سەرەکی » وتار » شیلان ده‌رگه‌ڵه‌یی » دووگیانە و نازانی لە 4 کەس کامیان باوکی مناڵەکەیە!

دووگیانە و نازانی لە 4 کەس کامیان باوکی مناڵەکەیە!

کارەساتی جەرگبڕی وەک خۆسووتاندن، خۆکوشتن یا کوشتن و سووتاندنی ژن بەدەستی هاوسەر بڵاوئەبێتەوە و تا ئێستاش یا وەک پێویست تاوانباران سزانەدراون یا بە دانیشتنێکی عەشایەری خوێن و گیانی قوربانیەکە ئەفرۆشرێ، یا تاوانبارەکە هەڵدێ یا کەس و کاری قوربانیەکە شەرم لە ئاشکراکردنی تاوانەکەش ئەکەن!
ئەو هەموو تاوانە تەنها بە یاسا و بە ڕێکخراوەکانی ژنان و ئافرەتان و باوک و برا و هاوسەر بنەبڕناکرێن، هەتا قۆناغەکانی سەرەتایی پەروەردەکردن بەشێوەیەکی دروست نەبێ و پاساوە ئایینیەکان و داب و نەریتە سەقەتەکانی کۆمەڵگا لانەدرێن.
ئاخر ئێستاش مەلایەک لە مینبەرەوە بشیڕێنێ و بڵێ:
کچ بە چوونە قوتابخانە و پانتۆڵ لەپێکردن بەدڕەوشت ئەبێ و باوک و برا و هاوسەر لە کچان و ژنان هان بدا، ژن چۆن ئازا و ئازاد و سەلامەت ئەبێ؟!
هیوادارم کەس ئازادی بەمانای( بەرەڵایی) تێنەگا، ئێستاش کە ئەڵێین; ئازادی ژن وائەزانن ئیتر بێسنوور هەموو مافێک بەخۆی ڕەواببینێ، کە لای من پیاویش و ژنیش تەنانەت ئاژەڵیش سنووری هەیە لە یاسا و ڕێسا و ستایلی ژیانی.
لە هەمان کاتیش، ژن تا ڕاددەیەک کراوەتە کاڵا، ئەو کۆمەڵگایەی ئێمە هێشتا مانای ئازادیەکان و مەوداکەی نازانێ، بەلایەوە بەدڕەوشتیە کچێک یا ژنێک لە کافێتێریایەک ئیش بکا، چاو و دەست و بیر و گیرفانی هەمووی بۆ دەسخەرۆکردن و ڕاوکردنی کچەکە ئەخاتەگەڕ، وەک چۆن لە ڤیدیۆی ئەو کچەی کافێتیریایەکی هەولێر بینیمان، لە زیندان تەمەنی بۆتە 18 ساڵ و دوو گیانە و نازانێ لەو 4 کەسەی بەبێهۆشی لەگەڵی خەوتوون، مناڵەکە هی کامیانە!
بردنەدەرەوەی کچێک لە شوێنی کار و پێدانی ماددەی هۆشبەر و بە 4 (نا)پیاو دەستدرێژی بکەنەسەر، مەگەر تەنها لەو کوڕەتیوانەی لەلایەن خێزانەکانیانەوە بەرەڵاکراون بوەشێتەوە، ئەگینا کەسیتر ئەوە ناکا.
لەولاشەوە، بەشێک لە کچان و ژنان لە بواری (بەناو) ئەدەب و ڕاگەیاندن و هونەر، خۆیان و بەدەست و دەمی خۆیان تەڵە بۆ خۆیان ئەنێنەوە.
یەکێ کۆمەڵێک کەس بەدەوریەوەیە و هەندێک وشە و دەستەواژەی رۆمانسی بۆ ئەنووسێتەوە و ئەویش دێ بەناوی خۆی و بە بەرچاوی و کۆمەڵێک ڕاوکەر پەرتیان ئەکا!
یەکێ تر، لە هەر بابەتەی کەسێک پەرەگرافێک هەڵدەبژێرێ و وتارێکی دوور و درێژی بێ سەرەوبەرەی لێ دەرئەچێ، ئیتر ئەویش بە نووسەر ناو دەرئەکا!
یەکێ تریش لە یەکدوو گۆرانی ئەناسرێ و دەرئەکەوێ و ئەویش ون ئەبێ و لەبیرئەکرێ!
ئێمەی ژنی کورد، هیچمان کەمترنیە لە ژنی هەر نەتەوەیەکی تر، ئەگەر لە سەردەمێک خانزاد و حەپسەخان و عادیلەخان و مەستوورەی ئەردەلانیمان هەبووبێ، بۆ ئێستا لەو سەردەمەی تەکنەلۆجیا یەکێکی تری هاوشێوەی ئەوان و د.نوال سعداوی و غادە سمانێکمان لێ هەڵنەکەوێ؟!
بۆ دەبێ تازە ژن لە کاردانەوەی پیاوێکی دەبەنگی بێ باوەڕ بە کەسایەتی خۆی، گڕ لە ژنەکەی بەردا، وەک ئەو دوو ژنەی لەو دوو مانگەی ڕابردوو لەلایەن مێردەکانیانەوە سووتێنران و لە ئەوروپاش بەدەستی هاوسەرەکانیان کوژران؟!
سەرلێشێوان و سەرلێشێواندنی ژنی کوردە و لێی تێناگەم، کار وابڕوا، ئەبێ شەرم لە بوونی خۆمان بکەین و لە بەرگی پیاو خۆمان حەشاردەین!

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

پەروەردە مامۆستای نا مامۆستا!

بەشی دووەم ئێمە چەندە گلەییمان لە سیستمی خوێندن هەیە و ...