سەرەکی » وتار » بورهان شێخ ڕەئوف‌ » لەناكاودا ترەمپ بڕیاری دا

دەر و دراوسێ

لەناكاودا ترەمپ بڕیاری دا

رۆژی‌ 19/12/2018 لە كۆتا ڕۆژەكانی ئەمساڵەدا دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمریكا لە بڕیارێكی كتوپڕو لە ناكاودا فەرمانی دا كە هێزەكانی ئەمریكا كە زیاتر لە 2000 (دووهەزار) كەسن لە ماوەی شەست تا سەد ڕۆژ بنكە و بارەگاكانیان چۆڵ بكەن و بكشێنەوە وەكو باس دەكرێت بۆ هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان .
ئەگەرچی ئەم بڕیارە زۆر بە كتوپڕی و چاوەڕوان نەكراوو بە لێدانی خەنجەری ژەهراوی لە پشتەوە لە لایەن دۆستەكانی ئەمریكا لە سوریا كە بەشی زۆریان كوردن وەرگیرا هەروەها لەلایەن هاوپەیمانەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە و ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهان و تەنانەت بەشێك لە برپرسانی ئیدارەی ئەمریكا و لە لایەكی تریشەوە بۆ نەیارانی سیاسەتەكانی ئەمریكاش هەر بە كتوپڕ ناوزەدكرا.

بۆ ئەم بڕیارە بە كتوپڕ ناوبرا؟
ئەم بڕیارە بەبێ‌ هیچ هەماهەنگی و ڕاوێژێك لەگەڵ هاوپەیمانەكانی ئەمریكا لە هاوپەیمانی نێو دەوڵەتی دژی تیرۆری دەوڵەتی ئیسلامی (داعش ) و هەروەها بە بێ‌ ئاگاداری دامەزراوە سەربازییەكانی خودی ئەمریكاش دراوە هەروەها بەبێ‌ ڕاوێژ لە گەڵ كاراترین و بە هەڵمەتترین هێزی جەنگاوەر كە خۆیان لە هێزەكانی سوریای دیموكراتدا دەبیننەوە (هەسەدە) كە بە هەزاران لە ئەندامەكانیان خوێنی خۆیان بەخشی و بوونە قوربانی .
كاریگەری ئەم بڕیارە بۆ ئایندەی پەیوەندی لەگەڵ ئەمریكا
ئەگەرچی ترەمپ لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردووی فەرمانڕەوایی لە كۆشكی سپی زۆر بڕیاری سەرپێی و كتوپڕی وای داوە و بووەتە جێگەی نیگەرانی زۆرێك لە ئەندامانی كۆنگریس و بەتایبەتی پارتی دیموكراتی ئەمریكا و تەنانەت تاكە سەرۆكێكە لە مێژووی ئەمریكادا لە ماوەیەكی كورتی فەرمانڕەواییدا هێندە وەزیر و ڕاوێژكار و بەرپرسانی ئیدارەكەی دەستیان لەكاركێشابێتەوە و یان لەكاری خستوون، بۆیە ئەم جۆرە بڕیار و هەڵوێستانە زیانی گەورە بە هەیبەت و شكۆی ئەمریكا وەكو هێزێكی گەورە لە سەرئاستی جیهاندا دەدات و متمانەی لەلای وڵاتان و گەلان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكانیش وەكو پێویست نامێنێت .
ئەگەرچی ترەمپ ڕایگەیاندووە كە كۆتایی بە شەڕی داعش و تیرۆر لە سوریا هاتووە و هێزەكانی ئەوان بۆ ئەو ئامانجە چوونەتە سوریا، ڕاستە ڕەقەی پایتەختی دەوڵەتی ئیسلامی ئازادكرا بەڵام هەموو پاساوەكانی سەرهەڵدانی ڕەوتە توندئاژۆ تیرۆریستەكان هەرماوون لە سوریا و عیراق و تەنانەت ناوچەكەش هەر چەند خولەكێك پێش توێتەكەی ترەمپ لە مەڕ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا لە شاری ڕەقە داعش تەقینەوەیەكی ئەنجامدا و قوربانی لێكەوتەوە هەر لەم شەڕانەی دوایی دا بۆ ئازاد كردنی چەند شارۆچكەیەك لە ڕۆژهەڵاتی سوریا 700 كەس لە هاوپەیمانەكانی ئەمریكا كە ئێستا بە جێیان دێڵێت بە بێ‌ هیچ ڕاوێژێك بوونە قوربانی ئیتر داعش چۆن تەواو بووە ترەمپ ئەم زانیارییانەی لە كێ‌ وەرگرتووە ؟
وا دیارە لە ئەردۆغان چونكە هەردوای پەیوەندی تەلەفۆنیەكەی لەگەڵ ئەودا ئەم تویتەی كردووەو بووە بە بڕیار ئێستا باسی بۆندێكی گەورەی ڕۆكێت و سیستمی پاتروێتی ئەمریكی دەكرێت لە نێوان ئەمریكا و توركیادا بە بەهای سێ‌ ملیار دۆلارونیو دۆلار تەنانەت باسی ڕادەستكردنەوەی فەتحوڵا گویلەنیش كراوە بە توركیا كە ئێستا لە ئەمریكایە .
لە لایەكی ترەوە سەرۆكی ئەمریكا لە مانگی نیسانی ڕابردووش نیازی هەبوو بڕیارێكی وا بدات بەڵام ئەوكات بەشێك لە ڕاوێژكار و ئەندامانی تیمەكەی لە كۆشكی سپی قایلیان كرد بۆ ئەوەی جارێك پەلە لەو بڕیارەدا نەكات تاوەكو كۆتایی بە شەڕی داعش دێت و زەمینەسازی ئەكرێت بۆ لەناوبردنی ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستیانە هەربۆیە ئەمریكا ئەوكات هاوكاری و هەماهەنگییەكانی زیاتركرد بۆ هەسەدەو بنكە سەربازییەكانی فراوانكرد و هانی وڵاتانی تری وەكو فەرەنسا و ئیتالیای دا تاوەكو ئەوانیش هێزو شارەزای تر ڕەوانەی باكوری سوریا بكەن تا قەبارەی ئەو هێزە گەیشتە زیاتر لە دوو هەزار كەس .
ئەگەرچی ئامانجی مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا بۆ سێ‌ مەبەست بوو ئەوانیش ئەمانەن :
كۆتاییهێنان بەداعش و بەرگرتن لە هەژموونی ئێران و یارمەتیدانی سیاسەتی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ماتیس بۆ ئەوەی ڕێگاچارەیەكی سیاسی بۆ قەیرانی سوریا بدۆزنەوە بە گوێرەی بڕیاری (2254 ) ئەنجومەنی ئاسایش .
بەڵام ئەوانە هیچی وەكو پێویست ئەنجام نەدران و ئەم بڕیارە نیگەرانی زۆری لێكەوتووەتەوە هەوڵێكی زۆر دەدرێت لە لایەن هاوپەیمانانەوە بۆ ئەوەی هەرچۆنێك بێت بۆ ماوەیەك ئەم بڕیارە دوابخرێت تاوەكو چارەیەكی سیاسی بۆ پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییەی كە دێتە ئاراوە و ئەو مەترسیەی كە بۆ كوردەكانی سوریا دروست دەبێت ئیتر ناوچەیەكی دژە فڕین بێت یان هەر میكانیزمێكی تر یان بۆ فەراهەم بكەن .

 84 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*