سەرەکی » وتار » شیلان ده‌رگه‌ڵه‌یی » لەنێوان گەرمیان و هند!

لەنێوان گەرمیان و هند!

تابان گەرمیانی و جازڤیندەر سەنگێرا; دوو نووسەر، لە دوو وڵاتی جیا بەڵام هەمان کۆمەڵگای کۆیلەی کۆمەڵێک داب و نەریتی ئایین و پیاوسالاریی!
لەو چەند ڕۆژە لە واڵی هاوڕێم تابان گەرمیانی کتێبی (ژنانی باشووری کوردستان، کێشە و کەیس و ڕوداو)م بینی، بەگوێرەی ناوونیشانی کتێبەکەی تۆزێک بۆ ناوەرۆکی چووم و کورتەیەکیشم لە خۆی وەرگرت، تێگەیشتم کە ئەوە ئەزموونی ئیشکردنی خۆیەتی لەگەڵ یەکێتی ژنان و ڕاگەیەندن و ڕۆژنامەنووسی، بڵاویکردۆتەوە.
تابان خان باس لە کارەساتی مەرگ و ئاوارەیی و کاریگەریەکانی ئەنفال و ترس و هەڕەشە و دابڕان و هەژاری و نەخوێندەواری و توندوتیژی خێزانیی و ستەمی ژن ئەکا لە سنووری کارکردنی.
لە بەرانبەر ئەویش، جازڤیندەر سەنگێرا ژنێکی هندی، هەڵگری ڕەگەزنامەی بەریتانیە، مناڵ بووە کاتێک لە هندەوە هاتوونەتە بەریتانیا، دایک و باوکی لێرەش هەر بە عەقڵیەتی هند هەڵس و کەوتیان کردووە.
جازڤیندەر نووسەر یا چالاکوانی مەدەنی نەبووە، وەک خۆی لە بەرگی یەکەمی کتێبی( Shame)دا هاتووە بەڵام بە سەلیقەیەکی جوان باس لە باوکی ئەکا کاتێک لە هندەوە کوڕی هند بۆ کچەکانی ئەهێنێ و بێ خواستی کچەکانی لێیان مارەئەکا، تا خوشکە گەورەکەی ئەبێتە قوربانی ئەو دەمارگیریەی باوکی و خۆی ئەسووتێنێ.
دوای ئەو کارەساتە جازڤیندەر لەگەڵ کوڕێکی هند لە دینێکی تر ڕائەکا، شاربەشاری بەریتانیا ئەکەن لە ترسی باوکی و هەموو ئیشێک ئەکەن بۆ دابینکردنی بژێویان، دواتر بەدواداچوون ئەکا بۆ ئەو کچ و ژنە موسڵمان و ئاسیاییانەی وەک خۆی مەترسیان لەسەرە، تا رێکخراوێک بۆ یارمەتی ژنە لێقەوماوەکان دائەمەزرێنێ، بێگومان بە هاوکاری دام و دەزگا حکومی و رێکخراوەکانی بواری چالاکی مەدەنی.
بەهۆی زۆری ڕێژەی ئەو کەیسەی ژنانەوە، بابەت و کەرەسەی کتێبێکی لە 3 بەرگدا دەست ئەکەوێ و بەسادەیی بەڵام کارەساتبار ڕوداو و بەسەرهاتەکان ئەنووسێتەوە و بڵاوئەکاتەوە.
کتێبەکان وەرگێڕراونەتە سەر چەندین زمانی جیهانی و بەداخەوە تا ئێستا وەرنەگێڕراون بۆ کوردی، پلان و حەزمە ئەگەر کات و تەمەن دەرفەت بدەن هەرنەبێ بتوانم بەرگی یەکەمی وەرگێڕم.
لەوانەیە بۆ تابان ئاسان نەبووبێ هاوکاری و پەنای ئەو ژنانە بکا و بدا بەبێ هاوکاری هێزە ئەمنیەکان و ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکان بەڵام دیسان ئەرکێکی گرنگی گرتۆتە ئەستۆ لە داڕشتنەوە و بە دۆکیومێنتکردنی ڕوداو و کارەساتەکانی ئەو ژنانەی ئەو ئاگاداری کەیسەکانیانە!
ئێمە ناتوانین ڕێژەی ژنی ستەملێکراو و جۆری ئازار و کێشەکانیان بزانین تا بە دۆکیومێنت نەکرێ و بڵاونەکرێتەو، ئەوە یارمەتیدەریش ئەبێ بۆ دام و دەزگا حکومی و مەدەنیەکان لە چۆنیەتی چارەسەرکردن و بەدەنگەوەهاتنی ژنان و رێکخراو و شێلتەرەکانیان.
وێرای دەستخۆشیم بۆ ئەو خاتوونە چالاک و خەمخۆرە، هیوادارم هەر کەسێک لەو مەجالە کارئەکا بتوانێ ئازارەکانی ژن باشتر بە دەوروبەر بناسێنێ، با لای خۆی نەخنکێن وەک خاوەنەکانیان!

print

وڵامێک بەجێ بهێڵە

بەبێ پۆستی ئەلکترۆنی ناتوانی لێدوان بنووسیت *

*

x

هەواڵێ هاوشێوە

مایەی شانازیی و نیگەرانیشم بوو!

ساڵی 2012 دایکێک و کوڕێکی 6 ساڵی وڵاتێکی ئەوروپای ڕۆژهەڵاتیمان ...