سەرەکی » ئابووری » پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێم خەرج بكرێت

دادگای رەسافە:

پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێم خەرج بكرێت

دادگای‌ رەسافەی‌ بەغدا لەبەرژەوەندیی جووتیارانی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا‌و حكومەتی عیراقیشی پابەندكرد كە پارەی گەنمی ساڵانی (2014‌، 2015، 2016) بۆ جووتیارانی هەرێم خەرج بكات‌و قەرەبووشیان بكاتەوە.
بەشدار حەسەن پارێزەری‌ خۆبەخشی جووتیارانی هەرێمی كوردستان بەكەناڵی گەلی كوردستانی راگەیاندووە: نۆ مانگ پێش ئێستا لەدادگای‌ كارگێڕی بەغدا سكاڵامان تۆماركرد، سەبارەت بەخەرجكردنی‌ پارەی‌ گەنمی جووتیارانی‌ هەرێم بۆ ساڵانی‌ 2014‌، 2015، 2016، كە سكاڵاكەش بۆ هەڵوەشانەوەی‌ بڕیارێكی حكومەتی عیراق بوو دژ بەجووتیارانی‌ هەرێم، دواتر دادگاكە رایگەیاند: بڕیارەكەی‌ حكومەتی‌ عیراق بە زارەكی بووە‌و ناتوانرێت هەڵبوەشێنرێتەوە.
وتیشی: هەربۆیە، سكاڵاكە ئاڕاستەی‌ دادگای‌ بەرایی رەسافە كراو لەدانیشتنی‌ رۆژی 26/12/2018دا، دادگا بڕیاریدا كە دەبێت حكومەتی عیراق پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێم بۆ ئەو سێ ساڵە خەرج بكات، كە بڕەكەی 550 ملیار دینارە.
بەوتەی ئەو پارێزەرە «دادگای رەسافە، حكومەتی عیراقی پابەندكردووە بەقەرەبووكردنەوەی‌ جووتیارانی هەرێمی كوردستان، لەبەرئەوەی لەكاتی خۆیدا پارەی بەرهەمەكانیان بۆ خەرج نەكراوە، كە ئەوەش پێویستی‌ بەچەند هەنگاوێكی‌ یاسایی هەیە بۆ ئەوەی كەسانی شارەزا بڕی قەرەبووەكە دیاری بكەن، كە پێویستە بدرێت بەجووتیارانی هەرێمی كوردستان.

 270 جار بینراوە