سەرەکی » مانشێت » دوزخورماتوو، شارە دڵشكاوەكە

دوزخورماتوو، شارە دڵشكاوەكە

چەند بینا و دوكانێكی‌ روخاو و سووتاو، كۆڵان ‌و رێوبانی‌ داخراو، شارێكی‌ نیمچە چۆڵ، ژمارەیەكی‌ زۆری‌ ئاڵای‌ سەوز و سوور، ئەمانە هەمووی‌ دیمەنی‌ دوزخورماتوون كە دوا قوربانی دەستی‌ ناكۆكییەكانە.
ناكۆكییە چەكدارەكانی‌ سێ‌ ساڵی‌ رابردووی‌ عیراق زۆر شار و ناوچەیان وێرانكرد، بەڵام وێرانی و ئاوارەیی‌ خورماتوو لەوانی‌ تر جیاواز ترە، چونكە بە هۆی‌ ناكۆكی‌ چەكداریی‌ دوو لایەنەوە روویدا كە پێشتر لە یەك بەرەدا شەڕی‌ داعشیان دەكرد.
قەزای‌ خورماتوو لە خوارووی‌ كەركوك زیاد لە جارێك بەریەككەوتنی‌ نێوان هێزی‌ پێشمەرگە و حەشدی‌ شەعبی‌ تیایدا روویداوە، دانیشتوانی‌ ئەو شارە لە كورد و توركمان‌ و عەرەب بە هەردوو مەزهەبی‌ سوننە و شیعەوە دەمێ ساڵە بە ئاشتی‌ پێكەوە دەژین، كەچی‌ ناكۆكی‌ هێزی‌ سیاسییەكان ئەمجارە ئەوانیشی‌ پەلكێشكردە ناو ململانێكەوە.
كاتێك لە ئۆكتۆبەری‌ رابردوو بۆنی‌ روبەروبونەوەی‌ هێزە عیراقی ‌‌و كوردییەكان دەكرا، یەكەم پریشكی‌ ئاگرەكە شەوی‌ 14ی‌ مانگ لەو قەزایەوە دەستی‌ پێكرد، دوو رۆژ شەڕی‌ پچڕپچڕ لەو قەزایەدا هەبوو، دواتر پێشمەرگە چۆڵی‌ كرد و هێزەكانی‌ حەشدی‌ شەعبی‌‌ و سوپای‌ عیراقی‌ چوونە ناو قەزاكە، بەو هۆیەوە ژمارەیەكی‌ زۆر لە خەڵكەكەی‌ ئاوارە بوون ‌و بە دەیان دوكان‌ و ماڵ سووتان ‌و تاڵانكران، بێ‌ ئەوەی‌ بكەرەكەیان دیار بێت.
كاوە حەمەكەریم كە دانیشتوویەكی‌ خورماتووە و دوای‌ هەڵاتنی،‌ ماڵەكەی‌ سووتاوە و ئێستا لە قەزای‌ كەلار نیشتەجێیە، دەڵێت «بە هۆی كەمتەرخەمی بەرپرسانی ئیداری‌ و چارەسەرنەكردنی دۆخی خورماتوو لە لایەن حكومەتی ناوەندو هەرێم لە ساڵی 2009 خەڵكی خورماتوو یان لە شەڕدان یان لە ترسی هەڕەشەكان ئاوارەی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دەبن».
كاوە لەگەڵ سەدان خێزانی‌ تر ئاوارە بوون، هەندێكیان راستەوخۆ هەڕەشە كەوتە سەر ژیانیان‌و هەندێكی‌ تریان لە ترسی‌ ئەوەی‌ نەوەك هەمان چارەنووسی‌ هاوشارەكانیان بەسەر بێت هەڵاتن، ئەو بە نیقاشی‌ وت «كاتێك هێزەكانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە كشانەوە،‌ تەنیا پێشمەرگە خۆبەخشەكان لە شارەكەدا مابوون خەڵكەكە بەبێ ئەوەی هیچ لەگەڵ خۆیاندا بهێنن، ئاوارەی شارەكانی كوردستان بوون».
قەزای دوزخورماتوو دەكەوێـتە 74 كم لە باشوری پارێزگای كەركوك، لە ساڵی 1972 بە بریارێكی حكومەتی عیراق لە كەركوك دابڕێنرا و خرایە سەر پارێزگای سەڵاحەدین، بە پێی ئاماری فەرمانگەی سەرژمێریی پارێزگای سەڵاحەدین 180 هەزار كەس لە قەزای خورماتوو نیشتەجێن كە زۆرینەی لە پێكهاتەی كورد و توركمانن، دوای‌ شەڕەكەی‌ ئۆكتۆبەر ئێستادا دۆخی قەزاكە لە حاڵەتی نە شەڕ نە ئاشتیدایە و خەڵكەكەشی‌ نازانن كەی‌ دەتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ ‌و حاڵی‌ خۆیان.
شەلال عەبدول كە پێشتر بەبڕیاری‌ حكومەتی‌ عیراقی‌ لەگەڵ ژمارەیەك بەرپرسی‌ تری‌ كورد لە دوای‌ ریفراندۆمەوە لە پۆستی‌ قایمقام لابرا وتی «خورماتوو وێرانكاراوە، جگە لە ئاسەواری جەنگ هیچ سیمایەكی دیكە بەو شارەوە نابینرێت، لە كاتێدا پێكەوە ژیانی دانیشتوانەكەی خورماتوو تەواوی عیراقییەكان ‌و خەڵكی كوردستانی بە خۆیەوە سەرسام كردبوو، ئێمە كاردەكەین بۆ گەڕانەوەی خورماتوویەكی بەبێ جەنگ چونكە هەمووان بوینە قوربانی، بە تایبەتی كورد».
قایمقامی قەزای خورماتوو كە بڕیاربوو بگەڕێتەوە سەر كارەكەی‌، ئێستا دەڵێت «تا ئەو كاتەی‌ هێزێكی‌ كوردی‌ نەگەڕێتەوە بۆ خورماتوو، ئێمە ناچینەوە بۆ ئەوێ‌، هەر كە چووینەوە دەبێت زوو قەرەبووی‌ ئەو هاوڵاتیانە بكرێتەوە كە زیانی گیانی‌ و مادیان بەركەوتووە».
بە پێی ئامارێكی نافەرمی كە لە سەرچاوەیەكی ئیدارەی قەزای خورماتوو لە لایەنی‌ كوردییەوە دراوە بە نیقاش 225 خانووی هاووڵاتیان ‌و 150 دوكان‌ و 53 خانووی بەرپرسە باڵاكانی پێشمەرگە ‌و پۆلیس‌ و بەرێوەبەرە كوردەكانی ئیدارەی خورماتوو لە گەرەكانی كۆماری، عەسكەری، برایەتی، جەمیلە دوای تاڵانكردنیان یان سووتێنراوە یان تەقێنراوەتەوە، ئەمە جگە لەوەی زیاتر لە 50 هەزار هاووڵاتی ئاوارە بوون.
رووداوەكانی‌ خورماتوو نەتەوە یەكگرتووەكان ‌و رێكخراوە نێودەوڵەنییەكانیان هێنایە دەنگ ‌و لە چەند راگەیەنراوێكدا باسیان لە كوشتن و ئاوارە بوون ‌و سووتاندنی‌ ماڵ ‌و حاڵی‌ خەڵكی ‌‌و تاڵانكردنیان كرا.
راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان هێزە چەكدارەكان بەو كارانە تۆمەتبار دەكەن بێ‌ ئەوەی‌ ناویان بهێنن، بەڵام لایەنی‌ كوردی‌ بە روون ‌و رەوانی‌ پەنجەی‌ تۆمەت بۆ حەشدی‌ شەعبی درێژ دەكەن ‌و ئەوانیش رەتی‌ دەكەنەوە.
سەید عەلی هاشمی وتەبێژی فەرماندەی هێزەكانی حەشدی شەعبی لە خورماتوو بە نیقاشی وت «ئەو ئامارانەی باس دەكرێت فەرمی نین‌ و تا ئێستا بەدواداچوون بۆ زیانەكانی ئەو شەڕەی مانگی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ نەكراوە، هەر چەندە ئێمە رەتیدەكەینەوە هێزەكانمان ماڵیان سووتاندبێت یان تەقاندبێتەوە،‌ بەڵكو ئەوانەی‌ زیانیان بەركەوتووە لەكاتی‌ روبەروبونەوەدا بووە».
هاشمی وتیشی‌ «ئێمە 18 پێشمەرگەی دیلمان لابوو، بەڵام بێ ئەوەی ئازاریان بدەین دوای دوو رۆژ لە روداوەكەی 16ی ئۆكتۆبەر رادەستی بەرپرسی یەكەمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانمان كرد لە كەركوك‌، ئەگەر ئامانجمان وێرانكاری بێت بۆ ئەو هەنگاومان ئەنا؟ لەبەرئەوە دەبێت سەركردایەتی كورد گوێ لەو كەسانە نەگرن كە خزمەت بە دۆخی قەزاكە ناكات».
هەرچەندە لە ئێستادا ئامادەكاری بۆ ئەوە دەكرێت یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان‌و حەشدی شەعبی بە هەماهەنگی دۆخی خورماتوو بگەڕێننەوە بۆ دۆخی ئاسایی تاكو هاووڵاتنیان بگەڕێنەوە و درێژە بە كارەكانیان بدەن، بەڵام هاووڵاتیان ‌و بەشێك لە بەرپرسە حزبیەكانی ئەو شارە بێ ئومێد بوون لە رێكەوتنێك كە بەم زووانە ئەنجامی‌ هەبێت، بە تایبەتی‌ كە ئەمە یەكەمجار نییە ناكۆكی‌ چەكداریی‌ لەو قەزایەدا رووبدات.
رۆژی‌ 11ی‌ نۆڤەمبەری‌ 2015 بۆ ماوەی‌ 17 رۆژ شەڕی‌ پچڕ پچڕ لە نێوان پێشمەرگە و چەند گروپێكی‌ توركمانی‌ حەشدی‌ شەعبی روویاندا كە تیایدا 21 كەس كوژران‌و 135 كەس بریندار بوون، ئەوكات وەفدێكی عەسائیبی ئەهل حەق ‌و مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە سلێمانی كۆبوونەوە بە مەبەستی راگەیاندنی ئاگربەست تاكو دۆخی ئەمنی شارەكە هێوربكرێتەوە، ئەو ئاگربەستە تەنیا 6 مانگ كاری پێكراو لە سەرەتای حوزەیرانی 2016 بۆ ماوەی چوار رۆژی تر شەڕ و پێكدادان لە نێوان پێشمەرگەو‌ چەكدارانی حەشدی توركمانی بەردەوامی هەبوو دواتر شەرەكە بەبێ رێكەوتن راگیرا.
وەك چۆن ئێستا هاووڵاتیانی‌ كورد ناڵە و هاواریانە بە دەست دەركردنیان لە شارەكە و سووتاندن‌و ماڵ‌و حاڵیان، پێشتریش بەشێك لە دانیشتوانە توركمانەكەی‌ دەنگیان هەڵبڕیبوو كە بە دەست هێزە كوردییەكانەوە گیرۆدە بوون، بۆیە ئێستا هەندێ كەس وا لێكیدەدەنەوە ئەوەی‌ روودەدات تۆڵەكردنەوە بێت.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەك هێزێكی باڵادەست لە ناوچەكە داوا لە عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای ئاینی شیعەكان دەكات لە بارەی هێوركردنەوەی دۆخی خورماتوو دەستێوەردان بكات.
ئاڵا تاڵەبانی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی ‌و نوێنەری كەركوك لە پەرلەمانی عیراق بە نیقاشی وت «داوامانكردووە مەرجەعی باڵای ئاینی شیعەكانی عیراق بێتە دەنگ لەسەر دۆخی خورماتوو هەروەها دەستێوەردان بكات بۆ ئەوەی دۆخی خورماتوو هێوربكرێتەوە،‌ چونكە ژیانی ئاوارەكان ‌و ئەو خەڵكەی لە قەزاكە ماونەتەوە سەختەو نابێت بەو شێوەیە بەردەوام بن».
تا ئەو كاتەی‌ لایەك بە لایەكدا دەكەوێت‌ خەڵكە ئاوارەكەی‌ خورماتوو دەبێت لە شار و شارۆچكەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان بمێننەوە، ئەوان چاویان لە گەڕانەوەیە، بەڵام دەترسن ململانێی‌ سیاسی‌ شارەكەیانی‌ وەها شێواندبێت كە نەتوانن بە ئاسانی‌ لەگەڵ هاوسێ‌ كۆنەكانیان هەڵبكەن.

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

عومەر شێخمووس:لە رۆژئاڤا كورد كارتی گرنگی سیاسی لەبەردەستە

عومەر شێخمووس سیاسەتمەدار و كەسایەتیی سەربەخۆی رۆژئاڤای كوردستان رایگەیاند: لە ...