سەرەکی » وتار » ئیدریس جەبار » عیراق لەنێوان فەتح و سائیروندا

عیراق لەنێوان فەتح و سائیروندا

هەردوو هاوپەیمانی فەتح و سائیرون گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی عیراقن و هەریەكە و بە پێكهاتەی سەرەكی (بنیاتنان) و (چاكسازی) دادەنرێن، فەتح لەلایەن هادی عامری سەرۆكی ڕێكخراوی بەدرەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، سائیرونیش موقتەدا سەدر ڕابەری ڕەوتی سەدر سەرپەرشتی دەكات.
پێشتر ناكۆكی سەرەكی نێوان ئەو دوو هاوپەیمانییە، لە كاندیدكردنی فالح فەیاز سەرۆكی بزوتنەوەی عەتا بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری ناوخۆدا خۆی دەبینیەوە كە لەلایەن فەتحەوە پشتیوانی دەكرا، و سائیرونیش لە دژی كاندیدكردنی ڕادەوەستا، بەڵام لەئێستادا و بەپێی دەستەواژە سەرەتاییەكانی ڕێكەوتنی نێوان ئەو دوو هاوپەیمانییە، پێدەچێت چانسی فەیاز بۆ بوون بە وەزیری ناوخۆ لاوازبێت، ئەمەش نیگەرانی لای دەوڵەتی یاسا و نوری مالیكی سەرۆكەكەی دروستكردووە كە بەشێكن لە هاوپەیمانی (بنیاتنان) و پێیانوایە ئەو هەنگاوە یەكگرتوویی هاوپەیمانییەكەیان لەگەڵ فەتحدا لەرزۆك دەكات.
وەلاوەنانی فەیاز و دوورخستنەوەی، چەند بە سەركەوتن بۆ سائیرون دادەنرێت، دوو هێندە بۆ هاوپەیمانی نەسر كە لەلایەن حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشووەوە سەرۆكایەتی دەكرێت، چونكە جیابوونەوەی فەیاز و كوتلەكەی لە هاوپەیمانی نەسر، لە دوای هەڵبژاردنەكان، لێدانێكی گورچكبڕ بوو بۆ عەبادی و هێندەی تر هەلی بوونەوەی بە سەرۆك وەزیران كەمكردەوە.
گریمانەكان سەبارەت بە كاندیدكردنی فالح فەیاز بۆ پۆستی وەزیری ناوخۆ، بەهەرلایەكدا بشكێنەوە، یەكێك لە پێكهاتەكانی هەردوو هاوپەیمانی (چاكسازی) و (بنیاتنان) زوویر دەكات، لە حاڵەتی بوونی فەیاز بە وەزیری ناوخۆ، نەسر دەشەمزێت و لە حاڵەتی دوورخستنەوەشی دەوڵەتی یاسا دەڕەنجێنێت.
لە نێوەندی ئەم كێشمەكێشەی نێوان فەتح و سائیرون، هاوپەیمانی نەسر پێیوایە گەر ئاراستەكان بەپێی خواستی هاوپەیمانییەكەی نەبوون «شتێك نامێنێت بە ناوی هاوپەیمانی چاكسازی»، دەوڵەتی یاساش بەدووری دەزانێت لە هەموو حاڵەتەكان بتوانێت لەنێو (بنیاتنان)دا بمێنێتەوە.
ڕێكەوتنی ئەم جارەی نێوان فەتح و سائیرون كە دەستەواژەكانی لەگەڵ دەستپێكردنەوەی وەرزی یاسادانانی داهاتوودا دەردەكەوێت، ڕەنگە ببێتە مایەی گۆڕانی نەخشە و هاوكێشەی هاوپەیمانییەكان لە پەرلەمانی عیراق، بەڵام بەهەردووكیان گەر بەدوور لە هەندێك ئیعتبارات لەسەر هێڵێكی سەرەكی بۆ پشتیوانی لە حكومەتەكەی عەبدولمەهدی پێكبێن، دەكرێت خزمەت بەو دۆسێیانە بكەن كە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە ژیانی هاوڵاتیانەوە هەیە و دەكرێت هەنگاوی یەكەم بەرەو هەڵمەتی «بنبڕكردنی گەندەڵی» لەدوای «بنبڕكردنی تیرۆر» هەڵبنێن.

 425 جار بینراوە