سەرەکی » ئەدەب - سێبەر و سایە » ساتێك بۆ مه‌ستی ئه‌سپه‌كان شه‌شه‌م فیلمی سه‌رسوڕهێنه‌ری جیهانپەڕە 2

ساتێك بۆ مه‌ستی ئه‌سپه‌كان شه‌شه‌م فیلمی سه‌رسوڕهێنه‌ری جیهان

مه‌نسوور جیهانی

فیلمی ساتێك بۆ مه‌ستی ئه‌سپه‌كان ده‌رهێنانی به‌همه‌نی قوبادی له‌ناو لیستی 12 فیلمی سه‌رسووڕهێنه‌ری مێژووی سینه‌مای جیهاندایه‌. فیلمی ساتێك بۆ مه‌ستی ئه‌سپه‌كان یه‌كه‌مین به‌رهه‌می بڵندی سینه‌ماكاری ناوداری كورد به‌همه‌نی قوبادی و خاوه‌نی خه‌ڵاتی «كامێڕای زێڕین» له‌ فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلمی «كان»ی فه‌ره‌نسا له‌ ساڵی 2000 كه‌ تا ئێستا زیاتر له‌ 50 فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تی فیلم له‌ وڵاتانی جۆراوجۆر به‌شداریی كردووه‌ و كۆمه‌ڵێك خه‌ڵاتی گرنگی نێونه‌ته‌وه‌یی به‌ده‌ستهێناوه‌، به‌م دواییانه‌ شه‌شه‌مین فیلمی له‌ناو لیستی 12 به‌رهه‌می سه‌رسووڕهێنه‌ری فیلمه‌ غه‌یره‌ ئینگلیزی زمانه‌كانی مێژووی سینه‌مای جیهان له‌ لایه‌ن «نیكۆلاس باربه‌ر ره‌خنه‌گری ئاژانسی هه‌واڵنێری جیهانی BBC بۆ خۆی مسۆگه‌ر كردووه‌.
له‌ سه‌ره‌تای راپۆڕتی نیكۆلاس باربه‌ردا له‌ به‌شی ئینگلیزی ئاژانسی هه‌واڵنێری BBC دا هاتووه‌: راپرسی فیلمی غه‌یره‌ ئینگلیزی زمانه‌كانی به‌شی كه‌لتووری BBC ئه‌و فیلمانه‌ له‌خۆده‌گرێت كه‌ له‌ 66 وڵاتی جۆراوجۆری جیهانه‌وه‌ ده‌ستنیشانكراون و به‌رهه‌می هه‌ندێك له‌م وڵاتانه‌ باشتر له‌وانی دیكه‌ بوون. چه‌ندین فیلم له‌م لیسته‌دا نین، به‌ڵام ئه‌وه‌ به‌و مانایه‌ نییه‌ كه‌ ‌ئه‌وان شاكار نه‌بن. ئه‌وه‌ ته‌نیا به‌و مانایه‌یه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ ئه‌و فیلمه‌ شاكارانه‌ن كه‌ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ن كه‌ كه‌شف بكرێن و بناسێنرێن.
له‌م ڕاپۆڕته‌دا نیكۆلاس باربه‌ر سه‌باره‌ت به‌ فیلمی سینه‌مایی ساتێك بۆ مه‌ستی ئه‌سپه‌كان ده‌رهێنانی به‌همه‌نی قوبادی نووسیویه‌تی: ژێرنووسێك له‌ سه‌ره‌تای فیلمی قاره‌مانه‌ی به‌همه‌نی قوبادیدا رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ئه‌م فیلمه‌ «ڕێزلێنانێكه‌ بۆ میراتی كه‌لتووریی من» و «ئه‌م كه‌سانه‌، له‌ زاكیره‌ی مندا خه‌یاڵی نین». شكێك سه‌باره‌ت به‌وه‌ نییه‌، قوبادی مومكینه‌ گێڕانه‌وه‌یه‌كی سه‌رنجڕاكێش و بێوێنه‌ی له‌م فیلمه‌دا وێنه‌ گرتبێت. به‌ڵام چیرۆكی «ساتێك بۆ مه‌ستی ئه‌سپه‌كان» كه‌ له‌ شاری قوبادی بۆ بینه‌ر ده‌گێڕدرێته‌وه‌، وه‌كو راپۆڕتێكی زۆر گرنگ له‌ ژیانی كورده‌وارییه‌ و هه‌ر به‌م هۆیه‌وه‌ كاریگه‌رییه‌كی یه‌گجار زۆری هه‌یه‌. «ئه‌یوب» پاڵه‌وانی فیلمه‌كه‌، كوڕێكی هه‌تیوه‌ كه‌ ده‌چێته‌ ناو كۆڵبه‌ره‌ سته‌ملێكراوه‌كانی ناوچه‌كه‌وه‌ تاكو بتوانێت مه‌سره‌فی عه‌مه‌لیاتی «مادی» برا كه‌مئه‌ندامه‌كه‌ی دابین بكات. هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ ئه‌وان به‌سه‌ر شاخه‌كانی كوردستاندا تێده‌په‌ڕن، باوبۆرانێكی به‌هێز هه‌ڵده‌كات، تا ڕاده‌یه‌ك كه‌ ئه‌سپه‌كان بۆ درێژه‌پێدان به‌ ڕێگاكه‌یان، عاره‌قیان پێده‌درێت كه‌ ناوی فیلمه‌كه‌ش هه‌ر له‌م مه‌سه‌له‌یه‌وه‌ هاتووه‌.
ناوی فیلمه‌كانی لیستی 12 به‌رهه‌می سه‌رسووڕهێنه‌ری مێژووی سینه‌مای جیهان، بریتین له‌: 1- «ڕه‌شنووس» Black Orpheus ده‌رهێنانی «مارسێل كامووس» Marcel Camus به‌رهه‌می ساڵی 1957 له‌ به‌رازیل، 2 – «من كوبام» I Am Cuba ده‌رهێنانی «میخائیل كالاتۆزۆڤ» Mikhail Kalatozov به‌رهه‌می ساڵی 1964 له‌ كوبا، 3 – «تۆپی ئاگر كوژێنه‌وه‌» The Firemens Ball ده‌رهێنانی «میلۆش فۆرمه‌ن» Miloš Forman به‌رهه‌می ساڵی 1967 له‌ چێكۆسلۆڤاكیا، 4 – «گه‌مارۆ» Siege ده‌رهێنانی «گیلبپرتۆ تۆفانۆ» Gilberto Tofano به‌رهه‌می ساڵی 1969 له‌ ئیسرائیل، 5 – «ماپانتۆسلا» Mapantsula ده‌رهێنانی «ئۆلیڤه‌ر شمیتز» Oliver Schmitz به‌رهه‌می ساڵی 1988 له‌ ئه‌فریقیای باكوور، 6 – «ساتێك بۆ مه‌ستی ئه‌سپه‌كان» A Time for Drunken Horses ده‌رهێنانی «به‌همه‌نی قوبادی» به‌رهه‌می ساڵی 2000 له‌ ئێران، 7- «ڕاكه‌ریی خێرا» Atanarjuat: The Fast Runner ده‌رهێنانی «زاكارایاس كۆنۆك» Zacharias Kunuk به‌رهه‌می ساڵی 2001 له‌ كه‌نه‌دا، 8-»دارێت» Daratt له‌ ده‌رهێنانی «محه‌مه‌د سه‌لاح هارون» Mahamat Saleh Haroun به‌رهه‌می ساڵی 2006 له‌ چاد، 9 – «مامه‌ مۆنمی، كه‌سێك كه‌ ده‌توانێت رابردووی خۆی به‌ یاد بێنێته‌وه‌» Uncle Boonmee Who Can Recall His Past Lives ده‌رهێنانی «ئاپیچاتپۆنگ ویراستاكۆل» Apichatpong Weerasethakul به‌رهه‌می ساڵی 2010 له‌ تایله‌ند، 10 – «وه‌جده‌» Wadjda ده‌رهێنانی «هه‌یفا ئه‌لمه‌نسور» Haifaa al-Mansour به‌رهه‌می ساڵی 2012 له‌ عه‌ره‌بستانی سعودیه‌، 11- «نۆرتی، كۆتایی مێژوو» Norte, the End of History ده‌رهێنانی «لاڤ دیاز» Lav Diaz به‌رهه‌می ساڵی 2013 له‌ فیلیپین و هه‌روه‌ها 12 -»له‌ باوه‌شی ماردا» Embrace of the Serpent ده‌رهێنانی «كیرۆ گیورا» Ciro Guerra به‌رهه‌می ساڵی 2015 له‌ كۆلۆمبیا.
بۆ زانیاریی زیاتر و بینینی ناوی فیلمه‌كانی لیستی 12 به‌رهه‌می سه‌رسووڕهێنه‌ری مێژووی سینه‌مای جیهان، سه‌ردانی ئه‌م لینكه‌ی خواره‌وه‌ بكه‌ن:
http://www.bbc.com/culture/story/20181029-twelve-amazing-lesser-known-films-from-around-the-world

print

 43 جار بینراوە

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*