سەرەکی » هەواڵ » بافڵ تاڵەبانی: كەركوك بۆ كورد و یەكێتی گرنگیی خۆی هەیە و بەهیچ شێوەیەك سازشی لەسەر ناكرێت

بافڵ تاڵەبانی: كەركوك بۆ كورد و یەكێتی گرنگیی خۆی هەیە و بەهیچ شێوەیەك سازشی لەسەر ناكرێت

دوێنێ لە دەباشان، بافڵ تاڵەبانی، چاوی بە سیریل نان باڵیۆزی ئەڵمانیا لەعیراق‌و باربارا وۆڵف كونسوڵی ئەڵمانیا لەهەرێمی كوردستان، كەوت‌و رایگەیاند: یەكێتی كار بۆ یەكخستنی هەوڵەكان‌و لابردنی ئاستەنگەكانی بەردەم پێكهێنانی حكومەتی نیشتمانی‌و هاووڵاتیبوون‌و خزمەتگوزاریی دوور لەقۆرخكاریی، دەكات.
لەدیدارەكەدا، كە تەحسین نامیق لێپرسراوی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی (ی.ن.ك) ئامادەیبوو، گفتوگۆكرا لەبارەی دۆخی سیاسیی هەرێم‌و عیراق‌و ناوچەكەو ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك‌و پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم. لەبەر رۆشنایی گۆڕانكارییەكانیش بیروڕا ئاڵوگۆڕكرا پەیوەست بەهەرێمی كوردستان.
لەبەشێكی دیكەی دیدارەكەدا، بافڵ تاڵەبانی، تەئكیدی لەپەرەپێدان‌و بەردەوامیی پەیوەندی‌و هاوكارییەكانی ئەڵمانیا كردەوە بۆ هەرێمی كوردستان، لەبەرامبەر هاوكاریی بەردەوامیشیان بۆ هەرێم‌و هێزی پێشمەرگەو پشتیوانییان لەكورد لەجەنگی روبەڕوبونەوەی تیرۆردا، سوپاسی وڵات‌و گەلی ئەڵمانیای كرد.
سەبارەت بەپێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، بافڵ تاڵەبانی، جەختیكردەوە لەسەر یەكخستنی هەوڵەكان‌و لابردنی ئاستەنگەكانی بەردەم پێكهێنانی حكومەتی نیشتمانی‌و هاووڵاتیبوون‌و خزمەتگوزاری دوور لەقۆرخكاری‌و وتیشی: یەكێتی لەگەڵ گۆڕانكاریی ریشەییدایە لەهەرێم‌و دەیەوێت بەرنامەی چاكسازیی؛ بەردەوامی هەبێت‌و دیدێكی نوێش بەرامبەر بەغدا پەیڕەوبكەین، بەشێوەیەك دەستوور بنەمای پەیوەندییەكانمان بێت‌و هەوڵی جددییش بدەین بۆ چارەسەركردنی كێشەكان‌و پەیوەندییەكانیشمان بخەینە خزمەتی زیاتری بەهێزی پێگەی هەرێم‌و ناوماڵی كورد زیاتر رێكبخەینەوە.
لەبارەی كەركوكیشەوە، جەختیكردەوە كە كەركوك بۆ كوردو یەكێتی گرنگیی خۆی هەیەو بەهیچ شێوەیەك سازش لەسەر قودسی كوردستان ناكرێت‌و وتیشی: دۆخێكی نوێ لەكەركوك دێتەئاراوەو گیانی برایەتی لەناو تەواوی پێكهاتەكانی شارەكەدا دەبوژێنینەوەو دەیكەینەوە شاری پێكەوەژیان.
وەفدی میوانیش، بەبایەخەوە لەڕۆڵی یەكێتی-یان روانی، كە دەوری كاریگەر دەبینێت لەچارەسەركردنی كێشەكانی هەرێم‌و بەغداو پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم، هەروەك پێشوازییشیان لەهەوڵەكانی ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك كرد.

print

 87 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*