ئاوات حه‌سه‌ن ئه‌مین
ساڵی 1985 له مانگی هه‌شتدا به‌به‌رده‌م چاپخانه‌كه‌ی كاكه‌ی فه‌لاحدا ده‌ڕۆێشتم كه ده‌كه‌وته كۆڵانه‌كه‌ی سه‌روو سه‌راوه له ته‌نیشت عه‌یاده‌كه‌ی دكتۆر عه‌بدولڕه‌حمان ڕیس -وه. دوای ئه‌وه‌ی له كتێبخانه‌ی بێكه‌س هاتمه ده‌ره‌وه كه له ڕیزی چاپخانه‌كه‌دا بوو، كۆمه‌ڵێك شیعری سه‌ره‌تاكانی خۆمم له دووتوێی ده‌فته‌رێكی سی په‌ڕه‌ییدا پێ بوو، به‌بێ بڕیارێكی پێش وه‌خت خۆم كرد به نووسینگه‌ی چاپخانه‌كه‌دا، دیاره پێشتر مامۆستا كاكه‌ی فهلاحم له میانه‌ی شیعره مناڵانهكهیهوه ناسی بوو كه له قوتابخانه ده‌مانخوێند، هه‌روه‌ها له‌و كۆرهشدا به دیداری شاد بوو بووم كه له ساڵی 1983 كه له باخچه‌ی نووسه‌ران له ماڵی قازی بۆ ئه‌مین فه‌یزی شاعیر رێكخرابوو كه هه‌ریه‌كه له (كاكه‌ی فه‌لاح و د. عزه‌دین مسته‌فا ڕه‌سوڵ و مسته‌فا حه‌مه بۆر و د. ئیحسان فوئاد ) به‌شداربوون تیایدا و پیاوێكی به ته‌مه‌نی له‌لا دانیشتبوو. دوایی زانیم كه ئه‌و پیاوه مامۆستا ره‌ئوف ئالانی ئه‌دیب و زمانه‌وانه. سڵاوم كرد‌و خۆمم پێناسانن. وتم: من ئاواتی حه‌سه‌نی وه‌ستا ئه‌مینی به‌ننام، ئه‌و وه‌ڵامی دامه‌وه و وتی : محه‌مه‌دی وه‌ستا ئه‌مینی مامت ئه‌ناسم، ئه‌مه كاره‌كه‌ی بۆئاسان كردم، داوام لێ كرد شیعره‌كانم بخوێنێته‌وه و تێبینیم بداتێ … ئیتر هه‌ستام و ماڵئاواییم لێ كرد. دوای چوار ڕۆژ سه‌ردانیم كرده‌وه.. ئه‌مجاره‌یان شاعیری ناودار ع .ح.ب (محه‌مه‌د شێخ حسێن به‌رزنجی ) له‌لا دانیشتبوو. كه دواتر په‌یوه‌ندیی و دۆستایه‌تیم له‌گه‌ڵ دروست كرد‌و تا كۆچی دوایی له 2000 به‌رده‌وام بوو.
بابێمه‌وه سه‌ر شاڕێیهكهی باسه‌كه‌م، كاكه‌ی فه‌لاح ڕێنمای زۆریكردم و پێی گوتم كه ئاگاداری شاعیرانی پێشخۆم بم، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر ده‌توانم ئه‌وا كتێبه‌كه‌ی ئه‌و بخوێنمه‌وه به ناونیشانی (كاروانی شیعری نوێی كوردی) سوودی لێ ببینم.
شیعرێكیشی وه‌كو نموونه ده‌ست نیشان كردبوو هه‌ڵی بژاردبوو تا بۆم بنێرێت بۆ بڵاوكردنه‌وه، دواتر منیش سوپاسم كرد‌و به‌جێم هێشت، كتێبهكهشیم كڕی و سوودی زۆری پێگه‌یاندم .. به تایبه‌تی كه باسێكی وردی له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك له شاعیران تیادا بوو له‌وانه ( گۆران و به‌ختیار زێوه‌ر و دڵدار و ئه‌حمه‌د هه‌ردی و دیلان و كامه‌ران موكری و مه‌دهۆش و ع.ح.ب و كاكه‌ی فه‌لاح) بوون.
ساڵانی دواتر ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌م هه‌ر له‌گه‌ڵ شاعیری ناودار كاكه‌ی فه‌لاح به‌رده‌وام بوو تا له ساڵی 1990 به ڕووداوێكی نه‌خوازراو له پای هه‌ڵوێسته ڕاست و دروستهكانیا كۆتایی به
ژیانی هێنرا.
97 جار بینراوە