كه‌ زه‌یتی زه‌یتوون له‌ به‌رهه‌مه‌ خۆراكییه‌ ته‌ندروسته‌كانه‌و بۆ چاره‌سه‌ری هه‌ندێك نه‌خۆشیش به‌كاردێت، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هاوڵاتیان به‌قورسی له‌لای خۆمان زه‌یتی زه‌یتوونی باش و سه‌د له‌سه‌دیان ده‌ستده‌كه‌ویت له‌بازاره‌كاندا، باشترین زه‌یتی زه‌یتوونیش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌یه‌كه‌م گووشینی زه‌یتوونه‌كه‌دا به‌ماشینی تایبه‌ت به‌رهه‌م دێت.
هاوڵاتیان بۆ به‌ده‌ستهێنانی زه‌یتی زه‌یتوونی باش هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌وڵاته‌كانی ده‌وروبه‌ره‌وه‌ بیهێنن كه‌ خاوه‌نی كارگه‌ی‌ تایبه‌ت به‌به‌رهه‌مهێنانی ئه‌مجۆره‌ له‌زه‌یتن‌و هه‌روه‌ها خاوه‌نی كێڵگه‌ی‌ گه‌وره‌و فراوانی زه‌یتوونن.
له‌هه‌رێمی كوردستاندا ئێمه‌ پێویستیمان به‌ئه‌نجامدانی چه‌ندین توێژینه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌پاڵ ئه‌نجامدانی چه‌ندین وه‌رشه‌ی كار یان مێزگرد‌و هه‌تا كۆنگره‌ش بۆ دۆزینه‌وه‌ی‌ نه‌خشه‌رێگایه‌ك به‌مه‌به‌ستی دامه‌زراندنی سستمێكی ته‌واو بۆ زراعه‌تكردنی زه‌یتوون‌و به‌رهه‌مهێنانی زه‌یتی زه‌یتووه‌، كه‌ نوێنه‌ری ئه‌م وه‌زاراتانه‌ی تێیدا بێت:
-وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ
-وه‌زاره‌تی پیشه‌سازی
-وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی
-وه‌زاره‌تی پلاندانان
-یه‌كێتی هاورده‌كاران‌و هه‌نارده‌كاران له‌هه‌رێمی كوردستان.
-ژووری بازرگانی‌و پیشه‌سازی پارێزگای سلێمانی.
-به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گه‌شه‌پێدانی پیشه‌سازی
-چه‌ند نوێنه‌رێكی كۆلێژی كشتوكاڵ.
له‌و رووه‌وه‌ش ده‌توانرێت سه‌ره‌تا چه‌ند هه‌نگاوێك بۆ باشكردنی ژێرخانی ئابووری تایبه‌ت به‌م سستم‌و كاره‌ بكرێت، له‌بابه‌تی دیاریكردنی‌و دابینكردنی زه‌وی گونجاو بۆ زراعه‌تكردنی زه‌یتوون و دواتر به‌كرێدانی به‌ جوتیاران یان كۆمپانیا تایبه‌ته‌كانی دروستكردنی زه‌یتی زه‌یتوون، ته‌ئكیدیش ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ پێویستی ئه‌و زه‌وییانه‌ به‌كرێ بدرێت به‌م توێژانه‌ی‌ لای خواره‌وه‌:
1-كۆمپانیای مساهم كه‌ حكومه‌تی خاوه‌نی 51%ی پشكه‌كانی بێت‌و باقی پشكه‌كانی تری به‌هاوڵاتیان بفرۆشرێت.
2-كۆمپانیا وه‌به‌رهێنی ناوخۆیی‌و جیهانی‌و لێرشه‌دا ته‌ئكید ده‌كه‌مه‌وه‌ له‌سه‌ر پێویستی به‌كرێ دانی زه‌وییه‌كان نه‌ك فرۆشتنیان به‌و كۆمپانیایانه‌.
3-ده‌رچووانی كۆلێژی كشتوكاڵ.
له‌پاڵ ئه‌مه‌دا ده‌بێت ئه‌و لایه‌نه‌ حكومیه‌ به‌رپرسانه‌ی‌ ناومان هێنان كار بكه‌ن له‌سه‌ر هاندان‌و پاڵپشتی كردنی كارگه‌ گه‌وره‌كانی به‌رهه‌مهینانی زه‌یتی زه‌یتون‌و هه‌روه‌ها كارگه‌ بچوكه‌كان»پرۆژه‌ بچوكه‌كان»، له‌رێگه‌ی‌ ئاسانكاری كردن بۆیان له‌رووی بیناو دابینكردنی ووزه‌ی‌ كاره‌با بۆیان به‌نرخی گونجاو له‌پاڵ پێداویستیه‌كانی تری به‌رهه‌می كشتوكاڵی یان به‌رهه‌مهێنانی زه‌یتی زه‌یتوون.
هه‌روه‌ها ده‌بێت بانكه‌ حكومییه‌كان قه‌رز به‌خاوه‌ن كارگه‌و پرۆژه‌ بچوكه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی زه‌یتی زه‌یتوون بده‌ن.
له‌رێگه‌ی‌ ئه‌م پرۆژانه‌وه‌ چانس ده‌درێت به‌هه‌موو توێژه‌كانی كۆمه‌ڵ بۆ به‌ده‌ستهێنانی زه‌یتوون‌و زه‌یتی زه‌یتوون به‌نرخی زۆر هه‌رزان‌و ئه‌مه‌ش رۆڵی ده‌بێت له‌ باشكردنی ته‌ندروستی هاوڵاتی له‌رێگه‌ی‌ به‌كارهێنانی ئه‌م به‌رهه‌مه‌ ته‌ندروست‌و پاكه‌وه‌.
ده‌مێنێته‌وه‌ بڵێم كاركردن له‌م پرۆژه‌یه‌داو ده‌ستكردن به‌ئاماده‌كردنی توێژینه‌وه‌ی‌ سه‌ره‌تایی له‌سه‌ری له‌لایه‌ن لایه‌نه‌ حكومیه‌كانه‌وه‌، خزمه‌تێكی گه‌وره‌ ده‌كات به‌ نه‌وه‌كانی داهاتوومان‌و بێگومانیش ده‌بێت به‌هاوشێوه‌ی‌ «كیڵگه‌یه‌كی نه‌وت كه‌ هه‌رگیز ووشك ناكات».

 873 جار بینراوە